نەچیرڤان؛ ئەزانی تاڵەبانی خه‌ڵکی نانبڕاو کردووه‌!

Wednesday, 07/04/2010, 12:00

1913 بینراوە


رۆژنامەنووسەكەی (رۆژنامە) و دیمانەكەی لەگەڵ نیچیره‌ڤان بارزانی

[email protected]
ئافەرین گۆڕان كە توانیتان ئیسپاتی بكەن بۆ جەماوەری نارازیی و گۆڕانخواز كە راگەیاندن و جەریدەكەی ئێوەش وەكو جەریدەی خەبات و كوردستانی نوێ و گوڵان، دەتوانن موقابەلە و موجامەلەی سەركردە گەندەڵەكانی دەسەڵاتی كوردی بكەن و لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكەتانی پێ بڕازێننەوە، بە وێنە و مانشێتی گەورە قسەكانیان بە جەماوەری نارازی و گۆرانخوازان بفرۆشنەوە.
جەریدەی (رۆژنامە) چەند بە شەرەفێكی گەورەی دەزانێ، كە نەچیرڤان بارزانی داواكاری چەندەھا جەریدە و راگەیاندنی تری بۆ چاوپێكەوتن رەت كردۆتەوە ، بەڵام جەریدەكەی ئەمانی ھەڵبژاردووە. بۆیە لە ئەسنای گفتوگۆكاندا، ئەم پیاوەتییەی ئەویان لەبەرچاوو بووە و ژۆرنالستەكەی گۆران ھەر سەری بۆ قسەكانی نەچیر بارزانی لەقاندووە.
دیمانەكەی (رۆژنامە)ی ژمارە 575 سێشەممەی30/3/2010 لەگەڵ نەچیرڤان ، ئەوەندەی لە موجامەلەكردنێكی شەرمنانە دەچێت بۆ نەچیرڤان بارزانی، ئەوەندە لە دیمانەی رۆژنامەنووسێكی بوێر ناچێت لەگەڵ مەسئولێكی دەسەڵاتدا. ئەوەتا وەكو رۆژنامەنوسێك، بەحیساب سه‌ر به‌ رۆژنامەیەكی ئۆپۆزسیۆنه‌، بۆ یەك جاریش قسەكانی نەچیری نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە، ھەرچییەك ئەو دەیڵێ ئەم ھەر سەری رەزامەندی بۆ دەلەقێنێ. بۆ دەرمان ھیچ جیاوازییەك نابینی لە نێوان ئەم دیمانەیە و ئەوانەی كە رۆژنامەكانی دەسەڵات خۆیان لەگەڵ نێچیر و بەرپرسەكانی تردا دەیكەن. ئینجا وەكو ھەواڵێكی موھیمیش لە لاپەڕەی یەكەمی (رۆژنامە) بە وێنەیەكی نەچیر و مانشێتێكی گەورە بڵاویان كردۆتەوە، كە ئەمەیان لە ئیفلاسیەكی گەورەی گۆران زیاتر لە ھیچی تر ناچێت. ھەست دەكەی گۆڕانیش ئێستا دەزگایەكی پڕوپاگەندەیە بۆ كەسانێك كە تا سەر ئێسقان بەرپرسن لە نەھامەتییەكانی خەڵك.
من بە ژۆرنالیستەكەی رۆژنامە دەڵێم، ئەگەر خسوسیەتی ڕۆژنامەنوسێكی بوێر و شارەزات تیادا نەبێت ، ھەق نییە خۆت لە قەرەی ئەو جۆرە دیمانانە بدەی، چونكە بۆ جەریدەیەكی ئۆپۆزسیۆن حیكمەت لەم موجامەلەیە چییە؟  ئەگەر ھەستت بەو فەلتانەی نەچیرڤان كردوە، به‌ڵام نەتوێراوە قسە لە سەری بكەی، ئەوە پاساو لە خاتا خراپ تر.
ئەوە كێیە پێی وایە كە رۆژنامەنووسە لێھاتوەكەی جەریدەی (رۆژنامە) لە بێ مەستەوای و نەشارەزاییەتی بۆیە ھەر سەر بۆ ئەو قسە ھەلەق و مەلەقانەی نەچیرەڤان لەقاندوە و ئەو ھەموو فەلتانەی كاك نەچیری بەسەردا تێپەڕیوە و بۆ یەك جارێش نەیخستۆتە ژێر پرسیارەوە؟ وانییە عەزیزم . مەسەلەكە ئەوەیە، كە پێی عەیب بووە، چونكێكم، یەكەم لە ماڵی نەچیرڤان میوان بووە، دووەم لەناو دەیان رۆژنامە و راگەیاندن دا، كاك نەچیرڤان جریدەكەی ئەمانی ھڵبژاردووە، كە ئەمەش شەرەفێكی گورەیە بۆ گۆڕانی ئۆپۆزسیۆن.
ئێوە ھەست ناكەن بەو مانشێتە گەورەییەی نەچیر بارزانی، كە ناوچەوانی (رۆژنامە)ی پێڕازاوەتەوە، كە دەڵێ: " ئەگەر سەرۆكی حكومەت بومایە، نەمدەھێشت نانی خەڵك ببڕدرێت"!
تۆزقاڵێك ناحه‌قیتان برامبەر بەو سەرۆكە موخڵیسە كردوە؟ چونكە ئەگەر دیقه‌تی ھەموو وەڵامەكە بدەی، رەئیس نەچیرڤان دەڵێ:"بەخوا....ئەگەر بەكردەوە ئیسپات بووایە كە نانی خەڵك بڕاوە" كەواتە كاك نەچیر ھەرچەند وەكو خێرۆمەندێك قسە لە سەر نانبڕاوەكان دەكات، بەڵام ھێشتا گومانی ھەیە كە شتی وا روویدا بێت، جا بۆیە ئەو مانشێتە نوقوستانە و ئەسلەن بوختانە.
گۆڕان بە جەماوەری نارازیی دەڵێت: ئەگەر لاتان وایە نەچیر لە سیاسەتدا ستەمكارێكی بێ وێنەیە و تا سەرئێسقان مسئولە لە نەھامەتیكانتان، بەڵام وەكوتر سەیری بكەن چەند خێرخوازێكی دڵ گەورەیە ، ئەھا دەڵیت ئەگەر رەئیس بومایە و بمزانیبایە نانی خاڵك بڕاوە خێرم پێدەكردن، پارەم لە سەرحسابی خۆم بۆ دەبڕینەوە! ئەمەش بۆخۆی سەرەتای گۆرانكارییەكی گەورەی نەچیرڤانە لە ناو پارتیدا.
نەچیرڤان نموونەشمان بۆ دەھێنێتەوە، كە ئەم خێر و سەدەقەیەش لە ھەردوو مامەكەیەوە (جەلال و مەسعود) فێر بووە، چونكە ئەوان گوایە وەختی خۆی لە بەغدا دیفاعیان لە نانبڕەكانی جەیشی ئێراقی كردووە. تەبعەن رۆژنامەنووسەكەی (رۆژنامە) دەتوانێ بە نەچیرەڤان بڵێ: باشە خۆ ئەوە مامە جەلالتە نانی نانبڕاوەكانی بڕیوە! بەڵام دیسان خۆی نایكات ، چونكێكم ئەزانێ عیبە لە عورفی كوردەواریدا ، خۆش نییە لە دیوەخانی كەسێك میوان بیت و نمه‌كیان بكەیت ، دوایش بە بیانوی نان بڕاوانەوە خاوەنماڵ ئیحراج بكەت و بیخەیتە ژێر پرسیارەوە.

جەماعەت لە زووەوە باوەڕیان وایە كە بزوتنەوەی گۆڕان، نەگۆڕاوە، ھەر كەوڵەكۆنەكەیە و پینەكراوەتەوە، بۆیە ھەر رۆژێ پینەیەكی ھەڵدەتەكێ. من دەڵێم وانییە مەگەر خوا بزانێ گۆڕانخوازان چەند دڵیان بەو دیمانەیەی گۆڕان لەگەڵ نەچیرڤان بارزانی خۆشە، ھەست دەكەن ئەوە بۆ شادی دۆستان و بە كوێرایی چاوی ناحەزان ئەنجام دراوە (ھەرچەن جارێ جەماعەتی گردەكە یەك لا نەبوونەتەوە ناحەزان كێن ، چاوەڕوانی ھیمەتیان دەكەین بەڵكو بۆمان یەكلا بكەنەوە).

كاتێك جەماوەری گۆڕانخوازو نارازیی كوردستان، كە بەدگومانن لە دڵسۆزی ئەو مەسئول و سەركردانەی دەسەڵات، دەبینن (رۆژنامە) ئەم سەرۆكانەیان وەكو خێرخواز و پیاوچاك بۆ تەعریف دەكات. ئیتر ئەوانیش ھەست دەكەن غەدریان لەو سەرۆكانە كردووە كە سیقەیان پێیان نەماوە. ئێوە بەراستی دڵسۆزن و  سیقەتان گەڕانەوە بۆ ئەو خەڵكەی كە ئەوەندە لە دەسەڵاتی كوردی بێزار بوون، لە تاوا ئینتیحاریانە دەنگیان بە گۆڕان دا. بۆیە ھەق وایە ئێوە ھەوڵبدەن ھەرجارەی یەك دوو مەسئولینی گەورەی تری دەسەڵات بدۆزنەوە و بیانكەن بە مانشێتی جەریدەكەتان و تۆزێ موجامەلەیان بكەن بۆ ئەوەی ئەو ترسە گەورەیەی كە ھەر لە بەلاش لەلای جەماوەریی نارازی لە دەسەڵات دروست بووە، بڕەوێتەوە.
ھەر لەو دیمانەیەدا، نەچیرڤان باسی گۆڕان دەكات لە ناو پارتی بنەماڵەدا . دەڵێن ماسی لە سەرێوە بۆگەن دەكات. نازانم مەبەستی چ نەوعە گۆڕانێكە؟ ئەگەر باس لە گۆڕانی راستەقینە دەكات، خۆ دەبێ یەكەم ھەنگاو شەقێكی قایم لە خۆی و ھەموو "ال بارزان"ەكانی ناو پارتی ھه‌ڵبدات بۆ دەرەوە. ئاخر كاك نەچیرڤان، تۆ و بنەماڵەكەت تا ئێستا خۆتان بە میراتگری موتڵەقی دەسەڵاتی كوردی دەزانن و پێتان وایە كە ئەگەر كوردستان جوانیەكی تێدا بێت بە بوونی ئێوەوەیە.
من پێم وایە جانابتان دەتوانن یەك گۆڕان بكەن لە ناو پارتی دا ، ئەویش لابردنی ئەو كەلیمەی دیموقراتییه‌یه‌، كە لە ھیچ و خۆرای و زۆر بە ناھەق بە ناوی پارتییەوە لكاوە. بەغەیری ئەوە گۆڕانی چی دەكەیت، پینە لە كوێ دەدەیت؟ خۆ تازە عەیب و شورەیی پارتی تەسلیمی عەلی عەبدوڵا ناكەیتەوە، كە ھەموو عومری عەزیزی خۆی لە خزمەتی بنەماڵەی بارزانیدا دانا.
كاك نەچیرڤان تۆ خۆت خەریجی قوتابخانەی بەرزانیت و چاك دەزانی ھەموو حكمەتەكەی جەنابتان لەوە دایە كە بە قودرەتی قادر كوڕی ئەو بنه‌ماڵەیەیت جا بۆخۆت دانیشە و خەریكی سەروەت و سامان كۆكردنەوە بەو،  بەم گۆڕان و مۆڕانە ھەڵمان مەخەڵەتێنە.
----------------------------------------------------------------------------------------
بۆخوێندنەوەی دیمانەكەی (رۆژنامە) لەگەڵ نەچیرڤان بارزانی كلیكی لای خواره‌وه‌ بكە:

http://issuu.com/rozhnama/docs/rozhnama_575?viewMode=magazine

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە