ئاسۆیی شۆرش

Thursday, 12/02/2015, 12:00

2005 بینراوە


رۆژانێك بوو ، لەم نیشتمانە دزراوەماندا ، بەعس هەواشی لێمان قەدەخە کردبوو. شاروگوند ، ئاسمان و زەویمان یەخسیر پۆستاڵ و تاعونی (تعریب و ترحیل و تبعیس) بوو. ئەوێ ڕۆژێ ، پۆلێ مرۆڤی خۆنەویست ، شانیان دایەبەری و رێگەیی روبەڕوبونەوە و مرگی سوریان هەڵبژارد. کۆمەڵێك لاو بریاریاندا تا دوا هەناسە چۆك دانەدەن و هەربە پێوە بژین و بمرن!
کۆمەلێك خەلك بەرژەوەندی تاکەکەسی و تەماح و تالان بەرچاوی نەگرتن ، تاریکی و سەختی سەردەمەکە ورە و ئیرادەی نەڕوخانن ، دڕندایەتی بەعس و دەزگا سەرکوت گەرەکانی چۆکی پێدانەدان . ئەوان لە شار و لە شاخ هەموو ڕۆژێك ژوانیان لەگەڵ گولە و پەتی سێدارە و مەرگدا گرێدابوو، کەچی زۆر جار ، مەرگ بێوەفا و پەیمان شکێن بوو نەدەهاتە جێ ژوان!
لە شاخەکانی هەورامان و لە پێدەشتی شارەزوردا یەکەمین فیشەك وبروسکەی شۆرش ، یەکەمین هەلمەتی تێکۆشان و بانگەوازی راپەرین و بەرەنگاری دەستی پێکرد. ڕۆژانێکی ئەنگوستەچاوبوو ! تاریك تاریك وەك بیری بەعس ! زەمانیەکی دڵڕەق و ئاسۆیی ئەوخەلکە لێڵ و لیخن بوو. نائومێدی و حەسرەتی نسکۆ ، ئاسۆی دواڕۆژی خەباتی ئەو خەلکەی تاریك کردبوو . خەلکی مارانگازبون لە سەرەگوریسی سەر ڕێگاش ڕادەچلەکین! هێندە ترسێنرا و خەفەکراو دەستەمۆکرابون ، لە سێبەری خۆشیان دەسڵەمینەوە . هیمەتێکی گەورەی دەویست لەدڵی خۆشتا بەرەنگاری بەعس و دەزگا سەرکوتگەریەکانی ببیتەوە. وتەیەی باو لەو سەردەمە تاریکەدا ئەوەبوو " ئاگات لە زمانت بێت ، دار و بەردیش گوێچکەی هەیە!"
ئەوێ ڕۆژێ ، خەبات و فیداکاری ، خۆنەویستی و بوێری ، هەلوێست و قوربانی دان ، شۆرشگێری و جوامێری ، مانایی هەبوو ، بە کەم کەسیش دەکرا! تەنیا ئاشقە ڕاستەقینەکانی ئازادی و شکۆیی مرۆڤ و مافەکانی ، دەیان توانی بۆی تێکۆشن و ئامادەشبون باجە قورسەکانی بن!
ئەمەی بۆت باسدەکەم تەنیا بیستوچوار کاتژمێری ئەو ڕۆژانەیە.چیرۆک و بەسەرهاتەکەم لەزاری کاك محمەدی حاجی شەریفی هەڵەبجەوە وەرگرتووە ،کە خۆیی قارەمانێکی داستانەکەیە.
یەکەمین شەوی هاوینی ساڵی ١٩٨١ بوو ، لە باڵانبۆ و شنروێوە دوو پۆڵ رێبواری رێگەی ئازادی ئەم خەڵکە هاتنە خوارێ . نزیك قەبرسانەکانی گولانی خوار بویە جێگەی پێك گەیشتنیان . لەوێ بڕیاردرا مۆلگەی بەعسیەکانی زەمەقی تەمبێ بکرێن . نیوە شەوێکی درەنگ بوو ، هەڵەبجە کش و مات دەتگوت خۆڵی مردوی بەسەردا کراوە ، دەشتی کاکی بەکاکی شارەزور دوای رۆژێکی درێژ و گەرم ، لاشەی ماندوی لەبەردەم تریفەی ئەستێرەکانی رێی کاکێشان و مانگە شەودا هەلخستبوو . لە پرێکدا لەگەڵ قرمەی ئاڕ.بی.جی وەك باران و تەرزەی بەهار گولە داباری بەسەر مۆڵگەی بەعسیەکاندا و بە ماوەیەکی کورت چەند کەسیان بە سزای تاوانەکانیان گەیشتن! لەو نەبەردیەدا یەکێك لە هەڵۆکان بەسەختی برینداربوو . بە پەلە هاورێکانی لە مەیدانی روبەروبونەوەکە دوریان خستەوە . ڕوەو شارەزور بەڕێکەوتن . دەمەو بەیان ، نزیك گوندی بەشارەتی ژوورو ، ڕوبەروی بژارێکی سەخت بونەوە :
_ ڕۆژمان لێبێتەوە دەکەوینە بەر پەلاماری جاش و جەیش و کۆپتەرەکانی و هەمومان تیا دەچین!
_ گەر پێمان بزانن ، شارەزوری ئەمبەر شوێنی شەرکردن نیە و فرسەتی دەرچونمان نامێنێت.
_ ئێوە یەك یەك مەساف وەرگرن بچنە موانەکان من (مامۆستا کەریم) تەرتیب دەکەم و جا دێمە لاتان ، برۆ کاك (تایەری حاجی حەمەسەعید ) بانگ بکە.
_ نا بەیەکەوە دەچین ، دەچم کاك تایەر بانگ دەکەم .
نزیك بەشارەت قەڕام و بیەکی چر هەبوو ، شوێنێکی چەپك بوو ، هەندێك پوش و پەلاشی کۆکردەوە ، لە جیاتی راخەر پانی کردەوە و جامانەکەی بۆ ڕاخست و بە ئەسپایی خستیە سەری . مامۆستا کەریم وەزعی باش نەبوو ، خوێنێکی زۆری لەبەر ڕۆشتبوو.....زۆری نەبرد حەمەتایەر هات و روی کردە کاك حامی خاجی غالی
_ کاك حامی چیبوە ، وەزعی چۆنە؟
_ باش نیە ، بەپەلە بچۆ بۆ هەڵەبجە و هاوڕێیانی رێکخستن ئاگادار بکە و دەبێت هەچۆنێکتان کردوە چارەسەری بکەن و بیگەیەننەوە لامان .
_ بەسەرچاو خەمت نەبێت ، ئێوە بڕۆن پێش ئەوەی ڕوناککاتەوە هەولبدەی لە جادە بپەرنەوە .
_ پشت بە تۆ و هاوڕێیان جێی دێڵین .
_ خەمت نەبێت.
کە ئەوان ڕۆشتن حەمەتایەر بەجێبەکەی بە پەلە و هەڵەداوان خۆیی گەیاندە هەڵەبجە . بەکۆڵانە باریکەکانی جولەکاندا خۆیی گەیاندە ماڵی محەمەدی حاجی شەریف ،کاکە محەمەد جگە لەوەی هاورێیەکی رێکخستن بوو هاوکات زاوای مامۆستا کەیمیش بوو. هێشتا خۆر لە دەم کەڵی شاخەکانی هەورامانەوە هەڵنەهاتبوو تەقەیدا لە دەرگا ، حوریەی خوشکی مامۆستا کەریم درگاکەی کردەوە :
_ فەرموو کاك حەمە تایەر یاخوا بەخێربێت ، ئەوە لە کوێوە بەم بەیانیە زووە؟!
_ زۆر سوپاس ، پەلەمە دەبێت بگەرێمەوە بۆ ئاوایی ، کارێکم بە کاکە محەمەد هەیە .
محەمەد زوو تێگەشت و لەگەڵی وەرێکەوت ، لە کۆلانەکانی جولەکاندا بە چەند ڕستەی کورت روداوەکەی بۆ باسکردو هەواڵی بریندابونی مامۆستا کەریم و جێگەکەی پێ گوت.
_ حەمە تاریەر گیان تۆ بەپەلە بڕۆرەوە ئەوێ و ئاگات لێیبێت ، من برادەران ئاگادار دەکەمەوە و دێن بە هانایەوە.
_ باشە پەلەبکەن و ئاگاداری خۆتان بن.....
محەمەدی حاجی شەریف بەپەلە روەو ماڵی کاك کەمالی مام شەریف وەڕێکەوت ، کاك کەمال هەم هاورێیەکی چالاکی رێکخستن بوو ، هاوکات لادایەکیشی هەبوو کاسپی پێوە دەکرد. دوای ئەوەی لەماڵ دەرچون پوختەی ڕوداوەکەی بۆ باسکرد و پێی وت :
_ برۆ بۆماڵی پورە فاتم با دکتۆر کاوە ببەین لەگەڵ خۆمان
لەبەردەم ماڵی پورە فاتمدا حەمە دابەزی و تەقەی دالە درگا ، پورەفاتم درگای کردەوە
_ بەخێربێت ،خێرە حەمە گیان بەم بەیانیە زووە
_ دەستت ماچ دەکەم دایەکیان ، لەگەڵ کەمالا هاتوین کاوەش بەرین بۆ دوکانی تۆفیقی حاجی برایم ، بەیەکەوە نانی بەیانی بخۆین ، جگەر و گۆشتێکی نایابی هەیە.
_ دەی وەرە ژورەوە کاوە هێشتا لە خەو هەلنەستاوە .
هەرچی چۆنێت بوو بە تیلەی چاو کاوەی تێگەیاند پەلە بکات و بچنە دەرەوە . کاوەی جوانەمەرگ هاورێیەکی دلسۆزی رێکخستن و کورێکی بوێر و تێکۆشەربوو، ناوە نهێنیەکەی " زمکان " بوو . کارەکەی کاوە زۆر مەترسیداربوو ، پێشتر چەندین کاری لەو جۆرەی سەرکەوتوانە ڕاپەراندبوو. لەنێو لاداکەدا تەواوی روداوەکەی بۆ باسکرد ... کاوە هەناسەیەکی قوڵی هەلکێشا و بە سکی برسی جگەرەیەکی داگیرسان و مژێکی قوڵی لێدا و ئینجا وتی :
پێویستمان بە کەرەستەی چارەسەری سەرەتایی هەیە وەك (لەفاف ، باندج ، لۆکە ، دیتۆڵ ، ئیسپرتۆ ، دەرزی کزاز ، دەرزی ئازار و سلایتی خوێن . دەبێت چاوەڕێ بکەین تا دەوامی خەستەخانە دەکرێتەوە ، من دەڕۆم ئامادەیان دەکەم ، ئێوە وەرنە نزیک خەستەخانە و چاوەڕێم بکەن.
کاتژمێر ٨:٣٠ کاوە بەخۆیو جانتایەکەوە هاتەوە لامان و هەموو پێداویستیەکانی ئامادەکردبوو. بەدەم ڕۆشتنەوە وتی:
_ لەوانەیە پێویستیمان بە خوێن هەبێت.
هەر لەسەر ڕێگاکەمان چوین بۆ لای (کاك عیسا حەمەکەریمی چاچی و کاك نامیقی حاجی مستەفا) پێم وتن :
_ روداوێك بووە و دوور مەکەونەوە ، لە دەوری قەیسەری و گەراجی حامدبەگ چاوەڕێمان کەن ، گەر پێویستمان بە خوێن بوو دێمەوە بەشوێنتاندا.
_ چی بوە ؟! با ئێمەش بێین .
کاوە وتی :
جارێك پێویست ناکات ، با قەرەبالغ نەبین ، لەوێ چاوەرێ بکەن.
ڕووەو شارەزور بەرێکەوتین ، لە دەرەوەی ئاوایی حەمە تایەر چاوەڕێمان بوو ، بەدەست ئاماژەی بۆ شوێنەکە کردوو خۆیشی دوامان کەوت.
کەمێك ڕۆیشتین و ئوتومبێلەکەمان لە قەراغی ڕێگەکەدا ڕاگرت .
چەند هەنگاو چوینە نێو تووترك و قامیشەڵانەکە ، مامۆستا کەریم لەسەر گازەرەی پشت ڕاکشابوو ، خوێنێکی زۆری لەبەر ڕۆشتبوو ، قاچێکی شکابوو ، زۆر هیلاك دیاربوو ، سەروسیمای خەلتانی خوێن بوو. لەتاو ئازار هێندە دەستی خوێناوی هێنابو بەسەر و دەموچاویا روخساری سور بوبوو، خوێنەکە بە دەموچاویەوە وشک بوبویەوە . کاوە بە پەلە بە ئاو ئیسپرتۆ دەموچاوی پاکردەوە ، دەورو پشتی برینەکەی بە ئیسپرتۆ و دیتۆڵ خاوێنکردەوە و بە لەفاف و لۆکەو باندج بۆیی پێچایەوە . دەرزی ئازار و کزازی بۆ کرد ، هەرچەندە خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتوو ، بەلام کاوە وتی جارێ پێویستی بە خوێن نیە ، بەلام با لەشوێنێکی تەخت ترا جێگەی بۆ تەرتیب بکەین . لەو نزیکە ، لەشوێنێکی چرتردا جێگەیەکی تەختیان بۆ ئامادەکرد ، حەمە تایەر شەرواڵێکی بۆ هێنا و جلەکانیان بۆ گۆری .
_ حەمەتایەر ئێمە دەبێت بڕۆینەوە ، کاوە دەبەینەوە بۆ هەلەبجە و خۆشمان دەچینە لای هێزی پێشمەرگە تا بزانین بڕیاریان چیە ، تۆ بە وردی لە دورەوە چاودێری بکە تا بزانین چی لێبکەین.
_ بەسەرچاو خەمتان نەبێت.
روە هەڵەبجە بەڕێکەوتینەوە ، کاوەمان گەیاندەوە و ئینجا نانی بەیانیمان خوارد . دیسان لەگەڵ کەماڵ ڕووە و شارەزوری ئەو بەر بەڕێکەوتین ، لە موانەکان و لەدێی سواری گەیشتین بە کاك حامیدی حاجی غالی و جەلاڵ کولکنی و هەڤالانیان ، پاش بەخێرهاتن کاك حامی بانگی کردمە ئەو لای و بە گەرمی هەواڵی مامۆستا کەریمی پرسی. چیمان کردبوو هەمویم بۆ گێرایەوە ، گەلێك خۆشحالبوو سوپاسی کردین . لێم پرسی چی لێدەکەن؟
_ هەوڵدەدەین هەر ئەم شەو بە تراکتۆر بیپەرێنینەوە ئەم بەر و روەو بەرخ و بێوەك لەوێشەوە دەیبەین بۆ پارێزان .
ئەوکات لە پاڕێزان بارەگایەکی گەورەی هێزی پێشمەرگە و خەستەخانەیەکی مام ناوەندی لێبوو کە دکتۆر قادری حاجی حەمەشەریف داینابوو.
هەر ئەو شەوە هەڤاڵان هاتبونەوە ئەمبەر و لەگەڵ خۆیان بردبویان و گەیاندبویانە خەستەخانەکەی پاڕێزان ، لەوێ جارێکی تر تەداویان بۆ کردبوو ، خوێنیان تێکردبوو ، پاشان رەوانەی نەخۆشخانەکەی سەرکردایەتیان کردبوو.
ڕۆژی دواتر کە دڵنیابوم مامۆستا کەریم بەسەلامەتی دەربازکراوە ، ئێوارەکەی چوم بۆ دوکانی حاجی شێخ عەلی باوکی و ڕوداوەکەم لە نوکەوە بۆ گێرایەوە. بەچاوی ناباوەڕەوە سوێندی دام کە کەریم ماوە یان نا؟!
پاش ئەوەی دڵنیام کردەوە کە لە خەم ڕەخسیوە و تەنیا قاچێکی شکاوە ، شێخ عەلی ماتەمیەکی سەیر دایگرت کە پێشتر بەو جۆرە نەم دیبوو ، ڕوی کرد بەو دیودا بۆ ئەوەی فرمێسکەکانی نەبینم ، بە دەگێکی ئارام و قورگێکی پر لە حەسرەت و گریاناویەوە پرسی:
_ ئێستە چی بکەین؟
_ ناهێڵین خزم و کەسوکار بزانن ، بەیانی زوو بەناوی سەردانەوە دەڕۆین بۆ لای مامۆستا بۆ شارباژێر لە دێی پارێزانە.
بانگی شێوان چوم بۆ ماڵی کاك محمدی حاجی قادر ، جێبێکی لاندلۆڤەری هەبوو . کوڕێکی چالاك و دلسۆزبوو ، پێم وت:
_ بە نیازین سبەینێ بچین بۆ شارباژێر ، دەتوانی بمانبەیت؟!
_ بەسەرچاو خۆتان ئامادەکەن بەیانی زوو دەڕۆین.
هەر ئەو شەوە هەموشتێکمان ئامادەکرد ، جل و بەرگ ، خواردن و میوە و پێداویستیەکان ... بەیانی زوو هێشتا تیشکی خۆر لەدەم کەلی شنروێوە سەری دەرنەهێنابوو ، لەگەڵ حوریە ، مامە حەمە ، هەڵاڵە خان و پورە شەمسە (دایکی هاوڕێی گیان بەختکردوو حەمە تۆفیق) بەڕێکەوتن .....
پێش نانی نیوەرۆ گەیشتینە دێی پاڕێزان ، کە دابەزین دکتۆر قادر و پۆلێ پێشمەرگەی هەڵەبجە و هەورامان هاتن بەدەمانەوە . دکتۆر قادر لەوێ ژورو هەیوانێکی خنجیلانەی بۆ خۆیی دروست کردبوو ، مامۆستا کەریمی بردبوە لای خۆیی . لەوێ حوڕیە کەمامۆستا کەریمی بەو شێوەیە بینی و زانی بریندارە ، بە توندی لە ئامێزی گرت و ماچ و فرمێست و حەسرەت تێکەڵ بوو....
دەزانم کاروانی تێکۆشانی گشت میللەتان پڕە لە فیداکاری و قوربانی دان ، بەڵام پێم وانیە کاروانی خەبات و قوربانی دانی هیچ میللەتێك هێندەی ئەوەی ئێمە تولانی وسەخت و خوێناوی بوبێت!
من دەزانم هاورێ دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی کاوەی جوانە مەرگ و هەزاران تێکۆشەر و سەربازی ونی ئەم شۆڕشە، لە ئاستی فیداکاری و قوربانیدانەکەی ئەوانا نەبون . دەزانم لە زۆر بواردا وەفادار نەبون بەخوێنی ئەو ئازیزانەی لەم کاروانەدا ژیانی خۆیان بەخشیە شکۆمەندی ئەم خەلکە! بەلام رێزگرتن لە خەبات و ماندوبونی کەسانێك کە لەوسەردەمە تاریکەدا مەشخەڵی خەباتیان هەلکرد . کەسانێك لەخۆبوردوانە و ماندونەناسانە شیریترین ڕۆژگارەکانی تەمەنی لاویان فیدای ئازادی و خۆشبەختی و داهاتوی ئەم خەلکو کۆمەلگایە کرد ، ئەرکێکی ئەخلاقیە. تێکۆشەرانی ئەم کاروانە خوێناویە ، مولکی حزبێك ، ئایدیۆلۆژیا و بزوتنەوەیەك نین .ئەوان پرشنگدارتین لاپەرەکانی دیرۆکی ئێمەیان نەخشاندووە. ئەوانە مولکی هەمومان و مایەی سەروەری و شکۆیی مرۆڤایەتی ئازادی خوازن . رەنج و خەبات و ماندوبونی ئەوان ، لە پێناو ئازادی و دادوەری کۆمەڵایەتیدا بوو. لە پێناو دامەزراندی کۆمەلگایەکی بێ چین و چەوسانە کە بەختەوەری تاکەکانی مەرجی بەختەوەری گشتیبێت . خەباتی ئەوان لە پێناو رێزگرتن لە مرۆڤ و شکۆ و مافەکانی بوو. بۆیە بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی دەولەمەندیان ،بە پرکردنەوەی کەم و کوڕیەکانیان ، نەوەکانی سبەینێمان دەتوانن ،ڕێگاکەیان درێژە پێبدەن و کاروانی شۆرشی و تێکۆشانی ئەم خەلکە بە دوا مەنزڵ بگەیەنن .....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە