دژ بەدانانەوەی بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم شەممە لە ستۆکهۆلم خۆپیشاندان دەکەین

Monday, 01/07/2013, 12:00

1698 بینراوە


دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کوردستان لە دەیان ساڵ لەوەوبەرەوە بە پشت بەستن بە هێزە چەکداری و دەست بەسەردا گرتن و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگا دامەزراوە. بەڵام بۆ بەدەستهێنانی دەسەلاتێکی بەناو" یاسایی و دەزگایی " ، هەمیشە هەوڵی جوانکردن و ڕازاندنەوەی دەسەڵاتەکەیان بە هەندێک کاری دیکۆری بەناو دیموکراسی داوەو لە پرۆسەیەکی پڕ لەساختەکاری دەنگدان و باکارهێنانی دام ودەزگاکانی حکومەت لەقازانجی خۆیان پەرلەمانێک دروستکرا ، کەتا رۆژگاری ئەمرۆ هەردوو پارتی دەسەلات وەک دەزگایەکی کارتۆنی مامەلەی پێ دەکەن بۆ جیبەجێکردنی بریارە حزبی و بنەمالەکانیان، بەڵام وا دیارە لەگەڵ فراوانبوونەوەی توڕەیی جەماوەری کوردستان لەم دەسەڵاتە مافیایی و تاڵانکارە، تەنانەت توانای درێژەدانی بەو دیکۆرە ساختەکارەشی نەماوە. ئەوەتا ناچارە هەموو ڕیساکانی خۆشی پێ شیل بکات و لەبەر ڕوناکی و بێ پەردە سیاسەتی خۆسەپێنی خۆی پەیرەو دەکات . ڕۆژی ٣٠-٦ دەستکەلاکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان بە بڕیارێکی نایاسایی و نائاسایی، خەتێکی ڕاست و چەپیان بەسەر ئەو گاڵتەجاڕیەدا هینا کە کەبەناوی دیموکراسی بانگەشەیان بۆ دەکرد و بە بێ هیچ پاساو و بنەمایەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان دا. ئەو یاسایانەی دوێنێ دەرکران نەریتێک جێگیر دەکات کە بەو پێیە، هیچ دەزگایەک و دامەزراوەیەکی ئەم دەسەڵاتە نە قابیلی لێپرسینەوەیە و نە ڕێگریەکی لەبەردەمدایە بۆ بەخشینەوەی مەشروعیەت بە خۆی.لە سایەی دۆخێکی واشدا هیچ سنورێک بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری نامێنێتەوە. هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە دەرکردنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی کاری خۆیان لە ڕاستیدا هەموو متمانەیەکیان بەوەی کە پابەندی بەڵێن و یاساکانی خۆشیان دەبن لەدەست داوە.
کوردستان لە گێژاوی نایەکسانی و ناعەدالەتی و نایاسایی و بەبنەمالەکردنی دەسەلات دەناڵێنێ ، و گۆڕانکاری لەم هەل و مەرجەدا خواستی دەسبەجێی جەماوەرێکی فراوانی خەڵکە. چەندین ساڵە خەڵک بە ئومێدی گۆڕانکاریەوە بەشداری پرۆسەکانی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ئەم هەنگاوەی دوو حزبی دەسەڵاتدار کۆتایی بە هەموو فرسەتێک و وەهمێک بۆ گرتنەبەری میکانیزمی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵات بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری دەهێنێت، و ئەو ڕاستیە بۆ هەموو لایەک دەسەلمێنیتەوە کە ئەنجامدان و جێگیرکردنی سادەترین خواستەکان و چاکسازیەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەندە بە گۆڕینی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ئەمەش تەنها بە گوشار و خەباتی جەماوەری و خۆپیشاندان لەم دەسەڵاتە ئەگەری بەسەرەنجام گەیشتنی هەیە.
ئێمە لە گروپی ١٧ی شوبات لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە دژە دیموکراسی و کودەتائاسایەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پرۆتێستۆپڕۆتێست دەکەین، بە هەموو توانامانەوە لە پشتی هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەریەوە دەوەستین کە بە گوشار هێنان و یاخیبوون لەم دەسەڵاتە ناچاری دەکات مل بە خواست و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بدات. و داواش لەهەموو خەلکێکی ئازادیخواز دەکەین دەنگی نارەزایەتی بەهەموو شیوەیەک دژ بەدرێژەدان بەو یاریکردنە بەهەستی خەلک دەرببڕن بۆیە لەبەرامبەر ئەو گالتەجاریەی پارتی ویەکێتی لەپەرلەمان ، ئیمەناوەندە جیهانیەکان بەگشتی و دام و دەزگا سویدیەکان بەتایبەتی ئاگادار دەکەینەوە ، هاوکات هەر ئەمرۆ داوای مۆلەتی خۆپیشاندانمان لەپۆلیسی سوید بۆ رۆژی شەممە لەسەنتەری شارو لەگۆرەپانی سیڕگلستۆری کردوە کەلەهەر گۆرانکاریەک لەسەر شوینێ خۆپیشاندان (ئەگەر شوێنەکە گیرابوو) ئاگادارتان دەکەینەوە

گروپی ١٧ی شوبات لەستۆکهۆلم
٢٠١٣/٠٧/٠١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە