مەسعود بارزانی عوزرت لە قەباحەتەکەت گەورەترە!!

Tuesday, 11/01/2011, 12:00

2132 بینراوە


جارێکیان، خەلیفە هاڕونە ڕەشید لە بەهلول دەپرسیت، بەهلول مانای چیە عوزر لە قەباحەت گەورەتر؟ یان چۆن دەکرێت عوزر لە قەباحەت گەورەتر بێت؟ بەهلولویش ئاقڵ و زانایەو تێدەگات، لە وەڵمدا دەڵێت: گەورەم سەبرێکم لێبگرەو کاتێکم بدەرێ بۆ وەڵامەکەت. بەهلول خۆی دەگرێت و لە هەلێک دەگەڕێت، تا ڕۆژێک وای بۆ ڕێک دەکەوێت، ئەبینێت کە وا خەلیفە هاڕونە ڕەشید لە سەر بەرماڵەو نوێژ دەکات، بەهلولیش بە ئەسپایی ئەچێتە دواوەی هاڕونە ڕەشید، هەر کە هاڕونە ڕەشید سوژدە ئەبات و نێوچاوانی ئەنێ بە زەوییەوە، بەهلول لە دواوە (تیلکەکی) لێدەدات! هاڕونە ڕەشید خێرا وەر دەسوڕێتەوەو بە تووڕییەوە دەڵێت: چیت کرد؟ بەهلولیش دەڵێت ببوورە گەرەم خەلیفەی موسڵمان وام زانی زەینەبە خانی خێزانەکەت بوو... هاڕونە ڕەشید هاواری پاسەوەکانی دەکات و دەڵێت: وەرن بیبەن. کە پاسەوانەکان دێن، بەهلول دەڵێت: بوەستن ، بوەستن ، ڕووی دەکاتە هاڕونە ڕەشیدو دەڵێت: گەرەم تۆ لێت نەپرسیم عوزر چۆن لە قەباحەت گەورەتر دەبێت؟ ئەوەتا کە (تیلکم) لە دواوە لێدایت ئەوە قەباحەت بوو، کە پێشم ووتی: ببورە وامزانی زەینەبەی خێزانەکەتە... ئەوە ئەو عوزرەیە، کە گەورەترە لە قەباحەتەکە.
ئەوەتا مەسعود بارزانیش دێت بە وێنەی بەهلول ئاسا، بەڵام بەهلولێکی بێ ئاگاو نا ئەقڵ و نەزان، بەکردەوە عوزری لە قەباحەت گەورەتر دەکات. دوای ئەوەی لە ژێر گوشارو پاڵەپەستۆی هێزی جەماوەر سکاڵاکانی دەکێشێتەوە، لە جیاتی ئەوەی وەکوو سەرۆکێکی بەرپرس، بوێرانە ئیستیقالە بدات، یان هەر لانی کەم داوای لێبوردن بکات و قەرەبوی غەدر لێکراوەکانیش بکاتەوە. کەچی دێت بە زمان و ئەقڵیەتێک دەدوێت کە بە هیچ شێوەیەک جێگای لەناو کۆمەڵگای مۆدرێنی ئەمڕۆژگارەدا نابێتەوە. وتەکانی مەسعود بارزانی کە لەلایەن، فەیسەل دەباغی سکرتێرە ڕۆژنامەوانیەکەی ڕاگەیاندرا، دەڵێت: "سەرۆکی هەرێم پێیوایە، سەرۆکایەتی هەرێم لەوە گەورەترە کە خۆی بەکاری لابەلاوە سەرقاڵ بکات" وە لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە بۆچی سەرۆکی هەرێم زوتر داواکەی نەکشاندەوە، دەباغ ڕاگەیاند: " (دوێنێ پێجشەممە) واتە 7-1-2011 سەرۆکی هەرێم بە تۆمارکردنی ئەم داوا یاساییەی زانیوە". شایەنی باسە ئەم داوایەش لە 1-6-2010 تۆمار کراوە..!! ئەو ڕاگەیاندنە، بەر لە ڕوونکردنەوەی ناوەرۆکەکەی دەبێت دوو قسەی لەسەر بکرێت. دەبێ هەڵوەستەو شیکردنەوەی زۆر ووردو گەورەی لەسەر بکرێت، چونکە ئەم لێدوانە زۆر هەستیارو مەترسیدارە. وە پرسیارو لێکدانەوەی زۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت و دەورژێنێت. ئەوەش دەردەخات کە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لە مەترسییەکی زۆر گەورەدایە، لەبەر ئەوەی سەرۆک کەسێکی بێ تواناو لە بار نەبووە، چونکە ئەقڵی خۆی و بڕیاردانی لە دەستخۆیدا نیە، بێ ئاگایەو ناشزانێت چ لە دەوروبەریدا دەگوزەرێت، وەک چۆن دەڵێن: ئاگای لە مەحمودی بەزەواریش نیە. ناکرێت کەسێک سەرۆک بێت لە پۆستێکی وا هەستیار، کەچی دوای6-7مانگ، دوای ئەم هەموو ناڕازی بوون و خۆپێشاندانە، دوا کەس بێت، ئینجا بە خۆ بێتەوەو بزانێت، چەندین سکاڵا بە ناوو ئیمزای ئەوەوە، لەسەر ڕوناکبیرو ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنووسان دراوەتە دادگا؟! ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە کە مەسعود بارزانی وەکوو کەسێک مەرجەکانی مرۆڤێکی ئاسایی و تەواوی تیا نیە، وە لە باریش نیە بۆ پۆستێکی وا هەستیار، هەروەها بەڵگەیەکی ڕەواو یاسایی وقانونیشە، بەپێی هەرهەموو شەریعەتە ئاسمانیەکان و مرۆڤایەتیەکان، بۆ تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دادگا، بۆ لادان و دەست لەکارپێکێشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی،چونکە ئەم پۆستە لەبەر هەستیاری و گرنگی دەبێت بۆ کەسێکی شایستەو لە بارو بە ئاگا بێت، لە هەموو ڕووێکەوە بەتایبەتیش لە ڕووی خاوەنیەتی ئەقڵی و بڕیارداندا.
مەسعود بارزانی پێیوایە زۆر لەوە گەورەترە، کە بێت خۆی بە موهاتەرات و شتی لە بەلا خەریک بکات! بێ گۆمان مەبەستی لە شتی لابەلا، خەڵکانی ڕۆشنبیرو نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکانە، ئاوا بەم سوکایەتی پێکردنە وەسفیان دەکات...! بەمەش مەسعود بارزانی دەبێتە یەکەمین سەرۆک لە دونیای نەزانی و نا ئاقڵیدا، کە بەم شێوەیە هەڵس و کەوت ئەکات لە بەرامبەر ڕۆشنبیری و ڕوناکبیرەکاندا. لێرەدا دەپرسین، مەسعود بارزانی کە تۆ خۆت هێندە پێ گەورەترە، باشە ئەی ئەقڵت بۆ هێندە بچووکە، بەر لەوەی کارێک ئەنجام بدەیت بیر ناکەیتەوە لەوەی کە کارێک نەکەیت و بڕیارێک نەدەیت شیرازەی کۆمەڵگا تێکبدات و پەشێوی و ئاژاوە و ناکۆکی لە نێوان جەماوەرو دەستەڵاکەی خۆتدا بنێتەوە؟ لە کام شوێن لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤایەتیدا، ئیمپراتۆرێک، شاهێنشایەک، پادشایەک، سەرۆکێک هەبوو بێت وەکوو تۆ ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران، واتە ئەقڵ و کەسانی ئاقڵی لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا دابڕاندبێت و ئینجا بەڕێوەیان بردبێت؟.گەر لە ناو هەر نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەکدا، ڕۆشنبیری و کەسانی ڕۆشنبیری تیا نەبوو، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئە‌قڵ تیایاندا ئامادە نیە(غائیبە). پاشان بۆچی پێتوایە ڕۆشبیران و ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنووسان شتی لابەلان، واتە بوون و نەبوونیان هەر وەکوو یەک وایە؟ لە ناو تەواوی نەتەوەکانی دونیادا، کەسانی ڕۆشنبیرو خاوەن پێنووس و خاوەن فکر، گەورەترین سەروەتی نەتەوەکانیانن. داینەمۆی رۆح و زیندویەتی نەتەوەکانی خۆیانن، لە مانەوەو بەرەوپێشەوە چووندا، کەچی تۆش دێیت ڕوناکبیران بەشتی لابەلا ناوزەد دەکەیت!. کە تۆ لەوە گەورەتری، ئەی بۆچی بیرکردنەوەو بینینت هێندە بەرتەسک و بچووکەو ئاگاداری دەوروبەری خۆت نیت، ئەوەتا یەک دەریایان بە ژێرتا ڕاکێشاوە هەر هەستیشت پێینەکردوە.؟ ئاخر سەرۆکی وەکوو تۆ تۆ لە چ شوێنێکی ئەم دونیایەدا هەیە ، ئاوا بێ ئاگاو کەمتەرخەم لە بەرامبەر پۆستەکەیی و ڕاوێژکارو یاریدەدەرەکانی؟ . سەرۆکی وەک تۆ لەکام هەسارەدا هەیە، دەستەڵاتەکەی بەکار بێنن و بەخۆی نەزانێت؟ چۆن متمانەی ئەوەت پێبکرێت کە تۆ دەتوانی مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بێنیت و پارێزگاری لێبکەیت؟ باشە چۆن سەرۆکێکی، کە ئاگات لە تۆمارکردنی ئەو هەموو سکاڵا ترسناکانە نیە، لە سەر سەرکوتکردنی دەنگی ئازادو ئازادیخوازان، کە چی لە هەمانکاتیشدا بەبێ پرس و ڕاو، چاودێریکردنی تۆ هێز نیە بتوانێت دەستکاری یەک وەرەقەی تاک دۆڵاریش بکات؟! ئەی بۆچی بە ئاشکرا و بەدزیەوە چاو ساغی دەکەیت و ئاگاداریت بۆ هەرچی دزی و تاڵانی هە یە لەم میللەتە، لە لایەن بنەماڵەکەتەوە؟ باشە تۆ بڵێی بێ ئاگاییت لەم سکاڵایانە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە لەماڵەوە وەکوو باپیرەیەک، لەگەڵ نەوەکەت کوڕەکەی مەسرور، ڕۆژی هەتا ئێوارە لەسەر دەرەجکی(پێبلکە) خەریکی یاریکردن بن بە کەرکوک؟!! مەسعود بارزانی زۆر هەڵەیت و تەنهاش فێل لە خۆت و لە کاسە لێسەکانی دەوروبەرت دەکەیت، گەر پێتوابێت بە کێشانەوەی سکاڵاکان، جارێکی تر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بڕوات پێدەکەن. میللەتی کورد ئەمڕۆ زۆرچاک تێتان گەیشتووەو چاکیش دەتاناسێت، وە زۆر چاکیش دەزانێت، ئێوە بە درێژایی مێژووی بنەماڵەکەتان و بیرکردنەوەتان، هەرگیز ڕیزتان نەبووە بۆ بیروڕای جەماوەری کوردستان و لە بەر چاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی، ئێوە هەرگیز بڕواشتان بەوە نەبووەو بە هیچیشتان نەزانیوە، گەر بە شەق نەبووبێت، پاشاکشە بکەن و تەنازولیش بکەن لە بەردەم ویست و ئیرادەی جەماوەر....تد.
ئەو تەنازولەتان لە کێشانەوەی سکاڵاکان، هەرگیز لە پیاو چاکی و جوامێری خۆتان نەبووە، لەبەر ئەوەتان نیە، کە دیموکراسین و بڕاواتان بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە، لەبەر ئەوەشتان نیە، هەروەک ئەو درۆیە شاخدارەی کە لە کۆنگرە فاشیلەکەی 13وە دەستتان داوەتێ گوایە دەتانەوی نوێ ببنەوەو ئاشتیانەش بەیەکەوە بژین!! ئەو تەنازولکردنەتان لە کێشانەوەی سکاڵاکان، ئەوە بە زەبری شەق و ترسی خۆپێشاندانەکانی سوپای سۆران و سەردەشتەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە بەرەی گەلدا. ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە ناوەو دەرەوەی سنوری کوردستان، دەستی پێکردوەو بۆتە دەستپێک و سەرەتای فیستیڤاڵی ڕاپەڕینی سەرتاسەری بەرەی گەل، دژ بە ئێوەی بنەماڵەی بارزانی و دەستەڵاتەکەتان.
ئەو ڕۆژە بەسەر چوو، ئەو باوکەشتان مرد، جارێکی تر ئێوە بێن بەئارەزوی خۆتان بمانکوژن! بەئارەزوی خۆتان دەمکوت و سەرکوتمان بکەن، زیندانە بەدناوەکانتان بەعس ئاسا، لە ئێمە پڕ بکەنەوە. مەسعود باززانی ئەزانی بۆ؟ چونکە ئەمڕۆ هێزێکی جەماوەری سەرتاسەری هەیە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانە!! چونکە ئەمڕۆ لە کوردستان ڕەوتی بزوتنەوەی گۆڕانخوازانی بەرەی گەل، تەواوی چین و تۆێژە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردی هاتونەتە ناوی و یەکیانگرتووە، هەر لە ڕۆشنبیران. خوێندکاران و مامۆستایان و،بەرمانبەران، کرێکارو جوتیارو پیشەوەران، ژنان و پیاوان، پیرولاو مناڵان. ئەو شەقەی کە لێتاندرا، سەرەتاو وانەی یەکەمتانە، هەوەک نەوشیروان مستەفا ووتی:" بیسیمیللا تازە سەرەتامانە" تۆش بەناو سەرۆک، تا لە دەستتان نەچووە، ئیستیقالەکەت بدەو وازبێنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە