مەلا بەختیار لە زیندانەکەی گوندی یاخسەمەر (بەشی یەکەم)

Wednesday, 28/12/2011, 12:00

2960 بینراوە


با لێرەوە دەستپێبکەم ...
پاش ئاودیوکردنی بەرەی جود لەلایەن هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئەو کاتەوە بۆ باوەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانی باپیرە ڕەسەنەکەی بنەماڵەی بارزانی لەساڵی 1983 پارتەکەی بارزانی لە ڕێگەی ئەنوەری بەگی بێتواتەوە بە پاڵپشتی سوپای عێراق، ویستی گوندەکانی دۆڵی بالیسان بکاتە ناوەندی چالاکی خاڵی هاوبەشی جاش و موخابەراتی بەعس و چەکدارە بەزیوەکانی پارتی.
لە ڕێگەی جفرەی ڕادوێکەی شۆڕشی گەلی کوردستان لە شاخەوە بۆ تیپەکان ، هێزی پێشمەرگەی ئەو کاتە، تیپەکانی مەڵبەندی سێی و مەڵبەندی یەک بە تیپەکانی ٥٧ی سەگرمەوە و 55 ی قەرەداخ و تیپی 51 گەرمیان بەسەرپەرشتی شەهیدان حەمە ڕەش و کاک ئازاد و فەرماندەی نەمر شەهید مامە ڕیشە هەموو لوتکەکانی شاخی کڵاوەی دێوانەی سەری بێتواتەیان لە چاوترۆکانێکدا ئازاد کرد ، پاشان هەمان دەستەی هێرشبەر، گوندی (سوێرە، چێوەی سەروو، چێوەی خواروو،سەردۆڵیان) لە هێزە هاوبەشەکەی جاش و پارتی و سوپای بەعس پاک کردەوە.
هەمان هێزی پێشمەرگە لە تاریک و ڕوونی بەرەبەیاندا هێرشیان کردە سەر گوندی بێتواتە و گرتیان ، ئەنور بەگی بێتواتەی سەرەک جاشی بەعسی، بە ڕۆح پارتی هێندە بەپەلە هەڵهات فریای دەربازکردنی سندوقی کەلوپەلە نهێنیەکانی خێزانیشی نەکەوت.
لەم چالاکیەدا ڕەفتاری فەرهوودکەرانەی هەندێک پێشمەرگە لە تاڵانکردنی ماڵی ئەنوەر بەگی خائین، تەنانەت گەیشتە دەم ماڵ بە ماڵی خەڵکی سادە و ناحەزەکانی ئەنوەر بەگیش، ئەم ڕەفتارە قێزەوندەی هێزی پێشمەرگە کاریگەریی وای هەبوو، کە لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ەوە تا ئێستاش نەتوانراوە وەک رابردوو پێناسەیەکی جوان بۆ کەسایەتییە رەسەنەکەی (پێشمەرگە) دابنرێتەوە.
لە کۆی ڕزگارکردنی بێتواتە و دۆڵی بالیسان و مەڵبەندی چواردا مەلا بەختیار بە دووربینیش نەدەبینرا، دیارە مەلا بەختیار شەقکردنی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی پێگرنگتر بووە لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئەنوەر بەگی بێتواتەی هاوسۆزی پارتی، کە هەمیشە لایەنگری سوپای داگیرکەری بەعس بوو.

ئەم باسە درێژەی دەبێت

ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە هۆڵەندا
٢٨ ١٢ -٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە