تاقیكردنەوەى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان ، یان چەواشەكردن

Sunday, 09/09/2012, 12:00

1090 بینراوە






دواى پێنج ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڕیارى كۆنگرەى وەزارەتى پەروەردە بۆ دانانى یاریدەدەر و بەڕێوەبەرى قوتابخانەكان و دواى دەیان بەیاننامە و پاڵەپەستۆى كەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان لەشار و شارۆچكەكانى هەرێم لەمساڵدا وەزارەتى پەروەردە هاتە ژێر بارى ئەوەى كە ئەو بڕیارە جێبەجێبكات و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەر شێوازى تاقیكردنەوە دابنرێن و هەلى یەكسان بۆسەرجەم مامۆستایان بەسەرجەم بیروڕا و ئینتیما جیاوازەكانەوە بڕەخسێنرێت ئەمە لەسەرەتادا بووە مایەى خۆشحاڵى سەرجەم مامۆستایان و دەنگدانەوەیەكى باشى لەنێو دەزگاكانى ڕاگەیاندن و مامۆستایان لەوبارەیەوە هاتەكایەوە بەڵام ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردن و تێڕامانە شێوازى ئامادەكارى و پرسیارەكانى ئەو تاقیكردنەوەیە پڕاوپڕبوو لەكەموكوڕى و چەواشەكارى و شاردنەوە و نەرەخساندنى هەلى یەكسان بۆ سەرجەم مامۆستایان ، لەسەرەتادا تیشك دەخەمە سەر شێوازى ئاگاداركردنەوەى مامۆستایان لەلایەن پەروەردەكانەوە بۆئەوەى خۆیان ناونوسن بكەن و بەشداربن لەوتاقیكردنەوەیە ، بە پێى زانیاریە وردەكانى خۆم چەند پەروەردەیەك ئەم زانیاریەیان شاردۆتەوە و بۆ قوتابخانەكانیان نەناردووە بۆئەوەى كەمترین مامۆستا بەدشارى بكات لەو تاقیكردنەوە و بەرێوەبەر و یاریدەدەرە حیزبیەكان لەشوێنى خۆیان بمێننەوە ئەمەش كارێكى ناپەروەردەییانە و ناشارستانى و نامرۆڤانەیە و پێویستە وەزارەتى پەروەردە وەك پیشاندانى نیازپاكیەك لەوپرسەدا بەرێوەبەرى ئەو پەروەردانەى كەنوسراوەكەیان تەعمیم نەكردووە و مامۆستایانیان لێ ئاگادارنەكردۆتەوە لەكارەكانیان دووربخاتەوە ، پرسیارەكانى ئەو تاقیكردنەوەیەش كە پرسیارى پارێزگاكان لەیەكتر جیاوازبوون و ئەمەش خۆى لەخۆیدا جێگاى پرسیارە و هۆكارەكەى نادیارە و ناكرێت پرسیارەكان جیاوازبێت لەنێوان پارێزگاكان بەڵكو دەبوو پرسیارى سەرجەم پارێزگاكان هاوشێوەى ئەزمونى بەكالۆرى وەكو یەك بێت چونكە بەرێوەبەر و یاریدەدەر لە هەولێربێت یان لەسلێمانى یان لەدهۆك هەمان ئەرك و پیشەى هەیە و هیچ جیاوازیەك نیە لەكارەكانیان بۆیە دەبوو پرسیارى سەرجەم پارێزگاكان وەكو یەك بووایە ، لەهەمووش سەیرتر ئەوەیە لەسنورى پارێزگاى سلێمانى چەند رۆژێك پێش تاقیكردنەوەكە پرسیارەكان بۆچەندین بەڕێوەبەرى حیزبى ئاشكراكرابوون بۆئەوەى وەڵامەكان ئامادەبكەن و لەو تاقیكردنەوەیە دەربچن و لەشوێنى خۆیان بمێننەوە و گوێڕایەڵى حیزب بن و كارەكانى حیزب لەقوتابخانەكان جێبەجێبكەن ، چەند رۆژێك بەر لەوتاقیكردنەوەیە بەشێك لەبەڕێوەبەرە حیزبیەكانى سنورى شارى سلێمانى بانگهێشتى بارەگاى حیزبى كرابوون و شێوازى پرسیارەكان و تاقیكردنەوەكە و وەڵامدانەوەیان بۆ ڕوون كرابۆوە هەر بەو هۆیەشەوە زۆربەیان بە پێنج خولەك وەڵامى پرسیارەكانى تاقیكردنەوەكەیان دابۆوە ، بەڕاستى سەیرە كورد گۆتەنى (تا سەر مابى ، چاو عاجیباتى زیاتر دەبینى) نەمردین بینیشمان بەرێوەبەرى بەشێك لە قوتابخانەكانیش لە قۆپیەكردن تێوەگلان بۆ دەربازبوون لەوتاقیكردنەوەیە ، ئاخر دەبێت وەزیرى پەروەردە وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە ئەگەر بەرێوەبەرى قوتابخانەیەك لەسەر بنەماى قۆپیەكردن ببێتە بەرێوەبەرى قوتابخانە دەبێت چ سوودێكى بۆ ڕەوتى پەروەردە و فێركردن هەبێت؟ لەهەمووى سەیرتر ساڵى رابردوو لەپارێزگاى سلێمانى سەدان مامۆستا تاقیكردنەوەى بوون بە بەرێوەبەریان پێكراو دەرچوون بەڵام تائێستا پۆستی ئیدارییان پێنەدراوە و ئەوانى ئەمساڵیش لەوتاقیكردنەوەیە دەردەچن ئەگەر شوێنێكى فەراغ نەبێت بۆیان دەبێت ساڵى داهاتوو تاقیكردنەوەكە دووبارە بكەنەوە ، دەبێت ڕەخنەش ئاراستەى ئەوە بكەم بەشێكى ئەو تاقیكردنەوەیە بەشێوەى زارەكیە و بەڕێوەبەرى پەروەردە و دوو سەرپەرشتیار دادەنیشن و پرسیار ئاراستەى ئەو مامۆستایانە دەكەن كە ئارەزوو دەكەن ببنە بەرێوەبەرى قوتابخانەكان ئەمەش خۆى لەخۆیدا سانسۆرێكى ئاشكرایە بۆ مامۆستایانى دەرەوەى دوو حیزبى دەسەڵاتدار چونكە هەموو لایەك دەزانن بەرێوەبەرى پەروەردەكان و سەرپەرشتیارى یەكەمى سونرى پەروەردەكان لەسەر بنەماى حیزبى دانراون پێوەرى حیزبیش لەلایان گرنگە ، بۆیە بۆ هەموو لایەك ڕوون بۆوە كە ئەمە تاقیكردنەوە نەبوو بەڵكو چەواشەكارییەكى ڕوون و ئاشكرابوو ، ئەگەر وەزارەتى پەروەردە بەجددى دەیەوێت چارەسەرى كێشەى بەڕێوەبردنى قوتابخانەكان بكات دەبێت ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر:

1/ دامەزراندنى بەڕێوەبەرایەتى كارگێڕى قوتابخانەكان و ئەو بەڕێوەبەرایەتیە كارى دانان و دوورخستنەوەى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان بێت نەك بەرێوەبەرى پەروەردەكان.

2/ دامەزراندنى پەیمانگاى كارگێڕى بۆ پێگەیاندنى بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان و سیستەمێكى خوێندنى سێ مانگى هەبێت و لەكۆتاییدا مامۆستایانى ئارەزوومەند لەوپەیمانگایە تاقیكردنەوەیان بۆ بكرێت.

3/ بۆ دانانى بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان جگە لەزانیارییەكانى پەیوەند بە كارگێڕى ، پێوەرەكانى بڕوانامە و ئاستى رۆشنبیرى و پەیوەندى كۆمەڵایەتى و زمانپاراوى و شارەزایى لەكۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و شارەزایى لەزمانەكان جگە لەزمانى كوردى و ڕاپرسیەكیش لەنێو مامۆستایەكانى قوتابخانەكان بكرێتە بنەماى سەرەكى بۆ ئەو پرسە.

4/ دانانى سندوقى سكاڵا لەسەرجەم قوتابخانەكان و سەرپەشتیكردنى ئەو سندوقانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى كارگێڕى قوتابخانەكان كە لەخاڵى یەكەم پێشنیارى دامەزراندنیم كردووە و كارپێكردنى سكاڵاكان.

5/ لەكاتێك بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر بۆ قوتابخانەكان دادەنرێن پێویستە سوێند بدرێن بۆ ئەوەى جیاوازى لەنێوان مامۆستایان نەكەن و خیانەت لە كارەكەیان نەكەن.

6/ دانانى سزاى تووند بۆ بەڕێوەبەرى ئەو قوتابخانانەى بەهۆى پارەى فرۆشگاكانەوە لەگەندەڵى داراییەوە تێوەدەگلێن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە