٣١ ی ئاب

Saturday, 01/09/2012, 12:00

1554 بینراوە




ڕۆژی حەشر بوو یان زەماوەند،
نە نان بەر دەکەوت نە ئاو.

بەو بەیانییە،
چێشتخانە پڕ،
کەبابخانە هەروا،
شەقام و کۆڵان پڕ لە جمە.

پیاوێکی برسی بە هەڵپە،
چاو دەرپەڕیو،
فۆگەی دەخوارد.
لەولاشەوە یەکێکی تر،
بە بابۆڵەی کەبابی گەرم خۆی دەسوتاند.

کابرایەکی قوتەش بە چەکێکی کۆنەوە،
شەرواڵ ڕەنگێک و
مراخانیش ڕەنگێکی تر،
بە جوتێ پێڵاوی لاستیکی کۆنەوە،
بێ گۆرەوی ڕێگەی دەکرد.

میگزەمینیەک بە دوو گەنجی بێڕەنگەوە،
بە فرتە.

لە لایەکی تریشەوە
کۆمەڵ کۆمەڵ بە مێزەری ڕەش و سورەوە،
چەکدار،
بە مارشی بێ هارمۆنی، دەتگوت،
ڕێگەی "غەزا" دەگرن!

ڕێگە سەرتاپا گیراو،
مێرولەش دەرنەدەچوو!

بێخەبەرییش،
وەک هەورێکی تەڵخ سیمای مسافرانی
گرتبوو.

لەوێ تەنیا بڵندگۆ،
لە چەکداری هەڵەشە زۆرتر،
بە دەنگێکی ناساز،
سرودی خوێنڕشتن و فەرهودیان دەخوێند.


تاو تاو ئێستگەکەی پارتی و،
جار جاریش بێژەرێکی بە حەماسی
دەنگ ناخۆش،
هانی دەدان بۆ پێشەوە بڕۆن
لەسەر نەزمی رێبازەکەی بارزانی!

لە گەرمەی ئەو هاتوهاوارەدا
چەند منداڵێکی پاکیزەی هەژار،
بە دڵی خۆشی یاری یەوە
هاواریان ئەکرد
ئەی پێشمەرگە بۆ دواوە!
..........

لە هەولێریش هەمان کات تۆپی دورهاوێژ،
سەرگەرمی کوتان بوون و،
گۆشت و خوێن و،
خۆڵ و خاشاکیان تێکەڵ دەکرد.

زرمەی زنجیری دەبابە و زرێپۆش،
لە بری "هەستن لە خەوی مەلا"،
زەمینی ژێر خەوتوانیان دەکرد
بە بێشکە و جۆلانەی بێ ئیقاع و،
خەوی بەیانیان حەرام دەکرد!
..........

ئەی هەورەکە بینێرە چەند دڵۆپێک باران،
تەپوتۆز و بۆنی باروت
هەموانی کوێر و کاس کرد.
..........

دەڵێن ئەو ڕۆژە
چلوچوار هەزار چەکداری ئەسمەر،
کرێ گرتە تا
بچنە قەڵای بەرزی هەولێر.
..........

لە سەری ڕەش و
بەرزاییەکانی مەێیفیش،
لەشکرێکی زۆر بێ پشوو چاوەڕێی
وەرێ بوون!
..........

ئەو ڕۆژە،
سەربازی ڕەنگ ئەسمەر،
تانک و زرێپۆش
گەورە و بچوک
گشت پەڕۆ پۆش.

مێزەر بەسەر
لە ڕەش و سور،
هەموو هەڵگری هەمان جۆر.

پەڕۆ نە ڕەش،
سپی،
نە سوور،
تەنیا زەرد!

تەنیا زەرد!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە