مەلا بەختیار لە نیوان رۆشنگەرى بیرى سوسیال دیموکرات و وڕینەى کەسێکى خڵفاودا

Wednesday, 19/02/2014, 12:00

1208 بینراوە


م/کاوە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەمەجلیسێکدا دانیشتبووین کاتێ لە کەناڵێکى ئاسمانیەوە گوێبیست بووین کە جەنابى مەلا بەختیار فەرمویەتى : [ کاتێ لەهەڵبژاردنەکانى 30/4 ى داهاتوودا یەکێتى بردنەوەى بەدەستهێنا .. ئەوکات ئەم سەروەرییە دەبێتە هۆکارى ئەوەى هەموو تەنگەژەکانى ناو یەکێتى راستەوخۆ کۆتایى پێبێت ] ، مامۆستایەکى ئامادەیى خانەنشینى دانیشتوو کە بەدەیان نەوەى کاتى ئێمە و پێش و پاش ئێمەى پێگەیاندبوو راستەوخۆ وتى من بیست ساڵ ئەبێ سوێندم بەنیکاح نەخواردووە بەڵام سێ بەسێ نیکاحم کەوتبێ ئەگەر مەلا بەختیار بەرەسمى نەخڵەفابێ .
ئاخر خەڵکینە پارتێ پاش سەدان کۆبوونەوەى ساختە و لیژنە پێکهێنانى درۆ و پلینیۆمى چەواشە کۆنگرەیەکى بۆ نەبەسترێ لەبەر باڵباڵێن و شەڕى میراتیەکى جەلال تاڵەبانى ... پارتێ سێ تەکەتولى دەستڕۆیشتووى بەئاشکرا نەفرەت لەیەکتر بکەن و سەنگەر لەیکتربگرن لەپێناو پتەوکردنى پێگەى یەکترى نەوەک لەپێناو خزمەتکردن بەخەڵکى بێخزمەتگوزارى ... پارتێ چەندین ئەندام مەکتەب سیاسى و سەرکردایەتى بەتاوانى کوشتنى رۆژنامەنوسان و هەڕەشەکردن فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبێت لەلایەن دادگاکانەوە .... پارتێ کەخاوەنى ئیدارەیەکى گشتى سەرمایەدارى زەنگینە بە جۆرێ ئەگەر بیەوێ ئەتوانێ لە دۆلار و دینارەکانى مووچەى چەند مانگى مووچەخۆرانى دەوڵتێکى وەک تورکیا دابینبکات .. بـــــــــەڵام مووچەخۆرەکانى دەڤەرەکەى بە پەنجا رۆژ و زیاتر مووچەى خۆیان وەربگرن کە چینى مووچەخۆر بەرفراوانترین چینى کۆمەڵگاکەیەتى ... بــەڵــــــێ پارتێکى وەک (ى.ن.ک) ئەمە پاشەڵ و سەروەرییەکانى بێت و کارگێڕى مەکتەب سیاسیەکەى بڵێت هەڵبژاردنى ئاییندە ئەبەینەوە دەى ئیتر ئەمە خڵەفاندنى رەسمى نەبێت گوایا خڵەفاندن چیە خەڵکینە هـــاوار ؟؟!!.
هێرۆى برایم ئەحمەد و کۆسرەت و بەرهەم ساڵح سێ رووخسارى هەرە ناشرینى ناو یەکێتیەکەى ئیستان و تاکو ژێر چەنەیان نغرۆى گەندەڵین و لەوەتى هەبوون بەئیستاشەوە کۆیلەى پۆست و پلە وپایەن ، شەڕى ئەم سێ جەمسەرەى دەسەڵات لەناو یەکێتیدا هەرگیز لەسەر ئەوە نەبووە و نابێ کە کامە لایەنەیان خزمەتگوزاریەکى زیاتر و جوانتر و نایابتر پێشکەش بەکۆمەڵانى خەڵکى ستەمدیدە بکەن ، بەڵکە جوکە جوک و شین و شەپۆڕە ساختەکەیان لەسەرەتاوە بۆکۆتایى لەسەر دەسەڵات و پارەیە و هیچى تر .
کۆسرەت لاى کۆمەڵى پەرلەمانتارى خوولى پێشوو بەحەرفى وتبووى : [ من زۆر باوەڕم بەو ئایەتەى قورئانە کە دەفەرموێت الاقربون ڕولى بالمعروف هەر لەبەر پیرۆزى ئەم ئایەتەشە کە من ئەمەوێت کوڕ و کچەکانم لە پۆست و پایە بێبەش نەکەم] ، تۆ تەماشاى ئەم مەهزەلەتە کە رۆژگار بەجۆرێ وەرچەرخاوە کە کۆسرەتە فەنى تیایدا واتێدەگات کە (ى.ن.ک) دوکانێکى بەقاڵى وشکەیە و لە المرحومى باوکیەوە بەمیرات بۆى بەجێماوە تاکو کوڕ و کچ و خزمەکانى لەو میراتیە بێبەش نەکات !!! ، لەبەرامبەریشدا دکتۆر بەرهەمى پاڵەوانى کارەساتەکانى حەڤدەى شوبات و پاشتر کە تیایدا سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بوو و لەپاى کوشتنى بەناحەقى پیر و گەنج و منداڵى سلێمانى و گەرمیان بە بارستەى چڵە پوشێک هەڵوێستى نەبوو لەوە زیاتر کە خۆى کردە دکتۆر دەمانچە بەوەى بەهەزاران دەمانچە و دەیان وەنەوشەى بەسەر پاڵەوانە تاوانبارەکانى ئەو کارەساتەدا دابەشکرد لەبرى ئەوەى پەلکێشى دادگایان بکات .
هێرۆى برایم ئەحمەدیش لەگرێکوێرەى سێ وەهمدا ئەژى ئەوانیش ئەوەن کە : یەکەم / کچى بلەى ئەحە رەشە ، دووەم / هاوسەرى جەلال تاڵەبانی و میراتگرى پلە یەکێتى ، سێیەم / ئەندامى مەکتەبى سیاسیە ،،، لە مەوداى ئەم سێ عوقدەیەشدا بەتووندى گەرەکێتى سامانى ئەم پارتە واتە ئیدارەى گشتى و دەزگاى راگەیاندن و هێزى سەربازى و ئەمنى لەدەست و پەنجەى نەبێتەوە ، چونکە ئەو سوور دەزانێت کە بێ ئەم سێ ناوەندە کەس هین بەکڵاوى ناپێوێت ، کۆسرەت و بەرهەم رۆژانە لەلایەن هێرۆى بلەى ئەحە رەشەوە سووکایەتیان پێدەکرێت ، تۆ بزانە (بەناو) جێگرانى یەکەم و دووەمى سکرتێرى گشتى کاتێ روونکردنەوەیەکى هاوبەشیان لەسەر ململانێکانى ناو ئەو پارتە بڵاوکردەوە چەند رۆژێک پێش ئیستا خەڵکى لەکەناڵى (NRT&KNN) وە گوێبیستى بوون و تاکە یەک دەزگاى راگەیاندنى بینراو ، بیستراو ، خوێنراوى یەکێتى زاتى ئەوەى نەکرد بۆیان بڵاوبکاتەوە ، ئەمە ئەو ئۆرگانیزەکردنەى یەکێتیە وەک پارتێکى رێکخراو کە مەلا بەختیارى خڵەفاو ماوەیەکى کوورت پێش ئێستا باسى لێوەکرد ؟؟!! .
یەکێتى ئێستا لە دیدەى کاڵفامترین مرۆڤى ئەم هەرێمەوە پارتێکى داتەپیوى ئێکسپایەرى مردارەوەبووە و ئەوەى ناوى جەماوەرێتی و شەرعیەتە بەقەرارى قەتعى نەیماوە ، عەرەب ئەڵێت :[ڕکرام المیت فى دفنە] ، واتە رێزلێگرت و حورمەت بۆ کەسى مردوو لەوەدایە هەرچى زووە بنێژرێت ، بۆیە کاتى خۆیەتى لە (30/4) دا و پاش ئەوەى یەکێتى هەرەسى یەکجارى خۆى بینى ئیتر میللەتیش دوا بزمار لەنەعشى ئەم پارتە بنەماڵەییە پڕ کوێخا و خاوەن فایل و خڵەفاو و جەردەیە بدات و ماڵئاوایى یەکجارى لێبکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە