ببوورە وەزیرى پەروەردە دەستلەكاركێشانەوەت زۆر پیرۆزترە!

Saturday, 19/09/2009, 12:00

1532 بینراوە


ئەگەرچى لەوادەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى 25ى تەمووز دا ژمارەیەكى زۆر لەكادیرو بەرپرسانى یەكێتى نانبڕاوكران و لەپۆستەكانیان دورخرانەوە لەسەر بیروڕى جیاواز یاخود ڕونتر بڵێین بەشێكیشیان بەجۆرێك لەجۆرەكان ئیستیفزازكران كەدەست لەكارى حیزبى بكێشنەوە هاوكات ئەم هەڵمەتە بەشێك لەبەرپرسانى حكومیش بێبەش نەبوون لێى بەتایبەتیش هێزەكانى ناوخۆ ,بەڵام دەستى ئەم هەڵمەتە قێزەونەى حیزب نەگەیشتبوە سەراپاى هەناوى حكومەت وكۆمەڵگا و پێمان وابو بە تەسفیەكردنى كەسانێك كەبیرورایان لەگەڵ ئێستاى یەكێتیدا نایەتەوە یەك ئیدى كۆتاى بەم هەڵمەتە دێت ,هەرچەندە بۆقسەكردن لەسەر ئەم جۆرە هەڵمەتى نابڕینەى كادیرانى خودى یەكێتیش بۆحیزبێك كەبڕواى بەدیموكراسیەكى ڕەها هەبێت وهەردەم شانازى بەوەوە كردبێت كەئەندامى ڕێكخراوێكى وەك سۆسیال ئەنتەر ناسیۆنالى جیهانیە جێگەى قسەكردنێكى جدى و هەڵوەستە لەسەركردنە ,بەڵام ئەوەى لەهەموى ترسناكترە دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى 25ى تەمووز بەئاشكرا هەڵمەتێكى نانبڕین ونەفیكردن ولێسەندنەوەى پۆستى بەڕێوبەرو تەداخولاتى حیزب لە سەرجەم كایەكانى حكومەتدا نەك هەر دامودەزگا حكومیەكانى هەرێم بەڵكو حكومەتى ناوەندیشى گرتەوە .وەك ئەو 12ئەفسەر و نزیكەى 50 سەربازەى كە لە ڕیزەكانى پاسەوانى سنووربون و سەربە حكومەتى ناوەندبوون ,بەشێكیان پۆستەكانیان لێسەندرایەوە و بەشێكیشیان نانبڕاوكران.
وەلێ ئەوەى ئێمە لێرەدا مبەستمانە باسی لێوەبكەین نانبڕین و لێسەندنەوەى پۆستى چەند بەڕێوبەرێكى خوێندنگەكانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و دابەزاندنى پۆستەكانیان بۆ مامۆستاى ئاسای ,لێرەشدا ئەوەى لەهەمووى زیاتر جێگەى پێكەنینە شەوێك بەر لەوخۆپیشاندانەى مامۆستایان كەلەبەردەم بەڕێوبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانیدا ئەنجامیاندا , د.دڵشاد عبدالرحمان وەزیرى پەروەردە وێڕاى ئەوەى ترسێكى زۆر بەسیمایەوە دیاربوو ,لێدوانە یەك لەدواى یەكەكانى لە هەردوو كەناڵى كوردسات و گەلى كوردستان لەخیتابى سەرۆكێك دەچوو كە وڵاتەكەى ڕوبەڕوى گەورەترین مەترسی هێرشكردنە سەربوبێتەوە و لەحاڵەتى ئیمیرجنسیدابێت ,وەك ئەوەى كە زوو زوو دەیگوت(ترسی ئەوەهەیە ئەم مانگرتنە درێژە بكێشێت)!.
ئەو پەیڤانەى كەوەزیرى پەروەردە ئاماژەى پیدەكردن ڕێك پێچەوانەكانیان ڕاست بوون ! ,لەماوەى كەمتر لە هەفتەیەكدا دەیان مامۆستاى سنورى پەروەردەى سلێمانى و دوكان و دەربەندیخان و چەمچەماڵ وچەند ناوچەیەكیدیكەش بەبڕیارى كارەكتەرەكانى حیزب پۆستەكانیان لێسەندراواتەوە یاخود نەفیكراون بۆناوچەیەكی دوور لە شوێنى نیشتەجێبونى خۆیان كەچى جەنابى وەزیر باسی لەوەكرد بەهیچ شێوەیەك تەداخولاتى حیزبى بەسەر سیستەمى پەروەردەوە بونى نیە!.
لەلایەكیترەوە جەنابی وەزیر باسی لەوەدەكرد (ناكرێت ئێمە هەرمامۆستایەك عقوبە بدەین یان دورى بخەینەوە لەخوێندن بەهۆى گەندەڵیەوە ئیدى پاساوى ئەوەبهێندرێتەوە و بڵێن ئەم عقوبەیە دەستى سیاسی لەپشتەوەیە) ,ئەم وتایەى وەزیر جگەلەوەى جێگەى پێكەنینە هاوكات پێمان دەڵێت ئەم پرۆسە نەگریسەى حیزب بۆسەر كۆى چەمكەكانى پەروەردە لەم هەرێمەدا بەردەوام دەبێت و ئیدى كەسیش بۆی نیە بڵێت دەستى سیاسی لەپشتەوەیە , یاخود لەسەر بیروڕای جیاواز دەركراون .
جەنابى وەزیر ڕوون و ئاشكرا دیارە خۆتان لەڕاستیەكان لادەدەن ,ئەوەتا بەیەك ژمارە و بەیەك بەروار و لەیەك رۆژدا بەتەنها (25) مامۆستاى قەزاى دوكان پۆستی بەڕێوبەرایەتیان لێسەندرایەوە و كرانەوە بەمامۆستاى ئاسای و بەڕێو بەرى پەروەردەى دوكانیش بەئاشكرا وتویەتى ئەم سزادانەتان دەگەڕێتەوە بۆئەوى كە لەكاتى پرۆسەى دەنگداندا دەنگتان بە لیستى گۆڕان داوە و ئیشتان بۆئەو لیستە كردوە , هەروەها ووتویەتى من حیزب لێرەى داناوم و ئەركى سەرشانمە هەموو تەوجیهاتەكانى حیزبیش جێبەجێبكەم! , لەگەڵ ئەوەى من ئەوپەڕى شەفافى لە وتەكانى بەڕێوبەرى پەروەردەى دوكاندا دەبینم كە بەڕاشكاوانە پەنجە دەخاتە سەربرینەكان و ڕاستیەكان ناشارێتەوە ,چونكە ئاشكرایە ئەزمونى حكومڕانیكردنى هەرێم بەتایبەت لەوەها كاتێكدا ڕێك بێكەموكوڕى هیچى كەمترنیە لەئەزمونى حكومڕانیكردنى سیستەمى بەعسیزم ,هاوكات ئەمە گەورەترین نموونەشە بۆ سەلماندنى ئەو ڕاستیەى كە جەنابیشتان حیزب كردونى بە وەزیرو هەركاتێكیش كە بەرژەوەندیەكانى حیزب لەگەڵ جەنابتاندا نەهاتەوە یەك ئیدی تۆش نان بڕٍاو دەكرێیت وەك هەموو ئەو مەئمورانەى حكومەت و تەنانەت حیزبیش كەپێدەچێت بەشێكى زۆریشیان هاوڕێ و ناسیاوى جەنابتان بوبن كەنانبڕاوكراون ,ئیدى لێرەوە كاتى ئەوەهاتوە ڕاشكاوانە بڵێین گەر ڕۆژێك لەڕۆژان جەنابیشتان كار بۆ پرەنسیپ و خەونە پەمەیەكانى حیزب نەكەن ,ئیدى جەنابیشتان نەفی دەكرێن وەك هەموو ئەو مامۆستایانەى بەبەرچاوى جەنابتانەوە كە وەزیرى پەروەردەن نەفیكران...
من پێكەنینم دێت كاتێك جەنابتان دواى دووبۆ سێ ڕۆژ لە لابردن و نەفیكردنى دەیان مامۆستاى خاوەن ئەزمون لەڕێگەى شاشەى تەلەفزیۆنى حیزبەكەتەوە دەڵێیت(من لەڕاگەیاندنەكانەوە بیستومە كە ئەو مامۆستایانە لەپۆستەكانیان لابراون) پێدەچێت لەوكاتەدا جەنابتان لەفەزایەكیدیكە بوبن و وەك هەر تاكێكیدیكەى ئەم هەرێمە خاوەنى دوو بۆسێ ژمارە تەلەفونى شەخسى نەبن و بڕواتان بە تەكنەلۆژیای سەردەم نەبێت!!.
ئازیزم ئەوە بەڕێوبەرێكى سنورى پارێزگاى سلێمانیە كەهەمان ئەو ڕۆژەى فرمانى لابردنى لەپۆستەكەى بە دەست دەگات و هەر هەمان ڕۆژیش بەفەرمانێكى دیكەى پەروەردە دەستخۆشی و شوكرو تەقدیرى بەدەست دەگات! ,ئاخۆ دەبێت ڕۆژانە چەند دیمەنى دیكەى لەم جۆرە هەزەلى ڕوبدات لەو بەڕێوبەرایەتیانەى كەناویان پەروەردەیەو جەنابیشتان وەزیرى هەموو ئەم بەڕێوبەرایەتیانەن ,وەك ئاشكراشە كە چەمكى پەروەردە هەستیارترین چەمكى كۆمەڵگایە!.
بۆیە لێرەدا حەقى خۆمانە بە جەنابتان بڵێین لەبرى ئەو پاساوە بێبنەمایانەى كە لەكۆى ئەو چاوپێكەوتنە یەكلەدواى یەكانەى تەلەفزیۆنە حیزبیەكانتانەوە ئاماژەت پێدەكردن ,دەست لەكاركێشانەوەتان زۆر پیرۆزترە و نیشاندانى ئەوپەڕى هەڵوێستە ,چونكە مێژوو جگە لەوەى ڕەحم بەكەس ناكات ,لێ ڕۆژێكیش دێت ڕاستیەكان وەك نەخشى بەرد دەنوسرێنەوە! .
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە