كەناڵى (الجزیرە) مان ئەوێ ... KNN و سپیدە و پەیام حــاشــا ئوپۆزسیۆن نین

Friday, 18/02/2011, 12:00

885 بینراوە




لەكاتێكدا حەماسەتى هاوڵاتیانى كەلەلا و بێدەسەڵات جۆش و خرۆشێتى .. لەكاتێكدا شەقام گڕى گرتووە و بارودۆخ لەهەموو كات زیاتر لەبارە بۆ تەفروتوناكردنى دەسەڵاتى تاوانبارى یەكێتى و پارتى .. لەكاتێكدا هەموو هێزە ئەمنیەكانی دەسەڵاتى سەرشۆڕ لەئینزاردایەوە كەڵبەكانى نیشانى جەماوەر دەدات .. لەكاتێكدا هیچكات بەوێنەى ئەمڕۆ كۆمەڵانى خەڵكى یەكڕیز و یەك رۆح و یەك دەنگ و یەم رەنگ نەبووە بۆ هەرەسپێهێنانى دەسەڵاتى بنەماڵە .. كەچى ئەوانەى بەناو خۆیان بە ئۆپزسیۆن و دڵسۆزى جەماوەر دەزانن لەهەموو كات زیاتر زەندەقیان چووە و رووماڵى ئەم خۆنیشاندانە بەهەق جەماوەرییە عەفەویە ناكەن و خۆیان لێ كەڕ و كوێر كردووە ، بەداخەوە ئێوارەى دوێنیش هەمان سیناریۆ لەلایەن KNN و سپیدە و پەیامەوە دووپات بوەوە و خۆیان نەكردە میوانى گۆڕەپانى سەرا كە هەزاران لاوى خوێنگەرم بەدروشمەكانیان نەفرەتیان لەدەسەڵاتى تاوانبارى یەكێتى و پارتى دەكرد .

بەشاهیدى هەموو لایەك پاڵەوانى پشت پەردەى شۆڕشەكەى میسر و تونس كەناڵى عەرەبى الجزیرە بوو ، ئەو كەناڵەى بووە مینبەرێكى ئازاد بۆ خۆنیشاندەران و لەیەكەم رۆژەوە فاكتەرى حەقیقى ورە بەرزكردنەوەى جەماوەرى یاخى بوو لەگەڵ كۆكردنەوەیان ، ئێمە لەكوردستان دڵێكمان بەكەناڵەكانى بەناو ئۆپزسیۆن خۆش بوو كە ببێتە مینبەرى خەڵًكى راپەڕیو و یاخیبوو .. كەچى داخى گرانمان ئێمە لەسەنگەرێكداین ئەو لەسەنگەرێكى تر.. ئێمە ئاوازێك و ئەوان ئاوازێكى تر دەڵینەوە ...

چیە دیارە هەڕەشەیان لێكراوە ... یان سڵ لەدەبابە ژەنگاویەكانى شێخ جەعفەرى خائین و داوێنپیس ئەكەنەوە ، بەڕاستى ئەمە پرسیارى سەر زارى هەموو لاوێكى راپەڕیوى بەردەركى سەرابوو ... بۆیە ئەگەر كاروابڕوات ئێمە بانگەشەى كەناڵى الجزیرە دەكەین تا مینبەرى بێگانەیەكى عەرەب ببێتە سەكۆى ئازاد و ئاوێنەى داواكارییەكانمان ، بەڵام ئەبێ ئەو ئۆپزسیۆنە تۆقیوانە ئەو راستیە باش بزانن ئەوان بەم هەڵوێستە ترسنۆكەیان بوونەتە پشتیوانى دەسەڵات و بەردەوامبوونى تەمەنى و درێژكردنەوە ، پاشتر قبوڵمان نیە هیچ كەسێ لەئاییندەدا سوارى شەپۆلى گۆڕانكاریەكان بێت خۆى بەخاوەنى شۆڕشەكەمان بزانێت .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە