"رێگوزەری هەڵە"

Friday, 22/02/2013, 12:00

1885 بینراوە





چەندە ناخۆشە مرۆڤ بۆ دیتنەوەی راستیەکان بە تەنافێک دا وەسەر کەوێ کە تانوپۆی ئەو تەنافە بە دروێ تەنرابێ، لە وەش ناخۆشتر ئەو کاتەیە کە رووخسار و رووی راستیەکان دەر دەکەون.

عەشیرەی مەنگووڕ لە رۆژگاری دەسەڵاتی کەریم خانی زەند، بە سەرپەرەستی باپیر ئاغا لە عێڕاقەوە لە ناوچەی "ئێڵتەمر"ی ئەوڕۆکە سووکنا بوون و لەو سەردەمەش دا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆراوای شاری مەهاباد ژیان تێپەڕ دەکەن. بەسەرهاتی ئەشیرەی مەنگووڕ لەو کاتەوە چۆن تێپەڕیوە، چیان بەسەر هاتوە، چۆن دەژین، هەڵوێستیان بۆ دۆزی کورد جۆن بوە، دابونەریتی وان باشە یان خراپە، لە شۆڕشەکانی کورد دا چەندە بەشدار بون، لە رۆژهەڵاتی وڵات زەمانی شای تون بە تون چۆن بون، لە سەردەمی خومەینی تون بە تون دا چیان بەسەر هاتوە و ئەوڕۆکەش لە کام ئاستدا بیر دەکەنەوە و سەدان پرسیاری دیکە، بابەتی ئەو نوسراوەیە نیە.
تەنیا دوو نمونە لێرەدا ئاماژە پێ دەکەم بۆ ئەوەی کەسانی مێژوناس و بە ئەمەک، رووداوەکانی کە بە سەرمان دێنن و رووداوەکانی کە بۆخۆمان بەسەر خۆمانی دێنین، توێکاری بکرێ و بۆ ئەزمونی دواڕۆژ خۆیان لێ تەیار کەن و بە چاوێکی گەشبین و زانستی چارەنوسمان بۆ نەوەکانی دواڕۆژ بنوسنەوە.
١.باپیر ئاغای مەنگور بە فێڵ و تەڵەکە لە لایان بەکرێگیراوەکانی ئەو کات "ئەحمەد خانی موقەدەم دەراغەیی" حاکمی مەراغە وە چەند کەسی دیکە بانگ کرابو بۆ شاری مەراغە و زۆر ناجوانمێرانە بۆخۆی و هاوڕێکانی ترۆر کران. (مێژوی مەهاباد، سەید موحەمەد سەمەدی).
٢.هەمزە ئاغای مەنگور لە عەشیرەی مەنگور، بە هەمان شێوە لە لایان "ئەمیر نیزامی گەڕوسی" مەنشوور بە "نیزامە چرچە"، کەوتە ناو بۆسەی سەربازەکانی و گەلێک ناجوانمەردانە ترۆر کرا. (مەرگی هەمزە ئاغا لە سێپتامبری 1881 ی میلادی شەواڵی 1298 ی قەمەری سەرماوەزی 1260 ی هەتاوی روی دا، مێژوی مەهاباد، سەید موحەمەد سەمەدی).
ئەوەی دوژمن بەسەرمان دێنێ جێگای داخە بەڵام جێگای سکاڵا نییە. دوژمن دوژمنە بەڵام ئەوەی کە لە ژێرناوی دەسەڵات و سیاسەت، لەسەر ناوی شۆڕش و نیشتمان، بەسەر خۆمانی دێنین بە کام پاساو هەڵی سەنگێنین؟ لەسەر حیسابی کام رێگوزەر دا رێچکەی بۆ دەبەستین؟
ساڵی 1978 ز. بە فیتی ئەمریکا و ئۆپێک هەروەها زلهێزەکانی دیکەش کە دەیانویست گیرفانی مۆنۆپۆلەکانی خۆیان زیاتر پڕ کەن لە ماوەی شەش مانگ دا تەخت و پەختی بنەماڵەی پەهلەوی لەرزی و شا لە هەندەران سەری نایەوە و بە لێشاو حیزب و میزب و سەرکردە رویان لە ئێران و رۆژهەڵای کوردستان کرد. ئەوەی لە ئێران قەوما شۆڕش بو؟ خواستی گەلانی ئێران بو؟....باسی ناکەم!
رۆژهەڵاتی وڵات تایبەتمەندی خۆی هەبوو، دروشمی دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردان پاش کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، وەکی قیلی کەوای سپی لێ هاتبو و بو بە خەونی شەوانەی پیر و لاوی کورد. هەر شەقامێک لە دەست حیزبێک دا بو، کەس خەتی کەسی نەدەخێندەوە، دەما عەشیرەی مەنگوڕ و سیاسەتی حیزبەکان بە تایبەت حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە. بەرامبەر بەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە پاش روخانی دەسەڵاتی شایەتی لە وێرانی فرەنەتەوەیی و دەیان ئایین و هەزاران کەموکوڕی دیکە.
خومەینی تازە پێگەیشتوو لە لایەک، حیزبەکانی چەپ و راستی کوردستان لە لایەکی دیکە، وەها تێک ئالقان ئەوسەری نادیار. پاشی زێدەتر لە سێ دەیە ئەوە بارودۆخی ئێرانە و لەوەش بترازێ بارودۆخی حیزبەکانی رۆژهەڵاتە کە لە کۆیە و زڕگوێزەڵە وەها چارد و چیغیان دا کوتاوە هیچ تۆفانێک جوڵەیان پێ ناکا! خۆ بە زلزانی و قسەی بێ واتەش سایەی کەم نەبێ دەرفەتیان پێ نادا کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن.
ناوچەی مەنگوڕایەتی ناوچەیەکی شاخاوی و پڕە لە هەزاران رەمز و راز، کانیاوی هەمو ئاوی ژیانن، چیا سەربەرزەکانی دووژمن شکێن، دۆڵ و دەرەی پڕە لە گوڵزار و گیاخاو و لاوێن، گژوگیای بەهاری و بۆنی مەندۆک و بیزا و کیژی جوان و دڵرەفێن دەستیان داوەتە یەک و ژیان دەخولقێنن. چوار وەرزی ئەو نیشتمانە دەڵێی بووکی یەک شەوەیە و سواری ئەسپی شێ خەز بوە و بەرەو بەهەشتی سەر زەوی چوار ناڵە دەکوتێ.
مەبەستی سەرەکی لەو بابەتە تیمار کردنی جەستەی برینداری وڵاتەکەمانە بە دەستی توانا و هزر و ڕامانی بێ ترس و لەرز. ئەگەر ئەو بابەتە نەگاتە ئاکام، هەر نەبێ دەبێتە رێگایەکی بچووک و حاشا نەکراوە بۆ داهاتوو کە هیچ کەس یا کەسانێک لەسەر ناوی شٶڕشگێڕی و گەیشتن بە مافی کورد رێگا بە خۆی نەدا کەسایەتی تاکی کورد بەرێتە ژێر پرسیار یا تۆوی دووبەرەکی و چاوسورکردنەوە لەسەر ئەو خاکە بچێنێ. تانەو ناو و ناتۆرە، ترۆری کەسایەتی کورد بە قسەی بێ بنەما و بێ بەڵگە وەکوو: جاش (من ئەو ناوە بۆ کەس بەکار ناهێنم و هەر کەسیش بۆ یەکەم جار ئەو ناوەی لە فەرهەنگی سیاسی رۆژانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات هاویشتوە، کارێکی زۆر ناڕەوای ئەنجام داوە)، خایین، بەزیو، لادەر، جاشەپیرە، جاشی میللی و سەرقافڵەی جاشان بۆتە دەستمایەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی رۆژانەیان کە بە بێ گومان دوژمن زۆر بە ئاسانی توانیویە کەڵکی لێ وەربگرێ. دەڵێن: "رابردو دەبێ لە بیر بکەین و فکر لە داهاتو بکەینەوە." نیوەی ئەو بۆچونە راستە و نیوەی ناڕاستە. هەر کات ئێمە وەکی نەتەوەی کورد بتوانین رابردو بکەینە هەوێنی ئەزمون بۆ داهاتومان، ئەو کاتە هەنگاوی باشمان هاویشتوە. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران رێگوزەرێکی نوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتە دی کە بە داخەوە حیزبەکان نەیانتوانی ئەو پتانسیەلە بقۆزنەوە کە خەڵک ئافڕاندبوی. بۆیە هەر زۆر زوو بە هاتنی جرجاڵەکانی سەر بە کۆماری کەمتیارەکان شارەکان گیرانەوە و هێدی هێدی نۆبەی گوندەکان هات و ئەوانیش گیرانەوە و حیزبەکانی رۆژهەڵات کەوتنە دەشتی کۆیە و گوندی سەرگوێزەڵە!؟!...
پێش چۆل کردنی گوندەکان بە یەکجاری لە ناوچەی مانگوڕایەتی بارەگای حیزبەکانی لێ بو. زۆرینەی ئەندامەکانی رێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە لە وێ لەسەر حیسابی خەڵکی گونداکان لە ناوچەی مەنگوڕایەتی دەژیان و کار و ئەرکی پێویستیان رادەپەڕاند.
لەوەتی من لە بیرمە لەسەر ناوی سانترالیزم (ناویان نابو سانترالیزمی دێمۆکڕاتیک کە فری بەسەر دێمۆکراسی و ئازادی دا نەبو) و دەفتەری سیاسی هەر چۆنێک کە ویستویانە فکریان کردۆتەوە. بونە دوژمنی یەکتر، بونەوە دۆست، لێک ترازاون، ئاشت بونەوە... قەت پرسیاریان لەکەس نەکرد و دواڕۆژیان لەبەر چاو نەگرتوە. وشەگەلی وەکو پێشمەرگە، ئاڵا، نیشتمان، خودموختاری و شەهیدیان تەنیا بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزی کۆمەڵگا بەکار هێناوە. ئەندامانی کومیتە ناوەندی و دەفتەری سیاسی چوار ناڵە بەرەو دوپات کردنەوەی مێژوو ئەسپیان تاو داوە و قەت ئەنجامێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە. قازانجی سەرەکی داگیرکار کردویە و ماڵوێرانیش بەشی دونیا و قیامەتی کورد بوە. رێگوزەری هەڵە لە رۆژهەڵاتی وڵات پێشمەرگەی موسوڵمانی دروست کرد بەو واتایە پێشمەرگەی حیزبەکانی دیکە کافرن و خوێنیان حەڵاڵە. نە چەکدارەکانی عەشیرەی مەنگوڕ ئەو موسەڵمانە بون کە کۆماری ویسلامی پێناسەی دەکردن نە پێشمەرگەی حیزبەکان کافر و خودا نەناس بون. بەرداشی هێزی هەردوک لا ئاوی لە ئاشی گێرەشێوێنی و بێبەختی دەکرد، لە لایەک دەسەڵات و لە لایەک سانترالیزمی نەخۆش و دواکەوتوو وای لە کۆمەڵگا کرد کە رەچەی کورد وەکی کێرد و پەنیریان لێ بێ. (نامەی "ئەحمەد خان موقەدەم مەراغەیی" حاکمی مەراغە لە سەردەمی کەریم خانی زەند بۆ باپیر ئاغای مەنگوڕ بەڵگەیەکی مێژووییە کە دوژمنی کورد توانیویە بە فێڵ و تەڵەکە کورد بکوژێ).
کێشەی کورد کێشەیەکی جێۆپۆلیتیکە، کێشەی بەم شێوەیە رێبازێکی سەخت و دژوارە. مرۆڤی زانا و رێخستنی بە توانای گەرەکە. ئەو کارە کاری کۆلکە مەلا و پیرە سیاسی و بێچۆ دەربەگان نییە. خۆیان لە قەرەی روداوێکی مێژویی داوە و ئەوڕۆکەش حازر نین دان بە هەڵەکانی خۆیان دابنێن و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ناو خۆیان دا پێک بێنن. ئەوەندەی کۆماری ئیسلامی شڕ و لاوازە دوو ئەوەندەش حیزبەکان بێدەسەڵاتن. بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پاش کۆماری ئێسلامی جگە لە شەڕی ناوخۆیی هیچ پڕۆژەیەکی دیکە شک نابەن و لەسەر خاڵی سفری جەغزێکدا دەسووڕێنەوە و هەمیسان لە خاڵی سفر دا دەگەنە یەک.
دەمهەوێ بگەڕێمەوە سەر بابەتی سەرەکی باسەکەم. (ترۆر و ترۆریزم وشەیەکی لاتینیە بە مانای "ئەمن دەتترسێنم" و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1793 هەتا 1794 کە لە شۆڕشی فەڕانسە دا دوو حیزبی سەرەکی "گیڕۆندین" و "جاکۆبین" 25000 کەسیان لە یەکتر بە بیانوی دژایەتی شۆڕش بە "گیلیۆتین" (تیغی میللی) سەرپەڕاند.
وشەی دێمۆکڕات و دەستەواژەی دێمۆکڕاسیخوازی و داوای دێمۆکڕاسی بۆ ئێران (لەسەر خوێنی رۆڵەی کورد) پەیوەندی راستەوخۆی بە هەڵوێستی کورد خوازانە و هێڵی پێشکەوتوی سەردەمیانە هەیە. لەسەر ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و نەتەوەیەکی بندەستی وەکو کورد، هێزێک بە ناوی هێزی پێشەوا لە ناوچەی مەنگوڕایەتی (گوندی کامەم) لە رێکەوتی 6.3.1361 کاتژمێر 9:30 شەو کاتی نانخواردن، هێرشیان کردە سەر ماڵی "حاجی باییز عومەری ئەقدەم" (یەزدانفەڕ) کە خاوەنی هاوسەر و شەش کوڕ و کچێک دەبێ، دەکوژرێ و ئەحمەدی کوڕی کە دوو مانگ دەبێ ژیانی هاوسەری پێک هێنابوو، لەو روداوە دا ژیانی لە دەست دەدا. هەروەها "سەید رەحمانی جەلیلی" کۆڕی "سەید موحەمەدی شۆڕاوایە" کە کرێکار بوو دەکوژرێ!
رۆژێک دوای ئەو روداوە تاڵە بە هەمان شێوە لە گوندی "دوو سەید" کەسێک بە ناوی "ئەحمەد" دەکوژرێ. ئەو چەند بنەماڵەیە هەر کام خاوەنی چەند منداڵ و هاوسەر و کەس و کاری دیکەن، ئەوانەی لەسەر ناوی پێشەوا و پێشمەرگە ئەو تراژێدییەیان خوڵقاند، ناراستەوخۆ دەستخۆشیان لە کۆماری ئیسلامی پێدرا و داگیرکەری کوردیان حەساندەوە.
تۆ بڵێی ئەوە رێبازی پێشەوا بووبێ؟
تۆ بڵێی ناوی بەرزی پێشمەرگە ئاوای بەسەر هاتوە کە ببێتە ئامرازی سیاسەتی هەڵە؟ ئەرکی پێشمەرگە پاراستنی وڵات و نەتەوەی کوردە نە کوشتنی هاووڵاتی و خاپور کردنی وڵات. پێشمەرگە نابێ لە داهاتوو دا ببێتە مقاشی دەستی هیچ سەرکردەیەکی درۆزن و گوێ لە مست!...

جەعفەر کەریمی
22.2.2013
تۆرکۆ - فەنلاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە