گەمەكانى هەڵبژاردن و فڕوفێڵە خۆشەكان كە دەبێ هەموومان بیزانین

Saturday, 28/09/2013, 12:00

1608 بینراوە






سیاسەتى: دڵم خۆشكە.. دڵت خۆش دەكەم



لەو ماوەیەدا پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بەنیمچە كراوەیی بەڕێوەچوو، لێرەدا قسەمان لەسەر جۆر و چۆنیەتى پیادەكردنى پرۆسەكە بەباش و خراپ نییە، لێ تاقە شتێ سەرنجی ڕاكێشام قسەى لەبارەوە بكەم ئەویش وەعد و وعودی هەندێ لە بەربژار و كاندیدەكان بوو بۆ پەیداكردنى دەنگی هاوڵاتیان بۆ خۆیان كە بەدەیەها بەڵێنى خەیاڵیان بەم و بەودا لەكاتێكدا ڕەنگە بۆ خۆشیان باوەڕیان بەو قسانە نەبێ كە دەیكەن مەگەر دروشمێكە تەنها و تەنها بۆ چەواشەكاری و چاوبەستەكى و فریودانى ئەم و ئەوەوە ڕایەڵكراوە تاوەكو من و تۆ دەنگى بدەینێ، كەچی لەولایشەوە هەر بۆ ئەو دڵخۆشیە هاوڵاتی ئەوتۆمان هەبووە بێ ئەوەى دەنگ بەهیچێ لەو بەربژارانە بدات ئەوانیش بەناوى قەوم و قیلە و خەڵكێكى زۆرەوە دڵی ئەوانیان خۆش دەكرد بەوەى خەڵكێكى زۆریان لەگەڵە و هەمووان دەنگی دەدەنێ بێ ئەوەى كەسیان بەدەستبێ و كەسیش دەنگیان بداتێ بەخودی ئەو كەسانەى بۆ دڵخۆشكردن بەڵێنیان دەدا دەنگیان بدەنێ، ئەم هەویرە ئاوى زۆر دەكێشێ و بۆ تێگەیشتنى زیاتر كاكڵی مەبەست لەم چیڕۆكەى خوارەوەى چڕ دەكەمەوە، تێگەیشتن لەپڵاوخواردن باشترە:

دەگێڕنەوە بەندبێژێك وەكو گەڕیدەیێ لێرە بۆ ئەوێ هەنگاوى هەڵدەگرت، لەم گوند بۆ ئەو گوند دەگەڕا، ڕۆژێكیان دەچێتە گوندێك و ڕێك لەو گوندە دەچێتە دیوەخانى ئاغا، خزمەتكارەكان خزمەتێكى باشی دەكەن.. بۆ ئێوارە دیوەخان جمەى دەهات، بەندبێژ بەدەنگە خۆشەكەی دەست دەكات بەگۆرانی وتن و تەنها و تەنها بەشان و باڵی ئاغا هەڵدەدات.. ئاغایش بەو بەندانە خۆشحاڵ و كەیفساز دەبێ كە دوای تەواوبوونى بەندەكان، ڕوو بكاتە یەك لە خزمەتكارەكانى و پێی بڵێ: دەرهەق بەو بەندە خۆشانەى ئەو گۆرانیبێژە وتى، یەك تقەنگی سێ تیری دەدرێتێ.

بەندبێژەكە گەلێ دڵخۆش بوو، بڕیاری دا زیاتر لەرۆَژێ لەو گوندە بمێنێتەوە بەڵكو دەست و دیارییەكى زۆر لەوە باشتری پێ بدەن، ئەو شەوە خزمەتێكى باشیان كرد و لە دووەم شەویدا بە بەندی تازەوە هێندەى دیكە دیوەخانەكەی هێنایە جۆش و خرۆش و هەموو بەندەكانى تەنها و تەنها بەشان و باڵی ئاغا بوو، دوای تەواو بوونى بەندەكانى، دیسان ئاغا ڕوو دەكاتە خزمەتكارەكەى و پێی دەڵێ: دەرهەق بەو بەندەخۆشانەى ئەو بەندبێژە دەریبڕی و هەست و نەستى جۆشداین، دەمەوێ ئەسپێكى كحێلی زین و لغاوكراوى بدرێتێ.

بەندبێژەكە هێندەى دی لەخۆشیان خەریك بوو باڵ بگرێ، لەخۆشیان كەوتە هۆنینەوەی قسەى خۆشتر و جوانتر تا بۆ شەوى داهاتوو بەشان و باڵی ئاغای هەڵبدات، لەشەوى سێیەمدا بە بەندەكانى هێندەى تر ئاغای دڵخۆش كرد كە دوای تەواو بوونى بەندەكانى، ئاغا جارێكى تر ڕووى بكاتە خزمەتكارەكەى و پێی بڵێ: دەمەوێ بەرامبەر بەو بەندە خۆشانەى ئەم كابرایە، یەك كیسە لیرەى زێڕی بدرێتێ.

بەندبێژەكە ئەو شەوە بەخەیاڵی تفەنگى سێ تیر و ئەسپی كحێلی و كیسەیەك لیرەى زێڕەوە خەوت و شەوى كردەوە.. بۆ بەیانى كە لەخەو ڕابوو، بەرچایی كرد و خواردنێكى خۆشی خوارد، ئەوجا لەجێوە بانگى یەك لەخزمەتكارەكانى كرد و پێی وت: من دەبێ بڕۆم، ئەگەر شتەكان حازرن نیەتم وایە بڕۆمەوە ماڵ،بەڵكو شتەكانم بۆ بێنى مەمنوون دەبم.

خزمەتكارەكە پێی وت: قوربان من ئاگام لەهیچ نییە و هیچ شتێ نازانم، جەنابی ئاغا هیچی بەمن نەوتووە, بۆیە داوای لێبووردن دەكەم.

بەندبێژەكە ڕووى لێنا و پێی وت: ئەگەر نەبێتە ئەزیەت، دەكرێ ئاگاداری ئاغام بۆ بكەیەوە، پێی بڵێی بەندبێژەكە ئامادەیە بۆ ڕۆیشتن و ئێستایش وا ڕاوەستاوە و لەچاوەڕوانى ئەوەدایە تا تفەنگ و ئەسپ و كیسە زێڕەكەی پێ بدەى.

خزمەتكارەكە وەڵامى دایەوە وتى: ببوورە ئاغا خەوتووە، من بۆم نییە و ناتوانم لەخەوى بكەم، بۆیە دەبێ بوەستى تا لەخەو هەڵدەستێ.

بەندبێژەكە زانى هیچ چار نییە، بەناچاری كەوتە چاوەڕوانى تا ئاغا بەنای ناخێری قەلبی لەخەو هەستا و نانەكەى خوارد، كاتێكیش هاتە دیوەخان و چاوى بەبەندبێژەكە كەوت ئەوە خۆی پێچاوەتەوە بەتەمایە بڕوات، بە پەرۆشەوە لێی پرسی: هاااااا، بەندبێژی بەڕێز لەوە دەچێ بەتەمابی ئۆغر بكەى؟

بەندبێژەكە وتى: بەڵێ قوربان ئەوە چەند ڕۆژە لێرەم، بەنیازم بچمەوە ماڵ، لەڕاستیدا چاوەڕوانى تۆم دەكرد تا لەخەو هەستى و ئەمانەتیەكەم بدەیتێ.

ئاغا بە حەپەساوییەوە لێی پرسی: ئەمانەتى وەك چی؟

بەندبێژەكە وتى: ئەى تۆ بڕیاری ئەوەت نەدا دەرهەق بە بەندە خۆشەكانم تفەنگێكى سێ تیری و ئەسپێكى كحێلی و كیسەیەك لیرەى زێڕم بدەیتێ؟

ئاغا دایە قاقای پێكەنین و وتى: من قسەى وام نەكردووە، من قەرزاری كەس نیم و بۆ تۆ چیت داوەتە من تاوەكو منیش ئەو شتانەت بدەمێ؟

بەندبێژەكە بەهەڵپەیەكەوە وتى: ئەى من ئەوە چەند شەوە هەر بەشان و باڵی تۆ هەڵنادەم؟

ئاغا وتى: ئەوجا با هەر بەندت بێژابێ، بەتەمای من مەبە هیچت بدەمێ، دەزانی بۆ؟

بەندبێژەكە كە پرسی : بۆ؟

ئاغا وەڵامى دایەوە و وتى: تۆ بەو بەندانەى بەشان و باڵی منت هەڵدەدا دڵخۆشت دەكردم، منیش بەو شتانەى بەڵێنم پێ دەدای دڵخۆشم دەكردی، كەواتە تۆ منت دڵخۆش دەكرد و منیش تۆم دڵخۆش دەكرد، كەواتە لێرەوە تا ئەو شوێنەى بۆی دەچی خوات لەگەڵ.

بەندبێژ كەزانى هیچ بەهیچ ناكا، بەنابەدڵی خواحافیزى كرد و دیوەخانەكەى بەجێ هێشت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە