جاش

Wednesday, 30/05/2012, 12:00

2686 بینراوە


پێشووتر بەڵێنی ئەوەم دا بابەتێک لەسەر جاش بنووسم، بەڵام نوسین لەسەر جاش هێند ئاسان نییە. ئەمە دەیان جارە بابەتەکە دەنوسم دواتر دیلیتی دەکەم، بەڵام بە هیوام ئەمجارە توانیبێتم لانی کەمی بۆچونەکانی خۆمیان لە بارەوە تیا بەیان بکەم.

لەسەر جاش زۆر وتراوە و بیستراوە، بەهەمان شێوە لە سەر خائین و خیانەتیش. لەسەرەتای مێژووی ململانێکانی دەسەڵاتەوە لایەنە دژ بە یەکەکان یەکتریان بە خیانەت تاوانبارکردووە، لە مەسەلەی جاش و شۆڕشیشدا هەروایە. چەکداری کرێگرتەش هەر هەبووە.
پێش ئەوەی پێناسە کڵاسیکیەکانی جاش و شۆڕش دوبارەبکەمەوە پێم باشە قۆناغەکانی جاش دیاری بکەم. جاش و جاشایەتی لە کوردستانی باشوور دەوروزەمانی خۆی بینیوە، سەردەمی دەرکەوتن و داتەپین و زێڕینیش بەخۆوە دیتووە.

با بێینە سەر قۆناغەکانی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە:
خێڵی بارزان خێڵە مونافیسەکانی خۆیان دووچاری باوەشی ڕژێم دەکات. واتە خێڵ بە کۆمەڵ دەبن بە جاش، بەو مانایەی دژایەتی خێڵی بارزان و ماڵی مەلا مستەفا دەکەن بە هۆی ئەوەی ڕێبەرایەتی شۆڕشەکە دەکەن پێیان دەوترێت جاش.لە هەمان کاتدا کە ماڵی مەلا مستەفا ڕابەرایەتی شۆڕشەکە دەکەن بەکاریشی دێنن بۆ دژایەتیکردنی خێڵەکانی تری مونافیسیان.
تاکی کورد دەبێتە چەکداری ڕژێم بە پارە و بەکاردەهێنرێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی پێشمەرگە.
باڵی جەلال تاڵەبانی کە بە شۆڕشگێڕان ناوی خۆیان دەبەن و لەلایەن مەلاییەکانەوە بە جەلالیەکان ناودەبرێن دەچنە پاڵ ڕژێم و چەکی دژی مەلاییەکان هەڵدەگرن. مەلاییەکان ئەوانەن کە لە شاخ ماونەتەوە و مەلا مستەفا ڕابەراییەتیان دەکات و بە شۆڕش ناودەبرێن و جەلالیەکانیش بە جاش.

ئەمە ئەو قۆناغانەیە کە جاشایەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول کۆدەکاتەوە. دیارە جاشایەتی بەو مانایەی کە دژی شۆڕشی ئەیلولە و لە پاڵ ڕژێمی بەغدادان.
لێرەدا دەشێت بپرسین ئایا کێ جاشە و کێ خائینە و خیانەت دەکات؟ گەر بەدیوەکەی تریشدا سەیری بکەین ئەو ڕیزکردنە بەپێی پێناسەی شۆڕشی ئەیلول و ماڵی مەلا مستەفایە بۆ جاش و جاشایەتی. ئەی ئەو وابەستەیی و لێدانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تری کوردستان لەلایەن ماڵی مەلامستەفا و کوشتنی سەرکردە دیارەکانیان و تەسلیمکردنەوەیان بە ئێران و تورکیا دەچێتە خانەی کام پێناسەوە بۆ خەبات و جاشایەتی؟ دیارە ئەمەش لای خەڵکانی تری دەرەوەی ئەیلولیەکان و ماڵی مەلا هەر بە جاشایەتی دادەنرێت.
ئەوەندەی سەیری جاشایەتی ئەو سەردەمە بکەین زیاتر لە دژی هێزە چەکدارەکان بەکارهێنراوە و، تا ئەو کات هەندێک بەربەست هەبووە لەڕێگەی قەڵەمبازی گۆڕینی بەهاکانی جاشایەتی.

کەواتە پرسیارێکی تریش دێتە بەردەم: بەهای جاشایەتی چییە؟
لە ساڵی حەفتاوشەشەوە کە شۆڕشی یەکێتی و دوای ئەویش گوڵان دەستیپێکردۆتەوە جاشایەتی قەڵەمبازێکی داوە. دەبینین جاشەکان تەرزی جۆراوجۆریان هەیە لە ڕووی ئیمان و عەقیدە و ڕاسپێردەرەوە گۆڕاون. بۆ نمونە تەحسین شاوەیس و قالەی فەرەج بە ڕاسپاردەی مەسعود و ئیدریس دەچنە پاڵ ڕژێم. لە هەمان کاتدا کە جاشن دژی پێشمەرگەکانی یەکێتی، پێشمەرگەی پارتیشن بەڵام بەوەی دژی یەکێتی بە ڕاسپاردەی پارتی دەجەنگن.
لە تاقە یەک چالاکیدا نەمان بیستووە پارتیەکیان کوشتبێت بەڵکو هەر تواناکانی خۆیان لەسەر پێشمەرگەکانی یەکێتی چڕ کردۆتەوە.

لەم قۆناغەدا جاشایەتی لەڕووی ناواخن و مەبەست و کاریگەرییەوە زۆر لەو قۆناغانەی پێشوو جیاوازترە.
ئیتر لێرەوە بە بەرنامەی حیزبی بەعس کار لەسەر ئەوە دەکرێت ماناکان و واتاکانی جاش و جاشایەتی بکرێنە بەها و نەریت و چاویان لێبکرێت. کار لەسەر ئەوە دەکرێت کەسێتی سرک و نادەستەمۆی تاکی کورد خەفەبکرێت و ببێتە کەسێکی ڕازی و کٶڵدەر.

ئەو شورەیی و عەیبەیەی جاشایەتی لەگەڵ خۆی هێنابووی وای لێبێت بشۆردرێتەوە و ببێت بە بەها و جێگەی خۆزگە.
بەعس جاشایەتی کرد بەسەرچاوەی کۆکردنەوەی داهات و زەنگین بوون. بەوەی سەری هەموو تاکێکی یاخی غەنیمەی لەسەربێت و لێپرسینەوەی سەرەک جاشەکانیش ببێتە سفر. بۆیە زۆر ئاسایی بوو کە سەرەک جاشەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا زیندانی تایبەتییان هەبێت، خەڵکی بشارنەوە و دواتر بە خێزانەکانیان بفرۆشنەوە بە ناوی ئەوەی واسیتەکانیان بەهیزبووە و بەریان داون. چەک بخەنە گیرفانی گەنجانەوە و بەناوی یاخیبووەوە تەسلیمیان بکەنەوە و غەنیمەکانیان وەرگرن. پێشتر گەر جاش سەرباری ئەوەی دژی جەنگاوەرانی شۆڕش جەنگاون خۆیان هەر بە کورد زانیوە و تا ڕادەیەکی باش عیزەتی نەفسیان ئەوەندەی تیابووە تەعدا لە خەڵکی سیڤیل نەکەن، لەم قۆناغەی دواییدا دەبینین کە جاشەکان ئیتر سەرباری ئەوەی دەستیان لە ڕاوەدونان و کوشتنی پێشمەرگەدا هەیە بەشدارێکی سەرەکی و کاریگەریشن لە سوتماککردنی ژێرخانی کوردستاندا.
کاتێک لە نزیکی کەرکوک سەرباز و جاش پەلاماری گوندێک دەدەن ئافرەتێک هانا دەباتە بەر جاشە بەرگ کوردیەکان و لێیان دەپاڕێتەوە بە هیوای ئەوەی یارمەتیەکیان بدەن بەڵام سەرەک جاشەکە لەبری ئەوەی یارمەتی ئافرەتەکە بدات جنێوی ناشرینی پێدەدات. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی یەکێک لە حیمایەکانی خۆی شەرم دایگرێت و لە دڵی خۆیدا بڕیار بدات تۆڵەی لێبکاتەوە و دواتر لە شەوێکدا سەرەک جاشەکەی خۆی بکوژێت و بچێتە ڕیزی پێشمەرگەوە. ئەمە چیرۆکی کوشتنی قالەی فەرەجە.

جاشایەتی لێرەوە تەنیا بە جەنگاوەرانەوە ناوەستێت بەڵکو خەڵکی سیڤیلیش بە بەرنامە لەناو دەبات و لە پرۆسەی ئەنفالیشدا ڕۆڵی کاریگەری دەبێت. بەمجۆرە بەها بێماناکانی جاشایەتی جێگەی هەموو نەریتێکی باشی کوردایەتی و ڕەحم و بەزەیی شلۆق دەکات.
هەر لەم سەردەمەدا بەعس نەخشەیەکی کوشندەی تری پێڕەو دەکات و مانا و واتای نوێ بە جاشێتی دەبەخشێت. چۆن؟ ئێمە دەزانین کە لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا فیرارێکی زۆری سەربازی لە ناوچەکانی پێشمەرگە و شارەکاندا بونیان هەبووە. ئەمە بارێکی گرانی لەچارە نەهاتوو بووە بۆ بەعس. دوای ئەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکانیشی داگیرکردووە کێشەی فیرار هەر بۆی قورس بوو. پێشتر لەلایەکەوە ئینتیداب دێنێتە ئاراوە، بەوەی فیرارەکان پەیوەندی بکەنەوە بەڵام لەبری ئەوەی سەربازی بکەن لە کارگەیەک یان شوێنێکی بەرهەمهێندا کاربکەن. دواتریش خەفیفە دێنێتە ئاراوە کە ئەمەیان بەڕاستی هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە لە ڕووی خەفەکردن و دەستەمۆکردنی تاکی کوردی سەرکەشەوە.

خۆی خەفیفە یانی سوکەجاشێتی.
لە ناخی لاوی کوردیدا نەفیکرنێک هەبووە بەرامبەر سەربازی. دیارە هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە. گونجاوە گەر بڵێم لەبەر ئەوەی کورد بە چاوی گومانەوە سەیری سەربازیی کردووە. دیارە ئەم ڕوانینەی کورد بۆ سەربازی ڕەگی لە سەرەتاکانەوە هەیە، بە تایبەتی لەسەردەمی شێخ مەحمودی حەفیدەوە.

داتا و ستاتیستیکی وردیش هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە لە سەرەتای پەنجاکانەوە.
بەعس دێت بۆ ئەوەی فیرارەکان نەچنە دیوی ئێران و پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نەکەن نیزامی خەفیفە دادەنێت. بەوەی هەر ئامر سریەیەک یان سەرەک جاشێک لەشکری تایبەتی خۆی هەیە. ئەم کابرایە پسۆڵەی ڕێگەپێدان یان عەدەم تەعەروز دەدات بەوانەی ناویان لای ئەوە، معاشەکانیان بۆ خۆی دەبات و ئەوانیش لەبری ئەوەی بوون بە خەفیفە یان سوکەجاش ژیانێکی بێ مەترسی لە سزا یان ڕاپێچکردن بۆ سەربازی لەلایەن بەعسەوە دەبەنە سەر. دیارە خەفیفەکان ئەو کارەیان بە خەڵەتاندنی بەعس دادەنێن بەڵام لەولاشەوە ئەوەیان قبوڵکردووە ببنە خەفیفە.

ئەمەیە ئەو بەهایانەی کە بەعس لەڕێگەی جاشێتیەوە فەرزیان دەکات وجێگەی ڕۆڵ و کاریگەریی نەریتە کۆنەکانی پێدەگرێتەوە.
مەترسیدارترین شتێک کە لێرەدا ڕوودەدات بێدەنگکردنی تاکی کوردە بۆ پسوڵەیەکی دەربازبوون. هەر ئەم بێدەنگ بوونەیە لە ڕۆژەکانی ئەمڕۆدا لە بوار و ئاستەکانی تردا دەی بینین.

لەم ماوەیەدا جاشایەتی زۆر بۆچون و دیدەزا دێنێتە ئاراوە کە ئەمڕۆ بوون بە شتێکی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی. ڕاپۆرتنوسین، پاشقولگرتن، خیانەتکردن لە دۆستان، پارە مۆڵکردنەوە بە شێوازی ناشەرعی و بیرنەکردنەوە لە ئاکامەکانی ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن.
ئیتر وای لێدێت خێزان و دەستە و خێڵی وا هەیە سەراپا بە جاشێتی دەژین. جاشایەتی دەبێتە وەرەسە. واتە بەردەوامی و چەکەرەکردن و لێڕواندنەوەی لێدەبێتەوە. ئەو بنجانەی داکوتراون بڕانەوەیان بۆ نییە.
لە دوای ڕاپەڕینەوە جاشەکان وەکو سیخور و هێزی چەکدار دوبارە لەلایەن شۆڕشگێڕەکانی دوێنێوە سودیان لێوەردەگیرێتەوە و دەبنە هێز و بزوینەری کاریگەر لە ئاڕاستەکردنی حیزبە دژ بەیەکەکاندا. لێرەوە ئیتر بە وەرەسە بوونی جاشایەتی جێگەی خۆی زیاتر دەکاتەوە. جاش دەبێتە شەریک و، قوربانیەکانی پێشوتریان شانبەشانی مەسولەکان دەچەوسێننەوە و کوڕو وەچەکانیشیان دەبن بە وەلی عەهدیان.
کێشەی جاش یەکێکە لە کێشە گەورەکان، لە ئایندەدا یەکێک دەبێت لە گەورەترین ڕێگرەکانی بەردەم خواستی بە دەوڵەتبوون. ئیتر هەرکەسێک دەوڵەت ڕابگەیەنێت ژمارەیەکی زۆر لە ئەفراد دەبنە چەکداری دەسەڵاتی عێراق.

لە کۆتایدا دەتوانم بڵێم کە جاشایەتی لە تاکەوە بووە بە دەستە و کۆمەڵ و خێڵ و حیزب و، لە حاڵی حازریشدا بووە بە شەریک لە بری ئەوەی بەدادگا بدرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. هەڵسوکەوت و ڕوانینەکانیان بوون بە بەها و کاریان پێدەکرێت. لە کاڵکردنەوەی ڕوحی یاخیبوون و شۆڕشگێڕێتیشدا ڕۆڵی کاریگەری هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە