نەوت و نهێنی ئێمپریالیزمى نوێ لەناوچەكەدا

Wednesday, 03/04/2013, 12:00

1484 بینراوە







لێكۆڵینەوە زانستیە نوێكان،ئەوە یان دەرخستووە كە،ئەم نەوەیەى ئەمڕۆ ئامادەیە هەموو ڕێگەیەك بگرێتە بەر،لەپێناو تێركردنى حەزەكانیدا.لێرەوە خستنە بازاڕى نەوت،وەك كڕۆكێكى گرنگ وایە لەبازرگانى نەوت و ستراتیژى ئاسایشى نەتەوەییدا،ئەمەش دوو هۆكارى هەیە،یەكەمیان: نەوت و غازى سروشتى، بەگرنگترین سەرچاوەى ووزە و هەرزانترین سەرچاوە بۆ پیشەسازییە قورس و سوكەكان دادەنرێت.تائەم سەردەمەش باشترین سوتەمەنیە بۆ بەگەڕخستنى هۆكارەكانى گواستنەوەى وەك: سەیارەو كەشتى و فڕۆكەو....هتد.تائێستاش نەوت و غاز (86%)ى ووزەى هەموو جیهان پێك دێنن،یەدەكى نەوتیش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نزیكەى (89%) ى یەدەكى گشت جیهانە. دووەمیان : ئەم گرنگیەى واى كردووە،كەچۆنیەتى كۆنترۆڵكردنى و،دەرهێنان و دابەشكردن و نرخ بۆ دانانى،ببێتە یەكێك لەگەورەترین بنەما سیاسی و سەربازییەكان لاى دەوڵەتانى جیهان. ئەوەى لێبكەوێتەوە كە ئەگەر توێژەرو چاودێرێكى سیاسی (24) كاتژمێر لەكاتى خۆى،ببەخشێتە ئاڵۆزییەكانى ناوچەكە،هێشتا نایگاتێ.!!.
ئاژانسی ووزەى نێو-دەوڵەتى،لەبەروارى (8/10/2012) لە پاریس،دواى كۆبونەوەى فەرمى خۆیان،ڕایانگەیاند،كە: عێراق دەبێتە دەوڵەمەندترین وڵاتى سەر ڕووى زەوى لەیەدەكى نەوتدا.بەجۆرێك تا ساڵى (2020) لەتوانایدایە بەرهەمهێنانى نەوت، بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز بكاتەوە.بەپێی خەمڵاندنەكان لە (1,6) ملیۆن بەرمیلەوە بۆ (6,1) ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بەرهەمهێنانى بەرزدەبێتەوە.بەهەموو پێوەرێك عێراق بۆ ساڵى (2035) بڕى سەرمایەگوزارى نەوتەكەى دەگاتە (530) ملیار دۆلار لەساڵێكدا.بەپێی نەخشە ڕێگاى دەرهێنانى نەوتى خاو ئەم بەرهەمهێنانە پێویستى بەیەكەى گواستنەوەى تەواو ئامادەیە،لەكاتێكدا عێراق دەتوانێت تەنها (8) ملیۆن بەرمیل نەوت لەكێڵگەكانى بەسرەوە و بەدەریاى ناوەڕاستدا بنێرێتە دەرەوە.ئەو كێڵگانەش،(143) ملیار بەرمیل نەوتى هەیەو (3,2) تریلیۆن چوارگۆشە گازى هەیە.زۆرجار كە كتێبەكانى (عەلى وەردى) یان (تەئریخى تەبەرى) یاخود (نوسینەكانى باقر یاسین) دەخوێنیتەوە.یەك خاڵ چییە،تەنانەت یەك كاتژمێر ئەم عێراقە خێرو خۆشى لەخۆى نەدیوە،هەر كوشتن و مەرگەسات و خەمهێنان بووە،بەڵام ئەگەر وابێت،ئەوەى لە (3000) ساڵى رابردوودا لەدۆڵى ڕافیدەین ڕووى داوە،تا ئێستا.ئەمە سەرەتاى ڕێگەیەو،لەمەولا نەخشەیەكى دیكەى تەماعككارى و شێوازێكى ترى دەستوەردان، لەناوچەكەدا دەست پێدەكات.چونكە بیرمان نەچێت چەندین لێكۆڵینەوە باس لەوە دەكەن بیرە نەوتەكانى تەكساس و ئەوروپا،تا چەند ساڵێكى تر چۆڕەى لێ ئەبڕێت.بۆیە ڕوو لەم ناوچەیە دەكەن.
هەرێمى كوردستان و پارچەكانى تریش،بەدەر نین لەم هاوكێشەیە.چونكە بەكۆى بۆچونەكان (3-6) تریلیۆن غازى دەست لێنەدراوى هەیە.(45) ملیار بەرمیل نەوتى یەدەگى هەیە.لەگەورەترین كۆمپانیا نەوتیەكانى جیهان ڕوویان لەم ناوچەیە كردووە،كۆمپانیایەكى فرە ڕەگەزى وەك (ئەكسۆن مۆبیل-Exxon Mobil) لەكوردستانە.سەدان لقى لەجیهاندا بڵاو بۆتەوە.ڕۆژانە زیاترلە (82000) فەرمانبەرى لەجیهاندا كاردەكەن.ساڵانە سەرووى (40) ملیار دۆلار قازانج دەكەن.دەسەڵات وپەیوەندى دەرەكیان هەیە،چونكە پەیوەستن بە وەزارەتى بەرگرى (پنتاگۆن) ى ئەمریكاوە.واتە لەمەركەزى بڕیارەوە ئاڕاستە دەكرێن.ئێستا بەشێك لەگرفتەكانى نێوان هەرێمى باشورى كوردستان و حكومەتى مەركەزى عێراق.وەستاوەتە سەر گرێبەستەكانى ئەم كۆمپانیایە.كە كردونى،چونكە (6) ناوچەى دەرهێنانى نەوت تیایدا دەكەوێتە،ئەوناوچانەى ناكۆكیان لەسەرە.وەكو قەرهەنجیرو دەوروبەرى موسڵ...هتد.لەگەڵ ئەمەشدا هەرێم مافى ئەم گرێبەستەى بەخۆى بەخشیوە، ئەكسۆن مۆبیل لەبەرژوەندى خۆى پێی ڕازییە. كەواتە دەبێت كورد لەئێستادا ئەو ڕاستیە بزانیت كە (نەوت گاڵتە نازانێت)..(كورد نەوتى هەیە نەوت!!).دوور نییە نەوت كارێكى وابكات تاكى دڕندە بەرهەم بێت و مرۆڤ گۆشتى مرۆڤ بخوات..!. قورسترین جەنگ،جەنگى ئایدۆلۆژییە كەسەرەتاو كۆتایی نییە،نەوت ئەمەش تێدەپەرێنێت و دەكەوێتە ئەولاى ئەو،ببینن: زەبەلاحترین كۆمپانیاى نەوت لەجیهاندا (ئارامكۆیە) بۆیەكەمجار ساڵى (1930).وەبەرهێنێكى سعودى (سوننەو جەماعەت) لەگەڵ دەوڵەمەندێكى بەریتانى (ئینگلیز) پارەكەیان تێكەڵ دەكەن و (ئارامكۆ) دائەمەزرێنن،ئایدۆلۆژیاو كلتورەكان هەرچەندە جیاواز بن،دواجار كۆمپانیا فرە ڕەگەزەكان (multi kultur) هەر یەك ئەگرن.ڕەنگە بیروبۆچونى ئیشتراكیەكان بۆ ئیمپریالیزم و داگیركارى جیاواز بێت لە قوتابخانەى لیبراڵیزم و پەیمانگە ئەمریكیەكان،وەهى سوشیال-دیموكراتەكان لە هى ئیسلامیزم دوور بێت.بەڵام لەوسەرەوە نەوت و پێداویستیە هەنوكەییەكان دەیانكات بەیەك.
لەپەرلەمانى كوردستان- عێراق. یاساى نەوت و غازى ساڵى (2007) دەرچووە،لەگەڵ ئەمەشدا،زۆربەى بڕگەكانى پێشێل دەكرێن و،نەك لیژنەى نەوت و غاز،بەڵكو بەهەموو پەرلەمان زانیارى تەواویان لەسەر داهاتى نەوت و غاز نییە.جیالەوەى نزیكەى (60) پاڵێوگەى نافەرمى و نایاسایی هەن،داهاتەكەیان دیارنییە.نازانرێت داهاتى پاڵێوگەكانى زاخۆ-خەبات- بازیانیش لەكوێن..؟.مرۆڤ ناوچەوانى عەرەقێكى تەواو ئەكات كە لەكەركوك و لەهەرێمى كوردستان،دەبینێت،بەسەدان و بەهەزاران ئۆتۆمبیل لەسەرەى بەنزیندا،وەستاون..!!.ڕۆژانە(500) هەزار بەرمیل نەوت لەكەركوك دەچێتە دەرەوە،لەهەر بەرمیلێك (1,5) ى بۆ خزمەت و ئیدارەى شارەكەیە.واتە هەموو ڕۆژێك تەنها لەبودجەى پترۆ-دۆلار كەركوك (750) هەزار دۆلارى هەیە.كەچى لەشارەكەدا پاڵیوگەیەك تائێستا بونى نییە،ئەم هێڵكە ئاڵتونیە دەدەنە ئیران و توركیا تا دوای پاڵاوتن بەگرانتر پێیان بفرۆشێتەوە.ئەمەیە یاساى قۆرخكاریی و كێبڕكێی ئیقلیمى و نێودەوڵەتى..ئەوەیە ئابڕوچون دوو شەو و دوو ڕۆژ بۆ (40) لیتر بەنزین سەرە بگریت..!!.
لەماوەى (7) ساڵدا.داهاتى نەوتى هەرێمى كوردستان (5040000) پێنج ملیۆن و (40) هەزار دەفتەر دۆلار بووە.كەچى نەخراوەتە ناو بودجەش..!!!.لەماوەى (10) ساڵدا تەنها داهاتى گومركى ئیبراهیم خەلیل (365000) دەفتەر دۆلار بووە.بەپێی ووتەى بەرپرسی پێشوى ئاسایشى گومركەكەش (كەئێستا لەزیندانە) سەرجەم پارەكە تەنها بۆ نێچیرڤان بارزانیە،كە هەموو ڕۆژێك داهاتى ئەم گومركە یەك ملیۆن دۆلار بووە..!!.بابزانین پارەكە چۆن سەرف دەكەن:
لەشوێنێك ،بڕى (35) ملیۆن دۆلار لەپارەى نەوت بۆ كەناڵى ئاسمانى ڕووداو دانراوە.وە بڕى (860) ملیۆن دینار لەلایەن نیچیرەڤان بارزانیەوە بۆ چاكردنەوەى دەرگاى خانوەكەى لەهەولێر.هەروەها بە بەهاى (1) ملیۆن دۆلار (11) ئۆتۆمبیل بۆ عیماد ئەحمەد كڕاوە.بڕى (18) ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەى كارەباى تەق تەق سەرفكراوە،پێنج ساڵ تێپەڕى،لەلایەن عومەر فەتاحى سەرۆكى ئەوساى حكومەتەوە،پارەكە براوەو،تازە بەتازە چاودێرى دارایی ئەڵێن سوودى پارەى ئەم چەند ساڵەشی لێوەردەگرینەوە..؟.پرۆژەى تونێلى هەیبە سوڵتان،پارەى بۆ سەرفكراو جێبەجێش نەكرا..!!.ئەمە جگە لەدیاردەى نەمانى پارە لە بانقەكان ،خانەنشینكردنى هەزاران نوسەرو ڕاگەیاندكارو كادرى حزبی و جاش و موستەشار،بەپلەى سەربازى،هەروەها بەسیفەتى پێشمەرگەى دێرین و ئەیلول و گوڵان.تەنانەت (8000) دەفتەر دۆلارلەساڵێكدا سەرفكراوە بۆ ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەشی كاریان چاودێریكردنى ئێمەومانانە.لەكاتێكدا كوردستان بووە بەمەركەزیی موخابەراتى جیهانى و،وەك هۆنگ- كۆنگى جاران. لەولاشەوە ڕۆژانە دەبینین: كەس و كارى ئەنفال،یان شاعیرو نوسەرێكى داماو،لەبەر نەبونى پارەى پزیشكێك لەجێگەكەى خۆیدا گیان دەسپێرێت..!!.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە