رێناس قوربانیەكی لە بیركراوی تیروری پارتی

Wednesday, 28/07/2010, 12:00

1342 بینراوە


توانا عەبدولكەریم
 
بەختیار عەلی لە وتارێكدا دەنووسێ " عەزیزان بكوژانی سەردەشت هەمان بكوژانی غەزەلنوسن " بۆ روونتر و راستتركردنی ئەم وتەی بەختیار دەبێ بڵێم ، بكوژانی رەئوف عقراوی و رێناس و ئارام علی و ئەبو نەسیر و..................................هەمان بكوژانی كامەرانی سەلمان* .
ئای چەند بەدبەخت و گوناهین ئێمەی ئەوانەی ئاگامان لە مێژوى خەبات و تێكوشانى حزبە كوردستانیە دەستەڵاتدار و بێدەستەڵاتەكان نیە ، ئێمە ئەو نەوەیەى لە دونیای پێش شەری ناوخۆدا ، رەش و سپیمان لێكجیانەكردوتەوە ، ئێمە تەنها وێنە قێزەوەن و تەڵخەكانی شەرى ناوخۆ لە زهنماندا وێنەكراوە ، بەڵام مێژوی ئەم حزبانە زۆر لاپەرەی ترى رەش و كرێتی تێدایە .
ئەگەر تیروركردنی سەردەشت ئوسمان تاوانێك و زیانێكی گەورە بوو بێ ، بۆ خانەوادەكەی و هاورێ و دوستەكانی هەروەها بۆ رەوتی ئازادی رۆژنامەگەرى كوردی ، ئەوە لایەنێكی پوزەتیڤیشى هەبوو ، ئەم تاوانە چاومانی زیاتر كردەوە و قایەتریشى كرد ، هیچ نەبێ هاندەرێكی بەهێز بوو من ، بۆ گەران بەدوای مێژوی ئەم حزبانە ، ئەگەر چی وەك خۆیانم نەناسیون بەڵام بەرچاوم رونترە ، یەكێ لەم سەرچاوانەی زۆر یارمەتیدەرمبوون لەم بوارەدا كتێبێكی باوەرپێكراوی رێكخراوێكی گەورەی نێودەلەتی بوو .

كام كتێب؟
كتێبی " نقچ العهود و انتهاك حقوق اڵانسان فی كردستان العراق " كە راپورتێكی دورودرێژ و وێنەداری رێكخراوی ئەمنستی ئەنترناشناڵە ، لە ساڵی 1995 بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە لەندەن چاپكراوە و تیشك دەخاتە سەر تیروری سیاسى و پێشێلكاریەكانی حزبەكانی كوردستان و بەتایبەتی یەكێتی و پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی لە دوای راپەرینەوە تا ساڵی 1994 ، ساڵی دەستپێكردنی شەرى ناوخۆ ، لەو كتێبەدا دەیان حالەتی تیروری سیاسی و سەدان پێشێلكاریەكانی مافەكانی مروڤ بە وێنەو بەڵگە و لێدوانەكانی هەندێك لەو قوربانیەكانیەوە ، بڵاوكراوەتەوە ، بەداخەوە پێدەچێت لە هەموو كوردستانی ئازدا چەند دانەێیكى دەست نەكەوێت ، لە كاتێكدا پێویستە هەموو تاكێكی ئەم كومەڵگەیە بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی راستى ئەم حزبانە بزانێت و بە پێی ئەم راستیانە هەڵیانسەنگێنێت و دواتر بە ئاسانی بكوژانی سورانی مامە حەمە و سەردەشت دەناسێت .
لە بۆنەێیكى تردا دەگەرێمەوە سەر كتێبەكە ، بەڵام ئەوەى ئەمرۆ لاى من گرنگە هەڵوەستەى لەسەر بكەم ، روداوێكى ئەم كتێبەیە كە لەم رۆژانەدا بەڵام پێش 17 ساڵ لە ناو شارى دهۆك رویداوە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەم روداوە تاوانێكی جیاوازە ، تیرورێكە كە لیژنەێیكی ئیغتیالات لە كۆڵانێكی تەسكی دهۆكدا ئەنجامی نەداوە ، بەڵام هێزێكی گەورە بە بەرنامەێیكی رێكخراو و پیلانێكی دارێژراو ئەنجامی داوە .
پێشئەوەى باسی تاوانەكە بكەم ، دەبێ بڵێم سەرچاوەى زانیاریەكانم ئەمانەن ، كتێبەكەی ئەمنستى و چەند ژمارەێیكی كۆنى رۆژنامەی ئاڵای ئازادی و هەندێ زانیاری لابەلا .

كام تاوان؟
بەپێی ئەم سەرچاوانە ، لە شەوى 29\30 تەموزی 1993، كە شەوێكی گەرم و بێكارەبای ئەو هاوینە بوو، دوو هێزی گەورەی سەر بە لقی یەكی پارتی ، لە یەككاتدا هێرش دەكەنە سەر بارەگای لقی دهۆك و بارەگای ناوچەى زاخۆی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ، لە هێرشى یەكەمدا بارەگای لق كونترول دەكەن و لێپرساوى لق و ئەندامی كومیتەی ناوەندی حزبەكە (رێناس) لەناو ماڵی خۆیدا بەشێك بووە لە بنای لقەكە لە نێوان خێزان و منداڵكانیدا ، خوێن سارد و دڵرەقانە تیروری دەكەن و ئاڵایەكی چڵكنى زەرد لە سەر بنایەكە دەچەقێنن و ئەو ناوە بەجێ دێڵن ، بەڵام لە بارەگای ناوچەى زاخۆ كەس تیرور ناكەن ، جا كەسیان دەست نەكەوت یان مەبەستیان نەبوو نازانم ، دەبێ پارتی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە ، بەڵام بەهەمان شێوە بارەگاكە تاڵان دەكەن (وەك چۆن ئێستا هەموو كوردستان تاڵان دەكەن) و ئاڵاێیكى چڵكنی زەرد لەسەر بنایەكە بەرز دەكەنەوە و بۆی دەردەچن .
دواتر بە هەوڵی حزبی زەحمەتكێشان (ئەو كات یەك حزب بو و پێدەچێت دەنگێكی هەبوبێت ، ئێستا دوو حزبن و هەردووكیان بێدەنگ و زەلیلن و دەستیان بە كڵاوی خۆیانەوە گرتووە) سێ كەس وەكو تاوانباری سەرەكی و ئەنجامدەری تیرورەكە دەسنیشان دەكرێن بەڵام وەكو هەموو تاوانەكانی تر هیچ ئیجرائاتێكی یاسای لە دژیان ناكرێت .
بە پێی كتێبەكەی ئەمنستی ، ئەو تیرورە سیاسیانەی لە هاوینی 1993 لە بادینان ئەنجام دران ، هەر هەموویان بە بریاری مەركەزی پارتی بوون و فازل مگنی (دواتر ناوی بوو فازل میرانى و ئێستا سكرتێرى مەكتەبی سیاسی پارتییە) لێپرساوی ئەو كاتەی لقی یەكی پارتی ، سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنیان بوو .

رێناس كێ بوو ؟
رێناس كە ناوی تەواوی (قەیس محمد ئەحمد ە) لە دایكبوی 1961 لە زاخۆ ، باوكی رێناس ئەو كاتە عەریفی پولیس بووە و لەگەل دەستپێكردنی شۆرشی ئەیلول خۆی و پولیسەكانی پەیوەندی بە شۆرشەوە دەكەن و دەبنە پێشمەرگە ، و لەساڵی 1968 ناوبراو لە شەرێكدا دژی رژێم برینداردەبێت دواتر بەوبرینەوە شەهید دەبێت و رێناسیش لە تەمەنی 7 ساڵیدا دەبتە كورە شەهید .
رێناس لە ساڵی 1970 دەست بە خوێندنی سەرەتایی دەكات و لە دوای ئاشبەتاڵەكەی 1975 خێزانەكەی ئاوارەی ئوردگاكانی ئێران دەبن و لە كاتی گەراوەنەیان بۆ عیراق ، بۆ باشور نەفی دەكرێن و دواتر دەگەرێنەوە بۆ زاخۆ . رێناس تا ئامادەیی دەخوێنی و لە ساڵی 1985 پەیوەندی بە رێزی پێشمەرگەوە دەكات و وەك كادرێكی دیاری بادینی لە ناو حزبی سوسیالستدا دەردەكەوێت ، دواتر لە گەل باڵی قادر عزیز جیا دەبنەوە و بەشداری لە دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشان دەكات . لە دوای راپەرین بەرپرسیارەتی ناوچەی زاخۆ وەردەگرێت و لە یەكەمین كونگرەی زەحمەتكێشاندا لە ساڵی 1992 هەڵدەبژرێت بۆ ئەندامەتی كومیتەی ناوەندی و بەرپرسیارەتی لقی دهۆك وەردەگرێت تا كاتی تیروركردنی .
بەپێی زانیاریەكان رێناس گەنجێكی كوردپەروەری دڵسۆز و بوێر بووە ، چاوەرێ دەكرا وەكو رەئوف عقراوی لە رێكخراوی تێكوشان و ئارامی كومونست سەركردەێیكی دیاری بادینان بوایا ، بۆیە پارتی ئەوان و خەلكێكی تیشی تیرور كرد .

لە دوای ئەمە پرسیاری چى ؟
بە پێی ئەو كتێبە پارتی و بە تایبەتی دەزگای پاراستن یەكێ لە دەزگا ترسناكەكانی ئەم ناوچەیەن ، بۆیە هیچ پێویست ناكات پرسیاری دۆزینەوەی بكوژانی سورا ن و سەردەشتیان لێبكرێت چونكە ناتوانن خۆیان لەمە زیاتر ئاشكرا بكەن .

*كامەرانی سەلما كارەكتەری سەرەكی رۆمانى " كوشكی باڵندە غەمگینەكانی " بەختیار عەلییە لە رۆمانەكەدا لە دوای خیانەتی 31 ئابی 1996 بە دەستی چەتەكانی پارتی لى سلێمانی تیرور دەكرێت .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە