کێشەکانی دەرمانی بەسەرچو، دەرفەتێکی تر بۆ قۆرخکاریەکی نوێ

Monday, 10/09/2012, 12:00

2287 بینراوە






کێشەکانی دەرمانی بەسەرچو و خۆراکی خراپ لە بازاڕەکانی کوردستان، لەژێر سایەی حوکمی حیزب دا لە کەس ون نییە.

ماوەیەکە میدیاکانی کوردستان ڕاپۆرتی زۆر لەبارەی بازرگانیەکانی دەرمان و خۆراکی بەسەرچو بڵاودەکەنەوە.

وا دێتە بەرچاو کە تازە بە تازەیی دەسەڵات بەهۆش خۆیدا هاتبێتەوە و توانای بەسەر ئەوەدا بشکێت دەستی بگاتە کون و کەلەبەرە تاریکەکان و، ئەو کاڵا زیانبەخشانە دەستبەسەردا بگرێت.

بێگومان بەرپرسەکانی حیزبەکانی دەسەڵات بەجۆرێک لەجۆرەکان پشکیان لە قازانجی ئەو ساغکردنەوانەدا لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەبووە و دیاردەیەکی شاراوە و نوێ نەبووە بۆ خەڵکی، بۆیە بۆمان هەیە لەخۆمان بپرسین ئێستا بۆ بەو تەوژم و گوژمەوە ئەو دیاردە قیزەونە بەدێمۆن دەکرێت؟

دیارە شانبەشانی دەستڕۆیشتووەکان کەسانێک یان بازرگانی تر هەن کە پشکێک لەو بازارەیان بۆ خۆیان بردووە.

شان بە شانی هەڵمەتەکانی پشکنین و ڕاگەیاندن، وەزیری تەندروستی بە پێی مانشێتێکی هاوڵاتی داوای فریادڕەسێک دەکات بەو پێیەی دەڵێت:

"دەرمان لەدەستی سەلامەتدا ناگاتە هەرێمی كوردستان"

واتە دەبێت دەستێکی سەلامەت بیگەیەنێتە کوردستان. ئایا دەبێت ئەو دەستە سەلامەتە کێ بێت؟

ئەو هەواڵانە هانیان دام بگەڕێم بەشوێن ئەوەی هۆکارێکی ڕاستەقینە بۆ ئەو هەڵمەتانە بدۆزمەوە، چونکە هەر هەنگاوێک کە دەسەڵات دەینێت دەبێت بە گومانەوە دیراسە بکرێت.

ئەم گومانە کەم نرخاندنی هەوڵ و کۆششی ئەو کارمەندانەی تەندروستی نییە کە بەشدارن لە پشکنینەکاندا.

لە گۆگڵ دا دوو وشەم نوسی کە "کوردستان" و "دەرمان" بو ، لە دوای یەکەم کرتە چەند لینکێک دەرکەوتن کە سەرنجیان ڕاکێشام.

سەیری ئەم لینکانە بکەن:

http://www.google.se

http://www.lakemedelsvarlden.se


http://svenskfarmaci.se


تیایاندا زانیاری ئەوەمان دەستدەکەوێت کە:

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان لەگەڵ شەریکەیەکی سویدی عەقدیان بەستووە بۆ کڕینی دەرمان و تا هاوینی ٢٠١٣ دەست بەناردنیان بۆ کوردستان دەکرێت.
ئەو دوو کۆمپانیایە ڕێککەوتون کە ٣٠٠ دەرمانخانە لەسەر مۆدێلی سویدی لە کوردستان بکەنەوە و ئەوەش تا ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام بدرێت.

بازاڕی کڕین و فرۆشتنی دەرمان لە دنیادا یەکێکە لە پڕ قازانجترین چالاکیە بازرگانیەکان. کۆمپانیای دەرمانی وا هەیە ساڵانە هێندە قازانج دەکات کە لە داهاتی نەتەوەیی ژمارەیەک وڵات زیاترە.

لەو دوو لینکەی سەرەوەدا قەیوان بە نێرەرێکی گەورەی نەوت ناو دەبرێت، کە لە عێراقەوە نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەکات. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کۆمپانیایە زۆر پارەدارە. ئێستاش گەر دەرمان هاوردە بکات و بەو قەبارەیە بازاڕ ئیحتکار بکات دیارە قازانجەکەی لە قازانجی نەوت کەمتر نابێت!

کەواتە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە ئایا پەیوەندیەک هەیە لە نێوان ئەو هەڵمەتانەی پشکنینی بازاڕ لە کوردستان و ئەو هەوڵەی قەیوان بۆ مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕی دەرمان و دەرمانخانە لە کوردستان و نزیکبونەوەی وادەی گەیشتنی یەکەم وەجبەکانی دەرمانەکانی قەیوان؟

خوێنەر خۆی سەرپشکە بەکام دەرئەنجام دەگات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە