تەندروستیى ڕانیە و جاشایەتى كۆن

Wednesday, 07/09/2011, 12:00

1443 بینراوە


ساڵانى ڕابردوو مەبەستم پێش ئەوەى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 , ئەو كاتەى گەندەڵچى و دزو پیاوكوژەكانى ئێستا و پێشمەگەكانى ئەوسا لە شاخ بوون و كوردستان لە ژێر دەسەڵاتى ڕژێمى گۆڕكراوى بەعس دا بوو , لە (شمال حبیب) واتە هەرێمى كوردستانى ئێستا , ڕژێمى بەعس دەیان فەوج و فەوجە خەفیفە و موستەشارى دروست كردبوو , ئیشى ئەو فەوج و موستەشار و فەوجە خەفیفانە ڕاوەدوونانى پێشمەرگە و ڕێنیشاندانى سوپاى عێراق و زۆر جار بەشدارى كردن و هاوكارى كردنیان بوو لە شەڕى پێشمەرگە و جەنگى ئێران عێراقى ساڵى (1980 _ 1988) , جا مەبەستى من لێرەدا شتێكە ئەو كەسانەى خۆیان ناونووس دەكرد لەو جۆرە فەوجانەدا مووچەیان 80 دینارى چاپى سویسرى ئەو كات بوو پێیان دەوتن (جاش) , ئەو جاشانە لە مانگێكدا 10 شەو و ڕۆژ دەوامیان دەكرد , دەوامەكەشیان پاراستنى ئەو ڕەبیانە بوو كە حكومەتى عێراقى دروستى كردبوون لە نزیك گوند و لە سەر گردوو شاخەكان، بەڵام زۆربەى جاشەكان لە پاڵ جاشایەتى كار و كاسپى تریان دەكر بۆیە زۆر جار نەیان دەتوانى دەوامى جاشایەتى بكەن و ناچار دەوامەكەیان بە كرێ دەدا بە جاشێكى تر كە كارو كاسپى ترى نەدەكرد یان لەگەڵ مەسئول فەوجەكە ڕێك دەكەوت و نیوە مەعاش بۆ ئەو نیوەش بۆ ئەو بەڵام بەو كەسانەى لەگەڵ مەسئول فەوج ه‌که‌ ڕێك دەكەوت بە نیوە مەعاش دەیان ووت (بن دیوار).
ئێستا لە زۆربەى نەخۆشخانەكانى سنورى بەرێوەبەرێتى ڕانیە هەمان شت دەگوزەرێ واتە جاشایەتى ئەگەر جاران لە شاخ بوو ئێستا كەوتۆتە ناو نەخۆشخانەكانى سنورى بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە , هەڵبەت ئەو بابەتە بەرێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرى نەخۆشخانە و كارگێریەكان ئاگادارن پێى بەڵام لەبەر ئەوەى نیوە مووچەى ئەو كەسانەى دەوام ناكەن بۆ ئەوانە بۆیە تا ئێستا ئەو شێوازە نەك هەر پەیڕەو دەكرێ بەڵكو ڕۆژانە برەوى پێ دەدرێ , بە نمونە لە نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵ بوون ئەو شێوازى دەوام كردنە بە ئاشكرا هەیە , هەندێ جاش (لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێزم بۆ ئەو پزیشك و كارمەندانە، که‌ دڵسۆزانە و بەوپەڕى هەست كردن بە بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و ئینسانى كارى خۆیان دەكەن) دەوامەكانیان بە كرێ دەدەن و لە برى ئەوە بڕێك پارە دەدەن بەو كەسانەى دەوامیان لە شوێن دەكات , هەندێ (بن دیوار) مووچەكانیان لەگەڵ كاكى لێپرسراوى كارگێرى كە دەڵێن ڕۆڵى جێگرى بەڕێوەبەرى هەیە دەكەن بە نیوە و مەسەلەكە خشەى لێ نایەت و وەك شەریك و برا بەش كورد گوتى (مەسەلەكە دیزە بە دەرخوونە دەكەن) , ئاخر پیشەى پزیشكى پیشەیەكى ئەخلاقى و ئینسانى و ویژدانییە چۆن دەكرێ وەك جاشایەتى كۆن مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ , بەڵام دەوترێ كە كاكى جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵ بوون لە ڕانیە خۆى دەست لە پشت دراوى بەڕێوەبەرى گشتى یە و خۆمان ووتەنى پشت قایمە بۆیە گوێ بە ئەم و ئەو نادات .ئەوەم تەنها بۆ نمووونە هێنایەوە ئەگینا لە نەخۆشخانەكانى تریش باشتر ناگوزەرێ , ئەوەى لێرەدا زەرەرمەندى یەكەم دەبێت هاووڵاتیان و كەسى نەخۆشە , چونكە ئەگەر كەسێك ڕۆژانە 6_ 8 كاتژمێر دەوامى كرد پێویستى بە پشوو دەبێت تاكو دواى پشوودانەكە بە تین و توانا و سەلیقەیەكى نوێووە جارێكى تر بێتەوە سەر كارەكەى , بەڵام ئەو كەسانەى دەوام بەكرێ وەردەگرن لە كەسێكى تر لە ناو نەخۆشخانەكان بەردەوام دەوام دەكەن , سەرەنجام بێتاقەت دەبن و سەلیقەى كاركردن لە دەست دەدەن و ناتوانن وەك پێویست خزمەتى نەخۆش بكەن , بە تایبەتیش لە نەخۆشخانەكاندا كە ڕۆژانە ئەو ستافەى دەوام لە نەخۆشخانەكاندا دەكات ڕووداوى ناخۆش و تراژیدى دەبینێت و پێویستى بە زوو پشوودان هەیە تا كاریگەرى ئەو هیلاكیەى لەسەر لابچێ , بەڵام بە داخەوە ئە و جۆرە كەسانە هەست بە لێپرسراوێتى و پیرۆزى پیشەكەیان ناكەن و تەنها بەرژەوەندى تایبەتى و ماددى خۆیان لە بەرچاو دەگرن .

شكۆ ڕانیەیى
7/9/2011 .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە