پە رجۆ!

Sunday, 27/04/2014, 12:00

1422 بینراوە



لە بیرمە کاتێک کە منداڵ بوم دەمڕوانییە ئاسمانی ساف، کە مانگ یەکشەوە دەبوو پێیان گوتبوم ئەو یەکێکە لە پەڕجۆوەکان حەزرەتی موحەممەد (خۆشەویستی خودای)کە بە ئاماژەی ئەنگوست مانگی لەت کردووە.ئەمنی ساویلکەش باوەڕم بە کارە هێنابوو.(لەوسەردەمەشدا عەلی باپیر لە خەونیدا ترێ وکاڵەکی لە گەڵ پێغەمبەری خودای خواردووە) . پەرجۆی لەکردنی مانگ دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٠٠ساڵ لەوەی پێش. سەردەمی رۆنسانس لەسەدەی ١٣دا بیرمەندی بەتوانا ونەمر / گالیلە / لەتەوژمی ئەو شێوە بیرانە رزگاری کردین و پیی گوتین لە خولگەی زەویدا چۆن سرووشتێک بەڕێوە دەچێ. بەڵام خاوەن پەرجۆکانی سەردەم چمان پێ دەڵێن؟
پەرجۆگەری یەکەم : ٣٥ساڵە لە ئێران ورۆژهەڵاتی وڵات نێوە نێوە هەڵبژاردن چێ دەبێ، لە زۆربەی دەنگ بۆ سندوقەکان دەنگی / نا/ دەچێتە ژوورێ ! کاتی خوێندنەوەی دەنگەکان . / نا / دەبێتە / ئا / .!!
پەرجۆگەری دوو: لە لایان ئەو دوو دەسەڵاتەی باشوور . نا، و،ئا، هەردەبێتەوە یەک و بۆ بەدەسەتەوە گرتنی دەسەڵای خەڵک سەرە ببەستێ ونەیبەستێ هەر ئەوان حاکمن!!
پەرجۆگەری سێ: نزیکەی ٧مانگ دەبێ لە باشوور سەرەیان بەست تا نوێنەرەکانیان بچنە پارڵمان تا بیر لە ژیانی خەڵک بکەنەوە. نە نوێنەر چون ! نە پارڵمان دروستبوە! کەچی چەند رۆژی دی هەمیسان هەڵبژاردنێکی بە دەنگی دەهۆڵ وزوڕنای لە ئارادایە؟ کەس ناپرسێ ئەوجار بۆ دەنگ بدەین؟! ئەدی موعجیزەگەر بە کێ دەڵێن؟؟
پەرجۆگەری چوار: خوشکی بەڕێزی من / لەیلا زانا / لەسەر چوار وشەی (بژی برایەتی کوردو تورک) ١٠ساڵی رەبەقی زیندانی کێشا!؟ ٢تا٣ساڵ لەوەی پێش گوتی: نەتەوەی کورد سێ رێبەری هەیە،، ئۆجەلان،،مەسعود بارزانی ،، جەلال تاڵەبانی،،! ئەو ماوەیە بۆی دەرکەوت کە بارزانی چۆن خاکی کورد بۆ بەرژەوەنی خۆی دەکاتە زەندۆڵستان؟ بۆیە لە حەیفی بارزانی نامەی چاک بونەوە بۆ شارۆنی ون دەنوسێ لە حاڵیکدا کەس رەخنەی لێ ناگرێ کە بۆ گوتت: بارزانی رێبەری نەتەوەی کوردە؟ ئەدی پەرجۆکار چۆن دەبێ؟
پەرجۆکی پێنج: کێ دەڵێ رووناکبیرو نوسەری و ئاکادیمیەسێنی کورد وشیار نییە! ئەوە نییە بەخەڵک دەڵێن مەچنە دەنگدا با سەرکردەکان بۆخۆیان دەسەڵات بن!؟ دەنگ بدەن یا دەنگ نەدەن هەمان ئاش و هەمان کاسەیە.
پەرجۆک گەرانی شەش: هەتا دوێنێ یەکێتی بە بێ مام جەلال هیچ بوو! ئەوڕۆ قوبادی کوڕی لە هەموو قاوەخانەیەکدا پڕ بەدەنگ دەڵێ : نەبونی مام جەلالی بابم هیچ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئەوڕۆی حیزبەکەی نییە!؟ کام پێغەمبەر پەرجۆی ئاوای نیشان داوە!؟
پەرجۆی حەوت: کەناوم ناوە پەرجۆی رۆژگار، تۆفانێک هات پاپۆڕی حەزرەتی نوحی لەگەڵ خۆی برد بەشێکی لە چیای جوودی خۆمان گیرسایەوە. ٣٥ساڵی رەبەقە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات لە کۆی سەنجەق و زڕەگوێز داتەکاون سەدان تۆفانی نوح هەڵیکا لە جێگای خۆیان نشینگە بەر نادەن!! بۆ کام ئیمامزادە ئاوا خۆش ڕوواوە کە هەم لایانگری هەبێ وهەمێش قسەی زل وبێ تام ؟؟
پەرجۆی هەشت: ٦٨ساڵە پاش شەهید بونی پێشەوای نەمرو هەواڵانی ، ئەو حیزبە ١٥ کۆنگرەی بەستووە! هەموو جارێ ٢٥کەس کومیتە ناوەندی و٨کەس دەفتەری سیاسی دەبنە دمڕاستی خەڵک کەس باس لە ئاڵوگۆڕی سەردەم ناکان! کام پێغەمبەر ئاوای بۆ هەڵکەوتوو؟
پەرجۆکی نۆهەم : لە کۆریان باشور پاپۆڕێکی نوقم بووکە بەداخەوە بوبەهۆی مردنی ٣٠٢کەس. سەرۆوەزیرانی ئەو وڵاتە،، شۆنگ هۆنگ ون،، دەستی لەکار کێشایەوە گوتی : نەمتوانیوە ئەرکی خۆم بە جێ بگەیەنم! بنە ماڵەی بارزانی وتاڵەبانی دوو هیندی سەددام کوردیان بە کوشت داوە کە چی تەوای وڵات سێڵاو بیبا دەست لە کاری نەکێشنەوە.؟!
لە کۆتاییدا ئەوەندەم ماوە بیڵێم: وڵاتی کورد بۆتە وڵاتی پەرجۆگەران ! جیاوازی خەڵکی کورد لە دەسپێکی هەزارەی سێ لە گەڵ سەردەمی فێرعونەکان ئەوەیە کە ئەوکات خەڵک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی وڵاتیان چۆل کرد ئازایانە بۆ فێرعەونیان بەجێ هێشت تا لەناویانبرد. ئێمە ناتوانین وڵاتیان بۆ بەجێ هێڵین بەڵام دەتوانین بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە وسەردەمیانە بە دەسەڵاتدارانی گوێ بە حەڵقەی لای خۆمان بڵێن: ئێوە دەرمانو هەتوانی سارێژ کار نین بۆ ئاو خاکە بریندار.

جەعفەر کەریمی
٢٧/٤/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە