تاڵەبانییەکی بەڕەحم

Friday, 11/11/2011, 12:00

1779 بینراوە


زانیارییە نا ڕەسمیەکانی ماڵپەری تەلەفیزوێنی کەناڵی (نالیا) هەواڵی دابینکردنی پێگەیەکی ئارامیان بۆ عائیشەی کچی قەزافی دیکتاتۆر لەلایەن جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بڵاوکردەوە ،، ئەم هەواڵە گەر ڕاستیش نەبێت هەر ڕاستە ، ڕاستە لەبەر ئەوەی:
_ ساڵی ٢٠٠٣ پاش ڕمانی ڕژێمی داگیرکەری بەعسی هاوشێوە بە ڕەفتاریان، تاڵەبانی داوای کرد ساجیدەی خەیروڵای توڵفاحی خێزانی سەدام و کچەکانیان بێنە کوردستان وژیانێکی ئارامیان بۆ دابین دەکات.
_ واژۆنەکردن لەسەر سێدارەدانی جەلادەکانی وەک عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم و هاوڕێکانیان.
_ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ حوسنی موبارەکی بکوژی خۆپیشاندەرەکانی مەیدانی تەحریر لە قاهیرەی گڕگرتوودا.
_ ناردنی نامەی ژێربەژێرو کۆمەکی مادی و مەعنەوی بۆ بەشار ئەسەدی داگیرکەری باشووری بچووکی کوردستان و دڕندەترین جەلادی ئەم سەردەمە.
خوێن ، ئیرادە، نەبەزین سێ لەو دیکتاتۆرانەی (ئیرحەل) پێکرد لە تونس و میسرو لیبیا ، وێنە تۆمارکراوەکانی ڕمانی ئەو دیکتاتۆرانە بە دیمەنێک کۆتاییان هات ، ئەندامە چەپڵەلێدەرو موچەخۆرەکانی تاڵەبانی لە دوا ساتەکانی کۆتایی ئەو سێ دیکتاتۆرەدا یان تەلەفیزیۆنەکانیان کوژاندەوە یان چاویان نووقاند، لە کۆتایی گرتە فلیمەکەشدا بەزەییان بەخۆیاندا دەهاتەوە کە چۆن لە پاش ڕاپەڕینی خەڵک، بەزەییەکی تاڵەبانی دەبێتە نەهامەتیی و ڕەنگە ژێرپردێکیش دادیان نەدات.
لە نموونەکانی سەروەدا تاڵەبانی وا خۆی بەیان دەکات بەبەزەیترین سەرکردە بێت ، گەر چی ئەمە پێچەوانەکەی ڕاستە ، ڕاست نیە لەبەر ئەم هۆیانە:
_ بەدەیان پاکیزەی ئەنفالکراو براون بۆ مەلهاکانی میسر ، کوا بەزەیی و میهرەبانی سکرتێری یەکێتی ، کام لەو دەزگایانەی یەکێتی لە ووڵاتی میسر بەدواچوونیان کرد بۆ دۆزینەوەی شەرەف و کەرامەتی مرۆڤی کورد.
_ دەیان موستەشارو سەرۆک جاشی بەعس کە ئێستا ئەندامی فەخری حیزبەکەی تاڵەبانین ، کیژو ژنانی گوندنشینیان وەک دیاریەک پێشکەش بە ئەفسەرانی بەعس کرد لە کارەساتی ئەنفالدا، بۆ لێیان ناپرسێتەوە؟
دەکرێت سەدان نموونەی بەزەیی هاتنەوەی خۆبەسەرکردەزانەکان لە هەمبەر خێزانی دیکاتۆرە دەمولچ خوێناویەکەن ببینین، ئەمانە ئامادەن بۆ غەیرە کورد یاخوود دژ بەکوورد بە تانکەر فرمێسک و بە بلۆک دۆلار بنێرن بۆیان و ئامادەشن بەکڕنووشەوە پێشوازیان لێبکەن کەچی بۆ هاوزمانەکانی خۆیان دڵ و ویژدانیان لەپۆڵا ڕەقترە.
دەکرێت بۆ پاراستنی کورسیەکەت وەک سەرۆک و سکرتێر سەدان ڕستەی خۆ بە مافخوازو دیموکراسی لە کەناڵەکانەوە ببەخشیتەوە ، بەڵام ئەوەی ناکرێت و ناشێت گەل لێی پەشیمان ببێتەوە(ئێوە جێگەی بەزەیی گەل نابن).

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا _ ئەنیشخەدە
١٠-١١-٢٠١١

لینکی هەواڵەکەی ماڵپەڕی (ن. ڕ.ت)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە