جەنگیز چاندار: بۆ بەرهەم ساڵح نەکرا بە سەرۆک کۆمار ؟

Saturday, 26/07/2014, 12:00

2555 بینراوە


جەنگیز چاندار
و/ ڕێبوار هەمەوەندی
دوو هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ برازاکەی مام جەلال ئاراس شێخ جەنگی لەباخچەی ئوتێلی ناوداری بەرلین (ئادلۆن) دانیشتبوین ، جەلال تاڵەبانی لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٢ لە ئەنجامی جەلتەی دەماغ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا و دوای ئەو ماوە زۆرەش ئێستا بۆ گەڕانەوە بۆ سلێمانی ئامادەباشی دەکرێت ، هەموو ئامادەباشێکان لەلایەن ئاراس شێخ جەنگی یەوە دەبرا بەڕێوە ، من و ئاراس باسی ڕەوشی عێراقمان کردوو دوایش مەسەلەکەمان هێنایە سەر تورکیا منیش سەرمخستە سەر ئاراس و پێم ووت (ڕەوشی عێراق ئەوەندە ئاڵۆز بووە وابزانم مەحاڵە جارێکی تر بتوانرێت پەرلەمانتارەکان کۆبکرێنەوە و سەرەتا سەرۆک وەزیران و پاشان سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن ، تاکو ئێستاش مام جەلال سەرۆک کۆمارە و پێم وابێت تا مردن هەر بە سەرۆک کۆماری دەمێنێتەوە ......) دوای ئەم دیدارەم لەگەڵ ئاراسدا بە چەند ڕۆژێک مام جەلال گەڕایەوە شاری سلێمانی ، لەهەمانکاتدا گۆڕانکاری سەرنج ڕاکێشەر هاتە ئاراوە ، هێشتا مام جەلال نەگەڕابۆوە بۆ سلێمانی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆبۆوە و لە جیاتی ئوسامە النوجەیفی کە بە پیاوی تورکیا دەناسرێت لەجیاتی ئەو سەلیم الجبوریان دانا کە سوننەیە و ناحەزی ئەمەریکایە ، لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەدا دەبوایە باس لە پۆستی سەرۆک کۆماریش بکرێت وەکو ڕێزگرتنێک پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراقدا بەخشێنراوە بە کورد کوردیش لەناو خۆیاندا ڕێکەوتنێکیان کردووە هەرچەندە ئەم ڕێکەوتنە ئیمزاش نەکراوە پۆستی سەرۆک کۆماری دەدرێت بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، بەم شێوەیەش ینک دەبێت کاندیدێکی خۆی بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان بکات ، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم کاندیدەی ینک دەبێت لەلایەن ٦٣ پەرلەمانتارە کوردەکەی پەرلەمانی عێراقەوە ڕەزامەندی لەسەر نیشانبدرێت ، لەسەرەتاوە دیاربوو کە ٤ لە ئەندامانی ینک بۆ ئەم پۆستە خۆیان کاندید کردبوو ، لەم ٤ کاندیدە ئەوەی خۆی لە ڕیزی پێشەوە دەبینی دکتۆر بەرهەم ساڵح و دکتۆر نەجمەدین کەریم بوو ، بەرهەم ساڵح ئەو کەسەیە کە لە ناو یەکێتیدا مەسعود بارزانی بە نزیک ترین کەس ئەیبینێ لەخۆیەوە هەربۆیە تورکیاش بەچاوێکی کاریگەرەوە لێی دەڕوانێت ، لە سەرەتای مانگی ئاداردا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو بۆیەکەمجار پێی نایە خاکی سلێمانی و یەکێک لە یاوەرەکانی داودئۆغڵو چرپەیەکی بە گوێمدا کردو پێی ووتم (لەدوای نەمانی تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا کێشمەکێشی زۆر ڕوودەدات ئێمەش هاتوین تاکو نیشانی بدەین کە پاڵپشت و هاوکاری بەرهەم ساڵحین) ئەحمەد داودئۆغڵو لەلایەن ئەندامانی باڵای پارتیەوە لە هەولێرەوە یاوەری کرا تاکو سلێمانی ، بەرهەم ساڵح بە ئاشکرا لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە دژایەتی دەکرێت ئەمەش لەلایەن هەموو کەسێکی سیاسی هەرێمەکەوە روون و ئاشکرایە ، بەرهەم ساڵح لەلایەن مەسعود بارزانی و تاڕادەیەک تورکیاش پاڵپشتی دەکرێت ئاشکراشە ئەوانەی کە ڕکابەری بەرهەم ساڵحن لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت ، ئەم بۆچون و خوێندنەوەیەش لە سلێمانی و ناو یەکێتیش شتێکی نهێنی نییە ، لەئاکامدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئەوانەی کە هاوبیرن لەگەڵ هێرۆدا نەیانویست کە بەرهەم ساڵح ببێت بە کاندیدی تاقانەی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ، لەهەمانکاتدا مەسعود بارزانی دژی کاندیدبونی دکتۆر نەجمەدین کەریم ڕاوەستا ، نەجمەدین بە کەسێک دەناسرێت کە پەیوەندیەکی پتەوی هەیە لەگەڵ ئەمەرێکێکاندا لە هەرێمەکەدا ، یەکێتی ناچارما کە زیاتر فوئاد مەعسوم و عەدنان موفتی بخاتە ڕیزی پێشەوە ، لەئاکامدا فوئاد مەعسوم بۆ ئەم پۆستە بە گونجاوتر بینرا ، من هەر زووزانیم کە فوئاد مەعسوم دەبێت بەسەرۆک کۆماری عێراق چونکە فوئاد هاوڕێی منداڵی تاڵەبانییە و هاوخەبات و باوەڕپێکراوێتیشی ، بەڵێ بۆچونەکەی من هاتەدی بەڵام ئاسان نەبوو ، لە پەرلەمانی عێراق ٦٣ نوێنەرەکەی کورد لە نیوەی شەودا واتا چوارشەممە کۆبونەوە و دەنگیان بۆ بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسومدا ، لەئاکامدا فوئاد ٣٠ دەنگ و بەرهەم ٢٣ دەنگی بەدەست خست ، ٧ ئەندامیشیان دەنگیان نەدا بەم شێوەیە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە فوئاد مەعسوم بەخشرا و بەرهەمیش پاشەکشێی کرد ، بۆ ڕۆژی دوایی واتا پێنج شەممە پەرلەمانتارانی عێراق لە کۆی ٢٧٥ پەرلەمان ٢١١ یان دەنگیان بە فوئاد مەعسومدا و کرا بە سەرۆک کۆماری عێراق ، کۆبونەوەکەی پەرلەمانتارانی کورد لە نیوەی شەودا زۆر سەرنج ڕاکێشەر بوو ، فوئاد مەعسوم ١٥ دەنگی یەکێتی و گۆڕان ٦ و پارتی ٥ و ئیسلامێکانیش ٤ دەنگیان پێدا ، بەڵام بەرهەم ساڵح ١٤ دەنگی پارتی و ٤ یاکێتی و ٣ ئیسلامی و ٢ گۆڕان دەنگیان پێیدا .
فوئاد مەعسوم ٢ هەفتەی لەپێشە بۆئەوەی کەسێک دیاری بکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، کێ دەڵێت با بڵێت نوری مالکی کاندیدی هەرە بەهێزە بۆ ئەم پۆستە چونکە خاوەن زۆرترین کورسییە لە پەرلەماندا ، هەڵبەت دەستنیشان کردن و قەبوڵکردنی مالکی خۆیلەخۆیدا کێشەیەکی گەورەی کوردە ، شانسی هەرە گەورەی مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران گرێدراوی هەڵوێستی ئێران و ئەمەریکایە ، ئەو دوو هێزەی کە نەخشەی ڕەوش و گۆرانکارییەکانی داهاتوی عێراق دەنەخشێنن کە لە رابوردوشدا هەروابوو دوو فاکتەرن ئەوانیش ئێران و ئەمەریکان .
بۆچی ئێران دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە ئەمەش لە نوسینێکی دوا ژمارەی گۆڤاری ناوداری ئەمەریکی بەناو (زە ناشنال ئیتەرێست ... ١) لە نویسینێکیدا لەم بارەیەوە نوسیوێتی (ئەوکەسەی کە ئێرانێکان زۆر لەسەری هەڵویستە دەکەن ئەویش جەلال تاڵەبانییە ، پارتەکەی تاڵەبانی واتا یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لەدوا گەنگەشەی سەربەخۆیی کوردستان هەمیشە خۆیان دوور گرتووە ، لەسەر ئەم هەڵوێستەی یەکێتی بەرپرسیارانی ئێران هەمیشە سوربون لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوردا ئەو مەقامەی کە هەرە گەورەیە کە سەرۆک کۆمارە بدرێت بە کورد ، دەتوانین بڵێین هەڵوێستی سیاسی یەکێتی ئاواتی ئێران بەدی دەهێنێت لەمەڕ پارچەنەکردنی خاکی عێراق ، هەربۆیە هەر سیاسەتێک بخوڵقێننرێت کە ببێتە هۆی نەگونجان و تێکدانی یەک ڕیزی ناو ماڵی کورد لە عێراقدا ئەمە دەبێتە دێوزمەی ئەو خەوەی کە ئێران لێی دەترسێت) .
٢ هەفتە لەمەوبەر کەس بە ئەقڵیدا نەدەهات کە فوئاد مەعسوم جێی تاڵەبانی بگرێتەوە و ببێت بە دووەمین کورد وەک سەرۆک کۆماری عێراق ، نازانرێت ئێران ئەمەی کرد یان نا ، ئایا لە ترسی دروست بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان بوو یان نا بەڵام لەوەدەچێت کە جارێکی تر هەموو ووزەی کورد خۆی لە بەغداد ببینێتەوە ، ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان زۆر لەچاوان دورکەوتۆتەوە ، هەڵبەت ئاشکرایە کە تورکیا لە هەولێر خاوەن کاریگەری خۆیەتی بەڵام لەهەمان کاتدا دەردەکەوێت کە تورکیا ئەو کاریگەرییەی لە سلێمانی و بەغداد نییە .

1/ The national interest

سەرچاوە :

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە