پەیامێكى كراوە لە سەدان پۆلیسى هاتوچۆى مانگرتووەوە لەسلێمانى

Sunday, 13/03/2011, 12:00

779 بینراوە




سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەسەدان كارمەندى هاتوچۆ لەبەردەم مەڵبەندى یەكى رێكخستن كۆبووینەوە بۆ نیشاندانى ناڕەزایى و مانگرتنمان دژ بەو ستەمەى بەرامبەرمان كراوە و دەكرێ لەپێنەدانى دەرماڵەى مەترسى و كەمى مووچە و سووكایەتیكردن پێمان ، لەكۆتایدا چاومان بەهیرۆخان كەوت و هەندێ گفت و بەڵێنى داینێ كەتەواو گومانمان لەجێبەجێكردنى هەیە ، بەداخەوە هەرچەندە گردبوونەوەكەى ئێمە لەسەرەتاوە خۆڕسكانەبوو و پەیوەندى بەحیزبایەتیەوە نەبوو بەڵام كۆمەڵێ ئەفسەرى مشەخۆر چوبوون بۆكۆمیتەى پۆلیس و خۆیان كردبووە دەمڕاستى ئێمە و پشگیرى و نوسراوى كۆمیتەیان هێنابوو بۆ مەڵبەند كەگوایا هەموو ئەم كارمەندە یاخیبووانە یەكێتین و پەیوەندیان بەلایەنى ترەوە نیە ، كەئەمەش تەواو دوورە لەراستیەوە ، چونكە تەواوى كارمەندەكان تاكو سەرئێسقان لەیەكێتى و ستەمەكانى حیزبى دەسەڵات تووڕەن و لەبنەڕەتەوە هیچ جۆرە باوەڕێكیان نیە بەو كۆمیتە حیزبیەیى كەتەنها كارى راپۆڕت نووسین و كۆكردنەوەى خەڵكى هەلپەرست و كاسەلێسە لەچواردەورى خۆى لەگەڵ لووت خزانە ناو هەموو كاروبارە حكومیەكانەوە بۆبەرژەوەندى تایبەتى خۆى ، تەنانەت كۆمیتە و كادرەكانى خۆشیان تەواو ئەو راستیە دەزانن كەئەوان هیچ جۆرە كێش و نرخێكیان نەماوە كەس سەردانیان ناكات و بوون بە كەرەستەیەكى ستۆك و ئێكسپایەر .

بەهەرحاڵ هەندێ لەو ئەفسەرانەشى بەناو خۆیان كردبووە دەمڕاستى ئێمەى كارمەندى بەشخوراو بۆخۆیان خەڵكى گەندەڵ و تڕۆكراون و تاكو خاوەنى پۆست و كورسى و مێزبوون زۆر ستەم و ناڕەواییان بینى و هیچ نقەیان نەهات ، بەڵام كاتێ لەبەرژەوەندیان درا ئیتر كەوتنە جووڵە و ویستیان پێداویستى كارمەندەكان بكەنە كەرەستەیەك بۆ سواڵكردنى پۆستێكى تر .

تەواوى مەڵبەند بەهیرۆخانەوە .. تەواوى كارمەند و ئەفسەرەكانى وەزارەتى ناوخۆ بەگشتى و هاتوچۆ بەتایبەتى تەواو ئەو راستیە زەقە ئەزانن كەهەموو نەهامەتى و كەموكورتى و گەندەڵى و ستەمكارى وەزارەتى ناوخۆ بە مامۆستا جەلالى بریكار دەستپێدەكات و بەمامۆستا جەلال تەواو دەبێت ، كەچى دەیان ساڵە هەر لەوپۆستەدایە و كەسێك نەبووە لێى بترازێنێ و بەهەزاران ئەفسەر و كارمەند لەگۆمى مەنگى گەندەڵیەكانى رزگاربكات ، بۆچى گوایا هیرۆخان نازانێ مامۆستا جەلال چ كارەساتێكى لەوەزارەتى ناوخۆ خوڵقاندووە و چۆن رۆژانە سووكایەتى بەئەفسەر و كارمەندەكانەوە دەكات ، بۆ هیرۆخان نازانێ لەلایەن پاسەوانەكانى مامۆستا جەلالەوە چۆن چەندین جار كارمەندى هاتوچۆ بەقۆناغەتفەنگ داركاریكراوە و زیندانیكراوە تەنها لەبەرئەوەى ناشارەزا داواى مۆڵەتى شۆفێریان لەمامۆستا كردبوو كاتێ سەرپێچى یاساكانى هاتوچۆى كردبوو ، ئەوكاتە هیرۆخان و مەڵبەند و یەكێتى هیچ هەڵوێستیان نەبوو ئەوا بەدڵنیاییەوە ئیستاش هەڵوێستیان نابێ لەبەرامبەر ئەو ستەمەى مامۆستا و دكتۆر بەرهەم كردیان بەرامبەرمان كاتێ دەرماڵەى مەترسیان بۆهەموو دەزگاكانى پۆلیس بەرزكردەوە و بەتەنها دەزگاى هاتوچۆى ماندووى لێ بەدەركرا .

بەكوردى فەڕ بەكوورتى و بەپوختى مانشێتى هەموو كێشەكان لەوەزارەتى ناوخۆدا بەتاك و بەتەنها خودى مامۆستا جەلالە وهیچى تر ، ئیتر بۆچى راستگۆیانە پێ لەو راستیە نانێن و نایدركێنن .. تاكەى بەرپرسان خۆیان لێى لەگێلى دەدەن ؟؟؟.

ئێمە وەك كارمەندانى هاتوچۆى سلێمانى داواكارین لەتەواوى برا و خوشكەكانمان لەم دەزگایەدا بە ئەفسەرە دڵسۆزە بەرێزەكانەوە كە نەورۆزى ئەمساڵ بكەنە جەژنى یاخیبوون لەدەسەڵاتى گەندەڵ و خۆێندنەوەى پەیامى ئاوێتەبوون لەگەڵ برایانى خۆنیشاندەر لەمەیدانى ئازادى تاكو ئێمەش ببینە بەشێك لەئاپووڕەى تووڕەى میللەتى ستەمدیدە و بتوانین راشكاوانە داكۆكى لەمافە رەواكانمان بكەین .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە