بۆ سەرجەم دەزگاكانى راگەیاندن "بۆ سێ هەم جار داواى كۆبوونەوەى پەرلەمان دەكات"

Sunday, 12/12/2010, 12:00

1496 بینراوە


فراكسیۆنى گۆڕان پاڵپشتى لە بەیاننامەى رێكخراوەكانى گەرمیان دەكات
ئەمەش یاداشتەكەى فراكسیۆنى گۆڕان

پاڵپشتى فراكسیۆنى گۆڕان بۆ بەیاننامەى رێكخراوەكانى گەرمیان
بۆ: سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان
سەرۆكایەتى هەرێم
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران
راى گشتى كوردستان
كۆمەڵێك لە رێكخراوەكانى گەرمیان لە 8/12/2010 بەیاننامەیەكیان لەسەر رەوشى ناوچە دابڕاوەكان (داگیركراوەكان) دەركردوەو تێدا باس لە نالەبارى بارودۆخى خێزانە كوردەكانى ئەو ناوچانە دەكەن كە رۆژانە توشى توندوتیژى و هەڕەشە دەبن و ناچار دەكرێن ناوچەكانیان بەجێ بێڵن. ئێمە وەك فراكسیۆنى گۆڕان سەربارى پشتگیرى تەواومان بۆ ئەم یاداشتەو ناوەڕۆكەكەى، هەموو لایەك و بەتایبەت ئەو رێكخراوانە ئاگادار دەكەینەوە كە فراكسیۆنەكەمان بە مێژوى 20/10/2010 یاداشتێكى پێشكەش بە سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان كرد لەسەر ئەم پرسەو داوامان كرد بە زوترین كات كۆبونەوەیەكى بەپەلەى هەرسێ سەرۆكایەتى هەرێم سازبدرێت و هەروەها لیژنەیەكى لێكۆڵینەوەى تایبەت پێكبهێنرێت بۆ سەردانى ئەو ناوچانەو و لایەنە ناوخۆ و دەرەكیەكان لە مەترسى ئەم هێرشە بۆسەر خێزانە كوردیەكان ئاگادار بكرێتەوە.
هەروەها لە 7/11/2010 دیسانەوە یاداشتێكى ترمان ئاراستەى سەرۆكایەتى پەرلەمان كرد و داوامان كرد كۆبونەوەیەكى تایبەتى بەپەلەى پەرلەمان سازبدرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم مەسەلەیە بە میواندارى هەموو بەرپرسە كوردەكانى ناوەوەو دەرەوەى هەرێم.
لێرەشدا دیسانەوە داوا لەهەرسێ سەرۆكایەتیەكەى هەرێم دەكەین بە زوترین كات كۆبونەوەیەكى هاوبەش بە بەشدارى نوێنەرانى كورد لە بەغدا و بەرپرسە ئەمنى و ئیداریەكانى ناوچە دابڕاوەكانى (داگیركراوەكان) سەر بە هەرێم سازبدرێت و هەروەها پەرلەمانى كوردستان كۆبونەوەى تایبەت لەو بارەوە بكات بۆ دانانى جێگاورێگاى شێلگیرانە بۆ راوەستانەوە بەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتە نا مرۆڤانەیە دژ بە خێزانە كوردەكان دەكرێت.
پێویستە پەرلەمانى كوردستان وەك نوێنەرى هەموو خەڵكى كوردستان بە ئەركى نیشتمانى خۆى هەستێت و بەتوندى دژ بەم رەفتارانە بوەستێتەوەو هەمو لایەك بەرپرس بكات لە ژیان و گیانى هاوڵاتیانى كورد لەسەر خاكى خۆیان.
لەگەڵ رێزدا..
http://gorran.org/
12/12/2010




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە