شەو باش چاو ڕەش گیان بەیانى نایەیت بچین بۆ ئەزمڕ....؟

Tuesday, 19/05/2009, 12:00

2862 بینراوە


شەوێكیان كورتە نامەیەك(مەسیج) بۆ مۆبایلى هاورێكەم دەچێت، هاورێكەشم كە دەیخوێنێتەوە ئەمەى تێدا نووسرا بوو
(شەو باش چاو ڕەش گیان بەیانى نایەیت بچین بۆ ئەزمڕ..؟) هاورێكەشم هەر بە كورتە نامەیەك وەڵامى دەداتەوەو دەڵێت: ببورە لەوە ناچێت كاتم هەبێت.
كەچى ئەو بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنى كورتە نامە و ئەم جارەیان دەنووسێت: (نا... نا.. چاو رەش گیان تكات لێدەكەم دەبێت بەیانى هەر بچین، چونكە لەبەر تۆ دووكانەكەم ناكەمەوە).
ئیتر نامە لەم و نامە لەو، تا هاورێكەم پێى دەڵێت: (وەلڵا وەحدەم پێنەماوە دەكرێت هەر بەكورتەنامەیەك كارتێكم بۆ بنێریت؟)
دواى 15 خولەك هاورێكەم لە هەمان كەس و هەمان ژمارەوە كورتە نامەیەكى بۆ دێت كە سەیرى دەكات ئەمەى تێدا نووسرابوو(ببورە چاو رەش گیان دوا كەوتم چونكە چومە دەرەوەى ماڵ تا ئەم كارتە(20$)ی یەم بۆت كڕی، ئەمەش ژمارەى كارتەكەیە تۆش هەر ئێستا داخڵى مۆبایلەكەتى بكە..)
ئیتر هاورێكەم وەك ئەوەى هەنگى لە داراندا دۆزیبێتەوە ئەو ژمارەیەى كە بە كورتە نامەكە بۆى هاتبوو داخلى مۆبایلەكەى دەكات و دەم و دەست (23$) لە باڵانسەكەى زیاد دەكات، بۆیە كورتە نامەیەكى بۆ دەنێرێت و كە ئەمەى تێدا نووسى بوو،(سوپاسى ئەو دیاریە بە نرخەت دەكەم كە بۆت ناردم، بەڵام برا گیان بەخوا من ئەو كەسە نیم كە تۆ مەبەستتە، من چاورەش گیان نیم چونكە چاوەكانم قاوەیی كاڵن، پاشان كەڵە شێریشم واتە(كوڕم).
كەچى ئەوكەسە واز ناهێنێت و بەردەوام دەبێت لەسەر مەسیج ناردن و دەڵێت (وەلڵا كەڵەشێریش بیت هەر خۆشم دەوێیت، دەبێت بەیانى بچین بۆ ئەزمڕ) بەڵام هاورێكەم تێى دەگەیەنێت كە بەراستى كوڕەو ئەو كەسە نییە كە تۆ مەبەستتە،دەكرێت جوانتر لەو ژمارەیە وردبیتەوە، رەنگە بە هەڵە بۆ منت ناردبێت.
زۆرى پێناچێت كورتە نامەیەك لە هەمان ژمارەوە دێت بۆ هاورێكەم و لێى نووسرا بوو(زۆر داواى لێبوردنت لێدەكەم، راستیەكەى بە هەڵە ئەو ژمارەیەى تۆم بەكار هێنابوو، دەبوو بمناردایە بۆ ئەم ژمارەیە) هاورێكەم كەسەیرى ئەو ژمارەیە دەكات تەنها یەك ژمارەى لەگەڵ ئەوەى خۆیدا جیاوازە، تێدەگات ئەو فەقیر و داماوە بە هەڵە ژمارەیەكى پاشە و پێش كردووە.
بۆ بەیانییەكەى هاورێكەم تەلەفۆن بۆ ژمارەى چاو ڕەش گیان دەكات و پیرە ژنێك وەڵام دەداتەوە، بۆیە هاورێكەشم مەسەلەكە لە پیرە ژنەكە دەگەیەنێت، پیرە ژنیش بە پێكەنین و نازى كچانەوە دەڵێت: بەخوا من نەك هەر چاوم ڕەش نییە، بگرە وا چومەتە تەمەنیشەوەو چاوەكانم رۆژ بە رۆژ رۆشنایى لە دەست دەدەن.
دواى ئەمە هاورێكەم تەلەفۆن بۆ ئەو كەسە دەكات كە سەرەتا بە كورتە نامە نووسیبوى(چاوڕەش گیان بەیانى نایەیت بچین بۆ ئەزمڕ؟) لێى پرسى بوو ئاخۆ لەگەڵ چاورەش گیاندا نەچوى بۆ ئەزمڕ...؟
ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: لەدوێنێ شەوەوە پێنج كورتە نامە(مەسیج)م بۆ ناردووە، كەچى تا ئەم ساتەش هیچ وەڵامێكى نییە.
هاورێكەم پێى دەڵێت: برا گیان ئەو كەسەى تۆ نیازتە لەگەڵیدا بچیت بۆ ئەزمڕ چاو ڕەش گیان نییە ، بەڵكو پیرە ژنێكى ڕەش پۆشەو رەنگە لە تەمەنى نەنكیشتدا بێت.
كوڕە ئاهێك هەڵدەكێشێت و بە پێكەنینێكى شەرم ئامێزەوە دەڵێت:
من گەنجێكى كاسبكارى لە ناو جەرگەى بازاڕدا دووكانێكم هەیە ، چەندین جار كچە شۆخێكى جوانكیلەو چاو ڕەش بە مەبەستى شت كڕین دەهاتە دووكانەكەم،بەردەوام بە نیگا ئەفسوناوییەكەى تەواو مەستى كردبووم، تا دواجار خۆم پێنەگیراو ئارامم لێ هەڵگیرا، بڕیارمدا هەر چۆنێك بێت قسەى لەگەڵدابكەم ئەوە بوو ئەو دەرفەتەم بۆ رەخساو داواى ژمارەى مۆبایلەكەیم لێكرد، ئەویش هیچ لارییەكى نیشان نەداو هەر بەدەم ژمارەكەى پێدام، كەچى لە جیاتى چاو ڕەش گیان ئەو پیرەژنە ڕەش پۆشە دەرچوو.
ئەمەش یەكێك بوو لە فێڵەكانى چاو ڕه‌ش گیان...!

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە