(25/7/2009) شكستێكى گەورەى جەماوەرى پارتى و یەكێتى بوو

Sunday, 24/07/2011, 12:00

1639 بینراوە


بەدەست هێنانى (59) كورسى پەرلەمان لەكۆى (111) كورسى لەلایەن پارتى و یەكێتیەوە،شكستێكى گەورەى جەماوەرى و لەدواجار سیاسى ئەم دوو حزبە بوو.
ئەگەر سەیرى ئامارەكانى هەرسێ خولى پەرلەمان بكەین (1992،2005،2009) بۆمان بەدیاردەكەوێ كەپارتى و یەكێتى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى پێشو تووشى چ شكستێكى سیاسى و جەماوەرى بوونەتەوە،كە هەردوو حزب ئەوەى چاوەڕێیان نەدەكرد توشى هاتن.كەلە ئێستادا ترسى ئەوەیان هەیە لەخولى داهاتوى هەڵبژاردنى پەرلەمان چ شكستێكى گەورە تریان تووش دێت و دەبنە حزبێكى كەم جەماوەرو لەدواجار ئەم شكستە جەماوەریە دەبێتە شكستێكى گەورەى سیاسى و قەبارەى جەماوەریان هێندە كەم دەبێتەوە كە ناتوانێ دەنگى كاریگەریان هەبێ لەناوچەكە.بۆ دیارى كردنى قەبارەى شكستە جەماوەریەكەى پارتى و یەكێتى لە (25/7/2009).ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئامارەكانى هەر سێ خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى (1992،2005،2009) :
خولى یەكەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان (19/5/1992) :
یەكەم ئەزمونى هەڵبژاردنى تەزویر لەهەرێمى كوردستان لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو كە تێیدا (967229) دنگدەر دەنگیان دا بەبەشدارى حەوت لیست.پارتى دیموكراتى كوردستان بەلیستێكى سەربەخۆ دابەزى و (437889) دەنگى بەدەست هێنا كەدەیكردە (%45,5) دەنگەكان.یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەهاوبەشى لەگەڵ حزبى زەحمەت كێشانى كوردستان دابەزى و (423833) دەنگیان بەدەست هێنا كەدەیكردە (%43,61) دەنگەكان.لەدواجار بەتەنها ئەم دوو لیستە چونە پەرلەمان و لەكۆى (105) كورسى پەرلەمان (100) كورسیان بەدەست هێنا.بەپێ ى یاساى هەڵبژاردنى ئەوكاتە دەبوو هەر حزبێك سەدا حەوتى دەنگەكان بەدەست بهێنى بۆئەوەى كورسیەكى پەرلەمان مسۆگەربكات.بۆیە جگەلەم دوو لیستە هیچ لایەنێكى تر نەیتوانى بچێتە پەرلەمان و پارتى و یەكێتى (100) كورسیان لەنێوان خۆیان دابەش كرد و ناویان لێنا (پەنجا بە پەنجا).هەردولا حكومەتێكە ناموئەسەسەیى و گەندەڵیان پێكهێنا و ماوەكەى تەواو نەكرد و هەردوولا لەسەر دزینى داهاتى ئەم نیشتیمانە خیرلەخۆنەدیوە كردیان بەشەڕوو دووبارەو دەبارە جاشایەتى و نیشتمان فرۆشى دەستى پێكردەوە.
خولى دووەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى (30/كانوونى دووەمى ساڵى 2005) :
لەرۆژى (30) ى كانوونى دووەمى ساڵى (2005) خولى دووەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان ئەنجامدرا،كەتێیدا (1753919) دەنگدەر دەنگیاندا.لەم هەڵبژاردنە (13) لیست بەشداریان كرد.پارتى و یەكێتى تاوەكوو بەردەوام بن لەسەر گەندەڵیەكان و گشت لایەنێك بەشداربێ لەگەندەڵیەكان ئەوا لیستێكى هاوبەشیان دروستكرد كەپێك هاتبوو لە ژمارەیەك حزببە ناوى (لیستى نیشتیمانى دیموكراتى كوردستان) ئەم لیستە لەگەڵ تەزویر كردنێكى زۆر توانى (1570663) دەنگ بەدەست بهێنێ كەدەیكردە (%89,55) ى دەنگەكان.پارتى و یەكێتى لەم هەڵبژاردنە (87) كورسیان بۆخۆیان بردو ئەوانى تریان دابەشى سەر حزبەكانى تركرد.
ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان لەم هەڵبژاردنە لە (105) ئەندام بەرزكرایەوە بۆ (111) ئەندام،كەتێیدا لیستى نیشتمانى دیموكراتى كوردستان (104) كورسى و لیستى كۆمەڵى ئیسلامى كوردستانى عێراق (6) كورسى و حزبى زەحمەتكێشان و سەربەخۆكان (1) كورسیان بەدەستهێنا.ئەمەش بەبەراوورد لەگەڵ ساڵى (1992) پارتى و یەكێتى سەرەڕاى تەزویرێكى زۆر كەچى ژمارەیەك لە كورسیەكانیان لەدەستدا بەواتایەكى تربڵێین ژمارەیەكى زۆر جەماوەریان لەدەست دا.
خولى سێیەمى هەڵبژاردنى پەرلەمان (25/7/2009) :
لە ڕۆژى (25/7/2009) خولى سێیەمى هەڵبژارنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان بەڕێوەچوو بەبەشدارى ژمارەیەكى زۆرى دەنگدەرو و بەشدارى (24) لیستى سیاسى.لەم (24) لیستە تەنها (11) لیست توانیان بگەنەپەرلەمان.پارتى ویەكێتى بێگومان بوون لەوەى كە ئەگەر هەریەكێكیان بەتەنها بەلیستێكى سەربەخۆ دابەزن ناتوانن حكومەت پێك بهێنن و درێژە بەگەندەڵیەكانیان بدەن.بۆیە لیستێكى هاوبەشیان پێكهێنا بەناوى لیستى (كوردستانى).كە (1,076,370) دەنگیان بەدەستهێنا كەدەكاتە (%57,37) دەنگەكان.ئەمەش بەسەرەتاى شكستێكى گەورەى جەماوەرى ئەم دووحزبە دادەنرێ،هۆكارەكەشى بۆ كەم بوونەوەى متمانەى جەماوەر بەو دووحزبەو ئینشقاقى یەكێتى دەگەڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە