حیمایە داماوەكانى ولاتەكەم من بێ ئەخلاق نیم

Saturday, 29/09/2012, 12:00

1716 بینراوە




لاى من هەموو كارێك بە سواڵكردن و دەست پانكردنەوە شەوە لە كارى حیمایەو و مەسئول پارێزى شەریفترە، لەگەڵ رێزم بۆ زۆرێكیان بەڵام بڕواناكەم كەسێك تۆزێك هەست و سۆزو ویژدان و بەهاى تیا بێت توخنى ئەو كارە بكەوێت،
پێش ئەوەى بچمە ناو كرۆكى باسەكەوە حەزئەكەم شتێك لەسەر خۆم و حیمایە باس بكەم كە هەر ئەوەش بوو بە هۆى نوسینى ئەم باسە:
شەوێكیان بەلاى یانەى كۆمەڵایەتیدا بە ئۆتۆمبێلەكەم بەرەو ماڵ دەبوومە سەیردەكەم بەردەمم گیراوە ، ویستم پاشەو پاش بگەڕێمەوە دواوەشم لێگیرابوو ، دووسێ مۆنیكا و ئۆتۆمبَیلى پر لەچەكدار ئەو ناوەیان تەنى بوو، هەرچەندیكَ كردم كۆشام بوارم نەبوولەشوێنى خۆم بجوڵێم، پێم گوتن بەڕێزینە ئەوە رێگاى خەڵكە و چەند مافى ئێوەیە ئەوەندەش هى ئێمە، ئیدى بۆچى نایەڵن بڕۆین و رێگاتان گرتوە، یەكێكیان كە زۆر بازاڕى و هزر بۆش بوو،بەلالوتێكەوە وتى دەبڕۆ بۆلاى كاك عومەر(عومەرفەتاح) پێى بڵى حیمایەكانت وا دەكەن،
منیش وتم دەى بڕۆن بۆم بانگ بكەن تا قسەى لەگەڵدا بكەم، ناحاڵییەكیان تیا بوو،بۆم هاتە پێشەوەو وتى ئەزانى تو زۆر خوێڕى بێ ئە خلاقیت،ئێستا بەشەق بتبەم بۆ دەزگا؟
منیش وتم بەڕێزم خۆ خراپم نەوتوە ئێوە بۆخۆتان هەریەكەتان عومەر وتاڵەبانى و شێخ جەعفەر و هێرۆ مەلا و مچە و قالە و خولە وكێ وكێن، وەڵلا برا ئەتوانن هەموو شت بكەن من هاوڵاتیەكى ئاسایى و بێ پشت و پەنا خوا نەبێت كەسم لەپشت نیە،بەس من بێ ئەخلاق نیم خۆم لەزۆر كەس بە پیاوتر و بەڕێزتر ئەزانم.
جا ئەوەى راستى بێت لەوشوێنەدا شەڕ یان هەرچیەك بكەیت هەرتۆ تاوانبار دەبیت ئاكامەكەى دیارە چیە، بۆخۆشتان دەزانن حیمایە و چەكدارى ئەم وڵاتە بۆگیانى كەسانى سڤیل و بێ دەسەڵات چۆنن، ئەوە عیرفان ئەحمەدى رەحمەتى شاعیر باشتیرن نموونە و قوربانى دەستى ئەوانە،
بۆیە پێم خۆشە لێرەوە هەندێك ئامۆژگارى و قسەى خێر بۆ ئەو چەك بەدەست و شەق وەشینانە بكەم بەشكوم خوابكات تۆزێك عەقڵ و هۆش بەبەریاندا بێتەوە؟؟پێان دەڵیم براكانم بەرێزەكانم شورەیترین و پیسترین كارێك كەمروڤ لەژیانیدا دەیكات حیمایەو پاراستنى گیانى مەسئول و شتە زلەكانە، بەراستى كارێكى تابڵێى پرعەیب و شورەییە، بڕوابكەئەوانە ئەو ورگ پڕو مێشك بەتاڵانە بەهۆى ئێوە وا بونەتە گوێخاو زاڵم و فیرعەون،گەر ئێوەیان لەپشت نەبن كەس هەر بێزى نایەت سڵاویشیان لێ بكات، تۆ بڕوانە ئەو بەرپرسانە شەو تادرەنگان لە نادى و باڕەكان شەو تا بەیانى سەرقاڵى قومارو رەقس وبەزم رەزمە كەچى تۆش لەدەرەوە وەك ئەوەى پاسەوانى پیرۆزترین شوێن و خاكى وڵات بكەیت سنگى بۆ دەردەپەڕێنیت،یان چەندین جار هەبووە مەسئولە قژ بۆیاغكراوەكەت چۆتە ماڵى ئافرەتێكى بێ رەوشت و خەریكى كارى بێ ناموسیانە بووە تۆش هاوەڵەكانت تا بەیانى ئەوسوكایەتیە و سەرشۆڕیەتان قبوڵكردوەو ئێشكتان لێى گرتوە،
من چەندین جار لەخۆتانم بیستوە كە فڵان مەسئول حەزى لەژنى فڵان حیمایەیە جار جار خۆى ئەگەیەنێتە لاى ولەبەر خاترى ئەوە معاش و ئیمتیازو هەمووشتێكى لەئێوە زیاترە و بەهۆى خانمەوە حەساونەتەوە،یان لەبەر خاترى معاشێكى كەم چیتان پێناكات لە كوشتن و تێهەڵدان و ئازارى خەڵك،بۆچى ولەپێناوى چى؟ بۆچ لەبەر خاترى ئەو زاتە ناموبارەكانە دونیا لەخۆتان دەكەن بەدوژمن؟؟من كە خواردن و شوێنى خەوتن و پاسەوانیتان دەبینم پڕ بەدڵ گریانم بۆتان دێت، شوێنى خەوتن و حەوانەوەتان، ئەوە پیاو بێى عەیبە باسى بكات ،دوور لەرووى بەڕێزتان شوێنى ئاژەڵ و كولانە سەگ زۆر باشترە،مەسئول ئەناسم بۆ كۆتر و تانجى و ئەسپەكانى سپلیت و خوشترین شوێنى بۆتەرتیب كردون،كەچى ئێوەش لەناو ژوورى بەنایلۆن و تەنەكە دروستكراو رۆژ دەكەنەوە و خواردن و خواردنەوەشتان ئەوە هەر مەپرسن نانە سكەو هیچى تر.یان ئاگادارم بەچەندین دانە رۆژ عیلم و خەبەرهەواڵتان لە ماڵ و منداڵتان نیە،نەخۆش دەبن چیان لێ دێت نازانن،خۆ لەسایەى سەرى ئەو كەللە زلانەوە نە سەیران نەگەڕان، نە سەردان ،هیچى لاى ئێوە بوونى نیە،مەگەر وەكو میوان یان بەئیجازەى چەند سەعاتى بڕۆنەوەو بەدیدارى كەس و كارتان شادبن، بەڕێزەكانم ژیان تەنهابریتى نیە لە چەكدارى و دواكەوتنى فڵان وفیسارو كەسابەت وپارە پەیداكردنیش تەنها بەو رێگەیە نابێت، زۆر رێگاو شێوازى شەرەفمەندانە هەیە ، خوزگەم بەكرێكارێك، حەماڵێك ،ژینگە پارێزێك، بەس نیە ئەو بەپێى توانا و هێز وبازوى خۆى ئەركێك رادەپەڕینێت و خزمەتێك پێشكەش دەكات و چەند كەسێك دەستى خۆشى و ماندوبونى لێدەكەن ،شەو تابەیان ئاسودەیە كە بەڕەنجى شان و بەپاروى حەڵال و دور لە كارى نا شەریفانە خێزانێك بەخێو دەكات، ویژدان و مێشك وبیرى ئارامە و مایەى رێزى هەموو كۆمەڵە،بەڵام تۆ من تێناگەم بۆچ بەدەستى خۆت خۆت ناشیرین دەكەیت؟بۆ بەوە رازیت خەڵك بەچاوى كەم وسوك بێ نرخ سەیرت بكەن؟ بۆ دەبێت موچەو بژێویت لەسەر حسابى ئازاردان و ئیهانە و كوشتنى ئێمە بێت.براكەم ئازیزەكەم هەرچەندە تۆ پێت وتم بێ ئەخلاق و چى وچى وئیهانەت كردم ،بەڵام من پێم خۆش نیە ئەوە بەتۆ بڵێم تو هیچ نەبیت مرۆڤیت ،مرۆڤیش شایەنى ئەوپەڕى رێز و گەورەییە، ئایا ئەوەى كە حیمایەى دەكەیت لەتۆ و باوكت پیاوترە؟ ئازاترە؟ ناسراوترە؟ رابردوى خۆى و بنەماڵەى لەتۆ چاكترە؟؟شایەنى ئەوەیە كە بیپارێزی؟؟ نا بێگومان من دڵنیام كە قەت وا نییە.جا بۆ ئەوەى ئەو گەورەیى و رێز وخۆشەویستیە بەدەست بێنیتەوە منیش و هاوەڵانیشم بەچاوێكى جوانتر سەیرت بكەیت،هەرچى زووە بەرگى شەرمەزارى داكەنەوە و شەقێك هەڵدە لەو پارەیەى بەو شێوەیە دێتە دەستت و كارێكى شەرەف مەندانەو سەرەبەرزانە بگرە دەست و منەتى هیچ عەبدێك هەڵمەگرە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە