تیرۆریستى چاو سەوز و قژ زەرد

Thursday, 28/07/2011, 12:00

1970 بینراوە







ئەلعەملایی ئەوجارە موسڵمان نەبوو!


هەر لە پاش گرتنى بونیادگەراى مەسیحى ڕاستڕەو (ئەندرێس بێریڤیك) ى نەرویژى، ئەو تیرۆریستەى بە مودێكى ساردەوە كارە دڕندەكانى ئەنجامدا، ئاهێكى خۆشی بەدڵى هەموو موسڵمانانى جیهان داهات چونكە زۆربەى هەرە زۆری كردارى تیرۆریستى وخوێن ڕشتنى بەناهەق لە پاش 11ى سەپتمبەرەوە وەك مۆركێكى تایبەت بە نێوچەوانى موسڵمانانەوە نراوە، هەركە كردارێكى لەو جۆرە ڕودەدات موسڵمانانى ئەوروپا ورۆژئاوا بە گشت دەستیان لەسەر دڵیانە بە هیواى ئەوەى موسڵمان ئەنجامى نەدابێت، ئەو كارە هێندە دوبار بوەوە تاڕادەى ئەوەى نوسەرێكى ناودارى عەرەب لە نوسینێكى دەڵێت : (هەموو تیرۆرستێك موسڵمانە، بەڵام هەموو موسڵمانێك تیرۆریست نییە)!!!
تیرۆریست وتوندڕەوانى بەناو موسڵمان ژیانیان لە هەموو خەڵكی موسلمانى جیهان وموسڵمانانى رۆژئاوا بە تایبەتى تێك داوە بەكردەوە دوور لە دین ومەنتیقەكانیانەوە، نازانم چ دینێك هانت دەدات خەڵكى ناو شەمەندەفەر وترامەكان وپاسەكان بتەقێنیەوە؟ یان منداڵی ناو قوتابخانەى سەرەتایی وخەڵكى بازاڕ ودوكانەكان بكەیتە ئامانج یان فرۆكەى مەدەنى بكەیتە موشەك ولە بینایەكى مەدەنى بدەیت...
ڕاستیەكەشى ئەوە دوەمین ڕوداوى تیرۆرستى گەورەیە كە ئەنجامدەرانى موسڵمان نین یەكەمیان پێش 11ى سەپتەمبەرى 2001 كە كردەى تیرۆرستى گەورەى ئۆكلاهۆما سیتى بوو لە 1995 كە بوە هۆی كوشتنى 168 كەس وئەو كردارە تیرۆریستەى نەرویژیش 2011 لە پاش 11ى سەپتەمبەر دێت، لە نێوان ئەو دوو كردەیە وگەشەكردنى خیتابی ڕاستڕەوە ڕەگەزپەرستەكان وگروهە تیرۆریستە مەسیحیەكان، لە مەودوا ئەو هەموو تەركیزە لەسەر توندڕەوى ئیسلامى نامێنێت، چونكە ئەو دوو كردە تیرۆریستەى پێش وپاشى 11ى سەپتەمبەرى 2001 سەلماندیان كە تیرۆرست شەرت نییە هەر قژ وچاوى ڕەش بێت بەلكو بۆی هەیە چاوى شین وسەوز وقژى زەرد وبلۆند بێت وەك (ئەندرێس بێریڤیك) ى گەورە تیرۆرستى نەرویژى كە روخساری دەڵێی وێنە تەزویر وروخسار ئەوروپیەكانى حەزرەتى مەسیحە.
لە هەمووى سەیرتر ئەو پێكچوونە سەیر وغەریبەى نێوان خیتاب وبیانوەكانى توندڕەوى ئیسلامى ومەسیحییە، بۆیە دەڵێن تیرۆریزم دینى نییە بەڵكو دینى سەرەكیان ئالیاتى بیركردنەوەى توندڕەوى فیكری ئایینى ودنیەوییە.
هەرچەندە ئەو لێكچوونە دەكرێت بابەتى لێكۆڵینەوەیەكى تێر وتەسەل بێت، بەڵام دەكرێت چەند خاڵێك بە كورتى ئاماژە پێبكەین:
- هەردوو تیرۆریستەكەكان ئیسلامى ومەسیحى خۆیان بەگرێداوى ئاین دەزانن، وهەڵگرى خیتابی توندڕەوى ئاینین.
- هەردوو جۆری تیرۆریست لە خاڵی ڕق لێبوونەوەى كەسانى تر دەست پێدەكەن، ئەنجامدەرى كارە تیرۆریستەكەى نەرویژ، ئەندرێس بێریڤیك لە لێكۆڵینەوە بەراییەكانەوە باسی ڕقی سەرسەختانەى خۆی دەكات لە دژى ئیسلام وماركسیزم، وخەڵكى مەسیحى گشتى وڵاتەكەى وەك چۆن توندڕەوى ئیسلامیش ڕقی خۆی ناشارێتەوە دژى هەموو ناموسڵمانێك و وموسڵمانانى ناتوندڕەوى وەك ئەوان، واتە ڕقیان لە هەموو جیهانە چونكە هەموو توندڕەوانى جیهان پێكەوە لە دەهەزاریش یەك پێك ناهێنن.
- تیرۆریستەكەى نەرویژ لە وەسیەتەكەى لەسەر یوتیوب داواى كردەى خۆكوژى یان (ئیستیشهادى) بە قەولى خۆیان دەكات لە شوێنەكەوتانى، تیرۆریستى ئیسلامیش هێندە داواى كردەى ئیستیشهادى دەكات تا ڕادەى ئەوەى ئەو كارەى هێندە سوك وڕیسوا كردەوە گوێی لێنیە ئیستیشهادی وخۆكوژە ساویلكەكانى خۆی بۆ پوچترین ئامانج دەنێرێت.
- هەردوو جۆری تیرۆریستى زۆر نامەرد وترسنۆكن دایمەن ئاسانترین ئامانج هەڵدەبژێرن كە هیچ پاسەوانى نییە وەك هۆكانى گواستنەوەى گشتى یان قوتابخانەكان یان بازاڕەكان یان شوێنى عیبادەت یان ناو هۆڵی تازیە وسەرەخۆشى!! ئەوەش لەبەر دوو هۆ یەكەم وەك گوتمان ئامانجى ئاسان وگونجاون بۆ ترسنۆكەكان ودوەمیان تا زەمانەتى كوشتنى زۆرترین كەسى بێ گوناه ومەدەنى بكەن، وەك تیرۆریستەكەى نەرویژ لە لێكۆڵینەوەكان گوتى: "چاكترە خەڵكێكى زۆر بكوژیت نەك ژمارەیەكى كەم"!!
- هەردوو جۆری تیرۆریستەكەكان ئیسلامى ومەسیحى زۆر دژایەتى ڕۆشنبیران دەكەن ودژى فرەفەرهەنگین multiculturism وباوەڕیان تەنها بە سڕینەوەى ئەوانى ترە نەك یەكتر قبوڵ كردن وهەڵكردن ویەكتر خوێندنەوە. تیرۆریستەكەى نەرویژ لە یەكێك لە هەڕەشەكانى رۆشنبیر ونوخبەى فرەفەرهەنگى دەكاتە ئامانج وهەڕەشەى كوشتنى یەكە یەكەیان دەكات، سەرەڕاى موسڵمانان وماركسیستەكان! ئەوەش ڕقێكى سروشتییە چونكە خاوەن ئایدیۆلۆژیا توندڕەوكان دەزانن تەنها كەسانێك تواناى هەڵوەشاندنەوەى خیتابی تەندڕەوانەى ئەوانى هەبێت ئەوە رۆشنبیرانن وئەو كەسانەن باوەڕیان بە هاوژیانى ویەكتر قبوڵ كردن وخوێندنەوەى یەكتر هەیە، ئەو پرنسیپانەى كە لە نەبونیاندا خودی ژیان ماناى نامێنێت، ئەو پرنسیپانەى كە تێكڕای تیرۆریستان وتوندڕەوان لە یەمینەوە بۆ یەسار ولە ئیسلامەوە بۆ مەسیحیەت ویەهودیەت وبوداییەت و لە ئاینیەوە بۆ عەلمانیەت باوەڕیان پێیان نییە.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە