هەوڵەكانی عەلی باپیر بۆ ڕێكخستنی ماڵی كورد

Thursday, 25/03/2010, 12:00

1627 بینراوە


لە جم و جۆڵێكی نەپساوەدا، مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵ، لاپەڕەیەكی پڕشنگدار و سەروەری تۆمار كردووە، بە مەبەستی ڕێكخستنی ماڵی كورد، بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ ئەو تەحەددیاتانەی ڕوو بە ڕووی كورد دەبنەوە لە عێراق و ناوچەكەش. بۆ ئەوەی گرژی و پێشبڕكێی نێوان گۆڕان و یەكێتی بەرەو ئاقارێكی ترسناك نەچێ، لە ساڵی پارەوە، عەلی باپیر هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ دروستكردنی گفتوگۆ و ڕێككەوتن لە نێوان هەر دوو لا. بۆ ئەم مەبەستە چەند جارێك سەردانی جەلال تاڵەبانی كردووە لە بەغدا و، لە سلێمانیش سەردانی نۆشێروان مستەفای كردووە. ساڵی پاریش بۆ كەمكردنەوەی گرژیەكانی نێوان هەرێم و توركیا، شان بە شانی سەرۆكی یەكگرتوو، سەردانی حكومەتەكەی ئۆردوغانی كرد. لە دوای هەڵبژاردنی ئەم دواییە، عەلی باپیر لە نیمچە كەمپینێكی هێمن و حەكیمانەدا، هەوڵی ڕیكخستنی ماڵی كورد دەدا. لەم هەوڵەدا یەكگرتووی ئیسلامیش بەشدارە. ئەوەی جێگای سەرنج بێ ئەم هەوڵانە بۆ توند كردنی بەرەی كورد لە بەغدا، لە هەستكردنێكی بەرزی بەرپرسیارەتیەوە دەرهەق بە گەل و نیشتمان، سەری هەڵداوە. جێگای دڵخۆشیە، بیرمەندێكی ئیسلامی، كە سەركردایەتی لایەنێكی ئیسلامی دەكا، بەم ڕۆحیەتەی لێپرسینەوە و دووربینی دەسپێشخەر بێ، بۆ پلاندانانێكی ڕێك و پێك، بۆ ئێستا و داهاتووی كورد. ئەم هەڵوێست و كردارە پڕ بەهایانەی عەلی باپیر، هەرچەندە گرنگی پێنەدراوە لە میدیای كورد، بەڵام لە قوڵایی و لە ئایندەشدا، بەرز دەنرخێ بۆ ڕەوتی ئیسلامی بە گشتی و، كەسایەتی عەلی باپیریش بە تایبەتی. جێگەی وەبیر هێنانەوەشە، كە ئەم بەڕێزە و كۆمەڵی ئیسلامیش كە ئەمیرایەتی دەكا، قوربانیەكی زۆریان داوە لە پێناو بەرژەوەندیە گشتیەكان. كوژرانی بە ناهەقی زیاتر لە شەست كەسیان، گرتن و ئەشكەنجەدانی عەلی باپیر بە فیتی هەندێك لایەنی كورد (كە ئێستا عەلی باپیر هەوڵی ئارامكردنەوەیان دەدا لە گەڵ لایەنێكی تر)، ترۆر كردنی عەبدوڵلا قەسری و، گرتن و لێدانی ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵ لە سلێمانی و هەولێر، هەندێك و زۆرێكن لەو میحنەت ئازارانەی ئەم چەند ساڵەی دواییەیە، كە عەلی باپیر و كۆمەڵی ئیسلامی تیایاندا گوزەریان كردووە. لە گەڵ ئەم هەموو ناهەقی و زوڵمەش، بەڵام لە ئاستێكی بەرزی هەستی بەرپرسیارەتی دەرهەق بە گەل و نیشتمان و ئایین، ئارامانە خۆیان ڕاگرتووە و، لە كاری خێر و چاكە لە نێوەندی كورددا پاشەكشەیان نەكردووە. ئەمەش وەك كەسێك وایە، بە دەستێك پەنگری داغی هەڵگرتبێت و، بە دەستێكیش هەوڵی ڕزگار كردنی ئەویتر بدا. بێ گومان نزیك یان دوور، ڕێزدار عەلی باپیر و كەسان و لایەنە ئیسلامیەكانی تریش، پاداشتی ئەم هەڵوێست و كردارە مەزنانەی خۆیان وەردەگرنەوە. ئەگەرچی تا ئێستاش لە میدیا و كەناڵەكان وەك پێویست، گرنگی و بەهای ئەم جم و جۆڵانە باس نەكراوە، بەڵام بێ گومان مەزنی خاوەنی ئەم دەستپێشخەریانە لەوەدایە بەردەوام بێ لە چاكەكاری، بێ چاوەڕێكردنی سوپاس لە خەڵك، چونكە كەسێكی ئاوا حەتمەن لە بەرزاییەكی موتەعالیەوە چاكە وەردەگرێ و دەیبەخشێتەوە. هەروەها لە ئاستی فیكر و ڕۆشنبیریشدا، بە هەوڵ و تەقەللایەكی بەردەوام لە نوسین و خوێندنەوە، بەڕێزیان لە گەڵ كەسایەتیەكانی تری ئیسلامیدا، لە جوڵە نەكەوتوون. ئەم حاڵەتەش جێگای تێڕامانێكی ترە، كە خەڵكانێك لە ئاستێكی بەرزی سیاسی و حزبیدا، كاتیان بە فیڕۆ نادەن و، خەریكی پەرەپێدانی ڕۆشنبییری و زانستە دینی و فیكریەكانن و، وەك خەڵكانێكی تر خەریكی تێر كردنی شەهوەتبازیەكانیان نین. لە بەر ئەوە كەسانێكی ئاوا شیاوی نوێنەرایەتی كردنی كوردن لە بەغدا، بەرامبەر بە پێكهاتەیەكی جۆراو جۆری باڵا دەست، لە كایەكانی سیاسەت و ڕۆشنبییری و دین و زمان. ئەم نوێرایەتی كردنەش بۆ ئەوان دەسكەوت نیە، بەڵكو تەكلیفێكی قوڕسە بە ئەمانەتەوە بەجێی دەهێنن و، لە ڕۆژانی داهاتووشدا، گەلی كورد بە چاوی سەر دەبینێ كە چۆن پیاوە دیندارە دەست پاكەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا، بە زمانێكی دەوڵەمەند و موحكەم داوای مافەكانی دەكەن و دەبن بە قەڵغان بەرامبەر بە دژەبەرانی كورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە