گۆران كردن بەوجۆرە كادیرانە جگە لە كارەسات هیچى تر نیە!! نامەیەكى كراوە بۆبەڕێز عوسمانى حاجى مەحمود

Wednesday, 16/06/2010, 12:00

1800 بینراوە


(ئەوەلین نامە)
ئێمە وەك ئەو مرۆڤانەى كە بیرماندەكردەوە لە شوێنە جیاوازەكان و هەر یەك بەپێى مەكانەى خۆمان, دەمانزانى هەوڵێك و ویست و ئیرادەیەك هەیە لەلایەن گروپێكى بەهێزى نێو حزبێكى خاوەن دەسەڵاتەوە بۆ باشكردنى وەزعى حزب و دواتر حكومەت و سیستەمى وڵات , جێگەى تەقدیر و گەشبینى بوو لەو سەردەمانەدا ئێوە و هاوڕێكانتان لە ناو مەكتەب سیاسى دا باستان لە غەمى خەڵك و دانانى بەرنامەى چاكسازى و ڕەخنە لەسیستەمى حكومڕانى و ..تد بەرامبەر ئەوانەى كە بێویژدانانە سەیرى ڕابردوى خەڵك و حكومەتڕانیان كردبوە جێگاى پڕكردنەوەى غەریزە تایبەتیەكانى خۆیان و دەوروبەریان و باكیان بە میلەت و موقەدەساتەكانى وڵات و تاكى كوردى نەبوو و نیە.
ئەو هەوڵانەى ئێوە گەیشتە قۆناغى دروستكردنى لیستى گۆڕان, لەبەر هەستیارى بارودۆخەكە و ناڕۆشنى لە ئایندەى لیست و دواتر بزوتنەوەكە(گۆڕان) هەندێ خاڵ تێپەرى و هەندێك لە پیتەكانیش خاڵیان نەخرایە سەر, لەلایەن هەندێك لە گۆڕانخوازانى گەنج و ئەكادیمیستەوە ئاماژە بە چەند دیاردەیەك درا, گرفتى بچوك و گەورە خرایە ڕوو, كاتێك ئەوان بە ئاگاهاتن لەوە زیاتر بێدەنگ بوون واتا ستەم كردن لەو خەڵكەى كە تروسكایەكى ئومێدى تیاماوە وەزعى وڵات باشبكرێت و لەو پێناوەشدا تا ئێستا قوربانى جۆراوجۆر دەدرێت.بۆیە كەوتنە ڕەخنە گرتن و پێشنیارى باشیان دانا ئەگەرچى پەلەى پێوە دیار بوو وایكردبو پرۆژەكەیان ناكامڵ بێت بەڵام ئاماژە مەترسیەكانیان كە ئێستا وردە وردە خەریكە ڕودەدات خستبوە ڕوو, لاى جەنابتان و هەندێ خەڵكى تریش تەقەبول نەكرا و بەشتى تر سەیر كرا.
كاتێك سەرەتاكانى ڕاپەڕین گەیشتە شارى سلێمانى و هەندێ لە ڕۆشنبیران كە دواتر بە ڕەهەندیەكان ناسران, بینیان ئەو حەشدە دڵگەرمە لە پێناو دەرچون و ڕزگاربون لە ڕابردوى دیكتاتۆرێك هەر پەڕۆیەك بوایە هەڵیدەدا و چەپڵەى بۆ هەموو جامانە بەسەر و تفەنگ بە شانێك لێیدەدا, ئەوان پێیانوابو ئەمە قۆناغێكى ترسناكە و خەڵیكان ئاگادار دەكردەو وازبێنن لەو هەرا و فەوزایە و پەلامارى عەشوائى خەڵك و دەزگاكان نەدەن چونكە ئەمە بە كارەسات دەشێكێتەوە, كەچى خەڵكى دەیانگوت ئەمانە چ شێتن! ئێمە بەدوا ئەم ڕۆژەدا دەگەڕاین كەچى ئەوان ڕەخنەى لێدەگرن و پێماندەڵێن هەڵمەپەڕن و چەپڵە لێمەدەن!!! وا نۆزدە ساڵ بەسەر ئەو قۆناغەدا تێدەپەڕێت كەم كەس هەیە بیر نەكاتەوە چەندە پەشیمانە لە ڕابردوى خۆى! كەم مرۆڤى بەویژدان هەیە كاتێك بیردەكاتەوە پێیوانەبێت ئەویش بەشێكە لەو هەوڵانەى كە دراون بۆ دروستبونى دیكتاتۆرەكان, ئەگەر كەسێكیش لەوانەى كە بەبەختیار عەلى یاندەگوت شێت بابچن ڕۆمان و نوسینەكانى بەوردى بخوێننەوە بۆ ئەوەى بزانن وتێبگەن ئەو چەپڵەو دواكەوتنە هەڕەمەكییە چۆن دیكتاتۆرەكانى دروستكرد و ئەوانیش میلەتیان بەچ گەیاند, نەوشیروان مستەفاش ناتوانێ دەربازبێت لە قۆناغى موقەدەسكردنى تاڵەبانى و بەكەڵەگاكردنى یەكێتى بەسەر میلەتەوە ڕۆژێك دێت میلەت ڕوبەڕوى دادگاى خۆى بكاتەوە. 
ئێستا ئەو كاتەیە كە لە ئێوە دەپرسین وەك ڕەمزێك و سەركردەیەك لە بزوتنەوەى گۆڕان, تكاشموایە خەڵك لەوە زیاتر گێل مەكەن, بەخۆتان بڵێن سەركردە و بەوانەش كە قوربانى دەدەن و وەك بۆمبیان لێهاتبوو لەڕۆژانى تەنگانەى ئەم بزوتنەوەیەدا كەس نەیدەویرا لە هاوڕى و نزیكەكانى نزیكى بكەوێتەوە چونكە سیمبۆلێك بوون بۆ لیستەكە بەوانەش بڵێن هەڵسوڕاو, ئەگەر بەڕاستیش هەڵسوڕاو نەبن نانیان نابڕدرێ و سزاى دەرونى و ئیدارى ناڕەوایان لە گەڵ دا ناكرێت! ئەگەر ئێوەش سەركردە نین بۆچى ئەوانەى تا نەیانزانى هەناسەى گیرفانیانكورتە لە مەڵبەندەكاندا مانەوە و دواى هەڵبژاردن دەركران, ئێستا لەلایەن بەڕێزتان و هەندێك لە هاوەڵ و هاوبیرانتانەوە وەك هەڵسۆڕاى قەزا و ناحیەكان تەعینتانكردون, خێرە خۆ ئەمەش بازدانەكەى وەزارەتى ناخۆ نیە كە لەسەردەمى حوكمدارى بەڕێزت دا ئەوەى پیاو خراپ نەبوایە ئەستیرە و داڵ و مریشك و قاز لەسەر شانى نەدەنیشتەوە ئەوەشى قسەیە خێرى بكردایە لەپێناو خۆت و میلەت و سومعەى وەزارەتەكەت دا كە تەنیا تۆ لەدڵڕازیكردنى كۆمەڵێك خەڵكى نەخوێنەوارى دەوروبەرت دا دەتبینى!! دەكەوتە بەر غەزەب و سزا بە پەلە و ڕەش و سپى و جەهەنم و بەهشتیەكانت!! چەندە دڵسۆزى ڕاستەقینەت بەم هۆیەوە ڕەنجان؟ ئاگات لێ بوو دەرویش ى پاكیزە چى دەكرد و ڕۆژانى نەبونت لە وەزارەت دا چ شوێنێكى دەكردە جێى ژوانەكانى؟چەند جۆر مەلەفى گەندەڵى هەبوو خەڵكى دەیانبینى!! بەڵام لەبەر چەند شتێكى بچوك بەڕێزت نەتدەبینى و بیرت لەمجۆرە نمونانە نەدەكردەوە كە زۆربون و كارەكانیشیان قابیلى قەبوڵ نەبوو كە لەتۆ بێدەنگى بكرێ بەرامبەریان چونكە لە نیەت و كەسایەتى بەڕێزت كارى ناڕەوا ناوەشێتەوە مەگەر ئاگات لێى نەبێت یا لەهەندێ حاڵدا بەلەحێكى زۆر و هەندێ ئیلتزامات ئەوانە ڕوبدەن .ئێستا كاتى موحاسەبكردنتە ئێمە نایەڵێن بیرتانبچێتەوە, كەم نەبون ئەوانەى تۆ پشتگیریان بووى و كردنتە شت لەم حكومەتە ڕیسوایەدا و ئەوانیش بونەتە كەڵەگا بەسەر میلەتەوە و قورسترین سزاى سەخیفیان داهێناوە بچۆ و بپرسە لەو گەرمیانەى كە لەپێناو شەڕى كوتلەدا تێكتان دا لەگەڵ خولە مێشك ژەنگاوى دا!بزانە شارەكان چەند كێشەیان تێدایەو ئەوانەى ئارامى خەڵكیان تێكداوە كێین و تا دوێنى لە دادگاكان كێ پشتیوانى بون و ئێستا بۆ وەها دەكەن؟
بەڕێزم, ئەمجارەیان توڕە مەبە كە هەندێك پرسیارت ئاراستە دەكەم, باكیشم نیە دواتر بەچیم دەزانى, دوژمن, ناحەز, تێكدەر, نەزان.......تد چونكە ئەم پرسیارانەى من پێویستە لەم كاتانەدا بیكەم, واتا كاتى ڕێكخستنەوەى گۆڕانە لە فۆرمێكى حیزبی دا,لەمكاتانەش دا گرنگە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەمەرجى تایپ كردنى ڕونەدات ئەو ڕابردوەش ناكاتى دانانى مەڵبەندەكان هەروا خەڵك بو ڕایدەكرد و كاسبى خۆى جێدەهێشت جامانە بەسەر و قاچاغچى وخەڵكانى ترى لەو جۆرە بۆ ئەوەى ببن بە ئەندام و كارگێڕ و كادیرولەوجۆرەشتانە, هەروەها ئەوەش بزانە ئەمە نە ڕاپۆرتە كە ڕیفۆرمەكانى گەرمیان لەسەرى ڕاهاتبوون و نانیان پێوە پەیدا دەكرد كاتێك بۆ ئەنگۆیان دەنوسى, ئەم پرسیار و زانیاریانە نە ملى هیچ پانتۆڵ لەپێى و جانتا بەدەست و دەستڕاوەشێنێكى تیادەشكێت كە جامانە و مشكى بەسەر و سەرۆك هۆز و.........تد دەوروبەرى جارانت لەمجۆرە دەترسان و خۆشخۆش باسى بێئەهمیەتى ئەوانەیان بۆ دەكردى, بەهەرحاڵ مەبەستمانە ئەم پرسیارانە بكەین:.
1_ هەستناكەن ئەوانەى عاتیفانە بیر دەكەنەوە كار بۆ بزوتنەوەى گۆڕان بكەن مەبەستم تایەفە ڕیفۆرمخوازەكانە بەكادیر و مودیر و موتەسەریف و موشریف و لیوا و هەمویان, لەژێرەوە باسى هەبونى ناكۆكى ئێوەى چوار ئەندام مەكتەب سیاسیەكەى جاران و سەركردەى ئێستاى گۆڕان دەكەن لە گەڵ نەوشیروان و هەندێك كادیرى ئیعلامى ناو گردەكەدا, لەپێناو چى دا ئەو باسە دەكەن و بۆچى وردترین هەواڵ و حەرەكەى بەتۆ دەگەیەنن و زۆرجار وەك خۆیان چۆن بیانەوێ ئاوا پێتدەگەیەنن و تۆش توڕە دەبیت, بۆنمونە ئەو تایەفە ڕیفۆرمیستە كێ بوون قسەكەى عەبدوڵاى مەلا نوریان وەرگەڕان و پێتیان گەیاند, عەبدوڵا هەرچۆنێك و هەرچییەك بێت باشتر لەوانە دەتوانێت تێبگا گەنجەكانى نێو گۆڕان چیاندەوێ و چۆن دەیانەوێ وڵات باشبكرێ؟
2_ئەوانەى بە قەولى خۆیان, هەمویان نا(لەگەڵ ڕیزم بۆ نوخبەیەكى زۆریان بەتوانا و بەویژدان بوون) لەڕیكخستنەكانى یەكێتیەوە دەرچون و كاریان بۆ گۆڕان كرد, چەندیان كاتێ باس لەداهاتووى گۆڕان دەكرێت, باسى دەستكەوت و پارەو و سەیارە و تەیارە و هەموشتێكیان ناكەن كە جێیانهێشتوە, ڕەنگە ئێوە نەزانن كاتێك ئەمانە لەگەڵ گەنجە گۆڕانخوازەكانەوە دەكەونە موناقەشەیەكى جیدى و فیكرییەوە باسى ئەو ڕابردوەى خۆیان بۆ خەڵكى دەكەن.ئەمانە پێویستە ڕێز لەخەبات و ماندوبونیان بگێرێ وبەشێوازێكى یاساییانە هەوڵى خانەنشین كردنیان بدرێ باشترە یان دوبارە لە ئوفێسەكانەوە دێوەخانیان بۆ گەرمبكرێ؟
3_ پێداگرتنان لەسەر گەڕانەوەى مافى هاوبیرانتان و ڕیفۆرمخوازەكانى دەوروبەرتان, كاریگەرى هەبێت لە ستراتیژى گشتى بزوتنەوەكە و دارشتنى هەمان نەزمە كۆنەكە, غەدرێكى ترە ئێوە لە میلەتى دەكەن, خەڵكى باكى نەماوە بەوەى تاڵەبانى و بارزانى و بنەماڵەكانیان چى دەكەن و چ ناكەن, ئەوان داهاتویەك دێت ئەگەریش نەمێنن گۆڕەكانیان بكرێتە زبڵدان, بەڵام باكى هەیە گەوهەرى ناو گۆمە پیسەكە نەكەونە هەڵەوە و ئەوان حیساباتى تریان لاى میلەت هەیە, بەدڵنیایشەوە خەڵكى هەموو شتى دەبێنێ و دەزانێت بۆیە ئەمەندە ڕەخنەگرتن لە ئێوە پێویستە مامە حمەى و شتى تر پێویست نیە.
ئەگەر لەپێناو دڵڕازیكردنى ئەو ڕیفۆرمخوازانەدا كاربكەن بۆ گۆڕینى ستراتیژى بزوتنەوەكە هیچتان لە یەكێتى و پارتى كەمتر نابێت و بەڕێزتیش بەهەمان شێوەى جاران خەڵكى خراپ و دیكتاتۆر و بێگەڵك دەكەیتە بارو گرانى بەسەر میلەتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە