بەیاساكانى كەمال كەركوكى ، ناسیح عبدالرحیم لەوانەیە لەسێدارە بدرێ !!

Friday, 06/05/2011, 12:00

1162 بینراوە






ئەم دەسەڵاتەى پارتى و یەكێتى تەنها مەگەر هاوشێوەى حوكمى قەرەقۆش و دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان بێ ئەگینا هاوشێوەى هیچ دەسەڵاتێكى تر نیە، ئەوەتا تێكرایى دام و دەزگاكانى ئەم هەرێمە گەندەڵستانە لەژێر لوولەى تفەنگ و حزبدایە بەدادگاكانیشەوە ، بەپێیى مانشێتى دواین ژمارەى ڕۆژنامەى ئاوێنە نزیكەى 400 كەس بێ بڕیارى دادگا دەستگیركراون كەئەمە كۆتا وەڵامە بۆ هەموو ئەو پارێزەر و دادوەرە ملهوڕانەى حزب كەدەڵًێن یاسا سەروەرە ، بۆیە ئێستا من چەند لەكەیسى كاكە ناسیح ووردەبمەوە هەمان بەسەرهاتى حوكمێكى قەرەقۆشم دێتە بەرچاو بێ هیچ جیاوازیەك ، دەڵێن لەسەردەمى حوكمى قەرەقۆشدا كەسێك بەمەبەستى دزى كردن دەچێتە سەر ماڵێك و شەو لەسەر دیوارەكە بەردەبێتەوەو قاچى دەشكێ بەیانى دەچێتە لاى قەرەقۆش و دەڵێ جەنابى حاكم ئەمشەو بەمەستى دزى كردن چوومە سەر ماڵى فڵان و قاچم شكا ئەبێ خاوەن ماڵەكە سسزا بدەى ، قەرەقۆشیش یەكسەر دەنێرێ بەدواى خاوەن ماڵ و دەڵێ ئەمە بۆ ئەو دیوارەت ئاوا بەرز و لووس دروستكردوە ئەم دزە داماوە بەربێتەوە و قاچى بشكێ ؟ كابراى خاوەن ماڵیش دەزانێ حوكمى قەرەقۆشە دەڵێ بافریایى خۆم بكەوم ، دەڵێ جەنابى حاكم خۆ من ئەو دیوار و خشتانەم لەسەر یەك دانەناوە ئەمە وەستا دایناوە من چى بكەم بۆ محاسەبەى من دەكەى ؟ قەرەقۆش دەڵێ ڕاست دەكەى بڕۆن وەستام بۆ بێنن ، وەستا دێنن بەهەمان شێوە جەنابى حاكمى قەرەقۆش دەڵێ ئەمە بۆ ئەو خشتانەت ئاوا داناوە ئەم دزە داماوە بەربێتەوە و قاچى بشكێ ، وەستا دەڵێ جەنابى حاكم من تاوانم چیە خۆمن خشتەكانم دروست نەكردوە ، ئەو كەسە بانگ بكە كەخشتەكانى دروست كردوە من تەنها لەسەر یەكم داناوە ؟ دەڵێ تۆش ڕاست دەكەى ، بڕۆن ئەو كەسە بێنن كەئەو خشتانەى دروستكردووە ، وەستاى خشتە دێنن و قەرەقۆش بەهەمان شێوە بەئەویش دەڵێ ئەمە بۆ ئەو خشتانەت ئاوا لووس دروست كردووە ، ئەم دزە قوڕبەسەرە بەربێتەوە و قاچى بشكێ ، وەستاى خشتەش دەزانێ حوكمى قەرەقۆشە دەڵێ باخۆم نەجاتى دەم ، دەڵێ جەنابى حاكم تاوانى من نیە ئەو دارتاشەى قالبى خشتەكانى بەلووسى دروستكردوە حەق وایە ئەو سسزا بدەى من چ تاوانێكم هەیە ؟ دەڵێ تۆش ڕاست دەكەى ؟ بڕۆن دارتاشم بۆ بێنن ، دارتاش دێنن و قەرەقۆش دەڵێ ئەمە بۆ ئەو قالبى خشتانەت ئاوا لووس دروستكردوە ئەم دزە بەربێتەوە و قاچى بشكێ ؟ دەڵێ جەنابى حاكم چیت لێ بشارمەوە ئەوەى ڕاستى بێ دوكانەكەم بەرامبەر ماڵى كابرایەكى جولەكەیە كچێكى زۆر جوانى هەیە هەر كاتێك من دەست بەدروستكردنى قالبى خشتەكان دەكەم كچەكەى دێنێتە بەرامبەرم تا من ئاگام لەئیشەكە نەمێنێ و قالبى خشتەكان ئاوا لووس دەربچن ، دەڵێ تۆش ڕاست دەكەى بڕۆن كابراى جولەكە بێن و لەسێدارەى بدەن ، دێنەوە لاى قەرەقۆش و دەڵێن جەنابى حاكم ئەو كابرا جوولەكەیە باڵاى زۆر كورتە ناگاتە ژێر پەتى سێدارە ؟ چى بكەین باشە ؟ دەڵێ ئاسانە ، بڕۆن جولەكەیەكى درێژ لەبازار بێن و لەسێدارەى بدەن .
بەڕێزان منیش چەندى بیرى لێ دەكەمەوە هەمان فلیم و سیناریۆم دێتە بەرچاو بازۆر دوور نەڕۆین بۆ هەزران دزى و گەندەڵى كەرتى تەندروستى و دەیان ڕاپۆرتى چاودێرى دارایى ، نمونەیەكى زۆر سادە كەلەو ماوەیەدا ڕوویداوە بەبەرچاوى بەناو سەرۆكى هەرێم و حكومەتى حزب و پەرلەمانى كارتۆنیدا شەش ملیۆن دۆلار لەبوجەى تەندروستى سلێمانیەوە براوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ لەهەولێر كەچى تائێستا كەس نوقەى لێوە نەهاتووە و كەس بانگى دادگا نەكراوە ؟ بەهەمان شێوەى حوكمى قەرەقۆش و دزى و گەندەڵیەكانى تریان ئەو دەڵێ لەسەردەمى فڵان بووە و ئەو دەڵێ لەسەردەمى فیساربووە تادەگاتە تاوانبارى یەكەم كەتاهیرهەورامیە ؟ بۆیە كاكە ناسیحیش واى لێ بەسەرهاتووە ئێستا ئەگەر بەپێیى یاساكانى كەمال كەركوى بێ و لەئەو بپرسین وەك قەرەقۆش دەڵێ تاهیرهەورامى وەزیرى تەندروستى هاوشێوەى بارزانى سەرۆكى بەناو هەرێم باڵاى زۆر كورتە و ناگاتە ژێر پەتى سێدارە ، بۆیە واباشە بڕۆن ناسیح عبدالرحیم بێن و لەسێدارەى بدەن!!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە