عەبدوڵا پەشێو لەخەڵوەتگادا بوو

Wednesday, 04/05/2011, 12:00

2973 بینراوە


تۆ بڵێی پەشێو کە گریا ، نیشتمان لەهەناویدا سۆز ببارێنێت؟  تۆ بڵێیت په‌شێو، کە پێکەنی، نیشتمان سەرچۆپی ئاهەنگی گەلان بگێرێت؟ زۆر بەئاستەم پێدەکەنی ، لەوانەیە کە پێبکەنێت ! پەیامی سەرکەوتنی گەل و گلبوونەوەی دوژمنانی پێبێت. ڕۆژێک نەمدی دەستی بەسنگیەوە بگرێت و لەئاست زاڵمێکدا بەچۆکدابێت ، تا لەبەرامبەر ئەم زاڵمانەی کوردستان ، وشەی پاکانە و مشەی خۆخستنەپێش و پێڵووداگرتن بۆ پلەیەک ، بۆ موچەیەک ، بۆ سوپاسێک لە زمانت بخلسکێت ..
ئەوانەی ئەمڕۆ لە کوردستان باڵادەستن ، لەوە دەچێت لای پەشێو دێوەزمەی زەمان و بەرگپۆشی کوردی و پاشکۆی لەشکری ئەنفال بن، دەکوژن و ڕەحمیان نییە چەکی دەستیان بێ بژارە بۆ مرۆڤەکانی کورد و ئەوەی نرخ و پەڵەی پایزە بۆ مرۆڤی کورد لە ڕەفتار و بیری ئەواندا بوونی نییە .
پەشێو ژیرە و دەیانخوێنیتەوەو شیتاڵیان دەکەیت ، هەموو ساتێک لەئاست هەر جوڵەیەکیان کە پڕە لە تەخوین،  وشەیەکی بەرەنگاری و نەڕەیەکی لانەو شاوڵێکی هەلۆئاسای پێیە ..
لای کەسانی وەک پەشێو هەڵوێست بۆ دوژمنانی نیشتمان ! جوامێرییە ، زاخاوی زێرە . بۆیە هەڵوێست سات و کاتی بۆ نییە ، لەکوێ بخوازێت دەربڕینی بۆ پێکانە . لای پەشێوەکان ! دوژمنانی ئەم گەلە یەک ڕەنگ و یەک شێوەو یەک ئەقڵ و یەک مرۆڤن ، ئەوەی ئەمڕۆ لەدەسەڵاتدا کورد دەکوژن نەوەو زادەی دوژمنانن .
پەشێوەکان بۆ نیشتمان چەقی ویستن ، نسکۆ لای ئەوان بەزین و پاکانەیە ، ئەوەی نسکۆی پەسەندبکات ، مرۆڤێکی لاواز و دڕندەیەکی دەستکردو کارەکتەرێکی ترسنۆکە ...
ئەم پەشێوەی مەڕ ئێمە زۆر لەمێژە لەپشتی هەورەوە ، لە دامێنی چیا ، لەکۆڕی هۆزی نوزاندا ، لەسەرچۆپی کۆڕەوی ناڕازاندا ، لەسەر شانۆ ، لەکافتریا ! لێمان ونە . تامەزرۆیین و تاسەرقافڵە بگرێت و خۆی تاوبدات ،، بەڵام نوزەی نەهات ، کە ڕێژوان لە خوێنی خۆیدا تلا ، چاوەڕێێ بوین بەدەستماڵەکەی دەستی خامی تەرمی بنیاد بنێت و بەفرمێسکی چاوی لەسەرتاتەشۆر دوا خۆشتن و دوا جامی ئاوی خوا حافیزی بەجەستەیدا بکات .....
کە سوركێو لەتینوویەتی ئازادیدا دوا هاواری جاردا ، کەزمناکۆ و گەرمیان بوونە فریشتەو خوا دەروازەکانی بەهەشتی لێکردەوەو هەموو دەروازەکانی تری بەدوایانداخستە سەرپشت . کەنەڕەی خوێندکاران و کاسپکاران و دایکان دوا تەبەقی ئاسمانی لەران ، نەمانزانی پەشێو لەچ خەڵوەتگەیەکدا لەخەڵوەتی خوادایدا نزای بۆ نیشتمان دەگێرێت .
بەڵام بینیمان پەشێو لەهاوار و تەقەو گرتن و لاوانەوەی دایکان بەئاگا نەبوو ؛ بەئاگاهات لەوەشاندنی بوتڵێک ، بێ ئاگابوو لە خرۆشاندنی کۆمەڵگا ، لە مانگرتن ، لە نوێژی سەرشەقام ، لە زرموهوڕی زیندان ، لەنەوژەنکردنەوەی بیری بەعس لەتۆی بەرگی کوردیدا .. نووزەی پەشێو لە تۆنی وەشاندنی بوتڵدا واتا دەدات . وتمان وەشاندنی بوتڵ ! واتای خۆی هەیە ، بەڵام نەمان وت ، کۆمەڵگایەک بخورشێت و تەنها سەدای بوتڵێک سەدای سەداکان بێت ..
گرنگ ئەوەیە لەوبازاڕی خرۆشانەدا کەسێکی تری ناودارو بەهەڵوێست هاتە ڕیزی شۆڕشەوە ، پەشێو بەدەستی بەتاڵ نەهات بەڵکو ئەم پارچە هۆنراوەی لەگەڵ خۆی هێنا ....

ئەو بتڵە ئاوانەی تۆ هاویشتت ئاو نەبوون
پێڵاوەکانی ڕێژوان بوون
ئاو نەبوون
...پێڵاوە ڕەشە بێکەڵکەکانی عەبدوڵا پەشێو بوون
ئەو دەستانەی بتڵەکانی هاویشت
دەستی تۆ نەبوون
دەستی ئێمە بوون
پێشەوا گیان
تۆ یەک بە یەکی دەنگەکانت حەڵاڵ کرد
ئەو دەمووچاوەی تۆ بتڵەکانت تێگرت
بە تەنیا ڕوخساری سووکی قادر دۆبزی نەبوو
ئەوە سەروفیساڵی ڕەنگ زەردهەڵگەڕاوی مەسعود و
سەروکەللەی بەدی تاڵەبانی بوو
پێشەوا تۆفیق
تۆ ئەمڕۆ پێشەوای هەمومان بووی
ئێمە لەم ڕۆژانەدا هەزاران پێشەوامان هەیە
پێشەواکانی ئێمە
پێشەوای ویژدان و داکۆکیکردنن لە حەق
پێشەواکانی ئێمە
کورسی پەرست نین
هەر ڕۆژەو یەکێک و سەدان
جارێک ڕێژوان و
جارێک گەرمیان و
جارێک فاروق و
ناسک و
جارێک ڕێبین و
جارێک مامۆستا کامەران و
جارێک عەبدوڵا و
جارێک گەنجانی کۆیە و
هەڵەبجە و
کەلار و
ڕانیە و
قەڵادزێ و
سلێمانی و
هەولێر و
هەرجارەی گەنجێک
جارێک و جارێک
پێشەواکانی ئێمە زۆرن
ئەمڕۆ یەکێک و
سبەینێ یەکێکی تر و سەدانی ترن
پێشەوا گیان
ئەو بتڵانەی تۆ لەسەروفیساڵی قالەت گرت
بۆ سەروفیساڵی مەسعود و جەلال بوون
ئەو دەستانەی تۆ، دەستی ئێمە بوون
دەستی تۆ خۆش و دەستی ئێمەش خۆش
لە وڵاتی ئێمە ڕۆژانە سەدان داستان تۆمار دەکرێت
لاپەڕەکان جێگەی ئەو هەموو سەروەریانەیان تێدا نابێتەوە
پێشەوا دەست خۆش
ئەی بەردهاوێژەکان دەستتان خۆش
دەستی یەکەیەکەتان دەستی ئێمەیە
گەر ئێوە تاوانباربن
ئێمە هەمومان تاونبارین
بەختەوەرییە بۆ ئێمە
بتڵ و پێڵاو و هەرچی شتی بێکەڵکە
بیگرینە بتەکان

کونجــرینی
5.4.2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە