قازى محمد ئەو سەرۆكەیە هەر گیز لە یاد ناچێت!

Thursday, 25/04/2013, 12:00

4166 بینراوە




لە تێكۆشانى مێژوویى مرۆڤایەتى و مێژوویى نەتەوەكانى جیهاندا بە دەگمەن كەسایەتێكى سیاسى و ڕۆشنبیر دەردەكەوێت لە كاتى گۆڕانى قۆناغەكانى نەتەوەكەیدا,كە بەرەو گۆڕانى باشتر كۆمەڵگاكەى وەرچەرخێنێت لە پێناو ئامانجى نەتەوەكەى زۆر دلێرانە خۆى بكات بە قوربانى سەركەوتنى نەتەوەكەى كە لەو كاتەى نەتەوەكەى پێویستى پێیەتى.لە گیانى خۆیى زیاتر نەتەوەكەى و نیشتیمانەكەى خۆش بوێ,هیچ هێزێكى ماددى و مەعنەوى نەتوانێت خۆشەویستى نەتەوەكەى لێبستێنێت ئەوەش بەكردار بیسەلمێنێت.لە مێژوویى نەتەوەیى كوردیشدا كەسانى وەكو قازى محمد سەرۆك كۆمارى كوردستان زۆر زۆر دەگمەنە كەبەو شێوەیە خۆى بكات بە قوربانى.لە كاتێكدا دەى توانى ڕابكات و وڵات بجێ بهێڵێت یان لەگەڵ دوژمن ڕێك بكەوێت و پلەو پایەكى ئیدارى و سامانێكى زۆر لە دوژمن وەربگرێت تەنها بەبێ دەنگ بوونى و ڕازیبوونى بەدەسەڵاتى ئەوساى ئێران,بەڵام پەتى سێدارەى هەڵبژارد لە گەڵ هاوڕێ یانى ئەمەش لە پێناو سەلامەتى نەتەوەكەى.هەر بۆیەشە هەتا نەتەوەى كورد بمێنێت قازى محمدیش وەك سەرۆكێك هەر گیز لە یاد ناچێت.قازى محمد لە بنەماڵەیەكى دەوڵەمەند و ئۆرستقراتى خاوەن نفوز بوو لە خێڵى دیبوكى.زمانى فارسى,عەرەبى,توركى,ئینگلیزى,رووسى دەزانى.لە ساڵى(1944)دا قازى محمد بووە ئەندامى حیزبى دیموكراتى كوردستان.عبدالرحمن قاسملۆ دەڵێت:(لە 16ى ئووتى 1945 لە شارى مەهاباد,هەر لە سەر بناغەى كۆمەڵەى ژیانەوەى كورد,حیزبى دیموكراتى كوردستان دامەزرا.ئەو حیزبە زۆر بە خێرایى بوو بە حیزبى هەموو گەل و پشتیوانى بە شێكى زۆر لە جوتیاران و زەحمەتكێشان و وردە بۆرژوازى خاوەن موڵكە نێوەنجێیەكان و عەشیرەتە نیشتمان پەروەرەكانى بۆ لاى خۆى ڕاكێشا).لە 22ى كانوونى دووەمى 1946 لە كۆبونەوەیەكى جەماوەرى دا,دامەزراندنى كۆمارى مەهاباد ڕاگەیاندرا.بە بەشدارى نوێنەرى زۆر بەى ناوچەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان.قازى محمد نەى دەویست لە پشتى شوورەوى (یەكێتى سۆڤیەت) یەوە,یان بێ ئاگادارى ستالین و باقرۆف پەیوەندى لە گەڵ كەس ببەستێت.پێى وابوو ستالین هیچ كات پشتى بەرنادات.بەڵام سۆڤیەت پشتى تێكرد.ڕێكەوتنێكى لە گەڵ بەریتانیا و ئەمریكا دەربارەى پرسى ئێران مۆر كرد لە ئایارى 1946 هێزەكانى سۆڤیەت لە ژێر فشارى ئەمریكا و بەریتانیا لە ئێران كشانەوە.ئەو ڕێكەوتنەى ڕژێمى ئێران كردى لەگەڵ سۆڤیەت بەم شێوەیە بوو,ئێران ئیمتیازى بەدەوى نەوت گەڕانى ژوورى ئێرانى پێبدات,لە بەرامبەردا سۆڤیەت سوپاكەى بكشێنێتەوە.دوا بەدوایى دەرچوونى لەشكرى ڕووسى لە كوردستان,عومەرخان نامەیەكى بۆ شاى ئێران نوسیوە و لەو نامەیەدا داوا لە شا دەكات هەرچى زووترە ئەرتەشى ئێران بگاتە كوردستان و نوسیویەتى وامن بەخۆم و هەموو هۆزى شكاكەوە وەكو سەربازى شاى ئێران ئامادەم فەرمانەكانتان بەجێ بگەیەنین.لە شكرى ئێران لە تەورێزەوە لە ڕێگاى قەزوینەوە بەرەو كوردستان هات.ئەم هێزانە لە ڕۆژى 20ى مانگى سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە وێوە بە ڕێنمایى سەرۆك هۆزەكانى كوردى بە ڕێگاى بۆكاندا بەرەو ناوەندى كۆمار (مەهاباد) وەڕكەوتن.لە ڕۆژى 29ى سەرماوەز لەشكرى ئێران گەیشتە مەهاباد.زۆر بە پەلە ئەفسەرە تایبەتەكان كەوتنە شوێن قازى محمد و سەیف و سەدر و هاورێ یانیان دەست گیر كردنیان.لە ڕۆژى 6ى ڕێبەندان لیژنەى دادگا بە سەرۆكایەتى (سەرهەنگ غولام حوسێن عەزیمى و دادستان سەرهەنگ حەسەن كووفانیان و دادیارى سەر كورد جەعفەر سانعى و لە ژێر چاودێرى سەرهەنگ ئەمیر هۆشەنگ خەلحەتبەرى گەیشتە مەهاباد و دادگایى كردنى قازى محمد و هاوڕێ یانى دەستى پێ كرد.ئەو تۆمەتانەى كە ڕووبەڕوى قازى محمد بۆوە لەسەرى بڕیارى لە سێدارەدانى دەرچوون ئەمانەى خوارەوە بوون:

1-بازرگانى كردنى نەوت لەگەڵ دەوڵەتى ڕووسیا بەبڕى 51% بۆ دەوڵەتى ڕووس و 49% بۆ كۆمارى كوردستان بەبێ ئاگادارى و ڕەزامەندى دەوڵەتى ئێران.
2-گۆڕین و دەستكارى كردنى نەخشەى وڵاتى ئێران و جیاكردنەوەى (5) پێنچ شارى كوردستان وەكو ورمێ,كرماشان,سنە,تەورێز,ئیلام.
3-دانان و دروستكردنى ئاڵا بۆ كۆمارى كوردستان,بە ئاڕمى چەكوچ و داس لەسەر شێوەى ئاڵاى ڕووسیا.
4-لێدانى سكەى پوول (پارە) بۆ حكومەتى كوردستان بە ناوى كوردستان و بە وێنەى قازى محمد.
5-سازكردنى نەخشەى كوردستانى ئێران-عێراق-توركیا-سووریا.6
-هێنانى بێگانە بۆ ئێران و خستنە ژێر دەستى بەشێك لە خاكى ئێران بۆ نموونە مەلامستەفاى بەرزانى.
7-پەیمان و بەڵێن بەستن لەگەڵ حكومەتى ڕووسیا لە دژى حكومەتى ئێران و هاوكاریى هێزەكانى داگیركەرى ڕووسیا لە تەواوى خاكى ئێراندا.
8-ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى حكومەتى كوردستان.
9-داگیركردنى بەشێكى خاكى ئێران بە ناوى خاكى كوردستانەوە.
10-ناردن و هاتوچۆ بۆ دەرەوەى وڵات.سەردانى ڕووسیا و ئازەربایجان و بەستنى ڕێكەوتننامە و بەڵێننامە لەگەڵیان.11
-كوشتن ئازاردانى كارمەندانى حكومەتى ئێرانى.
12-تاڵان كردنى سامانى خەڵكى.قازى محمد زۆر بە توندى هەموو ئەو تاوانانەى ڕەت دەكردەوە تەنیا سێیانیان نەبێت ئەوانیش ئەمانە بوون:
1-چوونى باكۆى ئازەربایجان كە قازى محمد چووبوو چاوپێكەوتن لەگەڵ جەعفەر باقرۆف.
2-بوونى ئاڵا,بەڵام نەوەك ئەوان بۆى چوون كە چەكوچ و داس لە شێوەى پەرچەمى ڕووسیا لەسەر بووبێ
.3-هاتنى مەلا مستەفاى بارزانى بۆ مەهاباد,چونكە ئەو كوردە و كوردستان ماڵى هەموو كوردێكە.
دانشتنى دادگا نزیكەى چوار سەعاتى خەیاند و دەستەى دادگە كە لە دواى نیو كاتژمێر بڕیارى لە سێدارەدانیان دا.بەڵام بڕیارەكە بۆ ماوەیەك دواكەوت بە ناو پێداچوونەوەى دادگا,كە لە 29ى ئازارى1947 دادگا دەستى پێكرد.هەمان ئەو ماددەیانەى پێشو بوون ڕووبەڕووى قازى محمد كرابوونەوە و هەر وەكو جارەكەى پێشتر پێشەوا قازى محمد جگە لە سێ یانیان نەبێ هەموو ئەوانەى دیكە بە توندى ڕەتكردەوە.لە كۆتایى دا دادگاى ڕژێمى كۆنەپەرستى شاى ئێران بڕیارى لە سێدارەدانى پێشەوا قازى محمد و هاورێ كانى دا.ئەوە بوو لە 30ى ئازارى1947 قازى محمد و هاوڕێ كانى لە گۆڕەپانى چوارچراى شارى مەهاباد,لە ئەو شوێنەى كە كۆمارى كوردستانى لێ ڕاگەیەندرا,لە سێدارەدانیان جێ بەجێ كرا لەلایەن ڕژێمى كۆنەپەرستى شاى ئێرانەوە.كۆتایى بە كۆمارى كوردستانیش بەتەواوى هات.قازى محمد بۆ هەمیشە بۆتە ئەو سمبوڵەى كە بە هیچ شێوەیەك ناتواندرێت لە لایەن نەتەوەى كوردەوە لە یاد بكرێت.نیشتمان پەروەران و ئازادیخوازانى كورد لە هەر شوێنێكبن بۆ تێكۆشان,بە هەر جۆرێك تێبكۆشن هەمیشە سوود لە بیروباوەڕ و جۆرى تێكۆشانى ئەم ڕابەرە وەردەگرن.


[email protected]


سەرچاوەكان :
1-كوردو كوردستان,نووسینى لازاریف لاپەرەكانى (422,425)
2-كوردستان و شۆڕشەكەى.نوسینى جەمال نەبەز ,لاپەرەكانى (89,90)
3-گوتارى ناسیۆنالیزمى كوردى,نوسینى عەتا قەرەداغى,بەرگى یەكەم,لاپەرەكانى (33,431)
4-سەرۆك كۆمارى كوردستان لە بەردەم دادگاى ئێراندا.نوسینى بەدرەدین ساڵح,وەرگێرانى بۆ كرمانجى سامى ئەركۆشى,لاپەرەكانى (17,13,11,10,8).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە