هۆشیار عەبدوڵا ئەگەر ڕاست دەكات بائەمە بكات بەڕێپۆرتاژ و لە KNN دایبەزێنێ

Tuesday, 06/03/2012, 12:00

1165 بینراوە


زۆرن ئەو شوێنانەى كە زوومى كامێرایى كەى ئێن ئێن خۆیان لێ نادات و لەئاستیان كپ و بێ دەنگە، نا لەبەر ئەوەى كە نەیزانیوە بەڵكو لە بەر بەرژەوەندى تایبەت و ڕازى كردنى دڵى هەندێك بەرپرسى یەكێتى لە خۆیان.
ئێوەى بەڕێز بۆ ناپرسن لە كەى ئێن ئێن و هۆشیار عەبدوڵا ئەو هەموو گەندەڵىی و كارەساتە لەسلكى تەندروستیدا هەیە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بۆ باسى ناكەن؟ ئایا لە بەر ئەوەیە پێیى نازانن یان لەبەر ئەوەیە ئێستاش چارەسەر و عیلاجى هەموو بەرپرس و هەڵسوڕاوانى گۆڕان لە نەخۆشخانەكانى شۆڕشە و هۆشیار عەبدوڵاش پەیوەندى توندوتۆڵى لەگەڵیاندا هەیە بۆیە ڕێگەنادات هیچ لەسەر گەندەڵى تەندروستى بخرێتەڕوو.
ئەوەى دەمەوێ بیخەمە بەرچاوى ئێوەى بەڕێز نەخۆشخانەیەكى فوول یحزبی هەیە بەناوى نەخۆشخانەى شۆڕش لە ناحیەیى چوارقوڕنەى سەر بە قەزاى ڕانیە كە بەئاشكرا بینا و شوقەى وەزارەتى تەندروستى داگیركردووە و كەسیش باسى ناكات (جگە لە نەخۆشخانەى شۆڕشى سلێمانى كە دەڵێن ئەویش هەر بۆ خۆى وەزارەتێكە و دەیان بیناى وەزارەتى تەندروستى بۆ داگیركراوە).
با هۆشیارعەبدوڵا پەیامنێرێك بنێرێت بۆ ئێرە بۆ چوارقوڕنە و ڕێپۆرتاژێك لەسەر ئەمە بكات لە كاتێكدا چەندین جارە جەنابى و كەى ئێن ئێن ئاگادار دەكرێنەوە بەڵام هەر گوێشى پێ نادەن.
ئەوەى من دەیخەمەڕوو سەبارەت بەم نەخۆشخانەیە، گەر وا نەبوو ل ئاست هەموو وەڵامێكی كاك هۆشیاردا ملم كەچە و ئامادەم هەر لێرە داواى لێبوردن لە كوردستانپۆست ئینجا لە كەى ئێن ئێن و هۆشیار عەبدوڵاش بكەم .

نەخۆشخانەى شۆڕشى ڕاپەڕین لە چوارقوڕنە یان وەك ئێستا كراوەتە نەخۆشخانەى شەهید ئەحمەد ئیسماعیل سەر بە دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەیە و بیناى نەخۆشخانەكە بەناوى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبوون بۆ خەڵكى چوارقوڕنە كراوە، بەڵام ئەم نەخۆشخانە حزبیە بیناكەى داگیركردوە و بووە بەنەخۆشخانەى شۆڕش . جگە لە بیناى نەخۆشخانەكە دوو باڵەخانەى نیشتەجێبوونیش كە بۆ دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى دروستكراوە و موڵكى وەزارەتى تەندروستین لەناو چوارقوڕنە ئەم نەخۆشخانەیە داگیرى كردوە و كارمەندى حزبى نەخۆشخانەى شۆڕشى تێدا نیشتەجێ كراوە، (كارمەندانى نەخۆشخانەى شۆڕشیش حەقى خۆیانە شوێنى نیشتەجێ بوونیان هەبێت بەڵام با لەسەر حسابى خەڵكى دڵسۆزو كارمەند و میلاكى وەزارەتى تەندروستى نەبێت) سەدان كارمەندى وەزارەتى تەندروستى هەیە لە چوارقوڕنە و دەوروبەرى تا ئێستا سوودمەند نەبوون لەم حكومەتە و كرێچین با فەرماندەیى گشتى و دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە لە جیاتى دوو باڵەخانە دەیان باڵەخانە بۆ كارمەندانى خۆیان دروست بكەن كێ لارى هەیە بۆیان بكەن، بەڵام ئەوەى ئێستا ئەوان داگیریان كردووە بەهەموو یاسا و مافێك هى كارمەندانى وەزارەتى تەندروستی و نەخۆشخانە و مەڵبەندى تەندروستى چوارقوڕنەیە، نەوەك هى كارمەندانى نەخۆشخانەیەكى حزبى، هەروەها كارمەندەكانیشى كە ئەوەندە لە خەمى حیزبدان و ملكەچى ئەوەن مانگانە ئابوونەى حیزبى بدەن بە كۆڵێك بڕوانامەوە گوێ لەكادیرى حیزبى نەخوێندەوار بگرن با حیزبیش ئەوەندە دڵسۆزى بۆ ئەوان هەبێت خانوو و شوقەیان بۆ دروست بكات نەوەك لە شوقەى وەزارەتى تەندروستى نیشتەجێ بن و قسەى زل زل بكەن.

بەداخەوە تا ئێستا یەك كەناڵى ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش كەى ئێن ئێن نەهاتووە باسى ئەمە بكات لە كاتێكدا چەندین جاریش ئاگادار كراونەتەوە، چونكە هەرلەم نەخۆشخانەیە مانگانە بە زۆرو بە ئاشكرا ئابوونەى حیزبى لە كارمەندانى وەردەگیرێت و هەڕەشە و چاووسووركردنەوەیان لەسەرە.

(ئێوەى بەڕێز دەتوانن لەسەر تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك سەیرى پەیجى تایبەتى ئەم نەخۆشخانەیە بكەن بەناوى (نەخۆشخانەى شۆڕش ڕاپەڕین) بەئاشكرا كۆبوونەوەى حیزبى مانگانە لەم نەخۆشخانەیەدا دەكرێت) ئەوەى سەرپەرشتى كۆبوونەوەى حیزبى مانگانەى ئەم نەخۆشخانەیەش دەكات پلەى سەربازیى عەمیدە و ناوى موحسینە و ئەندامى مەڵبەندى پێشمەرگەیە وەك لە پەیجەكەدا هاتووە و دەڵێ لێپرسراوى كۆمیتەى ڕێكخستنى نەخۆشخانەكانى شۆڕشە.

فەرموو كاك هۆشیار عەبدوڵا ئەمە بكە بە ڕێپۆرتاژ و لە كەى ئێن ئێن بڵاوى بكەرەوە تاخەڵكیش ئەو هەموو گومان و قسەى لەسەر ئێوە هەیانە بڕەوێتەوە ئەگەرنا ئەوەى لەسەرتان باس دەكرێت و هەیە دیارە هەمووى ڕاستە.
ئەگەر بیناى نەخۆشخانەكەش نەبێت شوقەكان بۆ وەزارەتى تەندروستى بگەڕێنەوە یان هەر هیچ نەبێت بیكە بە ڕێپۆرتاژ بۆ ئەندام پەرلەمانە خەوتووەكانى گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانى كوردستان و بڵێ لە كوێن بۆ ناچنە ئەم قەزا و ناحیانە سەدان گەندەڵى لەم جۆرە هەیە بۆ باسى ناكەن و نایخەنەڕوو .

تێبینى:
وێنەكانم لەپەیجى تایبەتى نەخۆشخانەكە لەسەر تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك دەرهێناوە بە كوردى بنووسن (نەخۆشخانەى شۆڕش ڕاپەڕین) پەیجى نەخۆشخانەكە لەفەیسبووك دەكرێتەوە .
بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى و یەكێتى دەڵێن ئەم نەخۆشخانانە نەخۆشخانەى سەربازی و حكومین سەربەوەزارەتى پێشمەرگە و حكومەتى هەرێمى كوردستانن . بەڵام وێنەكان و واقیعى نەخۆشخانەكە دەڵێن نەخێر درۆیە ئێمە ئێستاش موڵكى حزبین نەوەك حكومەت. موڵكى فەرماندەیى گشتین نەوەك وەزارەتى پێشمەرگە. موڵكى مەڵبەندى ڕێكخستنى پێشمەرگەین نەوەك دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە .
وێنەكانیش تازەن و كۆن نین وەك خۆى لەپەیجى نەخۆشخانەكە دەرم هێناوە .

******************************
نەخۆشخانەی شۆرش راپەرین
2012January 30
عمید محسین بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی نەخۆشخانەکانی شۆرش و ستافی مەڵبەندی پێشمەرگە لەکۆبونەوەیەکی فراوانی نەخۆشخانەدا .



********************************
نەخۆشخانەی شۆرش راپەرین
2012January 30
کۆمیتەی رێکخستنی نەخۆشخانەکانی شۆرش و ستافی مەڵبەندی پێشمەرگە لەکۆبونەوەیەکی فراوانی نەخۆشخانەدا .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە