نامەى دووەم بۆ بەرێز / كاك نەوشیروان

Tuesday, 06/04/2010, 12:00

953 بینراوە


دواى ئەوەى ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتى 5 / 4 / 2010 كاتژمێر 4 چوارى ئێوارە هەندێكمان ئامادەى ئەو كۆبوونەوە بووین كە بۆ بەرێزتان سازكرابوو كە نزیكەى (450 بــۆ 500 ) لە هەڵسوڕاوان و كادر هاوپشتیوانانى بزووتنەوەى گۆڕان تیا ئامادەبوون .
پێشەكى / ئێمە دەستخۆشی و سوپاسی روونكردەوە و هەڵوێستى بەرێزتان ئەكەین و لامان روونە كەبەرێزیشتان وەك ئێمەمانان و سەدانى تر لەو كارە چەوتەى ئەو كەمایەتیە تەكەتول چیە ناڕازیت و ئەوەت لاڕوون بۆتەوە كە چی تر هیچ كارو پرۆژە و بڕیارێك وابەئاسانى و بە سانایی لەلایەن كەمایەتیەكى خۆسەپێن و فرچەك بە بەكوێخایەتیەوە گرتوو تێپەڕ نابێت و تاكڕەوى لە كاركردن و بڕیار لێدان لە ئایندەدا لە ناو بزووتنەوەى گۆڕاندا جێگەى نابێتەوە و ئەوانەشى بە نیازن وەك پێشتر كار بكەن ، ئەوا دڵنیاین جگە لە شكست و تێكشانێكى سیاسی و مەعنەوى چیتر نادروونەوە !
بەرێز / كاك نەوشیروان :
ئێمەش ئەو روونكردنەوەیەمان سەبارەت بە قسەكانى بەرێزت و گفتوگۆكانى ناو كۆبوونەوەكە هەیە :
1- پێشەكى بۆیە پەنا بۆ سایتى كوردستانپۆستى ئازیز ئەبەین بۆ ئەوەى لەلایەك رایەكى گشتى دروست بكات و لەلاكەى تریشەوە سەرجەم گۆڕانخوازانى دەرەوەى كوردستان ئاگادارى سەرجەم وردەكارى و هەموو ئەو كەمو كورتى و گفتوگۆ جەدلى و بابەتیە ببن و چ لەناوە و چ لەدەرەوە با هەر لەسەرەتاوە شەفافیەت لەكار و كردەوەكانماندا هەبێ و ژێر بەرە و بن میچ و ...خۆ خواردنەوە و هەناسەتەنگى سیاسی نەبین و راستگۆ و بابەتیانە بدوێن چونكە دڵنیاین ئەوەى عەوداڵى راستى بێت ،شەوەزەنگ ناپەرستێ ! ئێمەیەك كە نیەت و نیازى خزمەتكردنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسوودەیی گەلەكەمانمان بوێت ،بۆ ئەبێ سڵ لە وتنى راستى و گرفتەكان بەڕاشكاوى بكەین ؟
2- وەك زانیومانە كاك عمرى سید على لە بزووتنەوەى گۆڕان دڵگران بوە و ئەمڕۆ بەو هۆیەوە نەهاتۆتە كۆمپانیاى وشە ، ئێمە كاك (عمرى سید على) بەپیاوێكى تێكۆشەر و دڵسۆز دائەنێین ، ئەو زۆر گەورەترە كە لەسەر ئەو تاقمە بەرژەوەند پەرستە خۆى سەغڵەت بكات و بچێتە نێو بازنەى ئەم كۆمەڵە چەوت و چەوێڵەى كە وا چەندین جارە جگە لە عەیب و عارى سیاسی و كلگ لێك گرێدان بۆ كاك عمر هیچى تریان بۆ نەكردوە ، بۆیە بەڕاستى كاتى ئەوە هاتوە كەكاك عمر خۆى لەئەوانە بێ بەرى بكات و چیتر وانیشان نەدا گەر ئەوانە نەبن ئەوا كاك عمر ئەخورێ ، نا بەپێچەوانەوە ئێمە لامان وایە كاك عمر بێ ئەمانە جوانتر و گەورەترو خۆشەویستر ئەبێ وباكاك عمر كاك عمرى هەموومان بێت وئەو پەرژینە بەدڕك و داڵە چیتر بە قەڵغانى خۆى نەزانێ ،
3- ئێمە سەبارەت بە سێ خاڵى زۆر گرنگ كە ئەمڕۆ كاك نەوشیروانیش ئاماژەى پێ كردن و پێشتر یەكێ لەو خاڵەمان ورژاندبوو كە مەسەلەى لیستى ناوى دامەزرێنەرانى بزووتنەوەى گۆڕان بوو كە (لەنامە بەپەلە كەماندا سایتى كوردستانپۆستى ئازیز لە 2/4 دا بڵاوى كردەوە) هەڵوێستى خۆمان رائەگەیەنین :
یەكەم / راستە ئەم بەرێزانەى كە پلەى بەرزیان كە لەناو یەكێتییدا هەبوو (وەكو مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكان) وازیان لە پلە و پۆستیان هێنا و هاتنە ناو بزووتنەوەى گۆڕانەوە و رۆڵ و كاریگەرى و دەنگدانەوەیەكى گەورەى بەباشى بۆ بزووتنەوەكە لێكەوتەوە و هێزێكى زۆر گەورەى بە بزووتنەوەكە بەخشى ، بەڵام ئەو كادروئەندام و فەرمانبەر و خەڵكەى تریش كە زۆرایەتیەكى گەورە پێك ئەهێنن و وازیان لە تاكە سەرچاوەى بژێوى ژیانى خۆیان هێنا و ژیانى خۆیان و ماڵومناڵیان بەرەو سك هەڵگوشین و سەركز كردن و ژیانێكى مەمرەو مەژى كردۆتەوە بەڕاى ئێمە قوربانى دەر و پیاوى گەورە و داینەمۆى بزوێنەرى ئەم بزووتنەوەیە ئەمانەن و ئەگەر زۆربەى ئەو بەرێزانەى جەنابت ناوت هێنان خانە نشینیەك یا پرۆژەیەكى خۆ ژیاندنى نەبێ ئەوە بەلاى كەمەوە پارەى (3 تا 4 ئوتومبیلى جۆرى تاهۆ) ى دوا مۆدیلى وەك تاهۆكانى داناى ئەحمەد مەجیدى هەیە و كرێ چیش نین ،بۆیە سەرەڕاى ئەوەى باست كرد ئەم حەقیقەتانەش هەن ! .
دووەم / دەربارەى پشتگیرى كردنى مەرجدارى تاڵەبانى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمارى لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە ، بەو مەرجانەى كە دان بنرێ بەوەى سزادانى سیاسی لە كوردستان پەیڕەو كراوە و ئەبێ كۆتایی پێ بێت و لە بەروارى 5 / 3 / 2009 شەوە هەموو بڕیار و سزاكانى تایبەت بەو مەسەلەیە هەڵبوەشێنەوە و قەرەبووى زیان لێكەوتوانى ئەو بڕیارە بكرێتەوە ، ئەوا ئێمەش پشتگیرى ئەو ڕایە ئەكەین سزادراوە حزبى و حكومیەكان قەرەبوو بكرێنەوە . بەڵام پێش وەخت پێویستە دەسەڵات زەمانەتى بەڵگەدراو بدات بەدەستەوە چونكە بۆ ئاگادارى بەرێزتان ئەم بابەتە زۆر هەستیارە و تاڵەبانى و مەسعود بارزانیش لە زۆر ئاویانداوە و قونیا تەڕ نەبوە !
سێیەم / دەربارەى روونكردنەوەكەت سەبارەت بە لیستى ناوى دامەزرێنەران كە بۆ مەبەستى مۆڵەتى یاسایی بزوونتەوە كە نوسراوە ، دڵمان بەوە ئاوى نەخواردۆتەوە گەرچى تۆ زۆر گەورەو بەرزو بەرێزى لامان بەڵام لە راستیدا نامانەوێ هیچ لە بەرێزتان بشارینەوە و سوورین لەسەر كێشانەوەى ئەو داوایە و پێشنیار ئەكەیەن كە ئەمر بفەرمووى بە هێنانەوەى ئەو لیستە ودارشتنەوەى لیستەكە بە ناو و ریزبەندیەكى نوێ ، چونكە جگە لەوانەى فێرى مامە حەمەیی بوون كەسی تر راى لەسەر زۆربەى ئەو ناوانە نیە و مادام خەڵكێكیش پێی خۆشە ناوى بنوسرێ و ئەوەندە بەتەنگ بزووتنەوەكەیە ، زۆر ئاساییە لیستێكى تر ئامادەبكرێ و تەنها لیستەكە بگۆڕدرێ نەك كێِشانەوەى سەرجەم داواكاریەكە كە ئەمە كارێكى ئەوەندە قورس نیە لێرەوە ئێمە سوێند بە هەموو شتە پیرۆزەكانى كوردستان ئەخۆین كە ئێمە هێچ كامێكمان ناومان نانوسین و مەبەستمان ئەوە نیە ، بەڵام ئەمانەوێت ئەم كوێخایەتیە تێپەڕ نەبێت و سنوور بۆ ئەو دەستە فرچك بە كوێخایەتیەوە گرتوە دابنێین ، وە ڕاشى ئەگەیەنیین با ئەو كاكانە چیتر هەر خۆیان بەبراگەورەو گەورە بڕیاردەرى تاك و تەنها دانەنێن ئێمە هەین و هەر ئەبین وەهیچ هێزێكیش نیە بتوانێ رەوتى خەباتى ئێمە و تێكۆشانى ئێمەى گۆڕانخوازانى حەقیقى نێو بزووتنەوى گۆڕان بوەستێنێ و هەر كەسێكیش ببێتە لەمپەڕ و بەربەست ئەوە بێگومان جگە لە پلیشانەوە چیترى بە نسیب نابێ !

كۆمەڵێ كادرى هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان
5 / 4 / 2010

تێبینى :
تكایە هەركەسێك گللەیی یا زانیارى وپشتگیریەكى هەیە ئەتوانێ لە رێگەى ئەم ناونیشانە ئەلكترۆنیەوە پەیوەنیمان پێوە بكات : ([email protected] ( .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە