مەلابەختیار لە دێگەڵەش دەستی لەگیرفانیدا بوو

Saturday, 17/12/2011, 12:00

2103 بینراوە


(لەگێڕانەوەی ئەم باسەدا من خۆم بە یەکێک لە کارەکتەرەکانی گەیاندنی ئەم سەرکردانە دەزانم بە دەسەڵات ، گەرچی نیەتی شۆڕشگێڕیشم هەبوو)
یەکێک لەمەرجەکانی مفاوەزاتی پارتی لە ساڵی ١٩٩٤ بەسەر یەکێتیدا بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ بڵاوەپێکردنی لیوا تایبەتەکان بوو، یەکێتی بە پێی پێگەی جوگرافی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لیوا تایبەتەکانی دروستکردبوو، یەکێتی تەسلیمی مەرجەکەی پارتی بوو بێجگە لە لیوای سکرتاریەتی تاڵەبانی تەواوی لیوا تایبەتەکانی هەتیوو کرد . منیش ئەوکاتە لە فەوجی یەکی سلێمانی لیوای تایبەت بووم کە فەرماندەی فەوجەکەمان پێشمەرگەی دێرین مامە سەعەی تێکۆشەری هەمیشە بە هەڵوێست بوو.
مێژوونووسەکانی کورد بۆ نووسینەوەی مێژوو چوونەتە بارەگا و دیوەخانی سەرکردەکانەوە، بۆ یەک جاریش پرسیاریان لە پاسەوانی بەردەرگای قاپی سەرکردەکان نەکردوە چیت بینیوە؟ بۆ ناوێریت ڕاستییەکان بڵێیت؟ چیت پێیە بۆ نەوەکانی داهاتوو؟
ئەم بەناو مێژوونوسانە کاتێک لە دیوەخانی سەرکردەکان هاتوونەتە دەرەوە، بێجگە لە خواردنی تەعامی خۆش خۆش گیرفانەکانیشیان وەک چوار گوانی پڕ شیری مانگایەک لەلایەن سەرۆکەکانەوە هەر چوار گیرفانەکەیان پڕ کراوە لە پارە، لەم دیدەوە من ڕاستیەکان دەدرکێنم گەر بۆ کەسێتی خۆشم ببێتە شورەیی.

بەردەمی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جمەی دەهات لە هێزی چەکدار، وابڕیاربوو من وەک ڕابەر سیاسی تیپی ٣٣ مۆریاس دەستبەکاربم لە لەشکری یەکی سلێمانی، کە جەمیل هەورامی کرابووە سەرلەشکر، سەرتیپەکە کاک عوسمان بوو ، کاک عوسمان هەتا بڵێیت گەنجێکی جوامێر و لەخۆبوردووبوو، هەموو هێزەکان کۆکراینەوە کاک جەبار فرمان بە حەماسەتەوە باسی مێژووی خیانەتی بنەماڵی بارزانی بۆ کردین و لە کۆتایی ووتارەکەیدا ووتی:
- (لە هەولێردا سەری پارتیەکان بۆ ئێمەوە سەروەت بۆ خۆتان).

بۆ ئێوارەکەی هێزەکەمان بەڕێکەوت، لە پردی هیزۆپەوە بەرەو جادەی هامڵتۆن هێزەکان بەرەو هەولێر بە ڕێکەوتین، کاتژمێر ٢ی بەیانی لە عەلوەی شاری هەولێر گردبووینەوە، ئەو هێزەی لەگەڵ من و چەند فەوجێکی لیوای هەولێری سکرتاریەتی تاڵەبانی بەرەو گەڕەکی ٩٩ پێشڕەوایەتیمان کرد تا گەیشتینە بارەگای کۆمیتەی زانکۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر شەقامی زانکۆ، لە دابەشکردنی دەلیلەکاندا خوێندکارێکی کۆلیژی زانست بووە دەلیلی هێزەکەمان، پاش هێرشێکی کورتخایەن هێزەکانی پارتی لە قۆڵەکەی ئێمەوە قووچاندیان، لەسەر جادە ٣٠ یەکەوە دوو ماڵی گەورەی بە دیزاین جیاواز لە ماڵەکانی تر سەخترین مقاوەمەتیان دەکرد، ئەو دوو ماڵە ماڵی (مەمەند قەشقە و عەلی قەلابی) کۆنە سەرۆکجاشی بەعس و فەرماندە نوێەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، پاش ئەوەی ڕایان کرد دوو دۆشکەی چوار لوولە گیرا ، ئەوەی سەیر بوو دۆشکەکان هی سەردەمی سەدام بوون کەچی لە تەختە ئاسنینەکەی پێشەوە وێنەی بارزنی و لۆگۆی پارتیان پێوەنووساندبوو.
لە دەستی چەپی گەڕەکی ٩٩ وە زەویەکی نەکێڵراوی لێبوو کە جووتیاران پێی دەین (وەرد) ، لە پشتی لاندکرۆزەرێکی سپیوە دوو چەکدار کوێرانە تەقەیان لە خەڵک دەکرد، بۆ پاراستنی گیانی خەڵک دوو تەقەکەرەکەمان ڕاونا ، جووتیارێکیش بە تراکتۆرەکەی لاندکرۆزەرەکەی هێنایە بەردەم مزگەوتی گەڕەکەکە، لاندکرۆزەکە هی جەمال مۆرتکەی ئەندامی سەرکردایەتی پدک بوو کە مەسعوود بەرزانی وەک خەڵات پێی بەخشیبوو ، تۆ بڵێی جەمال مۆرتکە بە هۆی داواکردنەوەی لاندکرۆزەرەکەیەوە لە مەلابەختیار بۆڕبڕینی تەگەری ڕێکەوتنە ستراتیژەکە دەنگی تێنەکەوێت.
بێجگە لە بینای پەڕلەمانی کوردستان هەموو هەولێر لە چەکدارەکانی پارتی ئازادکرابوو ، هێزێکی فەرهوودی سەرکردەکانی یەکێتی لە سلێمانی و هەولێر بە بیانووی پارتی بوونیانەوە بەناوی پشکنینەوە خۆیاندەکردە ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکەوە، تەنانەت دەچوونە ژووری نوستنیشەوەو دۆڵابەکانیان بە قەمەی کڵانشیکۆف دەشکان بۆ پارەو ئاڵتوون و ڕەفتاری زۆر قێزەونیان دەنواند ، من درێژەی ئەم باسەش بۆ ووتارێکی تر هەڵدەگرم.
من و کاک عوسمان بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی ، جووتیارەکە بە پێی ووتین:
-  ئەو لاندکرۆزەم لێ قبووڵ بکەن وەک پاداشتی پاراستنی شەرەف و گیانی منداڵەکانم،

لاندکرۆزەکەمان لێوەرگرت بەومەرجەی بیدەینەوە مەکتەبی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
شەوی هەینی ١٦-١٢ مەلا بەختیار لەدوا بەشی چاوپێکەوتنەکەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە مەڕ گێڕانەوەی کەرکووک و دوزخورماتو و جەلەولاو و شارەبان و سنجار و قەرەتەپە و تا ڕۆژئاوای سنووری حەمرینیش ووتی:
- ئێمە بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان لەپێشی پێشەوەدا دەبین.
هەروەها ووتی:
-  کێ دەڵیت لە شەڕی گێڕانەوەی ئەم ناوچانەدا دەستمان لەناو گیرفانماندا دەبێت.

مەلا بەختیار ساڵی ١٩٩٥ لە بازگەی دێگەڵە سەرپەرشتی گرتنی شاری هەولێرو بەرەی شاخی گۆمەسپیانی دەکرد ،کاک ڕەهبەری سەیدبرایمیش لەوێ بوو، دووری دێگەڵە و هەولێر نزیکی ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت تۆ بڵێی مەلا بەختیار بۆ ئازادکردنی هەولێر لە بنەماڵەی بارزانی دەستی لە گیرفانیدا نەبووبێت؟

من و هاوڕێکانم بەرەو سلێمانی گەڕاینەوە ، بە بازگەی دێگەڵە تێپەڕبووین بەرەو کۆیە پاش بڕینی پردە ئاسنینەکە، هەر ئەوەنەمان زانی دوو پیکابی پڕ لە چەکدار چواردەوریان داین و داوای گەڕانەوەیان لێکردین ، ئێمەش بە هێمنی بەرەو بازگەکەی دێگەڵە گەڕاینەوە ، من ویستم بچمە ژوورەوە بۆ لای مەلا لەو کاتەدا شۆفێرەکەی کاک ڕەهبەری سەید براهیم پێی ووتم :
- مەلا بەختیار دڵی چووە بەو لاندکرۆزەرەدا و لێشتان دەسێنیت.

هەر بۆیە کاک ڕەهبەر پێی ووتووم:
- لاندکرۆزەرەکەی منیان بدەری من خۆم لەگەڵ مەلا بەختیاردا ڕێدەکەوم.
 منیش پێم ووت:
-  کاکە خۆ ئێمە دز و چەتە نین ئەم لاندکرۆزە لە سلێمانی تەسلیم بە مەکتەبی عەسکەری یەکێتی دەکەین.

 پاش پێنج دەقیقە لە لایەن پاسەوانە خانەقینیەکانی مەلاوە گەمارۆدراین و ڕادەسەتی زیندانی ئاسایشی کۆیە کراین، درێژەی باسی مانەوەشمان لە زیندانی کۆیە هەڵدەگرم بۆ نووسینێکی تر.
مەلا بەختیار لەگەڕەکی عەقاری سلێمانی بیرۆی لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستانی دامەزراندبوو، ڕۆژانە پاش خەوی نیوەڕۆ لەوێ دادەنیشت، لە ڕێگەی کەسێکەوە داوای کردبوو من و کاک عوسمان بچین بۆ لای، پێش چوونمان چووینە لای کاک جەبار فرمان و درێژەی ڕووداوەکەمان بۆ باس کرد، کاک جەبار ناوچەوانی گرژبوو، دەستی دایە قەڵەمەکەی و نامەیەکی بۆ مەلا بەختیار نووسی، کە بەداخەوە ئێمە ئەو کاتە نامەکەمان کۆپی نەکرد، تا وەک دۆکۆمێنت لەلامان بمێنێتەوە، نامەکە لەسەرەوە نە سڵاوی تێدابوو نە هیچ، تەنها نووسیبووی:
(ئەو لاندکرۆزە بدەرەوە بەو دوو پێشمەرگە دێرینە)
لە خوارەوەی نامەکە ناوی خۆی نووسیبوو و بە قەڵەمی سەوزیش ئیمزای خۆی کردبوو ، چووینە پرسگەکەی مەلا بەختیار، لەوێ دوو کچی تەمەن ١٦ ساڵ دانیشتبوون لەگەڵ هونەرمەندی بەڕێز (بەدیعە دارتاش) ، پاش لێسەندنی دەمانچەکانمان کراینە ژوورەوە، کە ئێمەی دی بە بزەخەنەوە پێی ووتین:
- ئەوە چیە دیسان (تڕەکەی بلەیە)؟
پاش شەڕە قسەیەکی زۆر لە نێوانماندا، کە ئەمەش هەڵدەگرم بۆ نووسینێکی تر، پاشان ووتی:
- لە دێگەڵە کە لاندکرۆزەرەکەم بینی زۆ حەزم لێکرد، ئێوەش سەرپشکبن هەر ئێستا ٨٠٠٠٠ دینارتان دەدەمێ یاخوود بڕۆن بۆ مەعرەزەکانی سلێمانی بە دڵی خۆتان سەیارەیەک هەڵبژێرن.
 ئێمەش پاش قسەکانی نامەکەی کاک جەبارمان دایە دەستی، کە خوێندیەوە ووتی:
- ئێوە دزە گەورەکانی سەر بە جەبار فرمانن هەر ئێستا بە مام جەلال دەڵێم.

لە دیدارە بەناو تایبەتیەکەی گەلی کوردستاندا مەلا بەختیار وا خۆی پیشان دەدا لە ڕزگارکردنی دوا بستی سنووری کوردستان لە حەمریندا لە پێشی پێشەوەی سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەدا دەبێت، بەڵکو ئێ ئەمە خوایە ئەم جارە لە بری لاندکرۆزەرێک کۆپتەرێکی ببێت بە نسیب.

لە نووسینەکانی دواتردا کۆی ژیانی ئەو شەش مانگە دەنووسم کە لەنیوان ساڵی ١٩٨٦ و ١٩٨٧ دا وەک پێشمەرگەیەک ماوەی ٦ مانگ لە یاخسەمەر لەو مقەڕەدا بووم کە مەلابەختیار زیندان بوو تیایدا
چاوەڕوانبن.

١٧-١٢ ٢٠١١
ئەنیشخەدە _ هۆڵەندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە