هێرۆى برایم ئەحمەد خوازیارە شکست و دۆڕان و هەرەسیشمان لێ بکاتە منەت

Wednesday, 02/10/2013, 12:00

1565 بینراوە




ماوەى چوار ساڵى رەبەقە هێرۆى برایم ئەحمەد مەڵبەندى یەکى رێکخستنى سلێمانى لەو شارەدا کتومت کردووە بە بارەگاى مقر فیرقەى بەعسى جاران ، خۆى رۆڵى ئەبو جۆدەى دەبینى و جەمال تاڵەبانى جێگریشى رۆڵى ئەبو یاسر ، بەڵام خواشاهیدە کاربەدەستانى بەعسى رژێمى ئەوکات حەدیان نەبووە وێنەى مەڵبەندى ئیستا دەست وەربدەنە کاروبارى حکومەتى بەتەواوى جومگەکانیەوە ، لەبەرئەوەى مسئول فیرقەى بەعسى ئەوکات ساجیدە توڵفاح نەبوو ، هەروەکچۆن جێگرەکەشى عۆجەیى نەبوو ، هێرۆى بلەى ئەحە رەش لەپاش پرۆسەى ئازادى عێراقەوە لەنێو بازنەى چوار گرێکوێرەى بەتاڵى کوشندەدا دەسوڕێتەوە ، ئەوانیش بریتین لەوەى کە پیرێژنەکەى دەباشان کچى بلە ئەحە رەشە و خانمى یەکەمى عێراقە و ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیە ، پاشتر بەرپرسیارێتى مەڵبەندى یەکى رێکخستنیشى هاتەسەر .

هێرۆى برایم ئەحمەد لەنامەى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا گلەیى لەحکومەت دەکات کە وەکو پێویست بەدەنگ داواکاریەکانى مەڵبەندى رێکخستنەوە نەچووە !! ، تۆ تەماشاى ئەم مەخسەرەتە بکەن خەڵکینە ، ئاخر هێرۆ تۆ بۆخۆت ئەندازیارى ناشرینى دەستتێوەردانى حیزبەوە بویت لە سلێمانى و دەوروبەرى لەکاروبارى حکومەتدا ، تاکو ئەو ئەندازەیەى کە وەک دکتۆر بەرهەم وتى تەنانەت فەڕاشێکیش بێ تەزکیەیى حیزبى لەناوچەى سەوزدا تەعین نەکراوە ، هێرۆى برایم ئەحمەد لەبیرتە چۆن کادرە حیزبیەکان بەتەزکیەیى تۆ کران بە مدیر و مدیر عام ؟ ، خەسرەوى بەرێوبەرى شارەوانى کارگێڕى مەڵبەندەکەى تۆنەبوو ؟! ، هەر بەفەرمانى شەخسى تۆ لەکارگێڕى مەڵبەندەوە نەکرا بە بەرێوبەرى شارەوانى ؟! ، باشە گوایا ئەم خەسرەوە تازەکێ لە ئەڵمانیاوە نەگەڕابۆوە ؟ ، خۆکەسابەت شەرم نیە بەڵام هەموو کوردەکانى ئەڵمانیا ئەزانن کە ئەم خەسرەوە لە ئەڵمانیا و لەشارى کوڵن نانەوا بوو !! .

ئەى باشە هەر تۆ نەبووى پیرێژنەکەى دەباشان کەفەرمانت کرد بەهرۆز قەشانى لەئیدارەى گشتیەوە بکەیت بە پارێزگارى سلێمانى ، ئەویش کەهاتە پۆستە نوێکەى تەنانەت کارزانى کۆنە چایچى خۆى لەئیدارەى گشتى کردە بەرێوبەرى نوسینگەکەى و بە ئەندازەى چوار بەرێوبەر دەستى دەڕۆشت ؟! ، ئەى هەر بەفەرمانى تۆ ئەنجوومەنى پارێزگاى هەڵبژێردراوى سلێمانى پەراوێز نەخرا لەسەر حسابى بەهێزکردنى بەهرۆزقەشانى فاشیل و بەتەزکیە تەعینکراو ؟! .

ئەى هەر تۆنەبووى هێرۆى برایم ئەحمەد کە لوتت ئەخستە ناو هەموو بەرنامە و پلان و بودجەکانى دەستەى وەرهەمهێنانەوە و هێرش موحەرەمت کردووە توتەى پاسى خۆت و ئەو نەیدەوێرا لەترسى لەدەستدانى پۆستە چەورەکەى بێ پرسى تۆ بەرد بخاتە سەر بەرد ؟! ، ئەى تۆ نەبووى خانمى خانمان چەندین فەرمانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانت نایە ژێر پێڵاوەکانتەوە لەکابینەکەى دکتۆر بەرهەمدا و جێبەجێت نەکرد تەنها لەبەر بەرژەوەندى تەسکى پۆخڵى حیزبایەتى و هیچى تر ؟! ، ئوە هەر تۆ بووى ئەى کچەکەى برایم ئەحمەد کەلەم چوار ساڵەى رابردوودا زۆرینەى هەر زۆرى بەێوبەر و بەرپرسە تەکنۆکراتە ئیداریەکانى سلێمانیت پەراوێزخست و لەپۆستەکان دوورتخستنەوە تەنها لەسەر پێشنیار و راپۆرتى نهێنى کۆمیتە فاشیلەکانى سنوورى سلێمانى کە هەر ئەو کۆمیتە و بەرپرسە نەزانەکانیان بوون کە جەماوەرى یەکێتیان زویرکرد و یەکێتیان بەرەو هەڵدێر برد !؟ .... ئەرێ سەردەمى تۆ نەبوو ئاوێکت ڕشت کە بەرپرس و کارگێڕى کۆمیتە نەخوێندەوارەکان و بەرژەوەندچیەکان لووتى پیسیان ئەخستە هەموو دۆسیەیەکى حکومى و خزمەتگوزارى و کارگێڕیەوە ؟! .

هێرۆى بلەى ئەحە رەش تۆ سلێمانیت ناشرین کرد ... نـــــا بگرە یەکێتیشت ناشرین کرد بەوەى حیزبەکەت کردە ئەڵقە لەگوێى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بەتەنها لەپێناو بەرژەوەندى ئابوورى و بازرگانى خۆت و کوڕەکانتا ... ئەى تۆ نەبوویت وەک بەرپرسى مەڵبەند چوویتە خزمەتى ئاغا ئەحمەدى نەژادى بۆ تاوتوێکردنى دۆسیە بازرگانیەکان ، بەڵێ هەرئەوکات بوو کە لەکوردستانپۆستە ئەو پرسیارە کرا کە ئایا هێرۆى برایم ئەحمەد سەلکى پیازە یان قنچکە سیر یان وەزیرى بازرگانى .. ئاخر لەکوێى گۆی ئەم زەمینەدا روویداوە بەرپرسى مەڵبەندێکى حیزبى پارتێکى دۆڕاو بێ جەماوەر سەردانى سەرۆک کۆمارى دەوڵەتێکى دوژمنى سەرسەختى کورد بکات بۆ تاوتوێکردنى دۆسیەیى ئابوورى ؟؟؟ .

ئیستا هێرۆى برایم ئەحمەد ئەیەوێ شکست و هەرەس و کارەساتەکەى خۆى و مەڵبەندەکەشى بکات بەمنەت بەسەر حیزب و جەماوەرەکەیەوە بەوەى گوایا هەڵوێستى هەبووە ، ئەوە هەڵوێست نیە کە لەدەرگاوە بچیتە دەرێ و لەپەنجەرەوە بگەڕێتەوە بۆ مەکتەبى سیاسى بۆ پلانێکى گەورەتر و تەکەتولبازیەکى مەزنتر ، بۆ هەر مەکتەبى سیاسى نیە سەرپەرشتى مەڵبەندەکان دەکات ؟! ، ئەى گوایا تۆ بۆخۆت ئاسمان و رێسمان بیدا لەیەک ئەهێڵى کەسێک ببێت بە بەرپرسى مەڵبەندى یەک ئەگەر بێت و سەرتاپاى نۆکەر و کۆیلەى جەنابتان و باڵە دۆڕاوەکەتان نەبێت ؟! .

لەکۆتادا 21/9 بۆ یەکێتى سەرەتاى هەرس و هەڵوەرین و خەزانێک بوو کەبۆ هەتا هەتایە یەک چرکە ساتى مێژووى پێشووترى خۆى بۆ ناگەڕێنرێتەوە ، ئەزانى بۆ ئەى شاژنى دەباشان ؟؟؟ ... تەنها لەبەرئەوەى ئێوە و مانان مەحاڵە دەستەبەردارى رۆڵ و پایەو بەرژەوەندییەکانتان بن لەو حیزبەدا کە کردوتانەتە کۆمپانیایەکى بازرگانى بۆ بەتاڵانبردنى بودجە و سامانى ئەم میللەتە ستەمدیدەیەیى دەستى ئێوە و سەرانى پارتى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە