گۆڕان و بێ ئومێدكردنى لاوان

Monday, 08/10/2012, 12:00

2378 بینراوە




بزوتنەوەى گۆڕان ئەوە فریاد رەسە نەبوو كە چاوەڕێمان دەكرد، ئەو فریشتەیە نەبوو كە هەموو خەون و خۆزگە و ئاواتەكانمان لە گەورەیى وسەركەوتنى ئەودا ببینیەوە، وەكو چەند جارێكى دیكە باسمكردوە ئەوان تەنها كۆپیەكى یەكێتین و زروف و زەمان و بارودۆخەكە وای خواستوە كەوا هەڵسوكەوت بكه‌ن، دەنا لەناوەرۆك و جەوهەردا من هەر بەبەشێك یان كۆمیتەیەكى یەكێتیم دەشوبهاند..
سەرەتاى دروست بونى گۆڕان وئیدعا و رێكلام و قسە باق و بریقەدارەكانى واى خستە ناو بیرو هزرى خەڵكەوە كە تروسكایى ئۆپۆزسیۆن و یەكەم دەنگى ناڕەزایى سەرى لەهێلكە جوقاند و هاتە مەیدان، لە روئیاو خەیاڵى هەر یەكێكماندا ئەوە چەسپی بوو كە ئەم بزوتنەوەیە هەڵگرى بەرنامە وپەیامێكى نوێیە بەعەقڵیەتێكى نوێ و بیرێكى لاوانەى پێشكەوتوخواز هاتونەتە مەیدان و چەندەها سەركردە و كەسایەتى گەنج و خوێن گەرم و هەگبە پڕ لە زانست و سیاسەت رابەرایەتى دەكات و جێگایان گرتوە، سەرانى كۆن وسكراب و لێكەوتوەكانیش پەراوێز دەخات و لەگۆرەپانى سیاسیدا دوریان دەخاتەوە. سەرەتا ـجاڕى ئەوە درا كە بۆ لەمەولا لاوان وكەسانى لێهاتو وخاوەن بیرو هزرى نوێ رابەرایەتى میللەت دەكەن و ئەوان دەبنە رێبەر و چاوساغ و پێشڕەو و جەماوەر بەرەو سەرفرازى دەبەن،بۆئەوەش زۆر دەموچاو كەسایەتى نوێمان بەدیكرد و خەریك بوو باوەڕ بێنین كە بەڕاستى گۆڕان خەریكە گۆڕانى ریشەیى و بنەڕەتى دەكات ، ئەوەتا سەرەتاى هەنگاو یەكەم كاریان دورخستنەوە وپەراوێز خشتنى كەسانى پیرو پەكەوتە و خانەنشینە سیاسیەكان بوو، لەجێگایان لاوانى بەهرەمەند و ژیر و هۆشیار دانرا، چەندین پۆست وپلەیان بۆ لاوان كردە خەڵات وتەبێژەكەیان وبەرپرسى رێكخستن و بەرپرسى راگەیاندن وزۆرێكى دیكە لەو شوێنانەدا دەركەوتن و كەم تازۆریش رۆڵى خۆیان گێڕا.كە ئەوە بەسەرەتا و وەچەرخانێك دەبینرا لەمێژووى حیزبایەتى لەكوردستاندا كەسانێك ببنە بەرپرس و دەسەڵاتدار بەبێ واسیتەو خزمایەتى وەگەنجبن وپێشتریش تێكەڵى كارى سیاسى نەبووبن. بەڵام ئەمە تەنها فێڵ وتاكتیك و چاوبەستێكى كاتى بوو، بۆ خاترى ئەوەى زۆرترین لاو و گەنج و كەسانى بەئەزمون و خاوەن بیرى نوێ لەدەورى خۆیان وبزوتنەوەكەیان كۆببنەوە و بیانكاتە پردێك بۆپەڕینەوە لەو رێگا سەخت ودژوارەى لەبەردەمیاندایە ، ئەمەش زۆر دەوامى نەكرد و چیتر گۆران و سەركردەكەى نەیتوانى پشوودرێژى خۆیان و ستراتیژى درێژخایەنى بزوتنەوەكەى ئاوا بەهەڵواسراوى بهێلێتەوە و نەخشەو پلانێكى درێژ خایەن دابڕێژیت تا بەپێى تێپەڕبوونى كات و رۆژگار وردە وردە جەماوەر لەراستى و نیەتى گۆڕان تێبگەن بزانن بۆچى و لەپێناوى چیدا دروست بون و كار دەكەن تا ببەنە ئەندام وهەوادارى، ئەوەش بۆ ئەمڕۆ و واقیعى كوردستان زۆرى دەوێت ،چونكە سەرجەم پارتەكان ئەوندە خراپ و ناعادیل و ستەم كارو درۆزن بوون، خەڵكیش نەیدەتوانى وا بەئاسانى و لەماوەیەكى كەمدا متمانە بەگۆڕان وبزوتنەوەكەى بكات ،چونكە بوونى دەیان سەركردەى كەڵتەكۆن و لێبوە و موفلیسى یەكێتى لەو بزوتنەوەیدا دیاربوون كە لاى سەرێیان گرتیوو، وەك وتم باوەڕهێنان بەو بزوتنەوەیە و هاوسۆز بون و پاڵپشتیكردنى كاتى دەویست،سەركردایەتى گۆڕانیش لەپێشبڕكێدا بوو دەیویست بەزوترین كات وتا دەرفەت ماوە و وەزعەكە بەلایەكدا نەكەوتوە زۆرترین وباشترین ئیمتیاز و پلە بۆخۆیان و هاوڕێ كۆنەكانى بپچڕێت.. سەركردایەتى گۆڕان چاك دەیزانى كە بۆ رۆژگارى ئەمڕۆ پیادەكردنى سیاسیەتێكى حەكیمانەودروست كە ببێتە وەڵامدەرى ئەو واقیعە تەنها لەبیر و هزرى لاواندایە،لاوانن لەسەرانسەرى دونیا بونەتە پێشڕەو و داهێنان وگۆڕانكارى بەدیدێنن، لاوانن هەڵگرى پەیامى نوێ و نوێخوازى و ژیانەوەن،لاوانن بۆ ئەم رۆژگارو كاتە باشترین ئەلتەرناتیفن، لاوانن وەڵامدەرەوەى ئەم زروف و واقیعەن، ئیدى سەردەم سەردەمى لاوانە و دەبێت هەموو شت نوێبێتەوە وژیان كۆمەڵگا و سیاسەت گەنج بكەینەوە، بۆئەوەش دەبێت پیرو پەكەوتەو لێكەوتو و پاشڤەڕۆكانى ژیان وسیاسەت بخرێنە پەراوێزەوە ،چیتر وەكو وەجه و كەسایەتى دەرنەكەون، ئەمەش بۆ ئەوان واتە سەركردایەتى ئەو بزوتنەوەیە شتێكى قورس و گران و زەحمەت بوو، چونكە سەركردەى یەكەمى ئەو بزوتنەوەیە بۆ خۆى لەو پاپۆڕەدایە و كەشتیەوانیانە و برادەر و هاوڕێ كۆنەكانیشى هەرهەمویان سەرنشینى ئەو كەشتیەن و چارەنوسى و ریشى خۆیان داوەتە دەست ئەو.. ئەویش باش دەزانێ دەركەوتن و هاتنە مەیدانى لاوان گەورەترین زەنگى مەترسى ومەرگە چ بۆ خۆى و چ بۆ سەرجەم پارتەكانى دیكە، بۆیە هەنگاو بەهەنگاو كەوتە پیلان بۆ بێكاریگەرى ئەو توێژە و دورخستنەوەیان لە گۆڕەپان وململانێى سیاسەتدا،گەر تەماشابكەین دەبینین ئەمرۆ ئەوبزوتنەوەیە سەدو هەشتا پلە بایداوەتەوە جاران بەموناسەبە وبێ موناسەبە كەسانى وەكو شاهۆ و زانا یوسف وحاكم لەتیف ،دەردەكەوتن بەجۆرێك ئەوانە ببوونە كەسانى كاریگەر و قسە رۆیشتو و متمانە پێكراوى گۆڕان و وتەو قسەیان لەسەدا سەد قبوڵ بوو،بەڵام لەپڕێكدا لەماوەیەكى كەمدا هاوكێشەكە پێچەوانە بۆوە هەموو شتەكان ئاوەژووبون،سەرانى لاو و وتەبێژ و بەرپرس خرانە پاشەوە و كەسە پیر و رەزاتاڵ و دۆڕاوەكانى سیاسەتیش هاتنە پێشەوە جارێكى دیكە بونەوە بەیایزانێكى نەشارەزای گۆڕەپانەكەوە و دەركەوتنەوە،وەك بینیمان لەكۆبونەوەكانى نێوان گۆڕان و یەكێتى و گۆڕان و پارتى ئەوەى حسابى بۆنەكراو پرس و راى وەرنەگیرا و پەراوێزخرا گەنجانى ناوبزوتنەوەكە بوون كەبۆسوێندیش تاكە یەك كەس لەو لاو گەنج و تازە پێگەیششتوانە حزوریان نەبوو، وتەبێژەكەیان كە هەمیشە و لە گشت كۆڕو كۆبونەوەكاندا قسەى هەبوو لەكونى دەرزیشەوە دیار نەبوو، ئەوەى پێى بڵییت سەنگ وقورسایى و ئیعتیبار بۆ ئەو توێژەیان دانەنا ،وەكو جارى جاران لەسەر ئیقاع و سیاسەتە كۆنەكە دوو قوڵى لەگەڵیاندا كۆبونەوە و ئەوەى كەساڵانێكە هەوڵى بۆدەدەن خەڵكى بۆ بەكوشتن دەدەن وموزایدەى سیاسى پێوەدەكەن ئەمڕۆ واخەریكە دێتە بەر. ئەمەش بۆخۆى هەڵگرى ئەوراستیەیە كە هیچ سیاسی و سەركردەیەكى


كوردهەرچەندە خاكى و چەپ و دیموكراسى و میانڕەو ولێهاتوبێت بەقەدەر مسقالە زەڕڕەیەك باوەڕى بەوەنیە بەسانایى و بێ عارەق وگۆرەپانەكە بۆلاوان چۆڵ بكات، ئەوەى كەپێشتریش كردبویان تەنها تەمسیل وخۆنواندن بوە بۆزیاتر راكێشانى سەرنجى خەڵك و هیچى تر. دەنا وەكوتر هاتنە پێشەوەى لاوان و گرتە دەستى دەسەڵات لاى ئەوان شتێكە قابیلى قبول كردن نیە بەواتاى مەرگى كۆن ونغرۆبونى بیروراى پاشكەوتو، سەركردەكەى گۆران نزیكەى نیوسەدەیە كار بۆئەوە دەكات بەهەرچى كلۆجیەك بێت ببێتە حاكم و دەمڕاستى یەكێتى ئەو ئەو هەموو موجازەفەو یاریكردن و گرەوەی بۆئەوە كردوە كە بەسكە خشكێش بێت خۆى بگەیەنێتە كورسى دەسەڵات و وەكو كەسى یەكەم ناوى بێت، بۆئەوەش پێویستى بە پشتیوانى هاوڕێ كۆنەكان و بەناوسیاسیەكانى سەردەمى خۆیەتى ،چونكە ئەوان لەزمانى یەكتر باشتر دەگەن و دەزانن كەپاشەرۆژى هەمویان یەك چارەنوسە. ئەوان چونكە چەند ساڵێك لەشاخ بوون لەبەر ئەوەخۆیان بە خاوەنى شۆڕش و كوردایەتى خەبات دەزانن لایان وایە كە ئەبێت بۆهەتا سەر هەرخۆیان و هاوەڵەكانیان بەگشت شكست و دۆڕاوى یەكەوە هەر رابەر و سەركردە بن،پێان نەنگى وشورەیە كە كەسێكى لاو و تازە پێگەیشتو بێتە ناو و دەربكەوێت و خۆیان وهەموو عەیبو عارو پۆخەڵەواتێكیان رابماڵێت،بۆیە گەرسەركردەى گۆران تاسەرئێسقان دوژمنى تاڵەبانى و بارزانیش بێت و شیرو تیریش لەیەك بسون، لەبیرو زهنى ئەودا هێشتا هەر ئەوان باشتر و بەسوودترن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات وەك لە شاهۆ و یۆسف و زانا. جانازانم وەڵامى ئەوتوێژەچیە ئایا هەر بە دەست لەكاركێشانەوە لە پۆستەكەیان واز دێنن یان هەڵوێستى دیكەیان دەبێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە