وەرزى لە خاچ دان

Wednesday, 05/05/2010, 12:00

1416 بینراوە
















تۆ ئەى وەرزى لە خاچ دان
ئەى نوسینەوەى مێژووى یاخیبوون
رۆحە هەتاوییەكان
خۆرێكى داگیرساون
چنگ لە لوتكە گیر دەكەن
بۆ ئەبەد لە ئاسمانا ئاوا نابن
ئەى وەرزى هەڵوەرین
رۆحى خونچە ئاڵەكان
ئارام... ئارام
لە كەژاوەى خەزاندا
بۆ ماچى بارانێك پێ دەكەنن
لەوەتەى تەمەن بەچەقۆى تیژ لەت لەت دەكرێ
یاخى بوونێك
لە شكۆفەى خوێنا شاڵاوێكە لە بەهرە
چەخماخەى هەورێكە
شەوەزەنگ دادەگیرسێنێ
تۆ تەماشا جەستەكان لە سایەى چوار مێخەدا چۆن هەڵواسراون
چەند بە عەشقەوە لە گەردوون دەڕوانن
لە مەوداى بینیندا تابلۆیەكن لە رەنگى ئازادى
بێ باكن لە نێو كڕێوەى ئازاددا
مێژوو بە خەندەوە دەدوێنن
هەموو كاتژمێرێك
لە هەرێمى مرۆڤە دڕندەكان
وەرزى لە خاچ دان سروشتێكە لە بۆنى خوێن
لایان بووە بە كلتوورێك لە شەرمەزارى
نوقمى قاقاو خەونى نەزۆكیانن
عەوداڵى پێكى خوێن و
ئاوێتەبوونى تارمایى
ئەو ملهوڕانە
هەرگیزاو هەرگیز لە رەنگ و بۆى ئازادى ناگەن
چڵ چڵ رۆحى ریحانە
بە قینەوە هەڵدەپڕوكێنن
ئەوان وا فێربوون
ئازادى خوازەكان لە خوێندنەوەیاندا
پۆلێك تاوانبارى دژ بە ژینن
دیسانەوە جەلادەكان
دەرگایان لەسەر چەند بەندێ كردەوە
بەندییەكان
لەتاو ئازارى ئەشكەنجەى دوێنێ شەویان
لەسەر قاچ خۆیان رانەدەگرت
زەینیان تەڵخ دەیڕوانى
بەیانییەكى تۆقێنەر هاوەڵی باوەشێك
ئازاریان بوو
هەنگاو... هەنگاو
بە كۆمە كۆم
لاتریسكەیان دەبەست و بەسەر سمدان
بەسەر زەویدا دەكەوتن
بێ رەحمانە
خوێنخۆرەكان پەلكێشیان دەكردن
بۆ گۆڕەپانى لە خاچ دان
بە هەڵواسراوى لە زەردەپەڕى خۆرێكدا
پێكڕا سرودێكیان بۆ نیشتمان وتەوە
پڕ بە باڵای ئاگر گەش گەش
بەرخۆدان لە هەناویاندا سوتابوو
توڕە توڕە
لە دەست چەرخ و وەرزى لە خاچدان
بۆ وەرزى گوڵ تەنیا باران
هاوڕێیان بوو...


پێشكەش بە گشت زیندانییەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان
گشت زیندانیانى بەناهەق مافخوراو


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە