میراودەلی: دۆخێك نی یە ناوی ئاسایی بێت لە کوردستاندا

Tuesday, 17/05/2011, 12:00

1312 بینراوە




قەیرانە سیاسیەکانی ئەمڕۆی کوردستان ناونیشانی ئێوارە کۆڕێکی دکتۆر کەمال میراودەلی بوو بەرواری ١٥/٠٥/٢٠١١ لە دەربەندیخان.

گەرچی دەستەڵات پێی وایە دەنگی خۆپیشاندەران سەرکوت کراوەو بەسەر ئەو قەیرانەدا زاڵ بوون! بەڵام بەبڕوای زۆر لە هاوڵاتیان و کەسایەتیە سیاسیەکان قەیرانەکان بەردەوامی هەیە، لە ئێستەدا زۆرێك دۆخی ئێستەی کوردستان بە ترسناك و نا تەریب ناو دەبەن، زۆرێکی تریش لە چاوەڕوانی تەقینەوەی ئەم دۆخەدان، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی هەردوو حیزبی دەستەڵات بەچەند بەرانبەر ڕێژەی ناڕەزای زیاتری لەناو هاوڵاتیاندا دروست کردووە، هەروەك دەوترێت هەموو ماڵێکی کورد بووەتە سەراتی ئازادی، کوردیش دەڵێ پەتی دەستەڵات لە بەهێزیدا دەپچڕێت.
گەر پرسیار لە گەنجە تازە پێگەشتووەکان بکەیت ئەوانەی دوای بەهاری ١٩٩١ لە دایك بوون بەشێوەیەك وەسفی ئەم دەستەڵاتە دەکەن پڕاوپڕ هەروەك ئەوەی لە سەردەمی بەعسدا بینراوە!.
ڕەنج و هیلاکی و قوربانی دوای ١٧ی شوبات کارێی هەروا سادەو سانا نەبووە بە هێزی گولەو ئاگر سەرکوت بکرێت، دەبوایە دەستەڵات قەزافی و بەشار ئەسەدی چاك لە پێش چاوبوایە، کە هێزەکانیان بەرانبەر هاوڵاتیانیان نەتوانراوە سەرکوتیان بکات تا هەنوکە، لەوانەیە بشپرسرێ دەی ئەوەتا ئێستە هاوڵاتیانی کوردستان بێ دەنگ بوون و دۆخەکە وەك خۆیان دەڵێن ئاساییە! بەڵام لە ڕاستیدا دۆخەکە نەك نا ئاساییە بەڵکو بە تولە ڕێگەیەکی زۆر دژواردا دەڕوات و ئەم بەناو بێدەنگیەی ئێستە دەتوانین بڵێین دوا دەرفەتی هاوڵاتیانە بۆ دەستەڵات، گەربێت و دۆخەکە بەشێوەیەکی عەقڵانی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت... ئەوسا کار لە کار دەترازێت و بوار بۆ عەقڵی دەستەڵات نامێنێتەوە تا بیری لێ بکەنەوە، ئەوساش هەر ئەو ووڵاتانەی کە ئێستە خۆیان بە پشتیوانی دەزانن دوور نی یە ڕێگریان لێ بکەن لە چوونە ناو ووڵاتەکانیانەوە، ئەو سەروەتەش کە چەندەها ساڵە حەپەلوش دەکرێت و بەدوور لە چاوی هاوڵاتیان بۆ بانکەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا بەڕێ دەکرێت یەك لە دوای یەك بلۆك دەکرێن و لە بری مەدالیاکاندا هەڵی دەگرنەوە.
ئەو هێزەشی کە ئێستە بەناو لە پشت دەستەڵاتە هەر ئەو هێزە دەبنە بەرگری کاری ڕاستی میللەت و دێنە پاڵ دەنگی ناڕەزاییان لە دژی هەردوو هێزی دەستەڵات.
دکتۆر کەمال میراودەلی کە بە بڕای زۆرێك کاندیدی براوەی سەرۆکایەتی هەرێم بووە لە هەلبژاردنەکاندا هەر لە پێش خۆپیشاندانەکان لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دواتر بۆ شارو ووڵاتانی تری ئەوروپا دەستی کرد بە زنجیرە کۆڕو سیمینار بۆ هۆشیار کردنەوەی کوردانی تاراوگە لەمەڕ ئەو هەموو نا دادگەریەی کەوا هەردوو حیزبی دەستەڵات بە هاوڵاتیانی دەکەن، ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستەکردنی پێویست بووە لەسەری میراودەلی هەر ئەوەندە نەبووە گەندەلی و گزی و فزیەکانی دەستەڵات دەربخات و خۆی لە ڕێگە چارەکان ببورێنێت، بەڵکو بەشێوەیەکی عەقڵانی ڕێگەچارەی دەخستە ڕوو، هەر کە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد هەرچەند میراودەلی لەو زنجیرە کۆڕانە هێشتا تەواو نەبوو بوو وە بەرنامەی زۆری تریشی لە پێش بوو، بەڵام وەك هەڵوێستێکی کرداری کە زۆرینە بەردەوام ئەوە دەخوازن میراودەلی وازی لە گشت کارەکان هێناو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە گەشتەوە کوردستان و چاو نەترسانە شان بەشانی خۆپیشاندەران بووە بە بەردەوامی، ئەوەی لە توانای بووە درێغی نەکردووەو زۆربەی شارەکانی کوردستانی بەسەر کردووەتەوەو ووتارو هەڵوێستی خۆی بۆ خۆ پیشاندەران و دژی گەندەڵی و نا دادگەری پرۆژەی هەبووە، هەرچەند زۆرجار وویستراوە دەنگی میراودەلی کپ بکرێت و نیشان نەدرێت و بشاردرێتەوە بەڵام میراودەلی بەبێ هیچ گوێدانێکە ئەو هەوڵانە وەك ئەرکێکی مرۆی خۆی بەردەوام بووە.
تەنها ئەم کۆڕەش خۆی بۆخۆی گەواهیەکە لەسەر ئەو ڕاستیە کە دوای سەرکوت کردنی دەنگی حەقی خۆپیشاندەران بە بوێریەوە دەڵێ ئەوە منم و بێ دەنگ نەبووم و نابم لە بەرانبەر گەندەڵی و نا دادگەریتان.
میراودەلی چەند خاڵێك هەیە بەردەوام وەك ڕێگە چارە دەیان خاتە ڕوو وە ناوی لێناون (٦ دال)ەکە ئەوانیش بریتین لە:
١-دەستوور.
٢-دادگای دەستووری سەربەخۆ.
٣-دیموکراسی.
٤-دادپەروەری.
٥-دایەلۆگ.
٦-دەزگای کردن.
شایەنی باسە میراودەلی بە کوتی و بە ڕوونی ناوەرۆك و شیکردنەوەی لەسەر ئەو شەش خاڵەی کە باسکران دا، چەندەها نموونەی زیندووی بۆ بەرچاو ڕوونی لە ووتەکانیدا دەستنیشانی دەکردن.
بەڕوونی ئەوەش لە ووتەکانیدا بەدەر دەکەوت کەوا ئەم دەستەڵاتە شاریشی وەك شاخ لێکردووەو توانای بەڕێوەبەردن و بە سیستم کردنی ووڵاتیان نی یە، هەربۆیە دەبینین لە شاریشدا وەك شاخ مامەڵە دەکەن و بەردەوام لە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی گشت لایەنەکان و پێداویستیەکانی مرۆڤدان، هەتا تیپێکی یارای ئاسایی لێ ناگەڕێن سەربەخۆ بن گەربێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا نەبێت!!!.
جێگەی بەبیرهێنانەوەیە دکتۆر کەمال میراودەلی گرنگی بە بە کۆڕو کۆبوونەوەو گوێگرتن لەیەکتری دەداو ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دایەلۆگ هەمە لایەنە بێت، بەڵام دەستەڵات نەك ئەو دەرفەتە ناکاتەوە بەڵکو لەباری دەبات.
جێگەی خۆیەتی بووترێت لە هەمان کۆڕدا میراودەلی کۆمەڵە چەمکێکی گرنگی خستەڕوو بۆ ئامادەبوان و ئامادەبوانیش بە بێدەنگیەوە گوێیان بۆ ووتەکانی دەگرت و بە کۆڕێکی زانستی و سەرکەوتوو وەسفکرا.
ڕووداوەکانی دوای ١٧ی شوبات و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزای خۆپیشاندەران بە ووردی جەختی خراوەسەرو بە جۆرێتی و چۆنیەتی حوکمڕانی بیست ساڵی ڕابردووەوە گرێ درا.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستەکردنی جدی بوو لەسەری و زۆرێك لە هاوڵاتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە بە کۆیلە کردنی هاوڵاتیانە لەلایەن دەستەڵاتەوە لە ڕێگەی موچەوە، کە دەبێت هاوڵاتیان ئاستی ڕۆشنبیریان زۆر لەوە زیاتر بێت کە بتوانرێت بەهۆی موچەوە کپ بکرێت، هەروەك گرنگیشە ببێتە هۆکارێك بۆ تووڕەبوون بوونی زیاتریان دژی ئەو دەستەڵاتەی کەوا بە موچە کۆیلەیان دەکات، هەر لە هەمان چوارچێوەو بیرکردنەوەدا دەستەڵات تەنها بە هاوڵاتیانەوە نەوەستاوە بەڵکو هەوڵی بە کۆیلە کردنی هەرسێ حیزبی ئۆپۆزیسۆنیش دەدات لە ڕێگەی بودجەوە، وەك ئاشکرایە لە ئێستەدا بودجەی هەر سێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن بڕدراوە، میراودەلی زوو زوو لە ووتەکانیدا دەگەڕایەوە بۆ دالی یەکەم و گرنگی دان بە دەستوور، کە ئەگەر بێت و دەستوور هەبێت ناتوانرێت مادە بەکار بهێنرێت بۆ بەکۆیلە کردنی هاوڵاتی و حیزب و وەك چەك و بۆ کۆنترۆڵ کردن بەکار بهێنرێت، ئەگەر دەستوور هەبێت دوو حیزبی دەستەڵات ناتوانێت تۆتالیریزمی ڕەهای هەبێت و بە ئارەزووی خۆی ئەرزو گەز بپێوێت، یان کوردستان یان نەمان و نەمان بۆ هاوڵاتیان و کوردستان بۆ دەستەڵات بێت وەك میراودەلی ئاماژەی پێکرد.
هەر لە هەمان کۆڕوو درێژەی باسەکەدا میراودەلی ڕەخنەشی لە ئەندام پەرلەمانەکان گرت و بە نوێنەری حیزبی وەسف کردن وەك ئەوەی نوێنەری ڕاستی خەڵکی بن و ئەوەشی ووت کە شەڕی حیزبی دەکەن.
کۆڕەکە بەشێوەیەکی هێمنی کۆتای پێهات و دەرفەتی تەواو بە ئامادەبوان درا بە ئازادی و بەبێ هیچ سانسۆرێك پرسیاری خۆیان بکەن، لە وەڵامی پرسیارێکی ئێمەدا کە ئایا ئەو دۆخەی ئێستە بە ئاسایی لەلایەن میدیاکانی سەربەدەستەڵاتەوە وەسف دەکرێت تا چەند ئاساییە؟ لە کاتێکدا بە هێزی ئاگرو ئاسن خۆپیشاندەران بڵاوەی پێکراوە، میراودەلی ووتی دۆخێك نی یە ناوی ئاسایی بێت لە کوردستاندا نەك هەر لە ئێستەدا بەڵکو لە دوای بەهاری ١٩٩١ەوە تا ئێستە، لە وەڵامی پرسیارێکی تردا کە لە هەمان کاتی کۆڕی میراودەلی کۆڕێكی مەلا بەختیاریش هەبووە لە دەربەندیخاندا میراودەلی بە ڕێکەوتی ناوبرد، بەڵام ئەگەری بەرنامەداڕێژانیشی هەبووە، وەك لە کۆڕەکانی بەریتانیادا یەکیەتیەکان لەسەرەوە ئەمریان بۆ دەهات کەوا بەژداری لە کۆڕەکانی دکتۆر کەمال میراودەلیدا نەکەن، لە وەڵامی پرسیارێکیشمان لە کەسانی دەرەوە کە بۆ بەژداری ئەو کۆڕەیان نەکردووە بە ڕاشکاوی دەیانووت لە ترسی بڕنی موچە، ئەمەش ڕاستێتی ووتەکانی میراودەلی دەردەخات لەسەر کۆیلایەتی موچە.
جێگەی ئاماژە پێکردن و بەبیرهێنانەوەیە کە ئەمە بۆ جاری دووهەمە دکتۆر کەمال میراودەلی ڕێگری لێ دەکرێت لە دەربەندیخاندا کە کۆڕ لە هۆڵی ڕۆشنبیری ببەستێت وبیانوی جۆراو جۆرو نابەجێی بۆ دەگیرێت، هەربۆیە کۆڕەکەی ئەمڕۆ لە هۆڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەستراو میراودەلیش سوپاسی هەڵوێستی کردن.
گەرچی میراودەلی هیچ پۆستێکی حکوومی نی یە، بەڵام زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکات و جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانە، ئەویش لە ڕێگەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، سەردانی بریندارەکان و یارمەتی دانیان، هەڵوێست و ئامادەبوونی جێگەی جیا جیاکان، هەروەها لە ڕێگەی هۆشیاری کردنەوە بە کۆڕو سیمینارو نووسینە بە پێزەکانیان.

www.omarali.co.uk
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە