لەناو گۆڕاندا، زوڵمێکی زۆرم لێکرا - بەشی یەکەم

Wednesday, 14/08/2013, 12:00

1960 بینراوە






شتێک زۆر باوە، ئەگەر لەگەڵ حیزبێکدا بوویت و بێدەنگیت هەڵبژارد، ئەوە تۆ ئەندامێکی دڵسۆزیت، بەڵام ئەگەر رەخنەت هەبوو، ئیتر تۆ ئەندامێکی لاساریت. پێش ئەوەی ببم بە گۆڕان و دوای ئەوەی وەک کادیرێکی گۆڕانیش کارم کردووە، هەمیشە ئاوەز و بیرکردنەوەی خۆم بەدەست خۆم بووە و هیچ کاتێ نەمهێشتوە مەکینەی حیزب و ئایدیۆلۆژیا لە قاڵبم بدات. من ژیان و گوزەرانی خۆم لە هەندەران، پیشە و پۆستەکەی خۆم وەک پزیشکێک لە ئوسترالیا، هەمووی کرد بە قوربانی گۆڕان و بزوتنەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە دژی گەندەڵیی، لە ئوسترالیاوە هاتمەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی وەک کاندیدێکی گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردنی پارلەمان بکەم و لە شاری هەولێردا، وەک چقڵ لەبەرامبەر پارتییدا بوەستینەوە. بەداخەوە، پیاوە کۆیلەکانی حیزب و کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان و کوتلەچییەکانی شاری هەولێر و فەزڵدان بەهەندێ کاندیدی پارەپەرست، ئەم دەرفەتەیان لێسەندمەوە.

هیچ گەمژەیەک نییە، بتوانێ نکۆڵی لەوە بکات، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی خۆیان بۆ ئەندام پارلەمانیی کاندید کردووە، بۆ مووچەکەی پارلەمان و تەقاعودییەکەی و ئیمتیازاتەکانیەتی، بەڵام ئەمە من ناگرێتەوە. من دەرامەتی ساڵانەم لە ئوسترالیا، وەک پزیشکێکی پسپۆر له‌ بواری نه‌خۆشیه‌کانی خوین ، پاش دانی باج(تاکس) بە دەوڵەت، لەسەروو سێ سەد هەزار دۆلارەوەیە(بە زمانی خۆماڵیی سەروو ٣٠ سیی، دەفتەر دۆلار)، جگە لەچەندین ئیمتیازاتی تر. بە واتایەکی تر، لایەنی ماددیی، فاکتەری هاندانی من نەبووە و نابێ، بگرە لەباری ماددییەوە، ئەگەر ببوومایە بەئەندام پارلەمانی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان، ئەوە زەرەریشم دەکر، بگرە ئامادەبووم، پارەش وەک کۆمەک بە گۆڕان بدەم. پێشموایە، بۆ لایەنی وەستانەوە لەبەرامبەر پارتییدا و تەحەداکردنی پارتیی لەهەولێر، دۆست و نەیار، بە ویژدانەوە من دەناسن و پیاوێکی ترسنۆک نیم و ئامادەشم لەپێناوی دابینکردنی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و وەستانەوە دژ بەو هەموو دزیی و گەندەڵییە، سەری خۆیشم دابنێم، بەڵام چونکە کۆیلەی هیچ پیاوێکی پایەبەرزی حیزب نەبووم و کوتلەو عەشیرەتم نەبوو، بەتەنیا باڵیی، دەرەقەتی ئەو هەموو رمبازێن و قاچکێشانەوە و تەقریر لێدان و کوتلەبازییە نەهاتم و سەرەنجام، منیان لە لیستەکە دەرکرد.

هەندێ لە کاندیدەکانی گۆڕان لە هەولێر، دەیانزانی لە ئاستی جەماوەریدا، لەناو شاری هەولێر و لەئاستی هەرێمیشدا، خەڵکێکی زۆر دەنگ بە من دەدەن، بۆیە ترسی ئەوەی من لەوان دەنگ زیاتر بهێنم، نیگەرانی کردبوون و بەهۆی کوتلەکارییەکانی نزیک لە جڤاتی نیشتمانیی، پێیانڕاگەیاندبوون، ئەگەر پشتیوان عەبدوڵا لەلیستەکەدا بێت، ئەوە ئەوان دەکشێنەوە. لێرەدا قیادەی گۆڕان کەوتبووە ئیحراجییەوەو منیان کردە قوربانیی، بۆئەوەی ئەوان سەحب نەکەنەوە، منیان لە کاندیدەکان سڕیەوە. ئاخر بەڕاستیی کاندیدی وای تیایە، رۆژی هەزار جار بە ئاوی حەمامی گۆڕان خۆی بشوات، هەر گومانی حیزبەکانی سەر بەدەسەڵاتی لێدەکرێ. کاندیدی وای تیایە، لە ئاست مەسئولەکانی پارتیی، شەرم دەکات چاو بتروکێنێت. کاندیدی وای تێدایە، ئەوەندە تەمەنی گەورەیە، بچێ بۆ سەرئاو، هەناسە بڕکێی پێ دەکەوێ و ئەگەری مردنی هەیە.

لیستە لاوازەکەی گۆڕان:

دیارە لەناو کوردستاندا و بەتایبەتی لەناو لایەنگرانی گۆڕاندا، هەزاران کەسی شارەزاو پسپۆری بوارە جیاوازەکان و خەڵکانی نەفسبەرز(بۆ پارە و دەسەڵات) و ئازاو چاونەترس هەن ودەیانویست ببن بە کاندیدی گۆڕان، بەڵام هەندێکیان دەرفەتیان پێ نەدراو هەندێکیشیان، هەر نەهاتنە پێشەوە و هەندێکیشێان، وەک من لە لیستەکە، لابران. دیارە هەندێ بەڕێز، لەناو لیستەکەدا هەن کە شایانی رێز و تەقدیرن و هیواداریشم دەنگ بهێنن، بەڵام بەڕاستیی هەندێکیان، جگە لەوەی پیاوەکانی حیزب و هەندێ میدیای ئەهلیی و حیزبیی، گەورەی کردوونە، ئەوە نین کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانیی لێییان هەبێت.
زۆرکەس رەخنەی ئەوە دەگرن، دەبوایە، بۆ راکێشانی دەنگی یەکێتییەکان، یان لای کەم ئەو گۆڕانانەی کەمێک تەپوتۆزی یەکێتیان پێوە ماوە، دەبوایە سەرۆکی لیستەکە کەسێکی عەلمانی بوایە، نەک کۆنە ئیسلامیەک بوایە. ئێمە تەجروبەی ئیسلامیەکانی کوردستانمان لەبەرچاوە کە چۆن پارتی لەڕێی هەندێ لە قیادەکانیانەوە، دەتوانێ جڵەوی سیاسەتەکان و تەنانەت ئاراستە سیاسییەکانیشیان بکات، بەڵام بەداخەوە گوێ لەکەس نەگیردرا و ئەمە سەپێنرا. دیارە دەکرا سەرۆکی لیستەکە، کاندیدێک بوایە، بەڵام نەدەبوو سەرۆک بووایە. من سەرنجم ئەوەیە، گرفت نییە سەرۆکی لیست باکگراوندی چی بووە، گرینگ ئەوەیە ئەجێندا و نیەتی لەبەرامبەر پارە و پۆست و دەسەڵاتدا چییە. لەبەرئەوەی من لەنزیکەوە نایناسم، قسەیەکی ئەوتۆم نییە، بەڵکو دەمەوێ لەسەر لاوازیی لیستەکە و هەندێ کاندید قسە بکەم.

کاک سەردار عەزیز، زیاتر وەک نووسەرێک خۆی دەرخستوە، کەمترین داکۆکی جدیی لە گۆڕان نەکردوە، بگرە خۆی بەدوور گرتووە، گوایە سەربەخۆیە. لەپڕێکدا، بەهۆی واسیتەی هەندێ سەرکردەوە، کرا بە دووەم کەس لە لیستەکەدا. هەرچەندە کاک سەردار، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا، کە نووسەر و رۆشنبیر چۆن دەبێ خۆی بەوشێوەیە بخاتە ناو کایەی سیاسییەوە و لەپڕێكیشدا بێت. بەڕێزیان لەوەڵامی هەموو ئەو رەخنانەدا، لە فەیسبووکەکەی خۆی، داکۆکی لە خۆی دەکات و دەڵێ بۆ پارە دەچمە پارلەمان، چونکە ئیشم بە پارەیەو دەمەوێ توێژینەوەی پێ بکەم. باشە ئەم پەیامە، وەک کاندیدێکی گۆڕان، زۆر زۆر خەتەرناک نییە؟ ئەمە پەیامێک نییە بۆ پارتی و یەکێتی کەوای تێبگەن، من کاندیدی پارەم و کێ زیاترم بداتێ، سوکانی سیاسی بۆ لای ئەو وەردەگێڕم. ئایا پارتی و یەکێتی لەو پەیامە روونە تێناگەن؟ دواتر ئایا کەس لەناو کورددا نەماوە توێژینەوە بکات، ئەو بەڕێزە نەبێت. ئایا ئەمە سکانداڵی سیاسیی و رۆشنبیرییش نییە؟ ئایا گۆڕان، بۆ ئەوەندە چاوی لەدەست ئەمجۆرە کەسانەیەو بۆ ئەوەندە مەعشوقی شەهادە و دەرەجەداری خوێندەوارە؟
زۆرکەس چاوەڕوانی ئەوەیان لە بەڕێز رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد، لەسەر ئەو شێوازە ناسیاسیی و هەرزەکارانەیەی کاک سەردار، بە بیانوویەکەوە لە لیستەکە دووری بخاتەوە، کەچی میدیاکانی گۆڕان زیاتر بایەخی پێدەدەن. ئەوەشمان لەبیر نەچێ، پێش ئەوەی لیستی پارلەمانتارەکان کەشف بن، زۆرکەس لەناو گۆڕانیشەوە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە گۆڕان بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، من خۆم لەگەڵ بایکۆتکردندا بووم، کەچی کاک سەردار، بۆ ئەوەی بگات بە مەقسەدی خۆی و پارەی پارلەمانتاریەکە مسۆگەر بکات، لە وتارێکدا بۆ سبەی، باسی خراپیەکانی بایکۆتی کردبوو، نموونەی سونەکانی عێراقی هێنابووەوە، بەڵام بەڕاستی مەبەستی وتارەکەی کاک سەردار، نەسوتانی ئەو کارتە بوو کە خۆی هەڵیدابووە ناو لیستی هەڵبژاردنەوە، بۆ ئەوەی بەهەریسەکەی پارلەمان بگات.

یەکێک لەهەرە کاندیدە لاوازەکانی گۆڕان، کاک ئارام رەفعەتە، کە لەو وڵاتەی من لێی دەژیم لە ئوسترالیا، دیارە لە شارێکی تر دەژیت. ئەم کاک ئارامە، کە ناوی محەمەد رەفعەتە، لەهەموو ژیانیدا گاڵتەی بەگۆڕان کردووە، تەنیا چوار مانگ پێش لیست ئامادەکردنەکە، ئەم برادەرە لەڕێی عەشیرەت و بنەماڵەکەیەوە، کە نیوەیان یەکێتین و نیوەیان پارتین(وەک عەقڵیەتی عەشایەریی هەردوولایان گرتووە)، خەریکی واسیتەکردن بوو بۆ ئەوەی ناوی بچێتە ناو کاندیدەکانەوە. ئەم برادەرە، پتر لە حەوت ساڵە، ناو بەناو وتارێک دەنووسێ، هەمیشە باسی ئەوەی دەکرد، کە خوێندکاری ماستەرە، دواتر کردی بە خوێندکاری دکتۆرا، ئەوەندەی گوتەوە، تامی تیا نەما. چەندین دۆست و رەفیقی نزیکی خۆی دەیانجار تەریقیان دەکردەوە، ئەو هەر کۆڵی نادا و هەمیشە لەقەبێکی لەخۆی دەنا. هەموو ئەو قونکە وتارانە و ئەو تایتڵی ماستەر و دکتۆرایەی بۆ ئەوە ئەبوو، عەرزی خۆی پێ بکات و سەرەنجام ئیشێکی پێ بدۆزێتەوە(ئەندام پارلەمانیی).
وەک کوڕی چاک، تا بڵێی موحتەرەم و موئەدەبە، دیارە بەهۆی ئەوەی لەیەک وڵاتەوە(ئوسترالیا) هاتووینەتەوە بۆ کوردستان، هەست دەکەم زوڵمێکی زۆر گەورە لەمن کراوە، کاتێ من لە لیستەکە دوور دەخرێمەوە، کەچی کاک ئارام بەدنیایەک سکانداڵی فیکری و سیاسیەوە، گۆڕان هەر ئیبرازی دەکات. وێڕای ئەوەی وەک شەخس کوڕی چاکە، بەڵام ئەم برادەرە هەرگیز بەکەڵکی سیاسەت نایات، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1- کاک ئارام، وەک بیزنس لە ئەندام پارلەمانی دەڕوانێت. ئەو تا چەند هەفتە لەمەوبەر لە ئوسترالیا بوو، پیشەکەی سایەقی تاکسی بوو، ئەمە هیچ عەیب وعار نییەو بگرە شانازیشە بۆ مرۆڤ ئیش بکات، نەک تەمەڵ و تەوەزەل دابنیشێ، بەڵام ئەوەی عەیبە و چەواشەکارییە، بۆچی باسی شەهادەکانی دەکات و بە ملوەنیی باسیان دەکات، بەڵام پیشەکەی، ئەو رێگەیەی کە بژێوی ژیانی پێ دابین دەکات، دەشارێتەوە و باس ناکات. ئایا بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، لەڕووی دێ، بە جورئەتەوە بڵێ من نزیکەی ١٥ ساڵە لە ئوسترالیام، یان سایەق تاکسی بوومە یان لەسەر پارەی سۆشیال ژیاوم و ئێستا هاتوومەتەوە، خزمەت بە ئێوە بکەم! ئایا جێگەی مەترسیی نییە کەسێکی وەک ئەم ئەکادیمیستە! بچێتە پارلەمانەوە، ئایا پارتیی لە حەواوە، بەچەند دەفتەر دۆلارێک قووتی نادات؟

دیارە ئەمە بەو مانایە نییە، کە مرۆڤی هەژار نابێ بچێتە پارلەمانەوە، بەڵکو هەژارەکان، هەمیشە نەفسبەرزترن لەچاو زۆربەی دەوڵەمەندەکاندا بۆ مەسەلەی پارە. باشترین نموونە، گەنجێکی خۆشەویستی وەک عەبدوڵای مەلا نوری، کە کوڕێکی هەژار بووە، کەچی چقڵی چاوی پارتی بوو. گرفتی کاک ئارام ئەوەیە، بێزی لە هەژارییەکەی خۆی دەبێتەوە و دەیەوێ لەڕێی ئەندام پارلەمانییەوە دەوڵەمەند بێت و لە ڕوویشی نایات، باسی بکات. دیارە کاک ئارام، بەنیسبەت ژیانی خەڵکی ئوسترالیاوە هەژارە، ئەگینا بەو حاڵەیشیەوە، لە %٧٠ ی خەڵکی کوردستان، گوزەرانی باشترە. چونکە بەردەوام بەڕەش ئیشی کردووە و هەمیشەش لەوەتەی لە ئوسترالیایە بەردەوام سۆشیالی وەردەگرتووە، لەهەموو ژیانیشیدا، یەک دۆلار تاکس(باج) ی نەداوە بەحکومەت. مرۆڤێک بۆ پتر لە دەساڵ بێکار بووبێ، دیارە کارە رەشەکەی حیساب ناکرێ و بگرە وەک خیانەتیش وایە لە دارایی دەوڵەت و ئینتیمای هاونیشتمانیی، ئاخر ئەم سکانداڵە، لەکوێی ئەم سەرزەمینەدا هەیە، کەسێک بە کاری رەش(سایەق تاکسی بەدزی دەزگای باجەوە) و بە خواردنی پارەی سۆشیالەوە، بگات بە ئەندام پارلەمانیی، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان و لیستی گۆڕاندا نەبێ؟ ئەم هەموو خۆهەڵکێشانە ئەکادیمی و پرۆژەوپرۆژەکارییە، هەمووی بۆ دنیای فشەسازیی بووە، بۆ ئەوەی هەندێ قیادەی گۆڕان، وەک تەکنۆکرات سەیری بکەن. ئایا ئەمە هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان نییە، بەناوی شەهادەی کلاواتی هەندەرانەوە، بۆ پارەپەیداکردن و تەقاعودیەکەی پارلەمان؟ بەڕاستیی گۆڕان، دەیەوێ، چەندین بەڵێن عەبدوڵا، کە لە میدیاکانی ئەوروپادا بووە بە گاڵتەجاڕیی، لە لیستەکەی خۆیدا دروست بکات، بەناوی ئەکادیمیی و پسپۆری بواری نەوت و..تاد.

2- ئەم دۆستە، هەمیشە لە سیاسەتەکانی پارتیی و یەکێتیەوە (بەتایبەتی پارتی) نزیک بووە. بەدیاریکراویش، لەسەر قەوانی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردی و لۆبی کوردی ...تاد ئەوەندەی وەک کادیرێکی نزیک لەپارتی ناسراوە، ئەوەندە بەسەربەخۆ، یان بە نزیک لە گۆڕان نەناسراوە. بۆ نموونە لە ئوسترالیا، لەسەروبەندی تێرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا، کەسێک بەناوی شێرکۆ کرمانج، لەگەڵ هەندێ کەسی نزیک لەپارتیەوە، خەریکی لۆبیکردنی بازرگانی بوون بۆ پارتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئوسترالیا و لەڕێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە(کە هەمووی پارتییە)، کۆبوونەوەیان رێکدەخست و هەندێ کادیری گۆڕانیش کەوتنە ناو ئەم مەعمەعەیەوە. کاک ئارام رەفعەت، لە دوورەوە ماستەرمایندی ئەم لۆبیکردنە بوو. کاتی خۆی ئێمە چوار کەس لە کوردەکانی ئوسترالیا، بە نووسین فەزحی شێرکۆ کرمانجمان کرد.

ئەو پڕوپاگەندە تیجاڕییەی پارتی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەوەندە تەئسیری لەسەر ئەم کاک ئارامە ئەکادیمیستە! هەبووە و هەیە، لە سێمینارێکدا، کە دەکەسێک دەبن لە ئوسترالیا، لە پارتییەکان و هەندێ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، جڵەوی خۆی شل دەکا بە مەلیکی عێراق دەڵێ پێ پەتی، بەدەرلەوەی دەربڕینێکی راسیستانەیە، بەڵکو فڕی بەئەکادیمیبوونیشەوە نییە. ئەم سیمینارەیشی بە شانازیەوە لە یوتیوب داناوە. کاتێ مەسعود بارزانی وەک نمایش، تابووتێکی ئەنفالکراوەکان دەخاتە سەرشانی، ئەم کاک ئارام رەفعەتە، حەماسی نەتەوەییبون بە لۆژیکی بارزانی دەیگرێ و لە فەیسبووکەکەی خۆی، دەڵی شەرمە عێراقی بیت! کەچی ئێستا خۆی بە تەسکەرەو جنسیە عێراقی خۆی کردووە بە کاندیدی پارلەمانی هەرێمێک لە عێراقدا! هەندێ نەخوێندەواری ناو گۆڕانیش بە ئەکادیمیست و تەقنۆقرات! ناوی دەبەن! بەڕاستیی ئەم"د" دالەی پێش هەندێ ناو، گۆڕان بۆگەوجاندنی خەڵکی هەژار بەکاری دەهێنێت.

3- کاک ئارام، وەگ گوتم لە موحتەرەمیی و رێکوپێکیدا نموونەی کەمە، بەڵام تا بڵێی پیاوێکی ترسنۆکە، شەرمنۆکە، لاشەڕە، دوورە پەرێزە، دابڕاوە لەخەڵک، کەسێکی عاتیفییەو زوو دەکەوێتە ژێر تەئسیری خەڵکی ترەوە. زۆر عاتیفیەو نەتەوەییەکەی لە سنوری ماڵباتی بارزانی تێناپەڕێ. ئایا کەسێکی وەک ئەم کاک ئارامە، کەی بەکەڵکی ئەو شەڕەشەقەی ناو پارلەمان دێت. ئاخر تەنانەت بەکەڵکی ئەوەش نایات لە لیژنەیەکدا دانبرێ و بینێریت بۆ موناقەشەکردن لەگەڵ حیزبێکی تردا، چونکە بە دوو قسەی خۆش و بە دیارییەکی بچووک و بەدەعوەتی رێستۆرانتێکی گرانبەها، رازیی دەکەن و دەموپل و دەست و چاوی دەبەستنەوە. مەگەر پێشینان راستیان نەگوتووە، نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب.

4- ماوەی چەند ساڵێکە، ناو بەناو لەگەڵ پیاوێکی موشتەبەهی وەک شێرکۆ کرمانجدا، خەریکی پرۆژەو پرۆژەکارییە. دواترین پرۆژەیان ئەوەبوو، پێش ئەوەی پارلەمان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی بارزانیی بدات، ئەمان دەیانگوت جەنابی کاک مەسعود بارزانیی با تەمەنی سەرۆکییەکەی درێژبکرێتەوە و سازانی نیشتمانی بکرێت!! پیاوە خەتمایلەکەی پارتیی لەناو یەکێتیدا(عارف قوربانی، کۆنە جەیشی شەعبی) لەهاوڵاتی و لڤینەوە پێیاندا هەڵدەدات و دەڵێ پرۆژەی دوو مامۆستای زانکۆ لە ئوسترالیا. هاوڵاتیش پرۆژەکەی بەناوی دوو مامۆستای زانکۆوە بۆ بڵاوکردنەوە. لەکاتێکدا، هیچیان بەخەونیش ئەوە نابینن لە ئوسترالیا مامۆستای زانکۆ بن، چونکە نە شەهادەکانیان تەقدیری هەیە، نە زمانی ئینگلیزیی دەزانن. ئەو شتانەی ئارامیش شانازی پێوە دەکات و گوایە بەئینگلیزی نووسیویەتی، هەمووی بە پارە، کەسی ئوسترالیی ئەسڵ، ئینگلیزی ئەسڵ بۆیان چاک دەکەن و بۆیان دەنوسنەوە. بەکورتییەکەی بۆیان وەردەگێڕن لە زمانێکی زۆر زۆر خراپەوە بۆ زمانی ئینگلیزی. هاوکات کاک ئارام زۆر لەژێر هەژموونی شێرکۆ کرمانجدایە، شێرکۆ بڵێ ماست رەشە، ئەم ئارامە ناڵی نا، ئێ هەموو ئەوانەی شێرکۆش دەناسن، باش دەزانن، چەند لە پارتی و یەکێتیەوە نزیکەو چەند پیاوی ئەوانە. کەواتە کاک ئارام بەدەستی سێ و چوار و بە پاشکۆیەتیی بۆ خەڵکی تر، سیاسەت دەکات.

5- لەهەڵبژاردنی پێشووی پارلەماندا، لە دەرەوەش واتە لەهەندەرانیش دەنگ درا. لەشاری ئەدەلایدی ئوسترالیا، گۆڕانخوازەکان پاسیان گرتبوو بۆ ئەوەی لایەنگرانی گۆڕان بچن بۆ شارەکانی تر بۆ دەنگدان، چونکە ئەدەلاید بنکەی دەنگدانی تێدا نەبوو. کاک ئارام نەک هەر رەفزی کربوو بڕوات، بەڵکو گاڵتەی بە گۆڕان و کاک نەوشیروان مستەفاش کردبوو. ئەی خێرە و بە قودرەتی کام قادر(جگە لە قودرەتی پارە و ئەندام پارلەمانیی) رەئی ئەم برادەرە گۆڕا و ئێستا بەهۆی کوتلەکاریی و ناوچەگەرایی(تەئیدی کاک مستەفای سەید قادر) و تەسدیقی شێرکۆ کرمانجەوە ، بووە بە گۆڕان؟ ئاخر کاک ئارام، کە کۆنە کۆمۆنیست بووە، کاک نەوشیروان مستەفای بە قاتل و موجریم زانیوە، بەهەمان عەقڵیەتی کۆمۆنیست و شیوعیەکان و پارتییەکان، ، چی وای لێکرد، کە ببێ بە کاندیدی ئەو حیزبەی کاک نەوشیروان، ئەگەر سیحری پارەو چاوشۆڕیی بۆ پارە نەبێت؟ ئایا خەتەر نییە، کەی ئێن ئێن کەمپەین بۆ کاندیدێکی لاوازی وەک ئارام دەکات بۆ ئەوەی بچێتە پارلەمانەوە؟ ئایا دواتر پارتیی ویەکێتیی، بە چەند دەفتەر دۆلارێک، ١٨٠ پلەی پێچەوانە لە دین وەریناگێڕنەوە؟ بەمجۆرە بێت، لە پارلەمانی داهاتوودا، لیستی گۆڕان، چەندین ئەندام پارلەمانیان لێ دەبێتەوە و بەئاشکرا، پارتییبوون یان یەکێتییبوونی خۆیان رادەگەینن.

6- من ماوەیەکی زۆرە لە کوردستانم، لەگەڵ هەندێ دۆست و برادەردا، کەمپەینێکمان بەڕێخست بەناوی" چاو هەر چاوە" دژی کوێرکردنی ئەو هاوڵاتییانەی کوردستان بەهۆی ملهوڕیی و گەندەڵیی وەزارەتی تەندروستیەوە. گرووپێک لەناو ستافی کەی ئێن ئێندا، بەهەمووجۆرێک بایکۆتی چالاکییەکانی ئێمەیان دەکرد، کەچی ئارام رەفعەت، چوار رۆژە گەڕاوەتەوە، گۆڕان ئیبرازی دەکات و وەک پسپۆری نەوت بە خەڵکی کوردستانی دەناسێنێ. ئەو زانیارییە ئێکسپایەرانەی کاک ئارام لەسەر نەوت باسی دەکات، بە دوو سەعات لە وێکیپیدیا و گوگل، سادەترین رۆژنامەنووسی پارتی و یەکێتی دەتوانن پەیدای بکەن و لەو باشتر بینووسن. ئاخر هەرچی هەندەسەی نەوت(مەساحە) ی خوێند، ئیتر پسپۆرە. بە هەزاران کەس لە کوردستاندا، لە زانکۆکاکانی عێڕاق ئەمەیان خوێندووە و پێیان شەرمە ئەم لەقەبە گەورەیە لەخۆیان بدەن، کەچی کەی ئێن ئێن، ئارام رەفعەت، کە شەهادەیەکی علوجی لە ئوسترالیا، لەسەر شتێک هێناوە، هەموو کورد خەریکی ئەو خوێندنەیە، بە پارە دێڕ بەدێڕ و پەڕە بەپەڕەیان بۆ ئێدیت کردووەتەوە، بە د. محەمەد رەفعەت دەیناسێنن، لەکاتێکدا، ئەو بەناوی ئارامەوە وەریگرتوە(گومانیش هەیە هێشتا تەواویشی کردبێ، چونکە ئەو سێ ساڵە بە خۆی دەڵێ دکتۆر). هەروەها نابێ شەهادە بەناوی دوو کەسەوە بێت(ئارام رەفعەت و محەمەد رەفعەت). ئاخۆ لەمە، ناعەدالەتیی زیاتر چیتر هەیە، کە هەندێ کەس لەناو گۆڕاندا دەرهەق بەمن دەیکەن؟



هیوادارم وەک گۆڕان، زوڵمیان لەمن و لە چەندین کاندیدی تر کرد، زوڵم لەجەماوەری ناڕازیی کوردستان نەکەن و بە درۆی سیاسیی، هەندێ کاندیدی لاوازیان لەبەرچاو، خۆشەویست نەکەن. هیوادارم گۆڕان، درۆ لەگەڵ خەڵکی بەگاڵەهاتوو لەدەست گەندەڵیی و دزیی سامانی نیشتمانی لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە نەکات و هەندێ کاندیدی نەفسنزم بۆ پارە، چاوشۆڕ بۆ عانە و بۆ دەسەڵات، گەورە نەکەنەوەو لەشاشەی تەلەفزیۆنەکەیانەوە خەڵکی کوردستانی پێ نەگەوجێنن. بەو هیوایەی، لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، ئەو کاندیدانەی کە بۆ پارە ئامادەن، هەر رۆژەی ببن بە حیزبێک و دین و ئیمان و ئەخلاقیان بە پارە بگۆڕنەوە، گۆڕان بایەخیان پێ نەدات، چونکە سەرەنجام خراپ پێوەی دەدەن. لەکۆتایی بەشی یەکەمدا، دەڵێم ریسوایی بۆ ئەو کاندیدانەی، لەسەر حیسابی ئەو زوڵم و زۆرداریی و ناعەدالەتییەی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێ، دەیانەوێ بە هەریسەکەی پارلەمان بگەن. داوەشین بۆ ئەو کاندیدانەی لەهەندەرانەوە، یەک رۆژ ئیشی رەسمیان نەکردووە، یەک رۆژ تەعین نەبوونە لە دائیرەیەکدا، کەچیی دێنەوە بە خەڵکی هەژاری کوردستان، دەڵێن، ئێمە دکتۆرین، پسپۆرین، ئەوەندە زمانە دەزانین! لەکاتێکدا، نە زمانەکەیان و نە شەهادەکانیان، قیمەتێکی نییە لەو وڵاتانەی لێیان وەرگیراوە، چونکە کواڵیتیەکەیان لەژێر سفرەوەیە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە