دزى و گەندەڵی لە بەرگى یاسا و سیستماتیک کراودا

Saturday, 02/11/2013, 12:00

1473 بینراوە


ژیانى 111 پەرلەمانتێر، یەکسانە بە ژیانى 16 هەزار و 650 کەمئەندام
موچەى مانگانەى پەرلەمانتێرێک، یەکسانە بە موچەى 4 ساڵی کەمئەندامێک

موچەى مانگانەی پەرلەمانتێر 7 ملیۆن و نیوە، بەڵام کەمئەندام موچەى مانگانەى 150 هەزار دینارە، موچەى یەک مانگى پەرەلەمانتێرێک یەکسانە بە موچەى 150 کەمئەندام، موچەى مانگانەى کۆی 111 پەرەلەمانێرەکە یەکسانە بە موچە و ژیانى 16 هەزار و 650 کەمئەندام، موچەى ساڵانەی پەرەلەمانتێرێک دەکاتە (90) ملیۆن دینار، هی کەمئەندامێک موچەى ساڵانەى 1 ملیۆن و 800 هەزار دەکات، بەهەر چوار ساڵەکە پەرلەمانتێر (360) ملیۆن دینار وەردەگرێ، بەڵام کەمئەندام بە 4 سالڕ 7 ملیۆن و 200 هەزار وەردەگرێ.

بەم 49 ملیۆنەشەوە کۆی موچەى 4 ساڵیان دەکاتە (409) ملیۆن دینار، واتە (35) دەفتەر دۆلار زیاترە، بە هەر 111 پەرلەمانتێرەکەوە دەکاتە 4 ملیارد و نیو، واتە (3885) دەفتەر دۆلار. لەماوەى 4 سالڕدا.

بۆ هەمیشەش، هەتا هاتنى تەشریفی عیزرائیل و دواتریش هەتا شیرەخۆرەى بنەماڵەکەى مابێ، ئەوا مانگانەى خانەنشینى 6 ملیۆن و پێنج هەزار وەردەگرن.
ترۆمبێل، ڤێللا، پاسەوان، گەشتى دەرەوە، ئیفاد، موچەى چەور، خۆیان وتەنى ئافرەتى جوان و .....ئاخر ئەوە چی جۆرە پەرلەمان و چی جۆرە نوێنەرایەتی کردنێکە؟ ئەوە گەندەڵخانەیە...!!! لەم وڵاتەدا گەندەڵى و دزی بە یاسا و سیستماتیک کراوە.
زۆر بەداخەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن، کە لە حەساسترین دۆسیەى نیشتمانى هاورا نەدەبوون لەگەڵ حزبەکانى دەسەڵات و بیانوو و پاساویان دەهێناوەو تەپڵیان دەکوتا و دەبەیان دەهاویشت، بەڵام ئەمجارە لە ئاست پارە مت و کڕ و کۆک بوون و لەوەرگرتنى چەکەکە بە پەلەتر بوون لە پەرلەمانتێرانى دەسەڵات.
ئێستاکە زانیم، هەموو ئەوانەى لەماوەى 4 ساڵی رابردوو دەتانوت، هەمووى قسەى سەر کاعەز و قسەى ناو رۆژنامەکان بوون، هەمووى قسەى بێ کردەوە بوو، قسەکەى دەسەڵات راست دەرچوو، کە پێتانى دەوت: ئیچوەى موزائیدەى سیاسی دەکەن لەناو پەرلەمان.
ئێوە نوێنەری میللەت بوون بۆ وەرگرتنى پارە بوون نەک بۆ داکۆکی کردنى میللەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە