بەیاننامەى ڕێكخراوى شارەوانیەكان بۆ ئاشتى-ئۆفیسى هەڵەبجە.

Friday, 08/05/2009, 12:00

1643 بینراوە


رێکخراو بەیاننامەى ڕێكخراوى شارەوانیەكان بۆ ئاشتى-ئۆفیسى هەڵەبجە. سەبارەت بە بڵاونەكردنەوەى دانپیانانى تاوانبارانى بەكارهێنانى چەكى كیمیاوى لە كەناڵى العراقیە
جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان و كەس و كارى قوربانیانى كیمیاباران
سڵاوێكى گەرم
هەروەك ئاگادارن لە ئێستادا پرۆسەى دادگایى كردنى تۆمەتبارانى كەیسى هەڵەبجە لە دادگاى تاوانەكانى عێراق بەڕێوە دەچێت كە ئەمەش دەستكەوتێكى گرنگە بۆ گەلەكەمان و كەس و كارى قوربانیانى كیمیاباران كە چەند ساڵێك بوو ئەم كەیسە پشتگوێ خرابوو.
بەڕێزان ئەوەى كە لەم ماوەیەدا ڕوى دا و یەكێك بوو لە قۆناغە گرنگەكانى ئەم دادگایى كردنە بریتى بوو لە دان پیانانى هەردوو تۆمەتبار (ێابر عبدالعزیز دورى و فەرحان جبوورى) بە بەكار هێنانى چەكى كیمیاوى دژ بە شارى هەڵەبجە.بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانیە لامان پەخش نەكردنى ئەم دانپیانانەبوو لە لایەن كەناڵى العراقیەوە , كە ئەمەش دوو دڵیەك لامان دروست دەكات سەبارەت بە تێڕوانینى ئەم كەناڵە بۆ كیمیاباران كردنى هەڵەبجە و نەهامەتیەكانى گەلى كورد.
ئەم كەناڵە ئەگەر خۆى بە كەناڵى هەموو گەلانى عێراقى نوێ دەزانێت دەبوایە بە پەرۆشەوە دان پیانانى ئەم دوو تاوانبارەى بخستایەتە ڕوو تا زیاتر میدیا و ڕاى گشتى نێودەوڵەتى سەبارەت بە دڕندەیى ڕژێمى پێشوو ئاشنا ببونایە.
. بۆ یە لاى خۆمانەوە نیگەرانین بە ئەو هەڵویستەى كەناڵى العراقیە و داواكارین لە لایەنى پەیوەندیدار بە دواداچونى هەبێت بۆ ئەم جۆرە كەم تەرخەمیانەو لە سەر كەناڵەكەش پێویستە پۆزش بۆ كەس و كارى قوربانیان بهێنێتەوە.
بیرى هەموو لایەكى دەخەینەوە كە ئامانجى ڕیكخراوى شارەوانیەكانى جیهان بۆ ئاشتى ڕیگرتنە لە بەكار هێنانى چەكى كۆكوژ و هەوڵدانە بۆ بنبڕ كردنى ئەو جۆرە چەكانە و دادگایى كردنى ئەو كەسانەى بەرپرسن لە بەكارهێنانیان . لە پێناو دوبارەنەبوونەوەى كارەساتەكانى هێرۆشیما و ناكازاكى و هەڵەبجە.لە هەر شوێنێكى دیكەى دونیا
لەگەڵ ڕێزدا
ڕێكخراوى شارەوانیەكانى جیهان بۆ ئاشتى ئۆفیسى هەڵەبجەى شەهید
9-5-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە