دەنگێکی تری ئازاد خنکێنرا

Friday, 06/12/2013, 12:00

1393 بینراوە


لەشارەکانی (ستۆکهۆلم ، یۆتۆبوری مالمۆ) ئامادەکاری بۆکارو چالاکی پرتستۆ دەکرێ

چەند سەعات لەمەوبەر گروپێکی تیرۆریستی بالادەست لە کوردستان لاپەڕەیەکی ڕەشی تریان خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوانیان. قوربانی ئەم جارەی ت...رۆریزمی تاقمە جەردەکانی کوردستان ڕۆژنامەنووسی بوێر و چاونەترس کاوە گەرمیانییە، کە لەبەردەم ماڵی خۆیان لە شاری کەلار درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی نایە پێناو ئاشکراکردنی ڕاستیەکان. کاوە گەرمیانی دەیزانی کە لەژێر چەپۆکی مافیاکاندا خەریکە یاری بە ئاگر دەکات، بەڵام لە پەردە هەڵماڵین لەسەر تاڵانکاران بەردەوام بوو، سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکان کۆڵی نەدا و بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانی لەسەر تاڵانی و دەست بەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی هاوڵاتیان بڵاو دەکردەوە. بەڵام ئەمڕۆ نەک ماهیەتی گەندەڵی دەسەڵاتداران، بەڵکو بەم قوربانی دانەی جارێکی تر زەبوونی و ترسنۆکی نەیارانی ئازادی و مافەکانی خەڵکیشی ئاشکرا کرد. کاوە گەرمیانی دەنگێکی تری ڕێگای خەبات لەپێناوی ئازادی و عەدالەت و یەکسانیە. خوێنی ئەو و قوربانی دانی ئەو بە هەدەر ناچێت و هەوڵی پیرۆزی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروارانە و ئازاد بەردەوامە. ئێمە ئەو کۆمەلەو ڕێکخراوە کوردیانەی سوید کە لە خوارەوە ناومان هاتوە،هاودەنگ لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان ئەم کردەوە چەپەڵە ئیدانە و ڕیسوا دەکەین و بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە مەیدان و شوینە گشتیەکان بکەنە شانۆی نیشاندانی توڕەیی و بێزاری لە گەندەڵکاران و مافیا تیرۆریستەکانی کوردستان. بکوژانی کاوە گەرمیانی، ئەوانەی نەخشەیان بۆ کێشاوە و کارئاسانییان بۆ کردووە دەبێ ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی سەوز و بە تایبەتی دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی لەم بابەتەوە بەرپرسیاری یەکەمن . هەروا لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە کەیسی کاوە گەرمیانی و هەڕەشەکانی کە لە ڕابردوودا لێی کراوە لەوڵاتی سوید سکالای لەسەر تۆمار کراوە و هاوکات لای رێکخراوی ئامنستی ئەنتەرناسیۆنالیش هەیە . هاوکات لە ڕۆژەکانی داهاتوو ئەم تاوانە دزێوە و ڕاستیەکانی تیرۆریزمی باڵادەست لە کوردستان بە تەواوی ناوەندە سیاسیەکانی سوید و سەرتاسەری ئەوروپا دەگەیەنین. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە لەشارەکانی (ستۆکهۆلم .یۆتۆبۆری ، مالمۆ) بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و قوربانی دانی کاک کاوە گەرمیانی کارو چالاکی ئەنجام دەدەین و لە ڕاگەیاندنی داهاتووماندا کات و شوینی چالاکیەکانمان بڵاو دەکەینەوە

گروپی ١٧ شوبات لەستۆکهۆلم
کۆمیتەی پشتگیری لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
ناوەندی خوێندن و کلتوری کوردی لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
ماڵی کلتوری کوردی لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
کۆمەڵەی ئەکادیمیەکانی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
کۆمەڵەی کلتوری کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری سوید
کۆمیتەی سەردەشت عوسمان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
کۆمەڵەی سکۆنە کورد لە شاری مالمۆ/سوید
٢٠١٣/١٢/٠٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە