خانەکەی حاجی ئاغا پیشانیداین هونەریش ئەنواعی هەیە

Sunday, 09/09/2012, 12:00

1490 بینراوە



هەموو کات هونەری رەسەن وبەرز ئاوێنەی کۆمەڵگابووە و وەك هەر چەمکێکی ئەکتیڤ لە هاوکێشەکانی تری پێكهێنەری هزری کۆمەڵگا ئامادەیی هەبووەو و رەنگدانەوەی دەبێ و دەبێتە جێی دەسنیشان و شانازی بۆ کۆمەڵگا . لە دوای ئەوەی کوردستانی باشور لە بەهاری ١٩٩١ دا کەمێك لە ئاواتە نەتەوەیی یەکانی بەدەست هێنا زۆر بەی لایەنەکانی ئەدەب و هونەر گەشەیان کرد وسەدان رۆژنامەو گۆڤار وکتێب و نامیلکە چاپ کران و دەیان کەناڵی بینراو و بیستراو دامەزران و سەدان هەوڵی شانۆیی ودرامایی دران . هەڵبەت لەم هەموو هەوڵانە باسی ئەو هەوڵانە ناکەم کە مرۆڤ چەند شەرمەزار دەبێ کە بڵێ کورد خاوەنی راستی هەموویەتی ویان تا چەند بەراستی بۆ مەرامی هونەری کراوە ،ئەو بێسەروبەرێتی یەی کە هەبوو یان باشتر بڵێین کە هەیە لەهەموو ئان و زەمانێك هەبووەو ئەوەی ئەمێنێتەوە لەوە خەرمانە زۆرانە تەنها بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن ، بەڵگەشم بۆ ئەمە مەحاڵە لە کاتی مەحوی و نالی و سالم و ئەو کەڵە شاعیرانە سەدانی تر نەبووبێ کە هەوڵی شعر نوسینیان نەدابێ، بەڵام ئەوەی کەماوەتەوە و کورد شانازی پێوەدەکات ئەوانەن کە بونەتە جۆرەها قوتابیخانە و ئەستێرەی گەشاوەی ئەدەبی کوردی و مەحاڵە تا ناوی کورد مابێ ناوی ئەوانە وون ببێ . لەم دەورانەشدا زۆرن ئەوانەی دەنوسن و زۆرن ئەوانەی خۆیان بە هونەرەوە سەرقاڵ کردووەو خەریکی کاری هونەری و شانۆو دراماو سینەمان بەڵام لە ئاکامدا کام لەمانە لە یاد ناچنەوە ئەوە گرنگە ، لە بواری نواندندا زۆر هەوڵی جۆراوجۆر دراوە تائێستا ،هەندێکی زۆر بازارین کە لێرە بەهیچ شێوەیەك جێی بەسکردنی نی یە ، ئەوەی لێرە ئەمەوێ باسی بکەم ئەو هەوڵانە بوون کە تائێستا دراوەو ئێمەش وامان ئەزانی لە بەرامبەر شانۆ دانیشتووین نەك درامایەکی تەلەفزیۆنی ، زۆر بەی ئەکتەرەکان چونکە ئەکتەری شانۆ بوون بەهەمان هەناسە بەرامبەر کامیرا دەوەستان ، جولەکانیان جولەی شانۆیی بوو ،ئەدایان ئەدای شانۆ بوو ، ووتنەوەی حیوارەکانیان ووتنەوەی شانۆیی بوو .لەو فەزا ئازادەی کە بۆ هونەر ودراماو کاری شانۆیی واڵابوو کام کارەمان بینی بە ئاستێکی بەرزەوە خۆی گەواهی بۆ خۆی بدات . کام کارەمان بینی کە مرۆڤی کورد شانازی پێوەبکات و بڵێ من خاوەنی ئەم کارەم ،فەرموو دۆبلاژی بکەن یان وەریگێرنە سەر زمانێکی تر یان هەر نەبێ بینەر کەسەیری دەکات بەتەواوی جێژی لێببینێ و جیاوازی کارێکی بازاریش بزانێ چی یە .
خانەکەی حێجی ئاغا ئەم هاوکێشەیەی گۆری و ئەو ئومێدەی بەخشی یەوە بە بینەر و ئاستی هونەری کوردی راستەقینەی پیشانداین .پیشانیداین کە دەکرێ هێشتا چێژ وتام لە دراما ببینین و شان بەشانی گەلانی تر رووی هۆڵەکانی خەڵات وەرگرتنمان هەبێ . ئەوەی تێبینی دەکرا لەم زنجیرە تەلەفزیۆنی یە ئەوەبوو ئەکتەرەکان زۆر بەسادەیی یەوە ووتەکانیان ئەوتەوەو ئەدایەکی سروشتیان دەکرد .بینەریش جێژ لەو کارانە وەردەگرێ کە پێوەی دیارنی یە کە ئەمە نواندنە ، واتا زۆر لە ژیانی راستەقینە نزیکە ، سەرکەوتنی هەر کارێك و هەر هونەرمەندێ لەودایە کە تاچەند ئەتوانێ بەرجەستەی ئەو دەورە بکات کە پێی دراوەو تا چەند نوقمی ژیانی ئەو کەسایەتی یەدەبێ کە ئەینوێنێ . وێرای دەست خۆشیم بۆ دەرهێنەری کارەکە کە توانی زۆر بەسەرکەوتووی هەم درهێنانەکەی بکات و هەم دەورەکانیش بە زیرەکی بەسەر ئەکتەرەکان دابەشبکات و ، دەستخۆشیش دەکەم لە یەکە بەیەکی ئەکتەرەکان کە بەسەرکەوتووی توانیبویان نواندن بکەن و رویەکی بەرزی هونەری کوردیان پیشان داین ، دەست خۆشبن وماندوو نەبن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە