گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)

رزگار رانگور

https://www.facebook.com/rzgar.rangur/


دایکم وتی کوڕم گه‌ر ده‌ته‌وێ دیار ئاخرت نه‌بم، واز له ‌کوردستانپۆست بهێنه

Saturday, 01.09.2010, 12:00

1216 بینراوە


کوڕم بۆ ئه‌وه‌ی بهێڵن بێیته‌وه‌، واز له‌ کوردستانپۆست بهێنه‌

ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ دروستکراو نییه‌ و قسه‌ی دایکێکی پیره،‌ که ‌له‌ چاوه‌ڕوانیدایه‌ بۆ دواجار به‌دیداریی کوڕه‌که‌ی شادمان بێت و له ‌ئامێزی بگرێت، دایکێک به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ له‌ گه‌رمه‌ی هه‌موو ڕووداوه‌کاندا بێمنه‌ت وبێترس له ‌یاریه‌ ترسناکه‌کاندا به‌شدار ده‌بوو بۆ هه‌موو ڕووداوه‌کان، که‌م گوند هه‌یه‌ بۆ دیداری کوڕه‌کانی، شه‌وی لێ نه‌کربێته‌وه‌، که‌م چیای باشوور هه‌یه‌ پیا هه‌ڵنزابێت و دۆڵ و شاخه‌کانی نه‌کربێت. چه‌ند جار گیراوه‌ و ده‌یان جاریش خۆی له‌ جاسوس و خۆفرۆشان شاردۆته‌وه‌ و تاکه‌ جارێکیش ختوره‌یه‌ک به‌دڵیدا نه‌هاتووه‌ که ‌ڕوو له‌ کوڕه کانی بنێت و پێیان‌ بڵێت واز له‌و کایه‌ ترسناکه‌ بێنن، ئێستا دایکی ئه‌و پێشمه‌رگه ‌دێرینه‌ داوا ده‌کات، با کوڕه‌که‌ی واز له ‌کوردسان پۆست بێنێت تا به ‌دیداری شادمان بێت، ئاخر من ناتوانم وه‌کو جاران بۆ دیدارت سنوری شار بشکێنم و نامه‌ی هاوڕێکانت و هه‌واڵی شار و به‌رگی که‌تافیت بۆ بێنم، ئێستا شار له‌ ئاڵۆزییه‌کی وادایه‌ ‌هه‌ڵپه‌یه‌ بۆ هه‌موو شت. ئێستا هاوڕێ کۆنه‌کانت بۆ جه‌ژنیش ده‌روازه‌که‌م ناترازێنن، کوڕم هه‌موو شت گۆڕاوه‌. ئێستا گه‌ڕه‌که‌که‌مان تژی بووه‌ له‌ عه‌ره‌بی دزداشه‌له‌به‌ر، وڕه‌ی ئۆتۆمۆبێل ئارامی نه‌هێشتووه‌، ئێستا ده‌رگاکه‌مان هه‌میشه‌ کڵۆم دراوه‌، له‌ بێ ئاویدا داره‌کان وشک بوو،ن چۆله‌که‌کان نابینم و ناجریوێنن، تا په‌یامی هاتنی میوانم بده‌نێ. ئێستا گومان بۆته‌ به‌شێکی ژیانمان نان له‌گه‌ڵ گوماندا ده‌خۆین، که‌ تینومان ده‌بێت گومان ده‌خۆینه‌وه، ‌له‌ سه‌ده‌ی 21یه‌کدا به‌چرا ژووره‌کانمان ڕووناک ده‌که‌ینه‌وه‌. کوڕم توانای جارانم نییه،‌ ئه‌ژنۆکانم ده‌له‌ر‌زێن! چاوه‌کانم توانای جیاکرنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌کانی نه‌ماوه،‌ ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیمان هه‌یه،‌ به‌ڵام ئامان ده‌سه‌ڵات‌  هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌، چ به‌ عه‌گال، چ به‌ جامانه‌، لێره‌ هه‌ر تفه‌نگ حاکمی شاره‌، که‌چی تۆ له‌و دووری دووره‌وه‌ دیسان سه‌نگه‌رێکت دۆزێوه‌ته‌وه‌‌، سه‌نگه‌رێک ده‌خوازن ڕووناکی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شار، ژینگه‌ پاک بێته‌وه‌، کۆشکه‌ زه‌به‌لاحه‌ نا شه‌رعییه‌کان داڕمێنێت و کۆڵیته‌ی ماڵه‌ هه‌ژاره‌کان گه‌رم دابێت، پۆلیس و چه‌کداره‌کان خوێنه‌وار بکرێت، تفه‌نگه‌کان کۆکرێته‌وه‌، دیکتاتۆر دروست نه‌کرێت، ئۆتۆمۆبیله‌ علوجه‌کان ون بن له‌به‌ر چاومان، جاسوسه‌کان دادگایی بکرێن، فایلداره‌کان له‌باتی چه‌پڵه‌ ڕێزان، به‌رد باران بکرێن، لوقمه‌ دزراوه‌کان بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو زاری هه‌ژاران و زیندانه‌ تازه‌ دروستکراوه‌کان وه‌ک ئه‌منه‌ سووره‌که‌ بکرێته‌ مۆزه‌خانه‌، ڕۆژنامه‌ ڕووزه‌رده‌کان جارێکی تر بکرێته‌ کاغه‌زی ئاوده‌ست.
کوڕم له‌ بیرته‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانت کتێبه‌کانتان ئه‌م دی و ئه‌ودیو ده‌کرد؟ به‌یانه‌ قاچاغه‌کانتان به ‌دیواره‌کاندا هه‌ڵده‌واسی و دیواره‌کانی شارتان ده‌نووسی؟ هه‌میشه‌ چپه‌تان ده‌هات؟ بیرته‌ کوڕم باسی ئازادیتان ده‌کرد که ‌بڕیارت دا بۆ چیا بڕۆی؟ من دڵم داخورپا هیچ ئێواره‌یه‌ک بێ گوێگرتن له ‌ئیستگه‌ زیاتر نه‌ده‌چووه‌ سه‌ر زارمان؟ پێش 26 ساڵ تۆ ئێمه‌ت جێ هێشت تا باخێکی په‌مه‌ییمان بۆ بێنیته‌وه‌ ڕۆشتی تا هه‌وای ئازادیی هه‌ڵمژی تا له‌گه‌ڵ جوتیاراندا دروێنه‌ بکه‌یت و بۆنی گوڵه‌ گه‌نم بکه‌ی؟
لێ مخابن وا ده‌رنه‌چوو، کورد زیاد له‌ 18 ساڵه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات، هه‌ژاری چۆته‌ ناو خوێنمانه‌وه،‌ دراوسێکه‌مان، ‌پیی ووتم کوڕه‌که‌ت با بێته‌وه،‌ وه‌ره‌قه‌یه‌کی بۆ ده‌که‌م. ئێستا‌ش ده‌ڵێی ئه‌و کاته‌یه‌، به‌رده‌می ماڵه‌که‌یان هه‌ر چه‌کدارێک حه‌ره‌سێتی!
کوڕم واز له ‌کوردستانپۆست بهێنه،‌ ئه‌وانیش بێنه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ پاره‌ ئامانی نییه‌ ، کوڕم ده‌زانم گه‌وره‌ی ئێستا‌ باوکیی و ڕاست و چه‌پێ خۆت ده‌زانی و گومانم نییه‌، به‌ڵام بیرت چوو کوڕم بیرت چوو که ‌نامه‌ چوکلێتێکانم بۆ ده‌شاردیته‌وه‌ که ‌به‌یانه‌کانت ده‌دامێ، ده‌مخسته‌ تونی حه‌مامه‌که‌وه‌ ، باسی ئازادیت بۆ ده‌کردم ، ئه‌وه‌ ئازادیی بوو کوڕم، که‌چی له‌ له‌م ئازادییه‌دا هه‌ناسه‌ت بۆ نادرێت ، که‌ سه‌رۆکه‌ نه‌خۆشه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ شاره‌که‌ی تۆدا،  هه‌مووی کورده‌ به‌عه‌ره‌بی قسه‌مان بۆ ده‌کات، ده‌بێ حیکمه‌تی ئه‌مه‌ چی بێت؟ پێم ووتی من گومانم له‌ هه‌موو شته‌، له‌خۆم، له ‌دراوسێ، له‌خزم، له‌ باران، له‌خواردن، له ‌سیاسه‌ت، له‌ سیاسییه‌کان، له‌ خاک.
 دوا ووته‌م هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت دیار ئاخرت نه‌بم، ده‌ست له ‌کوردستانپۆست هه‌ڵگره‌، ئێستا‌ کوردستانپۆست له ‌بارێک تفه‌نگ قاچاغ تره‌!