بارزانی و سیستەمی قامچییەکان

Saturday, 16/04/2011, 12:00

1550 بینراوە


لەدیموکراسیدا دەسەڵات موڵکی گشتییە ، کۆمیدییە چەلب بوون بەکورسی دەسەڵاتەوەو ناویشی لێ بنێیت دیموکراسی و چاوەڕوانی ئەوە نەکەیت لەسەر خوێنی لاوان دانەنیشیت و لەسەری ڕیسواو پاشان نەکوژرێیت ..
دەگێڕنەوە شەوی ١٧ ی فێبریوەر کۆمەڵێک کەسایەتی نیشتمانپەروەر هەستاون بە نێوەندگیریی لەنێوان گۆڕان و دەسەڵات ، نێوەنگیرییەکان زیاتر خۆیان لە کۆسرەت ڕەسوڵ نزیککردۆتەوە ، لەبەر دوو هۆکار . یەکەم/ لەبەرئەوەی کەسی یەکەمە لەدوای تاڵەبانی . دووەم / کۆسرەتیان بە کەسێکی میانڕەو گوێگر زانییوە بۆ چارەسەری کێشەکان .. لەنێوان قسەوباسەکاندا کۆسرەت بێ هیوایی خۆی بۆ نێوەندگیرییەکان نیشانداوەو پێی ڕاگەیاندوون کە: پاراستنی پارتی زۆربەی ئەندام مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانی یەکێتی کڕیوەو دیسپلینمان لەدەست داوەو باری ناوخۆی یەکێتی بەتەواوی تێکچووەو کەوتوینەتە قەیرانیکەوە کەبەئاسانی لێی دەرناچین و ئێستا بڕیارەکان لەدەست ئێمەو هەمان نەماوەو ڕاستەو خۆ لەلایەن پارستنی پارتییەو ئاراستە دەکرێن ..
قەوانە سواوەکەی دەسەڵاتە لێكچوەکانی مەدرەسەی تۆتیالیتار ، کۆپێکراوی یەکترین بەڵام فرەزمانن و فرە شێوەن . یەک بەرنامەو یەک هەنگاو ویەک تێڕوانن.
ئەم مەدرەسەیە هەنگاوەکانی دوای تەنگاو بوون و جڕاندن لەگوشارەکانی شەقام ، ڕوونکردنەوەی فشەوفیشاڵ ئاراستەی خەڵک دەکەن و بەهەمان زمان کەخۆیان دەخوازن وەڵام دەدەنەوە .
شۆڕشی ئەیلول و نوێ پەرچەکرداری ئەقڵی بەعس و پێش بەعس بوو ، بەپێچەوانەوە فەزای دیموکراسی هەڵگری گفتوگۆ و خۆپیشاندان و ناڕەزایبوونی هێمنانەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی دەسەڵاتی سڕبوو بئاگا ؛ ئەم دەسەڵاتەی کورد فۆڕمی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ نییە ، تا ڕەخنەو ڕێپێوانی هێمنانەو مێزی گفتوگۆ هەڵبگرێت ..
دەسەڵاتی کوردی ئەزمونی قۆڵبڕینیان زۆرە ، ئەم وانەیە تابەعس مابوو بەمانی دەڕشت ، ئێستا هاوپێچی دەکەنەوەو لەفۆڕمێکی سینارۆی حیزبی و کوردیدا دەیانەویت بەهەمان فۆڕم گۆڵ لەگەلەکەی خۆیان بکەن . لێرەوە دەبێت هوشیار بین و نەبینەگاڵتەجاریان .
لە حەڤدەی فێبریوەرەوە پەیامێک لەسەنگەردایە ، بۆتە نوێنەرو داخوازی خەڵک ؛ ئەم ڕستەیە خۆرستەو پێکهاتەی نێرڤوزەکانە لەبێ وەڵامی پرسیارەترشاوەکاندا ، نەک هەڵچون . وەڵامی حیزب بۆ ئەمانە سینارۆی گاڵتەجاڕییە ، یان بوختان و وشەی ناشرین و ناشایستەیە . فەیلەسوفەکانی سەرشەقام لەدووڕیانێک لەدایک بوون زرمەی چەپڵەو هاواری بژی و بەڵێیان بەگوێیاندا زرنگاوەتەوە ، ئەمانە لەکێڵگەکانی مۆرفینی حیزبدا کۆتوبەندو سەرکوتکراون ؛ کۆکردنەوەی وشە چێندراوەکانی ناومێشک و سەردڵیان بۆتە بۆمبی هۆشیاری چرکەساتەکان بۆ دابینی ڕەوشێکی نوێ ، پرۆفیسۆرەکانی سەرشەقام لەبەرامبەر ئەم زاڵمانەی مێژودا چاوگەی نوزە و وشەی نایان * دروشمی کلتوری نوێ و پەیامی دەستی هۆزی بەئاگان لەبەرامبەر ناحەقی و ناعەدالەتیدا ، لێرەبەدواوە سینارۆکانی حیزب لەبەردەم ملکەچی و هەرەسهێناندایە ، یان دواکەوتەو پێهەڵگری بیری بەعسن بۆخاکێکی بێ مرۆڤ. .
ئەندازیاری ڕاپەڕین وەک پێویست و ئەرکێکی تری نوێی نیشتمانی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی تری مێژودا پێویستە هەمان دەرهێنەرو کارەکتەری ڕاپەڕین بێت بەڵام ئەمجارەیان بۆ کۆتایی زاڵمانی ناوخۆ . بۆچونێک لە شەقامدایە دەڵێن : بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکەی پشتیان کردۆتە فاکتی خەڵک . لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕی : ئاخۆ دەسەڵاتی کوردی و جوگرافیای هەرێم ئەم شێوە ناڕازی بوونەی ئەمڕۆی شەقامی کوردی دەخوازێت ، یان هاوشێوەی شۆڕشی لیبیا ؟ ..
هەندێک ئەرکی نیشتمانی هەیە سیاسەتمەداران دەخاتە دووڕیانێک کە هاوتایە لەگەڵ دروشمە دێرینەکەی کورد : کوردستان یان نەمان ! ، خۆخوێندنەوە و بڕیاری ئازایانە یەکلاکەرەوەی هەموو چەمکەکانە . زۆرینەیەکی نادیار مەرج نییە بۆ سەرکەوتن و واتایەکی ڕەسەن ، ڕاستییەکان دەشێت لەکەمینەدا بەرجەستەبێت و سەوڵی کەشتییەک بگرێت زۆرینەش لەشەپۆلی تیاچون ڕزگار بکات . نمونەش زەمەنی بەعس و شۆڕشی نوێیە ، یەک پێشمەرگە لەبەرامبەر سەدان جاش ، لێرەدا ڕەچاکردنی هاوسەنگێکە لە ئیرادەو گیانی خۆبوردن بۆ نیشتمان و نەتەوە .
شەقامی ئەمڕۆ لەدوو فاقی سیاسەتی نادروستانەی دەسەڵاتدا جیهانێکی بەرجەستە کردووە قابیلی نانەوەی توندوتیژییە ، لەنێوان دووفاقییەکەدا زمانی دیالۆک و یەکتری قبوڵکردن هەرەسی هێناوەو زمانی زبرو ئەقڵی توندوتیژی جێگای پێ لێژکرداوە . ماوەی دوو مانگ لە خرۆشاندنی شەقام و نەرێنی دەسەڵات ئەو پاوەرە دەخاتەگەڕ کەتەنها تەزوو دەبات بۆ ئەقڵە خوێنڕیژەکان . لێرەدا یەک ڕوانگە لای دەسەڵات زاڵ دەبێت یان کورسی حوکم یان نەمان .
ئەقڵیەتی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کەدابەش بوونی ئیدارەی کوردییە لەلایەکی تر و لاوازی هەستی نەتەوایەتی تاکی کوردە لەلایەکی تر ، هۆکارن بۆ ئەوەی کە نەتوانرا هێندەی گەلی یەمەنی دواکەتو گۆرانکاری لە دانوسان و هەڵسوکەوتی ئەقڵانی بنوێنین . کێ بەرپرسیاری یەکەمە ، ئەو حوکمەتەی کە بیست ساڵە نەیتوانیوە خۆی بنیادبنێت یان تاکی کورد ؟ .
لێرەدا دەبێت ڕوو لەپەنجەرە چەسپیوەکان بکەین . دەبێت بزانین لای دەسەڵات حوکمەت و دیموکراسی و مافی مرۆڤ واتای چییە ،! ئینجا بیر لەئینتیمابوونی نیشتمان و نەتەوەییان بکەینەوە ، پاشان بزانین کێشی ئەم دەسەڵاتە لەکوێی ئەم چەمکانەدایە .
دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ و ئینتیما بۆ نیشتمان و نەتەوە لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا یەک مانایان هەیە ،ئەوە کارەکتەرە سیاسییەکانن کە هەڵگری بیری تۆتیالیتارن ڕتوشی دەکەن و وێنەو مانای لەبەردەم چاو و مێشکی خەڵکدا دەگۆڕن .
کۆنترۆڵی دەسەڵات بەدەست یەک دەموچاو یەک ئەقڵەوە ! لەسێبەری دیموکراسیدا واتای خۆی هەیە ئەویش خەڵەتاندنی کۆمەڵگاو دەوروبەرە ، بیرکردنەوە لە دەسەڵاتی دەستاودەست لەتێڕوانی دیموکراسیدا ! لەچیرۆکی گاڵتەجاری شانۆی سیاسیدایە . لەدیموکراسیدا دەسەڵات موڵکی گشتییە .. دەستاودەستە بۆ خاوەن پڕۆژە لێکنەچووەکان یان کۆتایی توانایەکە و سەرەتای توانایەکی ترە ، لەمە بترازێت لەژێر ڕەشماڵی دەسەڵاتی کوردی و ناوچەکەدا گوزەران بەڕێ دەکەین .
ئەمڕۆ قەیرانێک گڵۆڵە بووە بەکۆتایی لایەک یەکلایی دەبێتەوە ، یان دەموچاو و بیرکردنەوە چەقبەستۆکان دەبێت گل ببنەوە ، یان بەردەوامی قەمچییەکانە بەسەر سەری هەموومانەوە . سیستەمی قامچییەکان لەوەدەچێت تەمەنیا کورت بێت ، میژووی ئەم سیستەمە بۆ هەشتا ساڵە کورد لەژێر ڕەحمەتیدا دەناڵێنێت ، تا دوێنێ جودا لە زمان و نەتەوەو خوێن بوو ، ئەوا ئەمڕۆ لەجەستەی کوردا جەستەی هاوخوێنەکانی دادەڕزێنێت .
بۆ بارزانی خوازیاری سیستەمی قامچییەکانە ؟ ..
پاش ئەوەی بارزانی کۆنترۆڵی پانتایی حیزبە نەیارە سەرسەختە دێرینەکەی خۆی کرد و خوازیار بوو پەل بکێشێت بۆ پانتایی هەموو کوردستان ، بەڵام دەورانی گۆرانکاری زەمەن و مرڤەکانی توشی نشوستیان کرد . لەوە دەچێت نەک خەونەکانی بارزانی نایەنە دی ، بەڵکو ڕووەو کۆتایی تەمەنی سیاسیشی بێت و دەشێت ببێتە هۆکاری هەڵدانەوەو هەڵپچرینی سندوقە ڕەونەقییەکەی ژیانی ، کەلەناوەوە مێژوویەک بۆگەنی تیا قەتیس ماوە .
دوێنێ ! وتارە نەتەوەییەکانی بارزانی و تاڵەبانی ، بەحەشوەی زەمەنی هەڵکەوتن و بۆهات ئەم گەلە ستەمدیدەیان ڕاپێچی ژیانێکی کۆیلەیی دەکرد ، ئەمڕۆ بەکارەسات و ڕاچلەکاندن و پەشیمانی و ئاخ کۆتایی نایەت ، بەڵکو بۆتە ئەزمونێک دەتوانرێک کاری لەسەر بکرێت . شەڕی بارزانی و هاوزنجیرەکانی تەنها لەسەر پانتایی گۆڕانکارییەکان نییە لەسەر دەسەڵات و ئەو چەند ملیار دۆلارە کەئاودیوی بانکەکانیان کردووە ، دەشێت لەسەر مەرگی ڕابردوویان بێت ، کە بەناو سەروەرییەکانی ڕابردوویان تا ئەم چرکەساتە پێمان دەفرۆشنەوە و لەئێستادا کەوتونەتە سەر کەشتییەکی درۆو وێڵن بۆ کەنارێکی سینارۆی ڕاستی .. لە ڕابردودا سیستەمی قامچی کاری خۆی کردوو مێژویەک لە ستەم و درۆی شاخاوی کۆمەڵگای دواخست لە ڕەورەوەی گەشە و بنیادنان ، بەمەیلی خۆیان سوارچاکەکانی گەلیان دەگلاند ، ئەمڕۆ بەمەیلیان ئەسپ تاونادەن ، مل نادەن بۆ فیشاڵەکان و مل دەنێن بۆ لای خاوەنە ڕەسەنەکەیان کە مێژوویەکە فەرهودی جەستەیی و ئەقڵ و ژیانیان دەکەن ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە