گۆڕان و پڕۆژەکەی

Friday, 06/04/2012, 12:00

1659 بینراوە



 



لە نوسینی ئەمجارەدا باسی گۆڕان دەکەم و حیزبەکانی تر لە ئایندەدا دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

لە باسی گۆڕاندا هەندێک تەوەر باسدەکەم و ئاوڕیان لێدەدەمەوە و رای خۆمیان لەسەر دەدەم. ئەوانەش:

پاکی و دەستپاکی و بێتاوانی
زاراوەی گۆڕان و ناوی بزوتنەوەکە
ڕۆشنبیران و دەستەبژێری کوردستان
گۆڕان وەک دروشم
گۆڕان وەک ئایندە
کەسایەتییەکانی ناو گۆڕان
جەماوەری گۆڕان لە نێوان خواستی ڕاستەقینە و پۆپۆلیستیدا
پێشینەی گۆڕان و زەمینەسازی
نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانی
زۆر تەوەری تریش.


بێگومان وتارەکە لە ژێر ڕۆشنایی سێ خاڵەکەدا دەبێت کە پارتیم پێ باسکرد، ئەوانیش پێکهاتە، بیری گەورە و کاریزما.

دەروازەیەک:

نەوشیروان مستەفا لەلای هەموو کەس ناسراوە و هەر کەسە و بە پێی ئینتیمای حیزبی و بێ ئینتیمایی خۆی لێی تێدەگات. مەبەستی من ئەوە نییە ئەو بە خەڵک و خوێنەر بناسێنم بەڵام هەندێک گێڕانەوە گرنگە بۆ ئاسانکاریی باسەکە.

ئەو وەک سەرکردەیەکی پارتیزانی سەربازی و مێژوونوس و سیاسەتمەدار چالاک بووە.

لە نێو یەکێتی سەردەمی شاخدا جێگەدەستی دیارە و، دواتریش لە نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا کە کوردستانی جێهێشت پشکێكی گەورەی ئەو جێهێشتنە دەبێت دەستی تاڵەبانی تێدا بووبێت. ئەو خۆی لە وتارێکدا بە وردی هەندێک تیشکی خستۆتە سەر ئەو باسە.

چیرۆکی گۆڕان لە گەڕانەوەی ئەوەوە بۆ کوردستان دەستپێدەکات. دیارە کاتێک نەوشیروان لە کۆتایی نەوەدەکاندا گەڕایەوە هەر بە خواستی خۆی نەبوو، بەڵکو بە هاندان و داوای تاڵەبانیش بوو. کاتێک نەوشیروان دەگەڕێتەوە ناوچەی سلێمانی تەنانەت کۆسرەت و ملازم عومەریش ئاگاداری ئەو گەڕانەوەیە نابن. کە گەیشتۆتەوە جێ ئەو کات تاڵەبانی ئاگاداریان دەکات لە هاتنەوەکەی.

دیارە ئەو کاتە نەوشیروان نەیاری لە نێو یەکێتیدا هەبووە و ئەوەش لە پلەی نزمدا نا، چونکە هاتنەوەی ئەو و وەرگرتنەوەی پۆست لە نێو یەکێتیدا واتە کێشە بۆ هەندێک لە بەرپرسەکانی تر.

دوای ئەوەی بە موئامەرەی تاڵەبانی و، وەکو نەوشیروان خۆشی باسیکردووە، پشتتێکردنی کۆسرەت نەوشیروان ناچاربوو بچێت لە لەندەن دانیشێت، لە ساڵانی نێوان ڕۆیشتنی ئەو و هاتنەوەیدا، لە نێو یەکێتیدا هەندێک میحوەر و کەسایەتی بوون بە قوتبی بەهێز و ئەوەش تاڵەبانی تەنگەتاو کردبوو. بەهێزترین و ترسناکترینی ئەوانەش بۆ خودی تاڵەبانی کۆسرەت و جەبار فەرمان بوون.

لە دوای گەڕانەوەی یەکێتی لە ئێران جەبار فەرمان کە ئەوکات جێگری فەرماندەی گشتی بووە و لە فەرماندەیی کولفیکول خۆی بووە، وای لێهاتبوو کە تالەبانی دەچوو بۆ فەرماندەیی، لە نوسینگەکەی فەرمان، تاڵەبانی لەلای خوارەوە دادەنیشت. دیارە ئەم لە خۆباییبونەی فەرمان بە هۆی ئەوەوە بوو کە پشتی بە ئێران قایم بوو و لەلایەکی تریشەوە لە خۆی بایی بوو.

لەولاشەوە کۆسرەت و لایەنگرەکانی بە پشت بەستن بەبەشداری کۆسرەت و بەرزبونەوەی ناوبانگی لە دوای شەڕی دژی پارتی، بەنیازبوو ببێتە سکرتێری گشتی یەکێتی. تاڵەبانیش ئەوەی باش دەزانی و، بە هۆی ڕاپۆرتنووسەکانیەوە ئاگادارکرابوەوە.

لایەنگرانی کۆسرەت بە ئاشکرا پێش بەستنی کۆنگرەی یەکێتی باسی شانسەگەورەکانی کۆسرەتیان کردبوو بۆ بوون بە سکرتێری گشتی.

ئەمانە وای کردبوو تاڵەبانی گەمەیەکی تری کۆنی نوێ بگرێتە بەر، ئەویش هینانەوەی نەوشیروان و فەرەیدون بوو لە لەندەن و ئەوروپاوە.

هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەوکاتە نەوشیروان بە نیازی دروستکردنی حیزبی خۆی گەڕابێتەوە.

بە هاتنەوەی، نەوشیروان کرایەوە بە جێگری سکرتێری گشتی، ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەوە دڵخۆش نەبوون، لەوانە فەرمان.

یەکەم کارێک کە تاڵەبانی بە نەوشیروانی ڕاسپارد کێشەی کۆمۆنیستەکان بوو.

"ئەوەبوو فەرەیدون عەبدولقادر کەوتە ناو فەرماندەییەوە. لەوێ یەکەم کاری بڕینی بەشێک لە موچەی موچەخۆرەکانی فەرماندەییەکە بوو، کە ئەوکاتە بە قسەی بازاڕ بە زۆرتر لە دەیان هەزار کەس مەزەندە کراوە. ئەو بڕە پارەیە بۆ هەر موچەخۆرێک کەم بووە بەڵام بۆ دەیان هەزار زۆر زۆر بووە. پارەکەش چووەتە گیرفانی فەرەیدونەوە."

نەوشیروان دوای لێدانی کۆمۆنیستەکان لە گردەکەی عەلی ناجی جێگیر دەبێت.

جەبار فەرمان لێدەخرێت و کۆسرەت ناچار دەکرێت دەست لە سەرەک وەزیری هەڵگرێت. بەرهەم دەخرێتە جێگەی. دیارە پێشتر کۆسرەت بە قسەی تاڵەبای وازی لەو پۆستە نەهێناوە، بەڵکو بە زەختی نەوشیروان و هاوەلەکانی و تالەبانی ئەمجارە ڕازیبووە واز بێنێت.

لە کۆنگرەدا تاڵەبانی فێڵ لە کۆسرەت و ئەوانی تر دەکات و بە ٢٥ حیمایەی خۆیەوە کە باجی ئەندامەتییان پێدەبێت دەچێتە سەر مەنەسە و دەڵێت با سکرتێری گشتی دانێینەوە. لایەنگرانیشی هاوار دەکەن مامە. بەو جۆرە خۆی دەکاتەوە بە سکرتێر. دیارە حیمایەکانی بە چەکەوە دەچنە کۆنگرە.

کاتێک نەوشیروان لە عەلی ناجی دادەنیشێت خەڵکی و هاوەڵە کۆنەکانی دەستە دەستە دەچنە سەردانی، گلەیی و گازندەی بۆ دەکەن. داوای لێدەکەن فریایان کەوێت. ژمارەیەکی زۆریش لە نوسەر و ڕۆشنبیرانی دەستەبژێر سەردانی دەکەن و داوای لێدەکەن شتێک بکات. ئەو کات نەوشیروان بە باوەڕی تەواوەوە هەوڵدەدات یەکێتی لە ناوەوە چاک بکات، بۆیە باڵی ڕیفۆرم دروست دەبێت.

ئەو کاتەی تاڵەبانی بە یارمەتی نەوشیروان بەهێزدەبێتەوە و کۆسرەت کۆت دەکات و فەرمانیش بەو دەردە دەبات کە بردی، ئیتر بە گومانەوە گەمارۆی نەوشیروان دەداتەوە. کاتێک نەوشیروان و باڵەکەی دەست دەکەن بە چالاکی و لە هەوڵێکیشدا لەلایەن ئەو و عومەری سەید عەلی و کۆسرەتەوە کە داوای خانەنشین بوونی تاڵەبای دەکەن ئیتر دەکەویتە خۆی.

لە هەوڵی یەکەمیدا شانسەکانی ڕیفۆرم بۆ بالادەستبوون لە ناو یەکێتیدا کز دەکات و، دوایش بۆ لێدانی یەکجارەکی نەیارەکانی پەنا دەباتە بەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی و ڕێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ دەبەستێ.

نەوشیروان دەست لە کاردەکێشێتەوە و دادەنیشێت. بڕێک پارەی لەلایەن تاڵەبانییەوە پێدەدرێت بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای وشە.

ئیتر چیرۆکی گۆڕان لێرەوە دەست پێدەکات.

(پێش بەردەوام بون دەمەوێت سوپاسی ئەو کەسانە بکەم کە زانیاری بەنرخیان پێدام، بە تایبەتی لەسەر کەینوبەینی گەڕانەوەی نەوشیروان و وەزعی ئەوکاتی تاڵەبانی.)

لە کوردستان چەند کەسایەتییەک هەن زۆرترین قسەیان لەسەرە، وەکو مەسعود، تاڵەبانی و بەهەمان شێوەش گەر زیاتر نەبێت نەوشیروان مستەفا.

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەوانەی لەڕووی (خیتاب)ەوە زۆر بە توانایە. لە ڕووی مێژوەوە زۆر شارەزایە و لە ڕووی سیاسیەوە جێ دەستی دیارە، گەر هەمووکات پۆزەتیڤیش نەبووبێت. دیارە لەڕووی مەیدانی و بەشداری ڕاستەوخۆوە لە کاتی شۆڕشدا لە زۆربەی سەرکردەکان
چالاکتر بووە، زۆری وزەی بەشداربونیشی گەر بگەڕێینەوە بۆ کتێبەکانی خۆی ئەوا لە یەکلاییکردنەوەی کێسەی نێوان یەکێتی و جود دا بووە. واتە لە شەڕی براکوژیدا. ئەمە ئەمڕۆ بە چاوێکی جیا لە بینینی ئەوکاتەی گەرموگوڕی شۆڕشدا سەیر دەکرێت. ئەوسا بە شیوەیەکی ئاسایی و بە خۆپارێزی بۆ یەکێتی سەیرکراوە بەڵام ئەمڕۆ بووە بە کێشە بۆ نەوشیروان، ئەویش بە تایبەتی نەیارەکانی باش دەیقۆزنەوە. ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە شەڕێک بە یەک کەس و لایەن ناکرێت، گەر ئەو تاوانباری شەڕی براکوژی بووبێت ئەوە لایەنەکانی تری بەشداربووی ئەو شەڕە لەو بێتاوانتر نین، ئەوانەش بێگومان بە پلەی یەکەم مەسعود و تاڵەبانی خۆیانن.

بێگومان ئەو لە ناو لایەنگرانیدا وەکو کەسایەتیەکی ئازا و جەربەزە دەبینرێت و لای پارتیەکان و دژەکانیشی وەکو زاڵمێک وێنا دەکرێت و دەکرێت بە شەیتان.

خۆی لە خۆیدا لە هەلومەرجی دروستکردنی گۆڕاندا ئەوە دەردەکەوێت ئەو تا چەند ئازایە. لەو ئانوساتەدا کەسیتر نەبووە بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی وەکو ئەو بتوانێت بەلانسی هێز لە کوردستاندا بگۆرێت، بە تایبەتی لەو گۆڕینەدا هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی زەرەرمەند بوون. ئەو جەبهەیەی پارتی و یەکێتی لە خودی نەوشیروانیان گرت کەم کەس هەیە خۆی لەبەردەمدا ڕابگرێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو ئەو چەک و توانایەشی بەدەستەوە نەبووە کە ئەوان لێی بترسن بەڵام بەشێوەیەکی کارامە توانی خۆی لێ بپەرێنێتەوە.

هەمومان دەزانین کە پێش دروستبوونی گۆڕان دەنگی ناڕازی و بۆڵەبۆڵ لە نێو کوردستاندا هەبووە، ئەوانەش لە هەندێک نوسەر و ڕۆشنبیر و لایەنگران و ئەندامەکانی حیزبەکانەوە بووە بەڵام بەشێوەیەکی ڕێکخراو و ئاڕاستەکراو نەبووە بۆیە کاریگەریەکانیان ئەوەندە دیار نەبووە. دیارە لە ڕووی ڕۆشنبیریەوە ڕەهەندیەکان جێدەستیان دیار بووە، بەو مانایە نا کە توانیویانە کار بکەنە سەر دو زلحیزبەکە بەڵکو بەوەی مقۆمقۆی سەفسەتەییان لە نێوەندە ڕۆشنبیریەکاندا هێناوەتە ئاراوە. هەندێک ڕۆشنبیری سەربەخۆش هەبوون کە لە ڕووی ڕوئیا و دنیابینی ڕۆشنبیری و فیکری و سیاسیەوە کامڵیش نەبوون بەڵام کاریگەریی خۆیان هەر هەبووە.
لەوانە زیاتر و لە هەمویان کاریگەرتر ،کە ئەمڕۆ خەریکە باسناکرێت، ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە هەرچەند ڕۆژانەییش نەبووە.

ستافی ئەو کاتی ئەو ڕۆژنامەیە بە ڕاستی ئازا بوون کە بە شێوەیەکی بەربڵاو ناڕەزایەتیەکانیان خستۆتە ڕوو. ئەوان بوون خەڵکی شەقامیان هێنایە دەنگ و فێریان کرد کە دەنگ بەرزکاتەوە، دیارە ئەو کارەشیان دەیان جار دووچاری دادگا و لێپرسینەوە و ئیهانەکردن و هەڕەشە و بوختانی کردونەتەوە. هاتنەکایەی هاوڵاتی بۆ خۆی مێژویەکە، بەڵام لە رووی سیاسیەوە ناتوانرێت بوترێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەلانسی هێزی حیزبەکان هەبووە. دەستکەوتەکانی ئەوەبووە خەڵکی فێری خوێندنەوە و بە دواداچونی هەواڵەکان کردووە دوور لە لاپەڕەی رۆژنامە حیزبیەکان. دیارە سەرەتا دەنگ بەرزکردنەوەکان لە شێوازی سکاڵانامە بەرزکردنەوە و ناردنی نامەی کراوەدا بۆ مەسول و بەرپرسەکان بووە. بۆ ئەوەی لە بابەتەکە لانەدەم کە گۆڕانە لێرەدا کۆتایی بەم پێشینەیە دێنم.

نەوشیروان ئەندازیاری گۆڕان نەبووە، بەڵکو ئەو بزوتنەوەیە قۆناغ قۆناغ هاتۆتە کایە و گەڵاڵەبووە و ئەو بووە بە داینەمۆی بزوتنەوەکە.

ئەو سیاسەتمەدارە دەرکەوتنەکانی زۆرتر لایەنی ڕۆشبیریان پێوە دیارە، لەڕووی میزاجەوە هەناسە سوارییان پێوەیە، لەڕووی ڕونیی پەیامەکانیەوە لای چاودێران وایان دادەنێن کە ڕوونن، بەڵام گەر سەیری کاریگەریەکانیان بکەین دەبینین ناڕونیەکانیان زۆرترە.
دیارە ئەمەش بۆی هەیە لەلای خۆیەوە بەمەبەست بەو شێوەیە ئاڕاستەیان بکات. گەر باسی بەیانە حەوت خاڵیەکەی بکەین ئەو وەکو ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات ئاڕاستەی دەکات بەڵام لە ناو خودی پەیامەکەدا دەنگێکی شاراوەش بیستراوە. بۆی هەیە لای خەڵکیی، سەردەمی ڕاپەڕینی نەوەدویەکی بیرهێنابێتەوە و، وا تێگەیشتبن کە بێنە دەنگ و ڕاپەڕن. لە وتارەکەی کەرکوکیدا کە وتی درۆ و دراوەکانیان لێدەسەننەوە دیارە هەموو کەس دەزانێت ئەوە بەبێ شەڕ ناکرێت بۆیە بۆی هەیە خەڵکی چاوەڕێی شەڕێکیان کردبێت. ئەمانەو شتی تریش.

دیارە ئەو دەنگۆیانەی بزوتنەوەکە لەسەرەتادا لێیکەوەتەوە چاوەڕێیی ئەوانە بوو کە لەدەرەوەی میحوەرە سیاسیەکە بوون و دەنگیان بە گۆڕان دا، ئەوان خواستەکانیان زیاتر پۆپۆلیستی بوو. واتە داوای ڕەفتاری دەستبەجێیان دەکرد.
خۆی پۆپۆلیستی لەسەرەتاوە بە مانای جەماوەرخوازی بووە، دواتر لە خۆرئاوا مۆرکێکی خراپی لە خۆ گرتووە. ئەو پارت و حیزبانەی کە لەپڕ هاتونەتە ئاراوە و داواکاریەکانیان زیاتر لە ناڕەزایەتی دەربڕیندا گەڵاڵە بووە دوای یەک دەورەی پەرلەمانی پوکاونەتەوە نەیان توانیوە بچنەوە ناو پەرلەمان.

سەرەتا حیزبە پۆپۆلیستیەکان بە حیزبی جەماوەریی ناسراون واتە حیزبی زۆرینە، بەڵام دوایی کاریگەرییان کەم بۆتەوە چونکە ئەو حیزبانەی سەر بە چینێک بوون توانای مانەوەیان زۆرتر بووە.

ئەو دەنگدەرانەی کە چاوەڕێی گۆڕانی یەکسەری دەکەن هەر زوو لایەن دەگۆڕن و بۆی هەیە دواتر دەنگ بدەن بە حیزبێکی تری بەرانبەر.

نەوشیروان ئەمانە باش دەزانێت و بۆ خۆ دەربازکردن لە حاڵەتی بە پۆپۆلیست بوون خەریکە بزوتنەوەکەی ڕێکدەخاتەوە ئەوەش ناڕەزایەتی دەنگدەرانی لێکەوتۆتەوە، ئەو دەنگدەرانەی داوای نەتیجەی خێرا دەکەن.

ماویەتی


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە