لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن - زنجیرەی بیستەم...

Saturday, 21/02/2015, 12:00

4234 بینراوە


کەرتی پاراستنی ئێستگە....
توژەڵە گوندێکی بچووکی سەر سنووری ئێران و عیراقە، سەر بە ئێرانە، لە قەدپاڵی شاخێکە بەرامبەر بە گردی کۆپان. ئێمە لە بەری گردی کۆپان نیشتەجێ بووین، خەڵکی دێیەکە لە بەرەکەی بەرامبەری، دۆڵێکی بچووک لە نێوانمان دابوو. لە ساڵی ١٩٨٢ توژەڵە جگە لە بارەگای ئێزگە، جەند بارەگایەکی تری لێ بوو، بارەگای کەرتی پاراستنی ئێزگە. بارەگای حزبی رەنجبەران، پارتێکی چەپی ئێرانی بوو لە چەند کەسێک پێکهاتبوون هەموویان فارس بوون. بارەگایەکی حزبی شیوعی عیراقیشی لێ بوو.

ئاشتی، تاڵەبانی، ساڵی ١٩٨٦ لە یاخسەمەر لەماڵی تاڵەبانی گیراوە

کەرتی پاراستنی ئێزگە نزیکەی ٣٠ پێشمەرگە دەبوون لە دوو مەفرەزە پێک هاتبوون. لێپرسراوەکەی پێشمەرگەیەک بوو بە ناوی شێرکۆ حوسێن خەڵکی گوندی مڕانە، یەکێک بوو لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانی شۆرشی تازە، لە بەری قەراغ لە ئەنفالەکان دابڕا و شەهید بوو، کەژاڵی خێزانی خەڵکی سنکێ و کورێکی ساوای لەدوا بەجێما. معاونی کەرت مەجید خەڵکی کورەداوێ. لێپرسراوی یەکێک لە مەفرەزەکان ناوی هێمن سەراوی کورێکی گەنج بوو، دوای بوو بە سەرتیپی ٤٧ یان ٣٣، لە دوای تێکچوونی مفاوەزاتی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی بەغداد کەوتە کەمینی جاش لە دۆڵە رووتە شەهید بوو. دوو ساڵ پێش ئەوەش برایەکی کەی شەهید بوو بە ناوی ئەحمەد. مام عەلی خەڵکی ماوەت بوو خاوەن نۆ منداڵ بوو ئینجاش بڕیاری دابوو ببێت بە پێشمەرگە لێپرسراوی مەفرەزەکەی تر بوو.
ئەو کەرتە سەربە ئێزگە نەبوو بەڵکو کەرتێکی تایبەتی سەربەخۆ بوون. بارەگایەکی رێکوپێکیان هەبوو، شوینی ئاگردانیان زۆر رێک دروستکرابوو، هێسترێکیان هەبوو بەکاریان دەهێنا بۆ شت گواستنەوە، تەندوری نانیان هەبوو پێشمەرگەیەک ناوی خالید بوو نانەوا بوو، دوای ئەو پێشمەرگەیەکی تر بوو بە نانەوا بە ناوی ئەرسەلان، ریکو پێکی ئەو بارەگایەو بەخیوکردنی هێسترەکە دەوری مام عەلی تێدا هەبوو، پەیوەندی نێوان پێشمەرگەکانی ئەو بارەگایە زۆر خۆش بوو، زۆر جار ئێواران بەوناوە ڕەت دەبووم یان دەچووم سۆندەی ئاوم رادەکێشا، دەمبینی سەتڵێکی نایلۆنیان سەرەو نخون دەکرد دەیان کرد بە تەپڵ لێدان، گۆڕانی ووتن و هەڵپەرین.
مام عەلی پیاوێکی پیر تەمەنی نزیک بە ٦٥ساڵ بەسەرەوە دەبوو، لە یەک شانەی رێکخستن بووین هەردووکمان ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانی مارکسی لینینی بووین، لەکۆبونەوەکانی دوو هەفتە جارێک دەم بینی، ئەو کات لێپرسراوی شانەکەمان پێشمەرگەیەک بوو بە ناوی سەعدون فەیلی. لە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی بەغداد ئاشکرا ببوو دوای دەرچونی لە زیندان هات بوو بۆ پیشمەرگایەتی. مام عەلی پیاوێک بوو باڵایەکی مام ناوەندی تۆزێک پشتی لای شانی چەمابوەوە، پێستی گەنم رەنگ، سمێڵێکی لە جۆری سمێڵی ستالین دانابوو خەنەی لێدەدا بۆ ئەوەی سپیەکانی بشارێتەوە، هەموو کاتێک جلێکی رێکی لەبەردابوو خۆی توند دەبەست، كڵاو جەمەدانی لەسەری، پوزەوانە کوڵەباڵ خەنجەرێک لەبەر پشتێنەکەی، رەختی راست و چەپ دەبەست، هەموو کاتێک دووربین لە ملی، شێوەی کوردێکی فۆلکلۆری هەبوو، ناوی لە خۆی نابوو ئامانج مهابادی. مام عەلی پێی ناخۆش بوو پێی بڵیت مام عەلی، دەبوایە کە بانگت دەکرد بڵێیت هاورێ ئامانج، من ئەوەم نەزانی بوو بەڵام ئەوەم زانیبوو کە پێی ناخۆشە پێشمەرگەکان بۆ خۆیان جەوێک دروست دەکەن و هەڵدەپەڕن، رۆژێک لە کۆبونەوە دیتم هەر بۆخۆشی لێم پرسی مام عەلی ئەوە چی بوو دوێنی دەنگی تەپڵ لێدان دەهات لە بارەگاکەتان ووتی، ئەی ئەی چەند داخم لە دڵە، ووتم بۆ؟ ووتی ئەو رەنجەی موهەندیس لەجیاتی پێشمەرگەکان فێرە عیلم و مەعریفەت بکات پێشمەرگەکانی فێرە... ......بادان کردوە، کە وای ووت من زۆر زۆر پێکەنیم.
بە سروشتی خۆم بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستام کە دەچوومە دەرەوە دەمبینی مام عەلی یەک کۆڵ داری شکاند بوو، ئاگری کردبووەوە، دوو کتلی گەوەرەی پر ئاو لەسەر ئاگرەکە دەکوڵا، تەندوری نانەکەی گەرم کردبوو بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ نانەوا، دەنگی کەڵەشێرو و پەلەوەری دێیەکە لە دوورەوە دەهات، بەو بەیانیە بەفر هەتا بنمیچی خانوەکان کەوت بوو، بۆنی ئاگری دارو دوکەلەکەی زۆر خۆش بوو هەسستم دەکرد لەو سەر سنورە دابڕاوە چۆڵە ژیان جووڵەی تیادا هەیە، مام عەلی دووربینێک لەدەستی سەیری ئاراستەی دێیەکەی بەرامبەری دەکرد، من وامدەزانی مام عەلی بەو دووربینە چاودێری ناوچەکە دەکات، بەڵام دوای پێشمەرگەکان پێمیان ووت نا ئەوە بە دووربین لە دوورەوە سەیری کانی ژنان دەکات، پێشمەرگەکان هەر بۆ گاڵتەو خۆشی پێیان دەووتم ئەوە کۆڵی دڵی خۆشە لەگەڵ تۆیا لە یەک شێنەن. رۆژێک پێشمەرگەیەک بەلای تێپەریبوو ووت بووی هاورێ ئامانج سەیری چی دەکەیت بەو دووربینەت؟ ووت بووی های های سەیر بکە لەو رێواسەی لە قەد پاڵی ئەو شاخەدا چۆن ڕواوە!
ئەندازیارانی ئێزگە لە ساڵی ١٩٨٠ و ١٩٨١، لە گەڵ ئەو کەرتە بوون، لەسەر گردی کۆپان دوو ژووریان دروست کردبوو یەکێک بۆ رادیۆکە ئەویتریان بۆ خۆیان، بەو هیوایەی لەوێ گوزەران بکەن ، کێشەو گرفتی زۆریان دەبێت لەگەڵ ئەرسەلان بایز، جۆری هەڵس وکەوت، مامەڵەکردن و خورەوشتی ئەرسەلانیانی بۆ قبوڵ ناکرێت. ئەو کات چوار ئەندازیار دەبن، رێبوار پێنجوینی هەڵگری بیروباوەری چەپ لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ بەرەو هەندەران کەوتە رێگا. شێخ پشتیوان، رەنجە و رێبوار. ساڵی ١٩٨٢ ماڵی باوک و خێزانی رەنجە لە کەرکووکەوە ڕادەکەن دین بۆ توژەڵە شوێنیان نابێت، هەر سێ ئەندازیارەکەی تر شوینەکەی خۆیان بەجێدەهێڵن بۆ ئەوان و دێنە بارەگای ئێزگە هەر یەکەیان لە ژوورێک لەگەڵ پێشمەرگەکانی تر شوینی خۆیان دەکەنەوە، بەوجۆرە کێشەو گرفتەکانیان بەردەوام دەبێت لەگەڵ ئەرسەلان بایز تاوەکو کۆتایی و ڕاکردنی تاڵەبانی و هێرۆی خێزانی بۆ ئەوروپا لە رێگای ئێرانەوە پێش ئەنفالەکان ، ڕاکردنی باقی سەرکردایەتی تر بۆ ناو ئێران و نیشتەجێبونیان لە سەقز لە گەرەکی بلوار دوای ئەنفالەکان.
ئەرسەلان لێپرسراوی ئێزگە هەوڵیدەدا ئەو کەرتە هەڵبوشێنێتەوەو بیکا بە بەشێک لە ئێزگە. یەکەم، بۆ ئەوەی بیخاتە ژێر دەستەڵات و رکێفی خۆی. دووەم، بۆ وەرگرتنی نەسرییەی مانگانەی ئەو کەرتە و بەکارهێنانی بەو شێوەیەی دەیویست. بەو مەبەستە کاری بێ ووچانی بۆ ئەو مەسەلەیە دەکرد لە رێگای یوسف زۆزانیەوە.
یوسف زۆزانی جگە لەوەی داشی تاڵەبانی بوو لە ئێزگە، کابرایەک بوو زۆر لە ئەرسەلان زیرەکتر بە تایبەتی لە تێکەڵاوبوون و مامەڵەکردنی لەگەڵ پێشمەرگەی ئێزگە، جیاوازی دەکرد لە نێوان کەسایەتی تاکەکان وە دەیزانی لەگەڵ کام لە پێشمەرگەکان بۆی ناچێتە سەر دەنگ هەڵببرێت و خۆی فەرزبکات، بەکوردیەکەی لە زمانی هەموان حاڵی بوو، ئەمە وای کردبوو لە کاتێکدا پاڵپشتێکی سەرسەختی ئەرسەلان بووکەچی دەبوو بە ناوبژیوان لە نێوان پێشمەرگەکان و ئەرسەلان. یوسف سەرکەوتو بوو لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەوگرفتەکان بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی ئەرسەلان بێت. یوسف لە هونەری ئەوەی دەزانی چۆن شتەکان بەو ئاراستەیە بشکێنێتەوە و زەمینە سازی بکات بۆ هەرمەسەلەیەک کە پێشوەخت لەگەڵ ئەرسەلان رێکەوت بوون بە ئاگاداری تاڵەبانی.
لە یەکەم کۆبونەوەمان بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە بارەگای ئێزگە لە مانگی حەوت١٩٨٣، یوسف کەوتە باس کردنی مەوزوعەکە ووتی، کەرتی پارێزگاری ئێزگە زەروریە سەر بە ئێزگە بێت، واباشترە ئەرسەلان لێپرسراوی ئەو کەرتەش بێت، لە کاتی قسەکردن سەری دەگێراو سەیری یەکە بە یەکەمانی دەکرد. لە مانگی حەوتی ١٩٨٣ ئێزگە لە دۆڵی جافەتی لە گوندی بەرگەڵوو دامەزرا، بەوجۆرە کەرتی پارێزگاری ئێزگە کەوتە ژێر لێپرسراوەتی ئەرسەلان بایز. کاتێک ئەو بڕیارە درا پێشمەرگەکانی کەرتی ئێزگە هەر هەمووی داوای نەقڵکردنیان کرد، بۆ ماوەیەکی زۆر کەرتی پارێزگاری ئێزگە لە بەرگەڵوو خاوەن تاکە پێشمەرگەیەکیش نەبوو. ئەم هەڵوێستەی پێشمەرگەکانی کەرتی پارێزگاری ئێزگە لای ئەرسەلان بایز، یوسف و تاڵەبانی هیچ هەژمارێکی بۆ نەکارا وە خۆیان لە ئاماژەیی ئەو جۆرە هەڵوێستە گێل کرد. ئەرسەلان بوونی ئەو کێشانەی دەخستە قاڵبی ئەوەی کە ئەو کەسانەی دێنە وەڵام لە ئەرسەلان، سەر بە کوتلەی نەوشێروانن و دژ بە تاڵەبانی، ئەو شەری سەرکەوتنی تاڵەبانی دەکات. لەراستیدا ئەمە دوور بوو لەراستی، کێشەکە پەیوەندی بە پرنسیپی تاکەکان هەبوو، سەرکردەکانی تری کۆمەڵەی رەنجدەران و ینک، خۆیان لەو کێشەو گرفتانە بە دوور گرتبوو، جارجاریش سەرەکونەی پێشمەرگەیان دەکرد بۆ ئەوەی بە تاڵەبانی بڵێن ئێمە لە پشتەوەی ئەو کێشانە نین.
ئەرسەلان و یوسف هەوڵی ئەوەیان دەدا دەستەیەک لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، بیانکەن بە پیاو ماستاوچی، خزمەتکاری خۆیان، منداڵیان پێهەڵبگرن و بەکاریان بهێنن، لە یادیان چوو بوو ئەو نوخبە بەشداربووەی ئەو شۆرشە لەنێو کۆمەڵگای کوردی باشوور کە خاوەن ٣٥٠هەزار جاش بوو، بەدەگمەن دەتوانرێت دەستەییەکی لەو جۆرەی لێ هەڵبهەنجرێت، ئەو پێشمەرگانە ئینتمای چینایەتیان دەگەڕایەوە بۆ هەژارترین چینی نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور بەڵام خاوەن نەفسیەتی بەرز بوون، رەتیان دەکرد ببن بە پیاوی کەس، بۆ بیرو باوەری بەرزی خۆیان دەژیان و تەزحیەیان دەدا. ئەرسەلان بایز لەگەڵ ئەوەی لێپرسراوی دەزگای ئیزگەو ئیعلام بوو بەڵام نەدەگەیی بە خاكی بەرپێێ ئەو پێشمەرگانە.
ئەرسەلان هەست و ڕای پێشمەرگەی بەلاوە گرنگ نەبوو، تەنیا پشتیوانی تاڵەبانی لا مەبەست بوو. هەموو جار کە باسی جەمسەری تەکەتولەکانی نێو کۆمەلەی رەنجدەران دەکرا، زۆر بەبێ شەرمی دەیگوت، جا من بۆ سەر بە یەکێک لەو جەمسەرانە بم، تاڵەبانی بۆ من باشترین جەمسەرەو راستەوخۆترین رێگایە بۆئەوەی دەمهەوێت بیگەمێ، هەر کاتێکیش تاڵەبانی نەما من واز دەهێنم. ئەرسەلان کابراییەکی هەتا بڵیێ بی مستەوا بوو، خاوەن هیج قیەمیک، خورەوشتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کارکردن نەبوو، بە شانازیەوەو بە ئاشکرا دەیگوت من جەلالیم. لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیگوت و ئەنجامی دەدا پەخشانی خێزانی پاڵپشتی تەواوی لێدەکرد.
هەوڵدرا پێشمەرگە پەییدا بکرێت بۆ ئەو کەرتە، هەر پێشمەرگەیەکیش کە دەهات هەر زوو بێزار دەبوو داوای نەقڵی دەکرد، زۆربەشیان کە داوای نەقڵ بوونیان دەکرد هۆکەی ناڕەزای بوونیان بوو لە جۆری بەرێوە بردن و هەڵسو کەوتی ئەرسەلان بایز. منیش وکو کادیرێکی کۆمەڵەی رەنجدەران بەبێ پشتیوانی هیج یەک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و ینک، لەهەموو ئەو ناهەقیانە دەهاتمە جەواب و رووبەرروی ئەرسەلان دەبوومەوە کە لە ئەنجامدا کێشەو گرفتی زۆرم بۆ دروست دەکرا لەلایەن خۆی و پەخشانی خێزانی و جەلالیەکانی تر. یەکەم کێشە کە لە سەرکردایەتی تەقیەوە کێشەی رووبەروو بوونەوەی من بوو لەگەڵ ئەرسەلان، پێش کەرتی ئێزگە.

ئاشتی ساڵی ١٩٨٥ بەرگەڵوو

ئەوە بۆ مێژوو تۆماری دەکەم هەتا کۆتایی ئەو شۆرشە یەک پێشمەرگەی ئەو کەرتەم بەرچاوو نەکەوت رێزی ئەو ئەرسەلان بایزەی لا بوو بێت یان خۆشی ویستبێت. بە حوکمی ئەوەی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی ئەو کەرتەم بەرێوە دەبرد، توانیبووم پەیوەندیەکی نزیک لەگەڵ پێشمەرگەکان دروست بکەم کە جێگەی رێزو متمانە بێت، پێشمەرگەکان، هەموو قسەیەکیان لا دەکردم و کاتێک دەرۆیشتن دەهاتن بۆ لام بۆ خواحافیزی. بەداخەوە کاتێک دەچوونە خوارەوە زۆر زوو زوو هەواڵی شەهید بوونیانم پێدەگەیشت.
هەواڵی شەهید بوونی ئەو پێشمەرگانە وەک چەقۆیەکی تیژ وابوو هەموو هەستی مرۆڤایەتیمی بە قوڵی بریندار دەکرد. ئەوەندە غەمم دەخوارد جاری واهەبوو هەر بەبێ دەنگی و بێ ئەوەی بهێڵم کەس هەستم پێبکات بە هەفتە لە ژێر جێگا دەکەوتم.
ئەو پێشمەرگانە جەگە لەوەی سووتەمەنی ئەو شۆرشە بوون وە دووچاری ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی دەبوون، کەس و کاریشیان تووشی زیندان کردن و دەربەدەری دەهاتن لە ژێر سایەی رژێمی سەدام، لەهەمان کاتدا ئەو پێشمەرگانە لە سێبەری ئەو شاخدا رووبەرروی ئەو کێشەو گرفتانە دەهاتن لەگەڵ سەرکردە بودەڵەکانی ئەو شۆرشە تازەییە وە دەبوایە تەحەمولی کەسایەتی لەرزۆکی، ترسنۆکی، ماستاوچی جەلالی وەک ئەرسەلان باییزیش بکەن. ئەو شەهیدانە جگە لە کەسەری وڵاتیان، میللەتەکایان، خێزانیان، ئازیزو خۆشەویستەکانیان، خەونە رەنگاو رەنگەکانیان ئەو جۆرە کەسەرانەشیان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر خاکەوە.
پێشمەرگەکانی ئێزگەو ئیعلام زۆربەیان خەڵکی شارەکان، دانیشگایان تەواو کرد بوو، ئینتیمای چینایەتیان بۆ چینی ناوەراست دەگەڕایەوە و زۆربەی کاتیش سەرقاڵی کاری ئێزگە بوون وەکو نووسین، تۆمارکردن و نان حازر کردن. بەڵام پێشمەرگەی ئەو کەرتە زۆربەیان لە خێزانە هەژارەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور بوون و خوێندنیان تەواو نەکرد بوو. بۆشاییەک هەبوو لە نێوان پێشمەرگەکانی ئێزگەو ئەو کەرتە لە رووی تێکەڵاو بوونی کۆمەڵاییەتی. بەڵام من بە سروشتی خۆم حەزم بە تێکەڵاو بوون هەبوو لام هیج سنوورێک نەبوو بۆ ئەوەی خۆم بپارێزم لە تێکەڵاو بوون لەگەڵ هەر پێشمەرگەیەک بوایە ئنیجا چ لە جیاوازی تەمەن، یان پێگەی کۆمەڵایەتی، یان دین و رەگەز، تەنیا هێڵی سوور لای من خەیانەتکردن بوو. هەموو کاتێک بڕوام بە یەکسانی مرۆڤ هەبووە، کلیلی فێربوون و شارەزا بوون تەنیا بە پەرتووک خوێندنەوە نابێت، بەڵکو تێکەڵاو بوون و خەڵک ناسین زۆر گرنگە، هەر مرۆڤێک بۆ خۆی پەرتووکێکە دەکەوێتە ژێر دەستت بۆ خوێندنەوە ، خۆشی ئەو خوێندنەوەیەش لەوەدایە هیج یەک لەو جۆرە پەرتوکە لەوی ترناچێت و تەواوکەری یەکتر نین، تەنیا قورسی ئەوەیە خویندەوەی کتێب و تێگەیشتینی ئاسان ترە لە خوێندنەوەی مرۆڤ و تێگەیشتنی، زۆر جار رێکدەکەوێت تێگەیشتنت بۆ مرۆڤەکە لەگەڵ راستی کەساییەتیەکەی تووشی شۆکت دەکات.

تێبینی یەکەم: ناوم وەکو پێشمەرگەیەک نەهاتووە، لە هیچ دۆکیمێتێکی کۆمەڵەی رەنجدەران، ی.ن.ک و ئەو کەسانەی مێژووی ئەو ساتە مێژوویەیان نووسیوەتەوە، بۆیە ئاساییە خوێنەرو جەماوەر گومان دروست بکەن، هەریەک لە نووسەرو پارتەکان و سەرکردەکانی ئەو مێژووەیان نووسیوەتەوە، گومانی هەیە لە راستی رووداوەکان و وێنەکانی ئەو بیەروەریانەم کە بڵاوی دەکەمەوە، ئاساییە دەنگ هەڵببرێت.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە