خۆزگە کورد نەبومایە

Saturday, 18/05/2013, 12:00

2017 بینراوە









ئەی کاش خۆزگە  (ئاژەڵێک) بەڵام کورد نەبومایە . چونکە هەموو تاوانی ژیانی گەنجیکی وەکوو من لە کورد بونم دایە.

ئەم میلەتەی ئێمە تا ئێستاش کەس لێی تێناگات ڕۆژێک چەپڵە ڕێزانیانە بۆ سەرۆکەکان و ڕۆژێک جنیۆدانیانە بە سەرۆکەکەیان.
لە راستیدا خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانی ئێمە تا ئیستاش خۆی یەک لای نەکردوەتەوە کە وا دینیان چییە، ئایا دژی گەندەڵی و ناعەدالەتیین یان پشتیوانی سیستەمی زەمانی عەولەمەو کۆیلایەتین؟
باشە دەپرسین بە ملیۆنەها ڕۆڵەی شەهید لە پێناو ڕزگار کردنی ئەم نیشتیمانە خوێنیان داوە یان بەتەنها دوو بنەماڵە؟ ئەی بۆ ئەو کەسانەی کەوا ئۆتۆمبێلەکانیان دەسوتێنن بۆ تەنها کەسێک، بەڵام نایسوتێنن بۆ ملیۆنەها ڕۆڵەی شەهیدی ئەم نیشتیمانە کەوا بەشێکی زۆری ئەو شەهیدانە تا ئێستاش کەس نازانێت گۆڕەکانیان لە کوێن و بەشێکی دیکەشیان لە شەڕی ناوخۆ لە پێناو دوو بنەماڵەدا هەزاران کوردستانی لە شەڕێکی برا کوژیدا ژیانیان لە دەستدا؟ زۆر سەیرن خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە میلەتانی هەموو جیهان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگا تروو هۆشیار تر دەبنەوە. بەڵام خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانی ئێمە بە پێچەوانەوە، ئەنفلاکراوانی هەڵەبجە و بە هەزاران مرۆڤی دیکە لەم کوردستانە دەناڵێنن بە دەست نەخۆشیەوە کەس لێشیان ناپرسێت و ناویشیان نازانێت. دەپرسین؟ جیاوازی مرۆڤە کان چییە یان با بڵێین جیاوازی دوو مرۆڤ چییە؟ هەزاران مرۆڤ نەخۆشن و کەس لێیان ناپرسێت، ئایا ئەوانە گرنگە خەمیان لێ بخۆییت یان تاکە کەسێک؟ ئێ باشە خۆ کەس لاری لەوە نییە بەڕێز: تاڵەبانی و هاوخەباتکارانی شۆڕشیان کردوە بۆ ئەم نیشتیمانە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە؟ وەکوو بیرهێنانەوەیەک ئایا کوردستانی باشور کەوا بەدەیان ساڵە لە پێناوی ڕزگار کردنیدا بە سەدان هەزار مرۆڤ خوێنی بۆ داوەو گیانی بۆ فیدا کردوە، بۆ دەبێت دەستکەوتەکانی لەگەڵ سەروەت و سامانەکەی و کانزاکانی ئەم نیشتمانە بە تەنها بنەماڵەیەک یان دوو بنەماڵە بیخۆن؟ باشە لەم ڕۆژەدا بە هەزاران گەنج لەم کوردستانە خوێندنیان تەواو کردوە و ئەوانەشیان کەوا دەرفەتی خوێندن تەواو کردنیان نەبوە. وا ئێستاکە بەدەست بێکاری و نەداری و تەنانەت پارەی چایەکیان پێنییە جیاوازیان لە گەڵ کوڕە مەسولەکان و کوڕەکانی بەڕێز: تاڵەبانی چییە ؟ کە وا کەس لێیان ناپرسێت. باشە لەم هەرێمی کوردستانەی ئێمەدا کە وا بە سەدان هەزار کچی تێدایە و لە ژێر سیستەمی پیاوسالاریدا دەژین و ڕۆژانە ڕۆژ دێت و ڕۆژان دەڕوات، لە کولەمەرگی و لە قەفەزەکانا ژیانی ڕۆژانەیان بەسەر دەبەن. هەروەها بە دەیان ئەزمونی جیاوازیشیان تیا بەدی دەکرێت، جیاوازیان؟ لەگەڵ کچە مەسولەکان و کچە سەرۆکەکان چییە کەوا لە سەر حسابی میلەت لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپای و عەرەبی کەیف و سەفا و پەخشان و نەخشانی خۆیان دەکەن. باشە لەم هەرێمی کوردستانەی ئێمەدا بە سەدان هەزار باوک و دایکی لێیەو زۆر بەشیان تا ئێستا لە گوندەکانی خۆیان نەهاتونەتە شار و بەشێکی دیکەی زۆری ئەو دایک و باوکانە هەتاوە وەکوو ئێستاش کرێکاری دەکەن، فرییای ماڵ و منداڵەکانیان ناکەوەن، تێستاشی لەگەڵ بێت کەس ئاورێکیان لێنەداونەتەوە خانەنشین نەکراون، دەبێت جیاوازیان؟ چیبێت لە گەڵ باوک و دایکی مەسولوو کوڕە مەسولەکان کە وا لە سەر سیستەم نەبێت خەویان لێناکەوێت و کام وڵات خۆشبێت لە سەر حسابی میلەت ڤیزەو بلیتەکانیان بۆ ئامادە دەکرێت، کاتێکیش دەچنە وڵاتان بۆ کەیف و سەفا و پەخشان و نەخشان پێشیان عەیبە بڵێن ئێمە کوردین یان لە کوردستانەوە هاتوینە. باشە مەگەر هەر ئەو گوند نشین و باوک و دایکانە نەبون نانی بەردەمی ڕوڵەکانیان، دەدایە ڕۆڵەی شەهیدەکانیان بۆ خەزمەت کردن و ئازاد کردنی نیشتیمانی کوردستان، یان وەڵێم و ڕەنجی ئەو باوک و دایکی گوند نشینانە ئەوەیە، کە وا ئەمڕۆ لە شارەکانی هەریمی کوردستانا لە لایەن دەسەڵاتەوە خەڵکیان فێری دەستەواژەی (لادێیەکان کردوە) فێر کراون بەو باوک و دایک و کوردە شۆڕشگێڕ و گوندنشینە نیشتیمانپەروەرانە دەڵێن و بانگیان ئەکەن بە دەستەواژەی لادێی، یان لادێیەکان، خەڵکی کوردستان گەنجانی ئەم سەردەمە هاوار هاوار... بەسە لەوە زیاتر خۆتان یەک لای بکەنەوە بەو سوکە مەعاشە کەوا مافی خۆتانە و ڕەنجی عارەقەی خۆتانە، پێی هەڵ مەخەڵافین، هۆشیاری خۆتان بخەنە گەڕ و بە خۆتانا بچنەوە... بۆ کێ ئۆتۆمبێلەکانتان دەسوتێنن؟ لە پێناوی کێ خۆتان دەکوژن ؟ ئۆمێتان بە کێ هەیە دوای ٢٣ ساڵ وڵاتی گەندەڵستانتان بۆ چاکسازی بکات؟ خەڵکی هەرێمی کوردستان، گەنجانی هەرێمی کوردستان، زۆر شەرمە بۆ ئێوە کە وا ئەمشە و چیتان کردو چ هەڵوێستێکتان نواند، ئایا هەستان بەوە کرد؟ کە وا گەورەترین بێڕێزیتان بە شەهیدانی ١٧ی شوبات کرد، ئەزانن هەستان بەوە کردوە؟ بێڕێزیتان بە ڕاکردن و شەق خواردن سوکایەتی پێکردن و هاتو هاواری هەزاران کوردستانی کرد؟ کە وا لە ١٧ی شوباتدا چیان کرد؟ و بۆ کێ و لە پێناوی کێ بەرخۆدانیان کرد؟ خەڵکی کوردستان گەنجانی هەریمی کوردستان ئەزانن کە وا ئێوە ئەمشەو پشتیوانیتان لە بون و بەردەوامی گەندەڵی و وڵاتوێرانی و کۆیلایەتی کرد؟ ئەزانن کە وا ئێوەن پێتان دەڵێن گەنجی دوا ڕۆژی وڵات و ئایەندەسازانی نیشتیمان، باشە وەڵامتان بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی و نەوەکانی دوا ڕۆژ چییە؟ گەنجانی هەرێمی کوردستان لەیەک بەیەکی ئێوە دەپرسم ؟ رۆژێک لە ڕۆژان باوکی یەکێکتان نەخۆش کەوتبێت، بەر پرسێک مەسولێک تەنانەت پاسەوانەکانی بەڕێز: تاڵەبانی لە دەرگای ماڵەکاتانیان داوە؟ ئەحواڵی باوکتان بپرسێت؟ گەنجانی هەرێمی کوردستان ئایا ئێوە ئاگادارن؟ کە وا بە دەیان و سەدان شەهیدی ئەم کوردستانە هەن، تا ئێستاش بەقەدەر جاش و مستەشارێکی سەردەمی بەعس ڕێز لە خانەوادەکانیان ناگیرێت؟ پێنوسەکەم لە ئێستاوە بەردەوام بێت... لە نوسین تا ئەو ساتانەی هاوشێوەی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە، دەم ڕفێنن و تیرۆرم دەکەن. لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە، لە شرۆڤە کردن و دەرخستنی ناعەدالەتیەکان و پێشێلکاریەکان و باس کردنی سیستەمی کۆیلایەتی و عەشیرایەتی تەواو نابێت. بەندە، لەم وتارەمدا ڕایدەگەیەنم، لە دواجاردا ڕۆژێک دادێ دوو هۆکار دەبنە هۆکاری ژیان لە دەست دانم و کۆتایهێنان بە ژیانم، یەکەمیان داخی خەڵکی ئەم هەرێمی کوردستانە کە وا بە پێچەوانەی میلەتانی هەموو جیهان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاش ئەکەوین. ئەوی تریشیان، خۆم داناوە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دەستی ئەم دوو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان، تیرۆر بکرێم. ئاواتێکیشم هەیە لە ژیانمدا، بەڵام ئەو ئاواتەشم قەت ناهێتە دی، کە ئەویش لێرەدا بۆ مێژوو بۆ ڕای گشتی و هەموو کوردستانیان و جیهان ڕای دەگەیەنم، و دەڵێم ئەی کاش خۆزگە (ئاژەڵێک) بەڵام کورد نەبومایە کورد نەبومایە. چونکە هەموو تاوانی ژیانی گەنجیکی وەکوو من لە کورد بونم دایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە