سەرۆک ..دەوڵەتەکەت چی بەسەرهات؟!

Sunday, 09/11/2014, 12:00

1554 بینراوە


سەرۆک ئەگەر دەوڵەتت ڕاگەیاند توخوا با ناوی کوردستان نەبێت، بە ناوی کوردلاند بانگ بدە بە گوێیدا، ئەی سەرۆک نابینیت هەرچی ئەو وڵاتانەیە کە پاشگری ستان - یان هەیە حاڵیان لە حاڵی ئێمە باشتر نییە؟
بەڵکو خوا بکات بە گۆڕینی ئەو ناوە، لە بەرچاومان ون بێت ئەو سەروچاوە.
سەرۆک لە دواڕۆژدا وڵاتێکی هاوسنورمان دەبێت بە تووشەوە بە ناوی سونیستان و کەمێک ئەولاتریش شیعستان با پاشگری وڵاتەکەی ئێمە جیاوازتر بێت بیکەینە" لاند " نەک " ستان ". 
منی هەژار بێزار بووم ئەوەندە لێیان پرسیم وێر یوو فڕەم؟ منیش لە وەڵامدا پێیان دەڵێم کوردستان.
ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن ئەفگانستان؟ کازاگستان؟
سەرۆک ئەگەر ڕاتگەیاند تووزاتی خوا با دراوی وڵات هەمووی وێنەی خۆت و کوڕ و کوڕەزاکانتی لەسەر نەبێت سەرۆک.
سەرۆک ئەگەر ڕاتگەیاند کورسییەکە جێبهێڵە و باوەش مەکە بە کورسییەکەدا و بڵێی من حەزم لە کورسیی نییە، ئەوە کورسییەکەیە حەزی لە منە.
سەرۆک تۆ ڕایگەیەنە گوێ مەدە بە قسەی خەڵکی کە دەڵێن نەوت و غازمان نییە دەوڵەتی چی؟ ئێمەیش وەک ئەو وڵاتانەی دی هاوردەی دەکەین و بە بۆری دابەشی ماڵانی دەکەین سەرۆک؛ ئەی ئەوە نییە لە سایەی حکومەتە باڵغ بووکەی جەنابتانەوە هەزاران کارگەمان هەیە سەرۆک؛ هەرچی شتە خۆمان درووستی دەکەین جگە لە دەرزیی و ئەتۆم؟
داوایەکی تر سەرۆک ئەمەیان زۆر بە جددییمە، ئەگەر دراومان هەبوو با یەک بە سەد بێت، واتا دراوێکی وڵات با سەد سەنت بێت وەک دۆلار، یۆرۆ و پاوەند بۆ ئەوەی دراوەکەمان بەهای هەبێت سەرۆک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە