ئەمجارە بەبێ چەقۆو تیغ زمان و دەستى گەندەڵیتـان دەبڕین بەهەڵوێستمان فێرى نیشتمانپەروەرى ودیموكراتیتان دەكەین

Friday, 24/07/2009, 12:00

1695 بینراوە


.ئەم گەلە بەتایبەت ئەم نیوە هەرێمە ئەوەندە زامدارو بریندارە ئەوەندە زامى كراوەتە جگەرى و پشتشكاوە ئەوەندە ماندوو شەكەتە لەچاوەڕوانى پشویەك دابوو كە لەژێر سێبەرى دارى ئازادى خوێنى شەهیداندا لەو كاروانى رێگە دورە سەرە خەوێك بشكێنن وپڕ بەسنگى خۆیان هەناسەیەك بۆ ژیان هەڵكێشن و ئەسپەشێى كاروانى ئارەقى ماندوبونى خۆى لەگەڵى دا پشویەك بدات و زینەكەى لێ دابماڵن و چەك و تفەنگەكان بەپەلوپۆى ئەم دارە هەڵبواسن و خەوى شیرینى خۆیان تەواو بكەن بۆ ئەوەى زامەكان لە ئارامیدا سارێژ ببن و هزرو بیرى نوێ ببێتە رێنیشاندەر و داهێنان و گەنجان و لاوان بە هەردوو رەگەزەوە لە داڕشتنەوەى بەرنامەى سوننەتى ژیان كە دەستورە بە عەقڵێكى بى َخەوش و سادەو دڵێكى دورلە قین قەڵەمى باوەڕ بەخۆبونیان بخەنە كار، هەمووبنەماكانى دەسەڵات و بنیاتنان و ماف و ئازادیەكانى تاك و چین و كەمە نەتەوەییەكان بە زیندوو شەهیدو مردوى ئەم وڵاتە دەستەبەر ببن و نوقڵانەو سەروەت و سامان و دەستكەوتەكانى ئەم هەرێمە بۆ تاكى نەتەوە بكەنە پیت و وشەى بەهێزوو بەندى دەستورى پێَبنوسنەوە بۆئەوەى نەوەكانمان لەداهاتودا لە رابردوى ئێمە نەڕوانن كە بەهۆى ئاكارە ناشیرنەكانى خیانەتەوە دەستبەربون،لەبەرێوبردنى دەسەڵاتدا لەروى خیانەتى نیشتمانى و ئیدارى و فەسادى ئەم ڤایرۆسی بێچارەسەریبە نەگوازرێتەوە ناو ناخى پاكیان،لەرێگەى ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتەوە زیاتر خزمەت بەتاكى كۆمەڵگاو رازاندنەوەى وڵات و ئینتمانى نیشتمانى و دەسەڵات بە كاربهێنن نەك عەقڵیەتێكى دۆگما و سەروسیمایەكى بۆیاغكراوى دیموكراتى كەلە پێناو مانەوەى دەسەڵاتى ناشەرعى هەمو سەروەت و سامان و پێشێلكردنى مافى مرۆڤ و كورد بخاتە خزمەت دەسەڵاتى سەركردەى نلاشەرعى كە زیاتر لە نیوسەدەیە كورسیەكانیان بە سیكۆتین بە پاشەڵى پڕخیانەتى خۆیانەوە نوساندوە و لەسەرشاشەى تەلەڤزیۆن بەرەو روى گەلەوە سیماى سەركردەى بەخشندەو ئارام بەخش دەنوێنن وەك ئەوەى گەلى دلێرى كورددا لە گوێى گادا خەوتبێت.
تەمەنى خۆیان بەسەرو سمێلێكى بۆیاغكراو بەگەنج پیشانى خەڵك دەدەن و ئۆتۆكراتیەت بە دیموكراتیەت نیشان دەدەن و خیانەت و خوێن رشتنى تاكى كورد بۆمانەوەى دەسەڵاتیان بەخەبات و شۆڕش دەزانن و پاوانكردنى دەسەڵات و فرۆشتنەوەى خەبات و خوێنى شەهیدان بەگەلەكەى بە مەشروعى خۆیان دەزانن و كەگەلیش داواى ماف و ئازادى و نان و دەسەڵات بكات لەرێگەى عەقڵى میدیاى خۆفرۆشى خۆیان و لەرێگەى قەڵەمە شكاوە بە كرێ گیراوەكانى سەركردەكان خەڵك بە تێكدەر و گێرەشێوێن و دەزانن و تێڕوانیان بۆ خەڵك وەك تێڕوانینى زەبەڵاحەكانى سەردەمى فیرعەونە بەسەر گەلى رەش و روتى برسى و دروستكردنى كۆیلەوایە كەلە رێگەى بەخشینى مافى خۆت بەخۆت لەرێگەى دەست ماچ كردن و خۆبەقوربانكردن و واستە بە ئەم و ئەو ئەنجامى دەدەن لە هەمان كاتدا تەخشان و پەخشانكردنى سەروەت و سامانى خەڵك و خوێنى شەهیدو ئەنفال و كیمایى ئەو وڵاتە بۆ پێهەڵدان بە شان و باڵى بەكترى دەكەنە پیشەى گڵاوى هەمیشەییان.
ئەم دوو سەركردە لەباتى پڕەنسیپەكانى دیموكراسى پیادەبكەن هاتون ئەو وشەیان پەردەپۆش و روكەش كردوە و بە خەڵخەڵەتاندن و فێڵ وا دەزانن پلە و پایەو مەنسەبى خۆیان جێهێشتوە و گەڕاونەتەوە ناو خەڵك و بونەتەوە (شایەر) و ئەوەى دەیڵین نایڵینەوە وا دەزانن ئەو جارەش خەڵك بە گۆرانیەكانیان هەڵدەپەرێت نازانن كە زۆرناكەیان دەنگ و بۆنێكى زۆر ناخۆشى لێدێت و دەهۆڵە شڕەكەیان دڕاوە و كەس پێیەوە هەڵناپەڕێت.
وادەزانن خەڵك وا تێدەگات كە دزینى 31 ملیارد دۆلار هەوەنتەیەو هەوا بەئاسانى بێدەنگە و قڕو كپى لێدەكرێت،ئەوان لە باتى ئەوەى بێن داواى لیبَبوردن بكەن داواى دەنگمان لى َدەكەن نازانم ئەمە چ چاوورویەكە لەداوى ئەو هەمو خوێن رشتن و پارە دزین و قڕكردنە راگەیاندنە دەمشڕەكەیان داواى دەنگى هاوڵاتیە هەژارو بێجێگە و لانەكان دەكەن و چونكە خۆیان تێرو پۆشتەن وادەزانن خەڵكیش كێشەى نییە،هەردو حزبەسەوزو زەردە گەندەڵەكە داوا دەكەن دەنگ بدەین بەو سەرۆكەى كە لە 31 ى ئابدا ئاڵا جوان و شەكاوەكەى كوردى خستە ژێر پێى پۆستاڵە رەشەكانى سەددامەوە و دواتریش بەشانازیەوە لە رادیۆ دەمشڕو بێحەیایەكەوە دەیوت بە (سوپاسەوە لە گرتنەوەى هەولێرحكومەتى عیراقى هاوكارى كردین) ئێستاش دەویەوێت بە ماچكردنى دەستى دایكە ئەنفالكراوێك هەڵمانبخەڵەتیبَنێ
، ئەوان بەرانبەر بەپێدانى پارەى نەوت خەریكە سازش لەسەر كەركوك و ناوچە دابراوەكان دەكەن ، ئەو دو سەركردە خۆنەویستە (ماشەڵڵایان لێ نەبێت) لەجیاتى ئەوەى قفڵى نەوتى رۆیشتوى بەرهەمى خوێنى شەهیدەكانمان بە دەستى منداڵە شەهیدێك بكەنەوە لەوێشدا فتى بە فتى دەكەن و خۆى پێدا هەڵدەواسن،بەداخەوە ئێوە سەلمتان كە دەتانەوێ دەسەڵات و سەورەت و سامانى هەمومان بۆ خۆتان بێت و هاوشێوەى پەرەلەمانە خەوتوە دەمچەوركراوەكەى خۆتان نەتانتوانى خزمەت بەو میللەتە هەژارە بكەن.
نەتانوانى لەماوەى ئەو هەژدە ساڵە بێنە ناو میللەت و دەست بەسەر سەرى ئەو هەمو هەتیوەى كە خۆتان هەتویتان كردون بهێنن ئەوەى كە توانیتان هەر ئەوە بوو كە كۆشك و ڤێللا بەسەر سەرى ئێمەى هەژارو مافخوراو بەرزبكەنەوەو بانكەكانى هەندەران پڕ لە پارەى خەڵك بكەن ،زۆر جار بە كافریشتان دەزانین و خۆتان لێ دەكردین بەنەوەى ئیسلام و رێبازى تەریقەكانى ئیسلام و خەریك بو رێگەى چونە مزگەوتیشمان لێبگرن نەوەك وانەى لەناوچونى ئێوەمان پێ بوترێت بەكورتى و بە پوختى مێژوى رەشتان ئەوەندە پیس و بۆگەنە بێزمان نایەت هیچى تر باستان بكەین بۆیە دواجار پێتان دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەكانى خۆتان ئێوە بەكەڵكى سیاسەت نایەن ئێوە شایەنى ئەوە نین كە بەرپرسى میللەتێكى دلێرى بەناو بانكى وەك كورد بكەن ئێوە بابە گەروەتان مردوە و ئاگاتان لى َنییە ئێوە باش بزانن كەئەو گەلەى كە فرۆشتتان خەبەرى بوەتەوە و قبوڵى ناكات ئیتر كاتى تڕۆكردنتان هاتوە بڕۆن لە ڤێللاكانتان دابنشین تا حوكمى عەدالەتى میللەت بانگتان دەكات و دادگایتان دەكات ،ئەى گەندەڵكارانى هیچ نەدیوى چاوپڕنەبوەوە چاوەڕێ بكەن وا بەروناكى مۆمێكەوە دێین تا گەل لەو تاریكیە نەجات بدەین كە ئێوە بەو هەموو پارە وبودجە زەبەلاحەوە نەتانتوانى روناكى بكەنەوە.. چاك بزانن كە باو بژى لاوازو پیسى ئێوە هەرگیز ناتوانێنت روناكى مۆمەكە بكوژێنێتەوە ئەم جارە بە دەنگە رەنگاو رەنگەكانمان بەبێ چەقۆو تیغ زمان و دەستى گەندەڵیتـان دەبڕین،بەهەڵوێستمان فێرى نیشتمانپەروەرى و دیموكراتیتان دەكەینز



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە